riklam

كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر ئاگری ململانێیه‌كی ناوخۆیی خۆش ده‌كات

ریپۆرتاژ‌ 05:24 PM - 2018-08-18
.

.

كێشەی‌ هەرە سەرەكی‌ دەروازەی‌ سنووریی عەرعەر ئەوەیە دەكەوێتە سنووری ئیداری ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان ئەنبار‌و كەربەلا‌و نەجەف.

كاركردن بەردەوامە بۆئەوەی دەروازەی سنووری جەدیدە عەرعەر تایبەت بە جموجوجوڵی بازرگانی پێش وەرزی داهاتووی حەج بكرێتەوە، بەشێوەیەك كە شیاوی هەردوو دەوڵەتی عێراق‌و سعودیە بێت بەم وشانە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە نزیكبوونەوەی كردنەوەی دەروازەی جەدیدە عەرعەری بەشێوەیەكی هەمیشەیی راگەیاند، شەممەری لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەردوو لایەنی عێراقی‌و سعودی لەسەر تەواوی ئەو رێوشوێن‌و لایەنە پەیوەندیدارانە رێككەوتوون كە زامنی كردنەوەی دەروازەكەن بۆ مەبەستی بازرگانی.

ئەمە یەكەم جار نییە سعودیە رەزامەندی لەسەر بەگەڕخستنەوەی دەوازەكە رادەگەیەنێت، لەگەڵ هەر راگەیاندنێكیشدا دەنگی لایەنگرانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە بەرزدەبێتەوە، لەبەرامبەریشیدا دەنگی بەرهەڵستی سەبارەت بە خاوەندارێتی ئیداری دەروازەكە سەرهەڵدەدات، چونكە دەروازەكە دەكەوێتە سنووری ئیداری قەزای نخێب (308 كم لە باشووری خۆرئاوای رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار) كە تائێستا ناوچەیەكی جێناكۆكە لەنێوان هەردوو پارێزگای ئەنبار‌و كەربەلادا.

ئەو بەڵگەنامانەی پارێزگای ئەنبار پشتیان پێ دەبەستێت ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە خاوەندارییەتی ناحیەی نخێب كە دەروازە سنوورییەكە لەخۆدەگرێت لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگاكەیە، چونكە پێشتر سەر بە قەزای روتبە بوو (450 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) بەرلەوەی لەساڵی 2016دا بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ببێتە قەزا.

نخێب بەپێی مەرسومێكی كۆماری لە ساڵی 1960دا بووە ناحیە‌و تا ساڵی 1978 بەسترابووەوە بە قەزای روتبەی سەر بە پارێزگای ئەنبار ئەویش دوای ئەوەی خرایە سەر پارێزگای كەربەلا بۆ ماوەی 14 مانگ‌و پاشان لە ساڵی 1979دا خرایەوە سەر پارێزگای ئەنبار ئەویش دوای دروستبوونی قەیرانێك لەنێو دانیشتووانی ناحیەی نخێب‌و حكومەتەكەی ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی پێشووتری عێراق.

دەروازەی جەدیدە عەرعەریش دەكەوێتە سەر سنوری عێراق‌و سعودیە (97 كم لە باشووری خۆرئاوای قەزای نخێب)‌و لەساڵی 2003وە تەنیا لە وەرزی حەجدا بەڕەسمی دەكرێتەوە بۆ رەوانەكردنی حاجیانی عێراق بەرەو مەككەی پیرۆز، دوو ئاڕاستەشی هەیە یەكەمیان بە پارێزگای كەربەلادا تێدەپەڕێت‌و دووەمیش بە پارێزگای ئەنباردا.

حكومەتی خۆجێیی لە پارێزگای ئەنبار شانازی بە سەركەوتنی پلانە ئەمنی‌و خزمەتگوزارییەكانیەوە دەكات لە هەر وەرزێك لە وەرزەكانی حەجدا هەرچەندە بەردەوام دووپاتیدەكاتەوە كە پارە بۆ دەروازەكە تەرخان ناكرێت، بەڵام هەموو ساڵێك بەشدار دەبێت لە پارمەتیدانی دەروازەكە‌و قەزاكەش بە توانا ناوخۆییەكانی، ئەویش وەك هەوڵێكی بۆ چەسپاندنی حاڵەتەكە‌و سووربوونی لەسەر مافی لە خاوەندارێتی قەزای نخێب‌و دەروازە سنوورییەكەی لەڕووی ئیدارییەوە.

تەها عەبدولغەنی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار لەوبارەیەوە قسەی كرد‌و وتی: "قبوڵكراو نییە هیچ كەسێك باسی مافی لە ئیدارەدانی دەروازەی جەدیدە عەرعەر بكات جگە لە پارێزگای ئەنبار، چونكە هەموو بەڵگەنامە‌و دۆكیۆمێنتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە قەزای نخێب‌و دەروازەی عەرعەر لە سنووری ئیداری پارێزگای ئەنباردان، هەر ئیدیعاكردنێكیش جگە لەوە بوختانە لەدژی پارێزگای ئەنبار‌و دەستدرێژیكردنە سەر مافەكانیەتی".

هەروەها وتی: "پانزە ساڵە پارێزگای ئەنبار ئەركی ئیدارەدانی ناحیەی نخێبی گرتووەتە ئەستۆ پێش ئەوەی بەبڕیارێكی پشتیوانیكراو لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارەوە ببێتە قەزا‌و پارەیەكی زۆر لە بودجەكەی دەبڕێت‌و بۆ خزمەتگوزاری‌و پرۆژەكانی قەزای نخێبی تەرخان دەكات، ئەمە جگە لە پشتیوانیكردنی سەرجەم كەرتەكان‌و دابینكردنی پێداویستییە لۆجستی‌و خزمەتگوزارییەكان تا سەركەوتنی پلانە ئەمنییەكانی‌و رەوانەكردنی حیاجیان لە دەروازەی جەدیدە عەرعەرەوە مسۆگەر بكات".

ناكرێت گرنگی دەروازەی سنووری عەرعەری نێوان عێراق‌و سعودیە تەنیا لە مەبەستی بازرگانی یاخود گەشتیاریدا قەتیس بكرێت، چونكە پێگەیەكی سیاسی‌و ئەمنیشی هەیە بۆ لایەنە سیاسییە جیاجیاكان چ نێودەوڵەتی بن یان ناوخۆیی، هەندێك هەندێك لە پسپۆران‌و ئاگایانیش هەر ئەو بۆچوونەیان هەیە كە دووپاتی دەكەنەوە ئەو ململانێیەی لەگەڵ هەر پەرەسەندنێكی تایبەت بە قەزای نخێب یان دەروازەكەدا بەرەو هەڵكشان دەچێت، ناكرێت تەنیا بۆ ئامانجی ئابووری بێت.

لەوبارەیەوە لیوای خانەنشین محەمەد بۆ كەرتاح وتی: "كۆنترۆڵكردنی قەزای نخێب‌و دەروازەی عەرعەر بەدیاریكراوی لەلایەنی عێراقییەوە یەك پاڵنەری هەیە، بۆ نموونە ئەنبار هەوڵدەدات پارێزگاری لە دەروازەكەی بكات بەرەو دەوروبەرە سوننەكەی‌و بەدیاریكراویش بەرەو كەنداو، هەرچی كەربەلا یاخود نەجەفیشە ئەوا لەپێناو سەپاندنی كۆنترۆڵ‌و هەژموونیان‌و دابڕینی پێكهاتەی سوننەیە لە وڵاتانی كەنداو كە پالًپشتی سەرەكین بۆی".

وتیشی: "ئەوەی كۆنترۆڵی دەروازەی جەدیدە عەرعەر‌و قەزای نخێب بكات، ئەوا كۆنترۆڵی ئەڵقەیەكی گرنگی پەیوەندی نێوان عێراق‌و سوریای كردووە كە هاوكات لەگەڵ داگیركردنی زۆربەی شارەكانی پارێزگای ئەنبار لەلایەن گرووپەكانی داعشەوە پەیدابووە، ئەویش لە هەوڵێكدا بۆ دۆزینەوەی رێگای جێگرەوە كە یارمەتیدەر بێت لە گەیشتنی پشتیوانی دارایی‌و لۆجستی بۆ سوریا بەبێ تێپەڕبوون بە نێو گرووپەكانی داعشدا، ئەمە جگە لە كۆنترۆڵكردنی دەروازەی عێراق بەرەو دەوڵەتانی كەنداو‌و بەندەرەكانی دەریای سوور".

سەرلەنوێ ژیانەوەی دەروازەكە رەنگە دەرچەیەكی گرنگ بێت بۆ بازرگانی نێوان عێراق‌و سعودیە، بەڵام گورزێكی ئابووری جەرگبڕیش دەبێت كە سعودیە بە پشتیوانی عێراق لە بازرگانی ئێرانی دەدات كە بەزۆری‌و بەشێوەیەكی راستەخۆ پشت بە بازاڕی عێراق دەبەستێت.

كەریم نوری سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە وتی: "ئەگەر گریمانەی ئەوە دابنێین سعودیە نیازی پاكە ئەوا بڕیاری بەگەڕخستنەوەی بازرگانی بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە دەروازەی سنووری عەرعەر بڕیارێكی باش‌و بەسوودە بۆ گێڕانەوەی پەیوەندییەكانی عێراق‌و سعودیە بۆ دۆخی پێشووی، بەڵام ئەوەی دەیبینین بڕیارێكی سیاسییە‌و كاتەكەشی نەگونجاوە بەتایبەتی لەگەڵ سزاكانی ئەمریكادا بۆ سەر ئێران".

وتیشی: "كردنەوەی ئەو دەروازەیە كە كەوتووەتە شارێكی هەستیار‌و گرنگەوە دۆسێكەی یەكلانەكردووەتەوە‌و هێشتا لە چوارچێوە ناوچە جێناكۆكەكاندایە‌و رەنگە قەیرانێكی راستەقینە هەڵگیرسێنێت‌و پەرەبسێنێت بۆ ململانێیەك لە نێوان پێكهاتەكانی یەك گەلدا، راگەیاندنی كردنەوەی دەروازە دەروازەكەش لەم كاتەدا بڕیارێكی نامەدروسە‌و پێویستە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە"

دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار بەگشتی‌و قەزای نخێب بەتایبەتی دووپاتی دەكەنەوە كە بەگەڕخستنەوەی دەروازەی سنووری جەدیدە عەرعەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری زۆربەی شارەكانی دەوروبەری دەروازەكە كە لەوەتەی لە ساڵی 1990وە داخراوە لەڕووی ئابوورییەوە زیانیان بەركەوتووە.

PUKmedia   نیقاش

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket