riklam

واچاكە ساین ئەردۆغان نەچێت بە گژ قوللەی قافا

بیروڕا 04:58 PM - 2018-08-19
.

.

 بارزان شێخ عوسمان‌

ئەمریكای ئەمڕۆ، كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكایەتیی دەكات، زۆر جیاوازە لەهەموو سەردەمەكانی تر، ئەمریكا لەدۆستەكانیشی بێمنەتەو رازی نابێت بەناوی زلهێزییەوە هەموو ئەركە قورسەكانی بكەوێتە سەرشان‌و دەوڵەتانی تر بیدۆشن، لەولاشەوە ببن بەڕیشسپی‌و پیاوماقوڵ‌و ناوبژیوان لەو كێشانەی كە لەنێوان ئەمریكاو دەوڵەتە یاخی‌و لاسارەكان دروستدەبێت. ئەمریكا بەو پرەنسیپە كاردەكات چۆن پاراستنی ئاسایش‌و ئاشتیی جیهانی كەوتۆتە سەرشان، دەبێ ئەوانی تریش باج‌و هەقەكەی بدەن.
هەرچەندە بەدزییەوە بوو نەم دەوێرا لای هەموو كەس ئاشكرای بكەم «سەرۆك ترەمپ، لەیەكەم ساتی دەركەوتنی وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، زۆر سەرنجی راكێشام» بۆیە هەست دەكەم ئەو شكۆیەی ئەمریكای گەورەی جیهان، كە ئۆبامای بەڕەگەز ئیسلام شكاندبووی بەناوی (دەیگۆڕین)ەوە، وا پرێزیدنت ترەمپ بەو شێوازە تایبەتەی خۆی، كە گەلە دامەزراوەیەكی سەرمایەداری‌و سیاسیی مەزنی ئەمریكای لەپشتەوەیە، دەیگەڕێنێتەوەو جارێكی تر ئەمریكا؛ وا سووك‌و ریسوای بەردەمی زەڕنەقوتەكان، نابێت.
من زۆر ناچمە ناو قوڵایی‌و توێژینەوە سیاسی‌و ئەكادیمییەكانی جیهانی سیاسەت‌و بازاڕو ئابووریی (لەگەڵ پاراستنی چەپ بوون‌و باوەڕی نەگۆڕم بە سۆشیالیزم‌و دیموكراسی)، وەك كەسێكی سادە دەڵێم ئەمریكا لەم رەوت‌و شێوازە ترەمپیەیا سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.
-كاتێك لە ئێرانی گیركرد، زۆریان وت كە سەرناگرێت‌و ئەوروپاییەكان پابەندنابن‌و چین‌و روسیاش بەهەمان شێوە‌و ئیتر بەوجۆرە دەوڵەتانی تریش، كەچی وا بەشی هەرە زۆری كۆمپانیاكانی جیهان پاشەكشێ دەكەن‌و دەوڵەتانێك، كە پشتیان بە وزەو گازو سووتەمەنی‌و بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لەئێران بەستووە، وردەوردە كەمیدەكەنەوە. ئەمریكا وەك چۆن لەسەردەمی بوش-دا سەرهەنگ قەزافی كۆچكردووی ملكەچ كرد، دواتریش لەسەردەمی ترەمپ-دا سەرۆكە خەپەكەی كۆریای باكووری پەلكێشكرد بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەهەمان شێوە تا هەموو داواكارییەكانی بە ئێران جێبەجێنەكات دەستبەردارنابێت‌و بەرۆكی بەرنادات تا نەیكاتەوە بەدۆستەكەی جاری جاران. كەچی دوای ئەم زەبرانەی ئەمریكا، تازە رابەرە تازەپیاكەوتووەكەی موسڵمان ساین ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، نیازێتی بەربەرەكانێی خواستەكانی ئەمریكا بكات بەسەرمایەگوزاریی قەتەرو قاچاخچییە ئیخوانییەكانی ترو سەرمایەدارە لاتەكانی توركیاو ئەوانیتر ئابوورییە بەرەو وێرانبووەكەی خەلافەتە ئیسلامییە نوێیەكەی لەبەر ئەو تسۆنامییە رابگرێت، كە چەخماخەی لێدانەكەی بەدەست ئەمریكایە. بۆیە وا چاكە ساین ئەردۆغان لەخۆی‌و گەلی توركیاشی تێكنەدات‌و نەچێت بەگژ قوللەی قافاو پارووی وا زل نەخاتە دەمییەوە، كە دوایی بۆی قوت ناچێت‌و لە بینی دەگیرێت. دەبێت ئەوە بزانێت كە وڵاتانی پێشكەوتوو و پیشەسازیی جیهان بەو هەموو دەسەڵاتەوە دەچنە ژێر باری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، چونكە كلیلی سیستمی بانكیی نێودەوڵەتی لە بن دەستی خۆیدایە، ئەو پارەو پوولەشی، كە ئاڵوگۆڕ دەكرێن، بەو سیستەمەدا تێپەڕ دەبێت.
-ئیتر توركیای ئیخوانی‌و زەڕنەقوتەكانی تر لەچاو ئەو دەوڵەتە گەورانەی تری جیهاندا چین غەڵەتی وا بكەن بەربەرەكانێی ئەو هێزە بكەن، كە گەرەكێتی جیهان لە فرەكوێخایی‌و فرەجەمسەرییەوە بكاتەوە بەجیهانی یەكجەمسەریی. ئەمەشی بۆ دێتەدی، چونكە كارتە ئابووری‌و سیاسییەكانی زۆر بەهێزترن لەقسەی زل‌و هاشوهوش‌و پەنجەڕاوەشاندن‌و وەعز ‌و وتاری جبەلەبەرو ریشپان‌و سمێڵشۆرت و عەمامەبەسەرەكانی كلتوورە دواكەوتووەكەی ئەردۆغان لەتوركیاو دەرەوەشی، كە هیچیان دادی نادەن‌و لیرەی توركی لەهاڕەكردن رزگارناكەن. مەسەلەكە هەر كەشیش ئەندرۆ برۆنسۆن نییەو رۆژی هەق‌و حیسابە، دەفتەرەكە قەرزی زۆری تیایە، كە سایین سوڵتان دەبێت بیداتەوە. ئەمەیان سەرەتاتكێی ئەو قەیران‌و داڕووخانەیە، كە روبەڕوی توركیا بۆتەوە لەسایەی سیاسەتە چەوتەكەی سوڵتاندا، كە مێروولە دەكات بەگژ قوللەی قافا. ئەویش‌و ئەوانیتریش دەبێت دەستبەرداری ئەو خەیاڵپڵاوییە بن، كە گوایە ئەمریكا زلهێزییەكەی لەدەستداوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket