riklam

توركیا له‌به‌رده‌م داڕمانێکی گه‌وره‌ی ئابووریدا

بیروڕا 12:53 PM - 2018-08-18
.

.

هۆكاری قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كه‌ی توركیا، به‌ته‌نها ده‌ستبه‌سه‌ركردنی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برۆنسن نییه‌، به‌ڵكو ره‌گوڕیشه‌ی كێشه‌كه‌ له‌وه‌ قووڵتره‌و له‌چه‌ندین فاكته‌ره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، هه‌ندێكیان ئابوورین و هه‌ندێكیشیان سیاسین و په‌یوه‌ندیان به‌و په‌لهاویشتنه‌ فراوانه‌ی توركیاوه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر سایه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێ و ده‌وروبه‌ر ئه‌نجامی ده‌دا.

له‌بواری ئابووریدا وبه‌ر له‌هه‌موو شتێك، ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام گووشار ده‌خاته‌سه‌ر بانكی ناوه‌ندی وڵاته‌كه‌ی و به‌چه‌شنێك ئاراسته‌ی ده‌كات و ده‌ستوردانی تێدا ده‌كات كه‌ پێچه‌وانه‌ی تێورییه‌ ئابوورییه‌كانه‌، به‌شێك له‌ پسپۆڕانی بواری ئابووری ئه‌مه‌ به‌هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌مبوونه‌وه‌ی 40%ی به‌های لیره‌ی توركی و لاوازبوونی ئابووری توركیا ده‌زانن.

سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌ردۆغان وایكردووه‌ توركیا له‌ 17هه‌مین به‌هێزترین ئابووری نێو بیست وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كه‌ی جیهانه‌وه‌ دابه‌زێت و بچێته‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی لیستی وڵاته‌ قه‌رزداره‌كان.

به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كانی رێكخراوی ئاسایشء هاوكاری ئه‌وروپا( OECD )، كۆمپانیا توركییه‌كان 500 ملیار دۆلار قه‌رزدارن، حكومه‌تی توركیاش زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌، واته‌ كۆی قه‌رزه‌كانی سه‌ر توركیا 600 ملیار دۆلاره‌ كه‌ زۆربه‌شی به‌ لیره‌ی توركی نییه‌، به‌ڵكو به‌دۆلاره‌ء له‌ئێستادا دانه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه‌. له‌كاتێكدا كه‌ یه‌ده‌كی دراوی توركیا كه‌متره‌ له‌ 100 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیی و گه‌وره‌یی ئه‌و قه‌یرانه‌مان نیشان ده‌دات كه‌ به‌رۆكی ئابووری توركیای گرتووه‌.

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م ره‌وشه‌ كاره‌ساتباره‌دا، توركیا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی عه‌قڵانی به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئابورییه‌كانی بهاوێت و له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ بڕه‌خسێنێت و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای هاوپه‌یمانی له‌لایه‌ك و له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌كی تر باش بكات، له‌دوو ساڵی رابردوودا به‌هه‌موو لایه‌كدا په‌لیده‌هاویشت و هێرشی ده‌كرده‌سه‌ر هه‌مووان و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپاء ئه‌مریكاش ده‌كرد.تا ده‌هات ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ سوریا زیاتر ده‌كرد، عه‌فرینی داگیركرد و كاره‌ساتێكی مرۆیی خوڵقاند، په‌لاماری زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپای ده‌دا، ململانێی ئه‌مریكای ده‌كردء هه‌میشه‌ كۆسپی ده‌خسته‌به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانی. ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌رچوون لێی تاڕاده‌یه‌ك مه‌حاڵه‌.

له‌ئێستادا توركیا گیرۆده‌ی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیدرابووه‌ته‌وه‌، قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ ترسناكه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكی ئابووری هاوشێوه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ی ساڵانی رابردووی یۆنان و پورتوگال-ی لێبكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ك چۆن دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سازشی بۆ روسیا و ئه‌وروپا كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ سازش بۆ ئه‌مریكا بكات و ده‌ستوه‌ردانه‌ ئابوورییه‌ نا زانستییه‌كانی كۆتایی پێبهێنێت و داوابكات بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌هانایه‌وه‌ بچێت، ئه‌گه‌رچی پێده‌چێت ئه‌و رێكارانه‌ش فریای نه‌كه‌ون و له‌م ته‌نگه‌ژه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ربازی نه‌كه‌ن و توركیا تووشی داڕمانێكی گه‌وره‌ی ئابووی ببێت.

فه‌ریق حه‌بیب

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket