شاری پێنجوێن و موفتی پێنجوێنی
ئەدەب وهونەر 06:01 PM - 2018-08-18.
پێنجوێن یه‌كێكه شارۆچكه جوان و دڵگیره‌كانی كوردستان، كه‌وتووه‌ته ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و كوێستانه‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردووه هه‌مووكات سه‌وزبێت و له به‌هاری ته‌مه‌نی خۆیدا بێت، پێنجوێن له پێنج وێنه‌ی جوانه‌وه هاتووه، وه‌رزی به‌هاری سه‌زوه‌و هاوینی زه‌ردو پایزی ئاڵتونی و زستانی سپی سپیه وه‌ك به‌فری كوێستانه‌كانی، له‌كاتی چوونه‌وه‌ی به‌فره‌كه‌یدا ڕه‌شكه‌نه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ر پێنج وێنه‌ی تابلۆكه ته‌واو ده‌كات.
سه‌ره‌تا ناوه‌ندی كارگێڕی ناوچه‌ی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری له قزڵجه‌دا بووه، قزڵجه شوێنێكی كۆنه‌و قه‌ڵاو شوێنه‌واری كۆنی تێدایه، مه‌ئمون به‌گی كوڕی بێگه‌به‌گ له یاداشته‌كانی باسی قه‌ڵای قزڵجه ده‌كات، یاداشته‌كانی مه‌ئمون به‌گی كوڕی بێگه به‌گی ئه‌رده‌ڵانی، كه یه‌كێكه له میره‌كانی ئه‌رده‌ڵان له كۆتاییه‌كانی مانگی (ربیع الپانی) ساڵی (985ك) به‌رامبه‌ر (ته‌موزی1577ز)دا نوسراوه، ئه‌م یاداشتانه‌ی مه‌ئمون به‌گ (15) ساڵ پێش (شه‌ره‌فنامه)ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی نوسراوه‌ته‌وه.
له‌كاتی میرایه‌تی بابان و له‌به‌رامبه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌وكاتی ئێران‌دا زۆربه‌ی كات میره‌كانی بابان قزڵجه‌یان وه‌ك قه‌ڵای سه‌رپه‌رشتی هێرشه‌كان به‌كارهێناوه، له زۆربه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی ئێران بۆ سه‌ر میرایه‌تی بابان ناوی قزڵجه وه‌ك پێگه‌یه‌كی گرنگی میره‌كانی بابان باسكراوه، هه‌روه‌ها له‌كاتی شه‌ڕو ململانێی ناوخۆیه‌كانی میره‌كانی بابان‌دا هه‌ندێ جار ئه‌و میرانه په‌نایان بۆ قزڵجه بردووه.
له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی میرایه‌تی بابان له‌ناوچه‌ی پشده‌رو داره‌شمانه بۆ قه‌ڵاچوالان، میره‌كانی بابان بۆ پێشخستنی ناوه‌ندی میرایه‌تیه‌كه‌یان له ڕووی خوێندن و خوێنده‌واریه‌وه هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی زانا گه‌وره‌و ناسراوه‌كانیان داوه له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یاندا، به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه چه‌ندین زانا‌و بنه‌ماڵه‌ی زانستی له قه‌ڵاچوالاندا كۆده‌كه‌نه‌وه، یه‌كێك له‌و بنه‌ماڵانه له‌لایه‌ن میری بابانه‌وه ده‌برێته قه‌ڵاچولان بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌لی قزڵجه‌یی بووه، مه‌لا عه‌لی قزڵجه‌یی یه‌كێك بووه له زانا به توانا‌و ناسراوه‌كانی قزڵجه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته قه‌ڵاچوالان له‌لایه‌ن میری بابانه‌وه مزگه‌وت و خوێندنگه‌ی بۆ ده‌كرێته‌وه، له خوێندنگه‌ی قه‌ڵاچوالاندا ده‌یان مه‌لای پێگه‌یاندووه‌و خزمه‌تی زۆری خوێنده‌واری كردووه، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك حاشیه‌و دانراوی هه‌یه له زانسته‌كانی زمانی عه‌ره‌بی و فیقهی ئیسلامی‌دا، هه‌تا ئێستاش حاشیه‌ی قزڵجه‌یی ده‌نگ و باسی زۆری هه‌یه له نێو مه‌لایانی كوردستاندا‌و له خوێندنگه ئاینیه‌كانیدا به‌درێژایی چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه ده‌خوێندرێت.
بنه‌ماڵه‌ی قزڵجه‌یی وه‌ك مامۆستا هێمنی شاعیر ده‌ڵێت: وه‌ك سۆنه هه‌ر له‌دایك ده‌بن مه‌له‌وانن، واته چۆن جوجكه مراوی به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك مه‌له‌وانه، قزڵجه‌یه‌كانیش به‌هره‌ی وه‌رگرتنی زانستیان هه‌یه‌و ده‌یان زانای گه‌وره‌یان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، بنه‌ماڵه‌ی قزڵجه‌یی دوای ئه‌وه‌ی ده‌چنه مه‌هاباد و له مزگه‌وتی سوردا نیشته‌جێ ده‌بن خزمه‌تی زۆر به بزاڤی زانست و خوێندن ده‌كه‌ن له‌و شاره‌دا، هه‌روه‌ها له تورجانیش خزمه‌تی زانستیان كردووه، له پاش چوونه تورجان زیاتر به بنه‌ماڵه‌ی تورجانی زاده ناسراون.
له‌كاتی شۆڕشی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و ده‌ركردنی ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژی كورد) ئه‌ركی ده‌رچوونی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له‌لایه‌ن مه‌لا ئه‌حمه‌دی قزڵجه‌یی مه‌لا محه‌مه‌دی برایه‌وه به‌ڕێوه‌براوه، هه‌ردووكیان كوڕی مه‌لا محه‌مه‌د حسێن كوڕی مه‌لا عه‌لی قزڵجه‌ییین، مامۆستا محه‌مه‌د قزڵجه‌یی له‌دوای نسكۆی شۆڕش ڕووده‌كاته عێراق و پاشان ده‌چێته میسر و له ئه‌زهه‌ر بڕوانامه‌ی وه‌رگرتووه، له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له میسر له به‌غداد نیشته‌جێبووه‌و بووه‌ته مامۆستا له زانكۆی به‌غداد و به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر وانه وتنه‌وه‌و چه‌ند زانایه‌كی پێگه‌ناندووه، هه‌روه‌ها چه‌ند دانراوێكی به‌پێزی هه‌یه، یه‌كێك له كتێبه‌كانی (مێژووی مزگه‌وته‌كانی سلێمانی)یه، كتێبێكی به‌نرخه له بواری خۆیدا.
هه‌روه‌ها مامۆستا (حه‌سه‌ن فزڵجه‌یی) چیرۆكنووس له بنه‌ماڵه‌ی قزڵجه‌ییه‌و خزمه‌تی زۆری به بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆشبیری كردووه، بنه‌ماڵه‌ی قزڵجه‌یی زیاتر له سێ سه‌ده له كوردستاندا خزمه‌تی زانست و خوێندنیان كردووه، ده‌یان زانا گه‌وره‌و زۆر دانراو نوسراو حاشیه‌یان نووسیوه‌و له‌كاتی ئێستادا زۆرێك له ده‌ستنووسه‌كانیان له نامه‌خانه‌و ئه‌رشیفخانه‌كاندا پارێزراون.
جگه له زانایانی قزڵجه هه‌ر له ناوچه‌ی پێنجویندا ده‌یان بنه‌ماڵه‌ی زانستی ده‌ركه‌وتوون، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ی پێنجوێنی و خواهرزاد(1870- 1935ز) بالیكه‌ده‌ری و زۆر بنه‌ماڵه‌ی زانستی و ڕۆشنبیری تر، مامۆستای (خوارزا یان: خواهرزاد) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوشكه‌زای مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمانی گه‌وره‌ی پێنجوێن بووه پییان وتوه‌و خوارزای مه‌لای گه‌وره‌و ئیتر به مامۆستای خوارزا ناسراوه، مامۆستای خوارزا ته‌فسیرێكی قورئانی پیرۆزی نووسیوه‌و هه‌تا ئێستا ده‌ستنووسه‌و چاپ نه‌كراوه، ئه‌م ته‌فسیره یه‌كه‌م ته‌فسیری كوردیه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاپ نه‌كراوه زۆر باس ناكرێت و نه‌بووه‌ته به‌شێك له مێژووی ته‌فسیری كوردی، پێنجوێن و زاناكانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان هه‌یه یه‌كه‌م ته‌فسیری كوردی له پێنجوێندا نوسراوه.
پێجوێن له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوچه‌ی كشتوكاڵی گرنگ بووه كه‌وتووه‌ته سه‌ره‌ڕێگای خێڵه كۆچه‌ره‌كان له‌كاتی گه‌رمیان و كوێستاندا به‌رده‌وام ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دان بووه، زه‌وی كشتوكاڵی زۆر ئاوی سازگار و له‌وه‌ڕگا و پووش و پاوانی زۆر‌و ناوچه‌یه‌كی كوێستان ز ۆزانی بووه، هه‌موو ئه‌وانه وایكردووه خوێندنگه‌ی زۆری هه‌بووه‌و زانای زۆری تێدا هه‌ڵكه‌تووه، به‌درێژایی مێژووی سلێمانی و ده‌وربه‌ری مه‌لایانی ده‌ڤه‌ری پێنجوێن هه‌ژموونیان به‌سه‌ر سلێمانی و مزگه‌وته‌كانیدا هه‌بووه، له‌ده‌ره‌وه‌ی سلێمانیش له‌زۆر ناوچه‌ی تر مه‌لایانی ده‌ڤه‌ری پێنجوێن ڕۆڵی زۆریان هه‌بووه له ئاوه‌دانكردنی كوردستان به خوێندن و نووسین و شیعر و ئه‌ده‌ب.
زۆر شاعیری به‌رزی وه‌ك قانع و موفتی و پێنجوێنی و قازی و زۆریتر خه‌ڵكی پێنجوێنن و له خوێندنگه‌و لای زانایانی پێنجوێن پێگه‌یشتوون، یه‌كێك له شاعیره ناسراوه‌كانی ئه‌و شاره موفتی پێنجوێنیه، موفتی ڕۆڵی زۆری هه‌بووه له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیدا له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، ئه‌و قۆناغه زۆر هه‌سیاره‌و سه‌رده‌می ڕاچه‌نین و هۆشیاری نیشتمانی و خوێندن و خه‌باتی ڕزگاری كورده، واته موفتی له قۆناغێكی زۆر گرنگدا ده‌ركه‌وتووه‌و بانگه‌وازی زانست و ڕۆشنبیری و خوێندن و نیشتمانپه‌روه‌ری كردووه.
موفتی پێنجوێنی به شیعره‌كانی شۆڕشێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنگه‌ری ڕاگه‌یاندووه، له شیعره‌كانیدا بانگه‌وازی خوێندن و ڕۆشنبیری ده‌كات، بانگی ڕزگاری نیشتمانی داوه‌و داوای وڵاتی سه‌ربه‌خۆی كردووه، هه‌روه‌ها به‌گژ هه‌موو دابونه‌رێتێكی خراپ‌دا چووه‌ته‌وه، دژایه‌تی ئاغو ده‌ره‌به‌گ و شێخایه‌تی كردووه، داوا ده‌كات هه‌موو كه‌س به ڕه‌نج و ماندوبوونی خۆی بژی كه‌س نه‌بێته خزمه‌تكار و به‌رده‌باز بۆ كه‌سانێكی تر كه هیچ سودێكیان بۆ میلله‌ت و نیشتمان نیه، به‌ڵكو بوونه‌ته بارێكی گران به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژارو ڕه‌ش و ڕووته‌وه.
موفتی پێنجوێنی شیعره‌كانی پڕن له خۆشه‌ویستی نیشتمان به‌گشتی و شاری پێنجوێن به تایبه‌تی، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گرتووه‌و داوای چاكسازی كردووه، له‌گه‌ڵ گۆڤاری (گه‌لاوێژ) و ڕۆژنامه‌ی (ژین)دا په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌و شیعری تێدا بڵاوكردونه‌ته‌وه، ئه‌و گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌یه ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه له ناساندنی موفتی پێنجوێنیدا وه‌ك شاعیرێكی نوێخواز له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
له ساڵی (1946) كاتێك بومه‌له‌زه‌و له پێنجوێنی داوه‌و ئه‌و شاره دڵگیره‌ی وێران كردووه موفتی پێنجوێنی كاتێك دیمه‌نی ئه‌و كاره‌ساته‌ی بینیوه له‌ناخه‌وه هه‌ژاندوویه‌تی و به‌كوڵ بۆ شاره‌كه‌ی گریاوه‌و چامه شیعرێكی بۆ كاره‌ساته هۆنیوه‌ته‌وه، ئه‌و چامه شیعره به‌ربڵاوترین شیعری موفتییه، هێنده به‌كوڵ گریاوه هه‌تا ئێستا بۆ كڕوزی ده‌وونێكی سوتاو له شیعره‌كه‌ی دێت، كاتێك شیعره‌كه ده‌خوێنیته‌وه هه‌ستی به گریانی ناخی شاعیر ده‌كه‌ی بۆ شاره‌كه‌ی، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
پێنجوێن به‌بێ تۆ نزیكه مه‌رگم
لوبنان شكێن بووی داخی به جه‌رگم
تازه‌بووكێ بووی به‌سه‌ر چیاوه
ئه‌هاتنه سه‌یرت له‌م لا و له‌و لاوه
پارچه ئه‌رزێ بووی له پارچه‌ی به‌هه‌شت
زه‌رد و سوور و شین كه‌ژ و كێ‌و و ده‌شت
موفتی باس له‌وه ده‌كات پێنجوێن ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری گرنگ بووه، به‌هۆی جوانی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی سه‌یرانگاو ئاو‌و هه‌وای ساف و ئاوی سازگاره‌وه، هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و كوێستان بووه، هه‌موو ئه‌وانه هاوكارێكی باش بوون بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری.
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و هاتنی ئیستعماری به‌ریتانی بۆ ناوچه‌كه سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و زلهێزه داگیركه‌رانه‌وه دروستكراون، به‌ریتانیه‌كان كاتێك عێراق داگیرده‌كه‌ن و ده‌گه‌نه كوردستان، سه‌ره‌تا كورد هیوای به‌وان هه‌بووه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دروست بكات، هه‌رچه‌نده له ساڵی 1918 ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ كورد دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌خابن ته‌مه‌نی زۆر نابێت و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه له‌ناو ده‌برێت، به‌ڵام داگیركاری به‌ریتانی هه‌ندێ سودی بۆ كورد هه‌بووه، ئیتر بۆ چ مه‌به‌ستێك بووه ئه‌وه‌یان شتێكی تره، بۆ یه‌كه‌مجار چاپخانه ده‌هێننه سلێمانی و ڕۆژنامه‌ی (پێشكه‌وتن) ده‌رده‌كه‌ن و خوێندنی به‌كوردی ده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه كاریگه‌ری هه‌بووه له پێشكه‌وتنی بزاڤی ڕۆشنبیری و خوێندن له سلێمانیدا، به‌ڵام مه‌خابن هه‌رزوو كوردان له‌ژیر كاریگه‌ری بیری چه‌پ و به‌هه‌وای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ئیعلانی دوژمنایه‌تی ئینگلیز به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر بكه‌ن، به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ركه‌سێك به‌تایبه‌تی مونه‌وه‌رانی كورد ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌رم بووبێت به‌رامبه‌ر به ئینگلیز‌و ڕۆژئاوا، یه‌كسه‌ر مۆری نۆكه‌ری ئینگلیز‌و به‌كرێگیراوی به‌ریتانیان له ناوچه‌وان ده‌دا، ده‌یان پیاوانی گه‌وره‌ی وه‌ك تۆفیق وه‌هبی و پیره‌مێرد و مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌و چه‌ندانی تر ئه‌و تۆمه‌ته ساویكانه‌یان پاڵدراوه.
یه‌كێك له‌و مونه‌وه‌رانه‌ی باسی چاكه‌ی ئینگلیزی كردووه له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بێگوێدانی تۆمه‌تی كوێرانه‌و نه‌زانانه، موفتی پێنجوێنی بووه، موفتی پیاوێكی مونه‌وه‌ر بووه‌و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی بیری كردووه‌ته‌وه نه‌ك ئایدۆلۆژی و شوێنكه‌وتنی كوێرانه، ئه‌و چاكه‌ی دوژمنی له‌به‌رچاو گرتووه، چونكه ئه‌و هه‌نگاوانه له به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانه‌كه‌ی بووه، ئیتر داگیركه‌ر چۆن بیر ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یان شتێكی تر بووه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
من خاسی ئینگلیز ناچێ له بیرم
كه پێمی ناسی باوك و باپیرم
هه‌ر كه‌سێ سپڵه و حقووق نه‌زانه
نابێ به به‌شه‌ر، هه‌رچه‌ن ئینسانه
با بڵێن ئینگلیز ئایینی جوێیه
به‌ڵام كرده‌وه و دادی به‌جێیه
هه‌ر ئه‌و بوو كه وا به ده‌ستوبردی
بۆ فێر كردنی زمانی كوردی
ئه‌و فێری كردین كوردی بنووسین
موفتی یه‌كێك له هیواكانی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه بووه له هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌و گوندێكی كوردستاندا، به‌شێكی زۆری هۆنراوه‌كانی ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، له‌باره‌ی بایه‌خ و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌وه ده‌ڵێت:
له‌ڕێی مه‌كته‌ب سه‌رم دانێم ڕه‌وایه
له‌بۆ ده‌ردی دڵم خاكی شیفایه
ئه‌گه‌ر چی چه‌ند كه‌سێك لێی ناڕه‌زایه
له‌لای من كۆشكی پڕ شه‌وق و چرایه
ئه‌شۆرێ چڵكی بێ ئه‌قڵی و جه‌هاله‌ت
به‌شه‌ر ناخاته ناو ده‌رد و ڕه‌زاڵه‌ت
هه‌روه‌ها له شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:
من ئه‌زانم سێبه‌ری مه‌كته‌ب ئه‌ساسی ژینمه
حورمه‌تی خاكی وه‌ته‌ن ڕوكن و حه‌ساری دینمه
تازه خه‌ڵفێكم له باخی مه‌كته‌با ئه‌شنێمه‌وه
باخه‌وانی من موعه‌للیم عیلم و فه‌ن په‌رژینمه
كوردم و ئه‌ولادی كوردم بیشمرم وه‌سیه‌ت ئه‌كه‌م
پێم بڵێن ئه‌ی كورده هۆشت بێ له‌جێی ته‌ڵقینمه
هه‌تا ده‌گاته:
گه‌ر ئه‌پرسن شۆره‌ت و ناوم بڵێن: عه‌بدولكه‌ریم»
بێچووه تووتنچی، نه‌وه‌ی موفتی وه‌ته‌ن پێنجوێنمه
هه‌ر له‌باره‌ی مه‌كته‌به‌وه ده‌ڵێت:
مه‌كته‌ب ژیانی میلله‌ته، باخی حه‌یات و وه‌سڵه‌ته
بۆ ئه‌هلی دنیا جه‌ننه‌ته، هه‌ر كه‌س نه‌چێ بێ هیممه‌ته
باخێكه مه‌كته‌ب پڕسه‌مه‌ر، ڕووناكه وه‌ك شه‌مس و قه‌مه‌ر
شوعله‌ی ئه‌چێ بۆ ده‌شت وده‌ر، پڕ عه‌یش و نۆش و عوشره‌ته
ئه‌ی كورد ئه‌گه‌ر تۆ عاقڵی، وه‌ك بولبولی شه‌یدای گوڵی
بۆچی له مه‌كته‌ب غافڵی، زانست به پیری زه‌حمه‌ته
عیلم و مه‌عاریف بۆ به‌شه‌ر، كه‌نجێكه پڕ له‌عل و گه‌وهه‌ر
وه‌ك تاجی شاهی بیكه سه‌ر، ساحێب به‌ها و قیمه‌ته
گه‌نج ساحه‌بی به‌قا نییه، زه‌حمه‌ت به بێ به‌ها نییه
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
مه‌كته‌بی پێنجوێن ئه‌مساڵ به شه‌وقه
منداڵمان له‌گه‌ڵ خوێندن به زه‌وقه
چونكه مامۆستا یه‌ك له یه‌ك زیاتر
دڵسۆزن بۆیان له باوك چاتر
هه‌تا ده‌گاته:
جێگه‌ی سوپاسن میلله‌تی پێنجوین
بۆ ئه‌م خزمه‌ته یا خوا هه‌ر بژین
موفتی پێنجوێنی كه‌سێكی زۆر هۆشیار بووه، زانیویه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی گیرۆده‌ی ده‌ستی نه‌زانی و نه‌خوێنده‌وارییه، هه‌ر ئه‌و ده‌ردی نه‌زانینه تووشی ده‌یان كێشه‌و پاشكه‌وتوویی كردووه، بۆیه هه‌موو كات به ده‌نگی به‌رز بانگی كردووه بۆ خوێندن و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و هاندانی نه‌وه‌ی داهاتوو بۆ خوێندن، هیواكانی موفتی هاتنه‌دی له زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان نه‌ك ته‌نها مه‌كته‌ب به‌ڵكو زانكۆ كراوه‌ته‌وه، به‌و هیوایه‌ی له شاره‌كه‌ی موفتیدا (زانكۆی پێنجوێن) بكرێته‌وه‌و ڕۆحی موفتی ئاسوده ببێت.
PUKmedia ئاماده‌كردنی/د. ئاراس محه‌مه‌د ساڵح
هەواڵی زیاتر
-
وته‌بێژی كۆمسیۆن: بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ نه‌خۆش وزیندانیان ده‌كه‌ینه‌وه
01:36 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
نوسینگەی مەکتەبی سیاسی لەبەغدا کرایەوە
08:08 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
07:39 PM - 2024-04-24
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:33 AM - 2024-04-25 راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
کوردستان 05:13 PM - 2024-04-24 -
سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی عەلی شامار و وەسفیە بەنی وەیس-ەوە
ی ن ک 05:11 PM - 2024-04-24 -
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
کوردستان 05:01 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
عیراق 04:46 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی دەکات
ی ن ک 02:22 PM - 2024-04-24 -
قوباد تاڵەبانی: هەر رۆژەی بیرخەرەوەی تاوانێکە
کوردستان 01:47 PM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لەقەرەبووکردنەوە و خزمەتی خەڵکی قەڵادزێ بەردەوامە
کوردستان 01:12 PM - 2024-04-24 -
سەعدی ئەحمەد پیرە: بۆردومانی قەڵادزێ ببێتە هەوێنی یەکڕیزی
کوردستان 12:39 PM - 2024-04-24