riklam

راپۆرتێكی نوێ لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڵاودەكرێتەوە

ئابوری 06:18 PM - 2018-08-01
.

.

كۆمپانیای‌ دیلۆیت دووەم راپۆرتی‌ لەبارەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن‌و داهاتی‌ نەوت‌و گازی هەرێمی‌ كوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بڵاوكردەوە‌و رایدەگەیەنێت، هیچ بەیانێكی نادروستمان بەدی نەكردووە.

بەپێی راپۆرتەكەش لەو ماوەیەدا 90 ملیۆن‌و 997 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە‌و كۆی داهاتەكەشی 3 ملیار‌و 853 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕەش پوختەی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە یەك ملیار‌و 815 ملیۆن دۆلار بووە‌و ئەوی تری بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت، پرۆسەكانی ناوبژیوانی، دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی توركیا‌و چەند بوارێكی تر خەرجكراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دووەم ڕاپۆرتی كۆمپانیای‌ دیلۆیتی لەبارەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردن‌و داهاتی‌ نەوت‌و گازی هەرێمی‌ كوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بڵاوكردەوە، ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت‌و گازیش دووپاتی دەكاتەوە كە مافی هاوڵاتیانە زانیارییان هەبێت دەربارەی هەموو پرۆسەكانی نەوت‌و گاز، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵەكانیان بۆ برەودان بەشەفافیەت‌و لێپرسینەوە‌و حوكمڕانی ڕەشید لە هەرێمی كوردستان.

ئەم داتا‌و زانیارییە نوێیانە، كە لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی‌و ڕاوێژكاری) وردبینیكراوە وەك یەكێك لە چوار كۆمپانیا گەورەكانی دونیا، زانیاری گرنگ لەخۆدەگرێت دەربارەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتی نەوت لەنێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت، لەو شەش مانگەدا كۆی هەناردە‌و بەكارهێنانی ناوخۆیی لەڕێگەی بۆری‌و تانكەر‌و فرۆشتن بە پاڵاوگەكان 90 ملیۆن‌و 997 هەزار‌و 914 بەرمیل نەوت بووە، لەوبڕەش سافی نەوتی گواستراوە بۆ كڕیاران لەڕێگەی بۆریەوە، 81 ملیۆن‌و 835 هەزار بەرمیل بووە‌و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتیش 44 دۆلار‌و 58 سەنت بووە، بەوپێیەش كۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی بۆریەوە 3 ملیار‌و 648 ملیۆن‌و 592 هەزار دۆلار بووە.

هەروەها لەڕێگەی تانكەرەوە 5 ملیۆن‌و 144 هەزار‌و 729 بەرمیل نەوت فرۆشراوە‌و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتیش 39 دۆلار‌و 88 سەنت بووە، بەوپێیەش كۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو بە تانكەر 205 ملیۆن‌و 185 هەزار دۆلار بووە.

لەبارەی داهاتی فرۆشتنی نەوت‌و چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیەشەوە، دیلۆیت ئاشكرایكردوە، كۆی بەهای نەوتی خاو‌و كۆندێنسەیتی فرۆشراو 

لەڕێگەی بۆری‌و تانكەر‌و فرۆشتنی ناوخۆوە 3 ملیار‌و 853 ملیۆن‌و 777 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕەش سافی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە یەك ملیار‌و 815 ملیۆن‌و 410 هەزار دۆلار بووە.

هەروەها لە كۆی داهاتی نەوت 624 ملیۆن‌و 998 هەزار دۆلاری دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، 91 ملیۆن دۆلار رسومات‌و تێچووی گواستنەوەی نەوت‌و سزای دواكەوتنی كارگۆی نەوت بووە، 518 ملیۆن‌و 169 هەزار دۆلاریش بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی لەڕێی ناوبژیوانیەوە خەرجكراوە، 30 ملیۆن دۆلاریش بۆ پترۆدۆلاری كەركوك‌و نزیكەی 15 ملیۆن دۆلاریش بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان خەرجكراوە. 

جگە لەوەش 638 ملیۆن دۆلار بۆ چەند بوارێك خەرجكراوە، كە نیوەی دراوەتەوە بە قەرز‌و تاریفەی هەردوو كۆمپانیای وزەی توركی‌و كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی توركی، هەروەها بەشێكی بۆ فراوانكردنی بۆریەكانی نەوت‌و بەشێكیشی بۆ كڕینی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا‌و كۆمپانیای ماس گڵۆباڵ‌و چەند پڕۆژەیەكی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار خەرجكراوە.

دیلۆیت كە چوارەم گەورەترین كۆمپانیای‌ وردبینیە لەئاستی‌ نێودەوڵەتیدا ئاشكرایكردووە، هیچ بەیانێكی نادروستیان سەبارەت بە هەناردەكردن‌و فرۆشتن‌و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017، بەدی نەكردووە.

PUKmedia  راپۆرتی هەرێم حسێن

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket