riklam

چۆن كوردستان خۆی له‌ زیانه‌كانی داڕمانی تمه‌ن و لیره‌ بپارێزێت ؟

ئابوری 05:05 PM - 2018-08-19
.

.

د. محەمەد ئەمین

كارل ماركس هەموو هزرو فەلسەفەی خۆی بەكارهینا بۆ شرۆڤەو باسی پەیوەندی نێوان كاڵاو بەهاو نرخی زیاد، كە چۆن دەخرێتە سەر كاڵا بەرهەمهاتووەكان، واتە زیاتر لە بڕی تێچوونی بەرهەمهێنان‌و تا قازنج.
ماركس ئەم بەهاو نرخە زیادەی سەركاڵا بە دزی‌و تاڵانی دەزانی، كە لەچینی كریكار دەكرێت، چونكە ئەوان كاڵاكەیان بۆ سەرمایەدارو خاوەن ئامێرەكانی بەرهەمهێنان بەرهەمهێناوە، لەبەرامبەردا ئادەم سمیپ سەرمایەداریی بە خوشگوزەرانی میللەت دەزانێ، لای وابوو لەبازاڕی ئازاددا بەشێوەیەكی سروشتی بازاڕ خۆی رێكدەخات‌و بەهای كاڵاكان پەیوەستە بە داخوازی‌و پێویستی بازاڕەوە.

بە ئەندازەو ئاستی مایەپووچی
ئەگەر ماركس شەڕی لەسەر ئەمە بووە، كە كاڵاكان لە بەهای تێچوونیان زیاتر دەفرۆشرێن، واتە دراوی زیاتریان پێ دەدرێ، ئەوا ئەمرۆ لەبازاڕی دراو و یاراییەكاندا رەوشەكە پێچەوانە بۆتەوە، واتە ئەگەر ئەوسا دراو قوربانی كاڵا بووبێت، ئەوا ئیستا لەدنیای هاوچەرخی ئابووریداو لەكاتی قەیرانە دارایی‌و دراو و ئابوورییەكاندا، كاڵا قوربانی دراو دەبێ.
هەڵبەت لەگەڵ تێبنی زۆر لەسەر بەهای راست، بەهای ئەم دراوانە ئەمرۆ لە بەرامبەر بەهای ئاڵتوون بەكاردێن، بۆ نمونە ئەمەی باسمان كرد كە كاڵا لەقەیرانە دارایی‌و ئابووری‌و دراوییەكاندا دەبنە قوربانی واتە بەهاكانیان زۆر كەمتر دەبێ لە بەهاو لەبری تێچوونیان بەپێچەوانەی ئەم بەها زیادەی كە ماركس باسی لێوە كردووە، كە دەخرێتە سەر كاڵاكان، ئەمڕۆ زیاترە لە بەهای تێچوونیان، ئەگەر ئێستا ماركس بمایە بێگوومان لەسەر ئەم بابەتەش قسەیەكی تری دەبوو.
نمونەی زیندو بۆ ئەمە، بەهای كاڵایەك بەبەهای دراوی ئێرانی/تمەن كە بەر لە یەك ساڵ (100,000) دۆلاری پێ درابێ، ئەمڕۆ بەهاكەی (10,000) دۆلارە، واتە ئەمەش جۆرێكە لەتاڵانی، چونكە كەسانێك كە 30-40 ساڵ كاری كردبێت، تا بتوانێ خانوویەك دروست بكات، یان بیكڕێت، یاخود پارەی پاشەكەوتی ساڵانی كاری لە بانك دانابێ، ئەمڕۆ ئەم پارەیەی، كە لەبانك دایناوە بەهای لەدەستداوە بە ئەندازەو ئاستی مایەپووچی.

گێڕانەوەی قەرزی دەرەكی
ئەم داڕمانە دراوەی، كە لەئێران‌و توركیا هەیە پەیوەندی بە سیاسەتی دراوی ئابوورییەوە نییە، كە هەندێ جار بۆ هاندانی هەناردەكردن یا راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی‌و گەشتیار بەكاردێ، بەڵكو ئەمە بێ بەهابوونی (devaluation) دراوی بەناو نیشتیمانی ئەم وڵاتانەیە، كە تووشی بەربەستیان دەكات لەبازرگانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەروەها بۆ گێڕانەوەی قەرزی دەرەكی، كە لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی تێكچوونی رەوشی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی وەك ئەم خۆپیشاندانانەی، كە ئیستا لەئێراندا هەیە، ئەگەر بێ بەهابوونی زیاتری دراوی توركیش بەردەوام بێ لەویش لەهەموو روییەكەوە نا ئارامی دروست دەبێ، گریمانەی بێ بەهابوونی زیاتری هەردوو دراوی توركی‌و ئێرانی زۆر بەهیزە چونكە:

بەرزكردنەوەی رێژەی قازانج
1- بەرزبوونەوەی بەهای دراوی ئەم وڵاتانە پێویستی بەسەرمایەگوزاری بیانی زۆر هەیە، بەڵام رەوشی ئەم وڵاتانە لەڕووی سیاسییەوە، نەك هەر بۆ ئەمە ئامادە نییە، بەڵكو تا ئەم سەرمایەگوزارانەی كە تا ئیستاش لەم دوو وڵاتە بوون زۆربەیان ئەم دوو وڵاتە بەجێ دەهێڵن بەتایبەت لەئێران‌و لە توركیاش هەمان مەیل لای سەرمایەگوزارانی بیانی هەیە كە كار لە توركیا دەكەن.
2- بەرزكردنەوەی رێژەی قازانج تا ئیستا نەیتوانیوە رێگا لە بەردەوامی بەهای ئەم دراوانە بگرێ‌و بەرزكردنەوەی زیاترو زیاتریش، دەشێ ئەنجامی پێچەوانەی لەسەر بانكەكان هەبێ، ئەمە جگە لە مەیلی كۆچكرنی سارمایەدارانی ناوخۆی ئەو وڵاتانە بۆ دەرەوە تا سەرمایەكەیانی خۆیان بپارێزن.
3- نەبوونی پشتیوانی دارایی‌و سیاسی بەهێز لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و جیهانی بۆئەم دوو وڵاتە، بە تایبەتی ئێران وادەكات متمانە بە لیرەو تمەن كەمترو كەمتر بێ، واتە بێ بەهابوونیان زیاتر دەبێ.
زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لەباشووری كوردستان مامەڵەی بازرگانیان لەسەر بنەمای قەرز یان گرێبەست بە تمەن‌و لیرە لەگەڵ ئێران‌و توركیادا هەیە، باشووری كوردستانیش تووشی زیانی زۆر دەبێت، كە قەرەبوو ناكرێتەوە، لەئەنجامدا ئابووری كوردستانیش تووشی زیان دەبێ‌و بۆ ئەوەی سەرەتای بنەمای ئابووری سەربەخۆ بۆ كوردستانی سەربەخۆ دروست بكرێ دەبێت:

بنەمای ئابووری سەربەخۆ
1- كوردانی باكوورو رۆژهەڵات لە بەكارهێنانی كەرەستەی نایاب‌و لۆكسس تا ئەوپەڕی كەم بكەنەوەو بایەخ بە بەرهەمهینانی كەرەستەی ستراتیجی بدەن وەك كشتوكاڵ‌و خوراكی خۆماڵی.
2- تا دەتوانن كاڵا كوردییەكان وەك بەروبوومی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵ، ئەمیش بەگوڕینەوە یا دراوی قورس مامەڵە پێوە بكەن‌و بیفرۆشن.
3- كوردانی رۆژئاواو باشوور هەموو مامەڵەیەك بە دراوی قورس كە هەیانە بەكارنەهێنن لەمامەڵە بە دراوی توركی‌و ئێرانی، وەكو چۆن حەیدەر عەبادی داوایكرد مامەڵە بە دۆلار لەگەڵ ئێران رابگرن.
4- دروستكردنی ئەنجومەنی شورای شارو ناوچەكان، كە كار لەسەر كایەكانی ئابووری بكەن، بێ خۆبەستنەوە بە بەرژەوەندییەكانی حزب‌و خێڵ‌و خێزان، ئەم حاڵە لەسەر ئاستی حكومەتیش هەر دەبێت وابێت، كە پێی دەڵێین حكومەتی تەكنۆكرات وەك سەرەتا بۆ دامەزراندنی ئابووری نیشتیمانی.
5- هەموو كەرتە ئابوورییەكان، بخرێنە ژێر چاودێری ئەنجومەنەكانەوە، دادپەروەرانە بەكاربێن بۆ پڕكردنەوە پێداویستییە هەنوكەییەكانی خەڵك، بۆ فەراهەمكردنی مووچەو خۆراك‌و پێداویستییە سەرەكیەكانی ژیان‌و بەڕێوەبردنی دەزگاكانی وڵات.
6- دانانی نەخشەو جوگرافیای ئابووریی نیشتمانیەوە دەستكردن بە دروستكردنی دامەزراوەی ئابووری، كە هەم بۆ كاتی ئێستا بتوانێت ئیدارەی قەیرانەكان بكات، هەمیش بۆ داهاتوو ببنە ژێرخانی تۆكمە.
7- پەرەپێدانی سیستەمی هەرەوەزیی لەكەرتەكانی ئابووری لە بوارەكانی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی خزمەتگوزاری‌و كەرتی نیشتەجێبوون، بەمەبەستی فەراهەمكردنی دیموكراتی ئابووری تا زۆرترینی خەڵك راستەوخۆ بەشدار بن، هەم لە بواری بەرهەمهێناندا هەم لە بواری بازاڕو قازانجدا.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket