كاریگه‌ری ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردی ده‌خرێته‌ڕوو
کتێب 12:45 PM - 2018-08-15.
توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردی له لاهای پێشكه‌ش كرا.
له‌درێژه‌ی كاروچالاكیه‌كانی یانه‌ی كوردی "میدیــــا" له هۆڵه‌ندا، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 12-08-2018 به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد، له شاری لاهای له‌هۆڵه‌ندا، باسێك له لایه‌ن نوسه‌ر و ئه‌دیب (دكتۆر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئابڵاخی)یه‌وه، به‌ناونیشانی (كاریگه‌ریاكانی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردی) پێشكه‌شكرا.
سه‌ره‌تا له لایه‌ن ڕێكخه‌ری كۆڕه‌كه‌وه، به كورتی تیشكخرایه سه‌ر ژیانی ئه‌ده‌بی و به‌رهه‌مه‌كانی دكتۆر ئه‌حمه‌د ئابڵاخی و ئاماژه به‌وه‌درا، كه نوسه‌ر له ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاوه، وه‌كو ڕۆژنامه‌نووش، توێژه‌ر و شاعیر به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوكردۆته‌وه، تا ئێستا 13 كتێبی له‌بواری ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌دا چاپكردووه، هه‌روه‌ها له گۆڤار و ڕۆژنامه كوردییه‌كاندا ده‌رباره‌ی شانۆ و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت، توێژینه‌وه‌ی پێشكه‌ش كردووه، له دوای ڕاپه‌ڕین خاوه‌نی ڕۆژنامه‌یه‌ك بووه به ناوی (ڕۆژی سلێمانی)، به‌ڕێزیان پسپۆڕه له بواری ژمێریاردا و له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی دكتۆرای وه‌رگرتووه، ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار و چاودێری ناوخۆیی كۆمپانیای (ئاسیا سێڵ)ه.
سه‌ره‌تای توێژینه‌وه‌كه‌ی به‌وه ده‌ستپێكرد، هه‌ر وه‌ك گوتراوه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئاوێنه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ن، هه‌ر ئاواش فكری سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌رده‌مێكی دیاری كرا‌و ده‌بنه مێژووی سه‌رده‌مه‌كه و كاریگه‌ری باش یا خراپ له‌سه‌ر كۆی ژیانی هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌بێته مێژوویه‌ك و ناسڕرێته‌وه، مه‌گه‌ر مێژوونوس نا ڕاستگۆ خۆی لێهه‌ڵبوێرێ و به ئاره‌زوی خۆی یا ئاره‌زوی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی باڵاده‌ست بینووسێته‌وه.
توێژه‌ر باسی شاعیران و ئه‌دیبانی كورد و پیاوانی ئاینی له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی كوردییدا، كه چۆن ڕۆڵی كاریگه‌ریان بینیووه له‌سه‌ر بنیاتنانی پایه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه خوێنه‌واران ده‌رچووی قوتابخانه ئاینیه‌كان و خانه‌قاكان و مزگه‌وته‌كان بوون و دوای فێربونی ئه‌لف و بێ، فێری قورئان و وانه ئاینیه‌كان ده‌بوون، نموونه‌شی به منه‌وارانی كورد مه‌وله‌وی، وه‌فایی، مه‌حوی، مه‌لا مسته‌فای سه‌فوه‌ت و شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و حه‌مدی ساحێب قڕان و شێخ سه‌لام و شێخ مارفی نۆدێی و شێخی گه‌وره شێخ مه‌حمودی نه‌مر و شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی و سه‌ید ئه‌حمه‌دی نه‌قیب و موفتی پێنجوێنی و قانع و زێوه‌ر هێنایه‌وه، كه زوربه‌یان مه‌لابوون و شاعیر و نوسه‌ریش بوون، ئه‌وان له‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆیاندا له‌پاڵ شیعری موناجات و وه‌سف و خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر و ئاینی ئیسلامدا ده‌یان شیعری غه‌زه‌ل و پیاهه‌ڵدان، به به‌ژن و باڵای ئافره‌ت و له‌زه‌تی شه‌راب و هه‌جوی ڕاسته‌وخۆی خورافات و ئه‌و بابه‌تانه‌یان نوسیووه، كه زۆر له‌و شیعرانه كه باش شیكاری بۆ بكه‌یت له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی ئاینی ئیسلامدا نایه‌ته‌وه، یا به كوفر حسابی بۆ ئه‌كرێت، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش پاشایه‌تی بوه و مزگه‌وت و ته‌كیه و خانه‌قاكان ڕۆڵی خۆیان هه‌بووه له بڕیاردان ودیاری كردنی حه‌ڵاڵ وحه‌رام و پێشڕه‌وایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و موسوڵماندا.
له كرۆكی باسه‌كه‌یدا دكتۆر ئه‌حمه‌د باسی له‌وه كرد، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ئه‌و جۆره شیعرانه له لایه‌ن خودی مه‌لاكان و پێشڕه‌وانی ته‌كیه‌و خانه‌قاكانه‌وه گوتراوه، له كۆڕه‌كه‌دا، گه‌لێك نموونه‌ی زیندووی لێ هێنانه‌وه و تیشكی خستنه‌سه‌ر، كه چۆن ئه‌و سه‌رده‌مانه وه‌ك ئێسته نه‌بووه، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان یا كه‌سانیی دیكه له ده‌سته‌و دایه‌ره‌ی ئاینی و حكومی تانه‌ی له‌و شیعرانه دابێت و به حه‌رام و ناشه‌رعی و كوفریان زانیبێت و لێكیاندابێته‌وه و دژی وه‌ستابنه‌وه نموونه‌كانیشی به‌م منه‌وه‌رانه ده‌ست نیشان كرد:
1-شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی (1077-1166) كه دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی قادریه و ئێستاش مه‌زاره‌كه‌ی له به‌غدا ساڵانه هه‌زاران كه‌س زیاره‌تی ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌و دیوانه‌یدا، كه مه‌لا مسته‌فای حاجی مه‌لا ڕه‌سوڵی دێلێژه (سه‌فوه‌ت) له فارسیه‌وه وه‌ریگێڕاوه، زوربه‌ی شیعره‌كانی وه‌ك سۆفیه‌ك بۆ خودا و ڕێبازه ئاینیه‌كه‌ی بووه، نموونه‌یه‌كیش به‌م قه‌سیده‌یه‌ی هێنایه‌وه كه ده‌ڵێ:
گه‌ر به‌هه‌شت خاڵی له دولبه‌ر بێ، له قووڵیی دۆزه‌خا
عاشقان به‌رپا ئه‌كه‌ن خێوه‌ت، گه‌ناب تێكه‌ڵی گه‌ناب
2- ئه‌حمه‌دی خانی (1650-1707 ) چیرۆكی عه‌شقی مه‌م و زینی داڕشتووه، كه داستانێكی ئێجگار نایابه و له عه‌شقی پاك و بێگه‌ردی دوو دڵدار ده‌دوێ.
3- نالی (1800-1856 ) مه‌لا خدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی میكایه‌ڵی، كه خۆی مه‌لایه‌كی خاوه‌ن خانه‌قا و مزگه‌وت و ڕوو له ئاین بووه، ده‌یان شیعری بۆ قه‌د و زوڵف و كوڵمی ئافره‌ت وتووه و عاشقانه دامه‌نی جوانانی گرتووه و هیچ لاشی نه‌نگ نه‌بووه، كه ئه‌و مه‌لایه‌كه و باسی عه‌شق و خۆشه‌ویستی ئه‌كات و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به ڕووی مانگ بشوبێنێ، بفه‌رموون بۆ چه‌ند نمونه‌یه‌ك:
بۆچی نه‌گریم سه‌دكه‌ڕه‌تم دڵ ده‌شكێنێ
بۆ مه‌ی نه‌ڕژێ شوشه له سه‌دلاوه شكاوه
یا ئه‌فه‌رموێ :
هه‌ر جۆگه‌و جۆبارێ سور و سوێر بێ
جێی جۆششی گریانی منه وخوێنه ڕژاوه
هه‌رچه‌نده كه ڕووتم به خوا مایلی ڕوتم
بێ به‌رگیه عیلله‌ت كه هه‌تیومه‌یلی هه‌تاوه
4- مه‌وله‌وی (1806-1882) ناوی ته‌واوی سه‌ید عه‌بدولڕه‌حمانی سه‌عید تاوه‌كۆزیه ناسراوه به مه‌وله‌وی، ئه‌میش هه‌م مه‌لا بووه و هه‌م سه‌ید زاده‌ش بووه هه‌موو شیعره‌كانی به‌تایبه‌تی له بواری عیشق و خۆشه‌ویستی عه‌نبه‌ر خاتووندا، و به شێوه زاری هه‌ورامی شیعری هۆنیوه‌ته‌وه و پیره‌مێردی شاعیر شیعره‌كانی كردوون به شێوه زمانی كرمانجی خواروو هه‌روه‌ها وه‌ریشگێڕدراون بۆ زمانی فارسی، له باسه‌كه‌یدا كۆپله‌یه‌كی بۆ سه‌لماندنی مه‌به‌ستی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه هێنایه‌وه، كه هه‌م باسی دڵداری ئه‌كات و هه‌م شه‌راب نۆشی:
سۆچنۆم حه‌سره‌ت ده‌ردی جیاییت
نه‌ك چون بڵێسه‌ی یادی ته‌نیاییت
وه‌مه‌رگت، دیده‌م، ھام نه گوزه‌ردا
منیچ لام لای تۆن ئارۆ یا فه‌ردا
موتریب مه‌قامێ ده‌ردم ناچاره‌ن
ساقیا جامێ دۆس ئینتیزاره‌ن
5- مه‌حوی ( 1830-1906) ئه‌میش مه‌لایه‌كی تره وده‌یان شیعری بۆ عه‌شق و خۆشه‌ویستی گوتووه.
6- شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی ( 1831-1910) پیاوێكی ئاینی هه‌م شیخ و هه‌م مه‌لابووه، له قه‌سیده‌یاكدا ئه‌ڵێ :
له بیرم دێ سوله‌یمانی كه دارلمولكی بابان بوو
نه مه‌حكومی عه‌جه‌م نه سوخره‌كێشی ئالی عوسمان بوو
له‌به‌ر قاپی سه‌را سه‌فیان ده‌به‌ست شێخ ومه‌لا وزاهید
مه‌تافی كه‌عبه بۆ ئه‌ربابی حاجه‌ت گردی سه‌یوان بوو
گردی سه‌یوان به كه‌عبه‌ی ئه‌ربابی حاجه‌ت واته مه‌ینۆشان شوبهاندوه كه ئه‌و جێیه واته گردی سه‌یوان له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ك ئێستا كه قه‌برسانه جێگه‌ی مه‌ینۆشه‌كان بووه.
7- سه‌ید ئه‌حمه‌دی نه‌قیب (1863) له شاری سلێمانی وله بنه‌ماڵه‌یه‌كی مه‌لازاده وسه‌یزاده له دایك بووه خۆشی پیاوێكی ئاینیی وخواناس بووه، زوربه‌ی دیوانه‌كه‌ی موناجات و شیعری ئاینییه ، به‌ڵام له شیعرێكدا گاڵته به سۆفی و شێخ ومه‌لا ده‌كات كه به ڕوكه‌ش پیاوی باشن و له ژێره‌وه داوێن پیس وفاسیقن، ببینن له‌م شیعره‌دا چی ده‌ڵێت بێ ئه‌وه‌ی سۆفی ومه‌لاكان لێی ڕاپه‌ڕن وبه‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه :
وه‌لێ ئه‌م شاره وه‌ك ورچ هه‌ر ده‌بێ دایم له كوندا بێ
هه‌مو ساتێ له فیكری ده‌ستبڕینی پیاوو ژن‌دا بێ
له نێو حوجره‌ی ڕیادا سه‌ركزێكی دوونی دڵ وریا
سه‌ر وڕیشێكی بێ ، هه‌ر موویه‌كی سه‌د فه‌نی له بندابێ ( لێره‌دا مه‌به‌ستی له فه‌ن فرت و فێڵه).
8- ناری له ساڵی ( 1874 )له دایك بووه و ناوی ته‌واوی مه‌لا كاكه حه‌مه‌ی بێلوو كه خۆی مه‌لا بوه ده‌یان شیعری ناوازه‌ی ده‌رباره‌ی شۆخ‌و شه‌نگه‌كان وله‌زه‌تی مه‌یی وباده‌نۆشی گوتووه:
مه‌خموری مه‌ی و غه‌مزه‌ده‌ی دوو نێرگسی كاڵم
پاماڵی خوماری مه‌یه ، ئیدراك وكه‌ماڵم
بێ شه‌معی رۆخی، شه‌وقی نیه گۆشه‌ی ماڵم
بۆ میهری وه‌فا شاهیدی مه‌یخانه‌یه حاڵم
9- زێوه‌ر ( 1875-1948 ) ناوی ته‌واوی مه‌لا عه‌بدوڵای كوڕی محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی مه‌لا ڕه‌سوڵه، كه‌واته ئه‌میش مه‌لا بووه و له خێزانێكی ئاینیی ومه‌لا زاده بووه، له پارچه شیعرێكدا ده‌ڵێ:
ساقی به جیلوه هه‌سته بۆم پڕكه یه‌ك قه‌ڕابه
ئه‌مشه‌و به‌یادی چاوت مه‌یلم له‌سه‌ر شه‌رابه
10- حه‌مدی ( 1876-1936 ) ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێب قڕان ، پیاوێك بوه قورئان و كتێبه ئاینیه‌كانی خوێندوه و ڕوو له خوا بو له قه‌سیده‌یاكدا ده‌ڵێت :
ماهی ڕه‌مه‌زان هاتنی ئه‌وه‌ڵ به‌شه‌و
تا ڕۆیی له‌به‌ر مه‌ستی وه‌هام زانی خه‌وم دی
11-موفتی پێنجوێنی (1881-1952 ) ناوی ته‌واوی مه‌لا عه‌بدوڵای پێنجوێنی ناسراو به موفتی، كه ئه‌میش هه‌رچه‌نده مه‌لا بووه ، كۆمه‌ڵێك غه‌زه‌ل و هه‌جوی جوانی هه‌یه :
وا چاكه له‌مه‌ولا ڕوو له زانست كه‌ی له زۆر و كه‌م
به‌سه‌رچوو خزمه‌تی ده‌ف و ته‌پڵ شانه و قژ وپه‌رچه‌م
13- شێخ سه‌لامی شاعیر كه پیاوێكی سه‌یزاده وخواناس بووه شیعره‌كانی خه‌یامی كردووه به‌كوردی و بڵاویكردۆته‌وه، كه له هه‌ندێك ڕوانگه‌وه سه‌یری بكه‌ی زۆرینه‌ی به ڕای موسوڵمانان كوفره، هه‌ر بۆ نمونه له‌و وه‌رگێڕانه‌ی ئه‌و:
منم مشته‌ری مه‌یی كۆنه‌و ن‌و
ئێمه به‌هه‌شتمان داوه به دو جۆ
بۆ من شه‌راب وتۆ دنیا‌و به‌هه‌شت
بۆ هه‌ر لا ئه‌ڕۆی فه‌رم وزوو بڕۆ
14- دڵداری شاعیر ساڵی 1939 شیعری ئه‌ی ڕه‌قیبی نوسیووه كه بڕگه‌یه‌كی تیایه ده‌ڵێ :
ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی كورد زبان
نایشكێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان
ئه‌م سروده بووه به سرودی نیشتمانی كورد و هه‌رێمی كوردستان و79 ساڵ به‌ر له ئێستا نوسراوه وهیچ مه‌لایه‌ك وخاوه‌ن خانه‌قایه‌ك و شێخێك له‌و كاته‌وه له‌به‌ری گران نه‌بووه ،كه‌چی ئێستا ئیسلامیی سیاسی له كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌به‌ر ئه‌م سروده هه‌ڵناسن كه كلتوری هه‌موو وڵاتێك وایه كه ده‌بێ به ڕیزه‌وه له‌كاتی سرودی نیشتمانی وئاڵای وڵات‌دا بوه‌ستیت، به بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره كوفره و چۆن ده‌بێ بگوترێت دانه‌ری تۆپی زه‌مان، كه خودایه، ناتوانێ بیشكێنێت ،ئا ئه‌وه‌یه جیاوازی ئیسلامی ئه‌و سه‌رده‌مه و حیزبی ئیسلامی ئه‌م سه‌رده‌مه.
توێژه‌ر بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی باسه‌كه‌ی چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ی هێنایه‌وه و باسی له‌وه كرد، ئیسلامی سیاسی ئێستا ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه كۆت وزنجیر بكات وله قاڵبی بدات و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعر و ئه‌ده‌ب به‌و شێوه‌یه بكات، كه خۆیان گوزارشتی لێده‌كه‌ن، ئه‌و نموونانه‌ی كه نوسه‌ر هێنایه‌وه له بواری شاعیران و شیعره‌كانیان بوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌و به‌یته فۆلكلۆریانه دا، كه له ستران و حه‌یران و لاوكی كوردیدا هه‌بووه له‌و سه‌رده‌مانه‌ی پێشودا ده‌یان وسه‌دان به‌یتی تیا ده‌بینین كه به تێڕوانینی حیزبی ئیسلامیی ئێستا كفرو قه‌ده‌غه‌یه، دیاره لای ئه‌وان دوو هاوكێشه‌ی دژ به یه‌ك هه‌یه، تا زانست و ته‌كنه‌لۆژیا به‌ره‌و پێش بچێت فكر‌و بیر وباوه‌ڕی ئه‌مانه به‌ره‌و دواوه ده‌چێت .
توێژه‌ر ده‌یان نموونه‌ی زیندووی به‌به‌ڵگه هێنایه‌وه، باسێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ری بۆ ئاماده‌بووان پێشكه‌ش كردوو و زۆربه‌ی ئاماده‌بووان به‌شداری گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ كرد، هه‌وه‌ها نموونه‌ی له‌سه‌ر شاعیرانی هاوچه‌رخیش هێنایه‌وه، كه چۆن فتوای كوشتنی شاعیری گه‌وره شێركۆ بێكه‌س ده‌درێت له‌سه‌ر شیعری (حه‌مه بچكۆلی بۆیاخچی) كه گوایه كوفری كردووه، به‌ڵام كورد وه‌ك میلله‌تێكی كراوه، پێشتر بینیمان مه‌لاو شێخه‌كانی له شیعره‌كانیاندا چیان گوتووه ، به‌ڵام وا ئێستاش دوای ئه‌و مێژوه دورودرێژه تازه به تازه ئیسلامه سیاسیه‌كانی كوردستان درامای ( ئاریا ) قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن له تیڤیه‌كانه‌وه نمایش بكرێت، كه سیناریۆی ئه‌حمه‌د ڕه‌زا بوو ، به بیانوی ئه‌وه‌ی كه تانه و ته‌شه‌ری تێایه بۆ سه‌ر مه‌لاكان.
هه‌روه‌ها هه‌ر له كۆڕه‌كه‌دا كۆمه‌ڵه شیعری (ستیانی به‌فر پڕه له ڕیشۆڵه)ی قوبادی جه‌لیزاده‌ی به نموونه هێنایه‌وه، كه چۆن قه‌ده‌غه ده‌كرێت وله بازاڕه‌كاندا كۆده‌كرێته‌وه و له دادگا داوای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت، به بیانووی ئه‌وه‌ی كه كفری تێدایه به تایبه‌تی له قه‌سیده‌ی ( خوا ده‌یه‌وێت پشو بدات) و به‌شێكی له‌شیعره‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه.
دكتۆر ئه‌حمه‌د ئابڵاخی وه‌ك باسێكی ئه‌كادیمی، پشتی به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر به‌ستبوو، بۆ هه‌ر بۆچوونێكیشی به‌ڵگه‌ی دروستی پێشكه‌ش ده‌كرد.
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25