شه‌نگال.. چوار ساڵ له زامی به‌سوێ
ریپۆرتاژ 07:05 PM - 2018-07-31.
رۆژی 3-8-2014 تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر قه‌زای شه‌نگال. دوای روبه‌ڕووبونه‌وه‌ش له‌نێوان تیرۆرستان و به‌شێك له پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و قه‌زایه، به‌ڵام قه‌زاكه له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیركرا.
دواتر به‌شێك له هاووڵاتیانی ناوچه‌كه كه زۆرینه‌یان ئێزیدی بوون، له ترسی كاره قێزه‌ونه‌كانی تیرۆرستان به‌ره‌و چیای شه‌نگال هه‌ڵهاتن و به‌شێكی تریشیان كه‌وتنه ده‌ست تیرۆرستانی داعش، ئه‌وانیش به دڕه‌نده‌ترین شێوه پیاوه‌كانیان شه‌هید ده‌كردو كچ و ژنه ئێزیدییه‌كانیشیان ده‌كرده سه‌بایاو بازرگانی كڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌كردن و ده‌یانبردن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیاندا بوو له سوریا‌و عیراق، به‌شێكی تریش له‌و كچ و ژنانه كرانه دیاری بۆ سه‌ركرده‌و ئه‌میره‌كانی داعش.
داوای به‌رپرسیارێتی مرۆڤایه‌تی و نیشتمانی كرا
دوای رووداوی داگیركردنی شه‌نگال و قه‌تڵوعامی ئێزیدییه‌كان، میر ته‌حسین سه‌عید میری ئێزدیان له عیراق و جیهان له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای هاوكاری بۆ ئێزدییه‌كانی قه‌زای شه‌نگال و ناوچه‌كانی سه‌ر به‌و قه‌زایه كرد، تێیدا داوای له مه‌سعود بارزانی كه ئه‌وكات سه‌رۆكی ماوه به‌سه‌رچووی هه‌رێمی كوردستان بوو، فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق، سه‌رۆكی حكومه‌تی فیداڵی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، په‌رله‌مانی كوردستان كه ئه‌وكات له‌كاردا بوو، كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و بان كی مۆن سكرتێری گشتی پێشووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو یه‌كێتی ئه‌وروپاو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م رێكخراو و ده‌سته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كرد، كه یارمه‌تی و هاوكاری هاووڵاتیانی قه‌زای شه‌نگال و ناوچه‌كانی سه‌ر به‌و قه‌زایه‌و ناحیه‌و گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه بكه‌ن، داوای لێ‌كردن به‌رپرسیارێتی مرۆڤایه‌تی و نیشتمانی به‌رامبه‌ریان بنوێنن و هاوكاری ئه‌و هاووڵاتیانه بكه‌ن بۆ رزگاركردنیان له‌و باردۆخه ناله‌باره‌ی تێیدا ده‌ژین. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو كه لای هه‌مووان ئاشكرایه بنه‌مای ئایینی ئێزدی ئاشتییه‌و سه‌رجه‌م پره‌نسیپه‌كانی پاراستن و مافی مرۆڤی تێدایه‌و رێزگرتنه له هه‌موو ئاینه‌كانی جیهان، له‌هیچ كاتێكیشدا دژی هیچ لایه‌نێك و مه‌زهه‌بێك نه‌بووه، كاتی ئه‌وه‌یه به لایه‌نێكی مرۆڤایه‌تی گه‌وره‌وه له‌گه‌ڵ براكانتان له موسڵ و ته‌له‌عفه‌ر بجوڵێنه‌وه‌و له‌مڕۆدا براكانتان پێویستیان به هاوكاری ئێوه‌یه.
هه‌زاران ژن و منداڵ و پیر له چیای شه‌نگال به‌بێ نان و ئاو بوون
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كه ئه‌وكات له‌كاردابوو، راگه‌یه‌نراوێكی به‌په‌له‌ی ئاڕاسته‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه مرۆییه‌كان و رای گشتی جیهانی كرد، تێیدا هاتبوو، دوابه‌دوای هێرشه‌كه بۆ سه‌ر شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری، كوردانی ئێزیدی له‌و ناوچه‌یه روبه‌ڕووی شاڵاوێكی تیرۆرستی به‌رفراوان بونه‌ته‌وه‌و به دۆخێكی ئێجگار مه‌ترسیدار تێده‌په‌ڕن، هه‌زاران ژن و منداڵ و پیر له چیای شه‌نگال به‌بێ خواردن و ئاو ماونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن هێزه تیرۆرستیه‌كانه‌وه گه‌مارۆ دراون و هه‌زارانیشیان ئاواره‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه تاوانه‌كانی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ، ده‌ستدرێژی، به‌زۆر گۆڕینی ئایین و ته‌قاندنه‌وه‌ی په‌رستگاكان ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه ئه‌وه‌ی له شه‌نگال رووده‌دات به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كاره‌ساتێكی مرۆییه‌و پێویستی به ده‌ستێوه‌ردانی به‌په‌له‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه.
برسی و تین‌و بوون و به دۆشكه گوللـه‌باران ده‌كران
ئه‌حمه‌د شه‌نگالی كه یه‌كێكبوو له خانه‌واده گیرخواردووه‌كانی ئه‌وكات رایگه‌یاند، ئێمه نزیكه‌ی 100 كه‌س له شێخ قوڕه‌یش و ته‌یره‌ف كه سه‌ر به قه‌زای شه‌نگالین گیرمان خواردووه‌و داعش گه‌مارۆی داوین، برسی و تینوین، داوای له حكومه‌تی هه‌رێم و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد رزگاریان بكه‌ن له‌و شوێنه چونكه مه‌ترسی كۆمه‌ڵكوژیان له‌سه‌ره.
گه‌نجێكی تری قه‌زای شه‌نگال رایگه‌یاندبوو، چه‌كدارانی داعش ده‌ستیان به كوشتنی ئێزیدیه‌كان كرد‌و هاووڵاتیان ده‌گرن و داوایان لێده‌كه‌ن موسوڵمان ببن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ده‌م داواكه‌شیانه‌وه نه‌چێت به دۆشكه گوللـه‌بارانی ده‌كه‌ن.
داعش كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدا
داعش له‌گه‌ڵ داگیركردنی قه‌زای شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری ده‌ستیكرد به كۆمه‌ڵكوژی و چه‌ندین هاووڵاتی مه‌ده‌نی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان شه‌هید كرد.
به فڕۆكه خواردن و فریاگوزاری گه‌یه‌نرایه ئاواره‌كانی چیای شه‌نگال
به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی له چیای شه‌نگال و خراپی گوزه‌رانیان، له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه سه‌ره‌تا ئاو و به‌تانیان بۆ چوو، له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه خواردن و كه‌لوپه‌ل.
ئێزیدیه‌كانیان سه‌رده‌بڕی
داعش له گوندێكی ئێزدی 80 هاووڵاتی ئێزدیان سه‌ربڕی به چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر هه‌ڵیانكوتابووه سه‌ر گوندێك و دوایان لێكردوون ببنه مسوڵمان، به‌ڵام ئه‌وان داواكه‌یان ره‌تكردوونه‌ته‌وه، دواتر داعش 80 پیاوی ئه‌و گونده‌یان له ماوه‌ی یه‌ك سه‌عاتدا كۆكردووه‌ته‌وه‌و سه‌ریان بڕیون و دواتر سه‌رجه‌م ژنانی گونده‌كه‌یان به‌ره‌و شوێنێكی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر رفاندووه كه چه‌كداری داعشی بیانی لێیه.
له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه هێز چووه شه‌نگال
داگیركردنی شه‌نگال هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانی هێنایه وه‌ڵام، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ش وه‌كو هێزێكی كوردی بۆ یارمه‌تیدانی ئێزیدیه‌كان خۆیان گه‌یانده ئه‌و قه‌زایه.
یه‌كێتی مه‌فره‌زه‌ی دروستكرد
له سه‌روبه‌ندی ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی ئێزیدی بۆ چیای شه‌نگال ئه‌و هێزه كه‌مه‌ی پێشمه‌رگه كه له‌نزیك ئه‌وێ مابوون ئه‌ركیان پاراستنی هاووڵاتیانی سه‌ر چیاكه بوو بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆرستان نزیكنه‌بنه‌وه لێیان و قه‌تلًَوعام نه‌كرێن تا ئه‌وكاته‌ی له‌و چیایه رزگار ده‌كرێن، بۆیه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هه‌ڵوێستێكی جوانیدا چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی دروستكرد‌و له ده‌وروبه‌ری شه‌نگال بڵاویكردنه‌وه.
ئێزیدیه‌كان چه‌ندینجار دووچاری سیاسه‌تی قڕكردن بوونه‌ته‌وه
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ داگیركردنی شه‌نگالدا به‌یاننامه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا ئاماده‌یی حزبه‌كه‌ی ده‌ڕبری بۆ هه‌موو یارمه‌تییه‌كی ئه‌و قه‌زایه‌و به‌رگری لێكردنی و پاراستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیه ئێزیدیه‌كان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردبوو كه چیتر شه‌ڕی به‌رگری دادمان نادات، ته‌نانه‌ت به‌رگری له قازانجی داعشه‌كانیشه، به‌ڵكو رێگای راست و دروست ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزه كۆنه‌په‌رستانه به هێرشی فراوانی رزگاریخوازانه وه‌ڵامیان بدرێته‌وه.
یه‌كێتی بۆ ئێزدییه‌كان وتی، له مێژووی خۆیاندا زۆرجار دووچاری سیاسه‌تی قڕكردن بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره له هه‌موو جارێك مه‌ترسیدارتره، چونكه داعشه‌كان و به‌عسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی هاوپێناویانن، به چه‌كی هه‌مه‌جۆرو له ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا، به‌و رقه سه‌له‌فییه‌ی هه‌یانه ده‌توانن تاوانی زۆر گه‌وره‌تر به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ و كۆمه‌كی پێویستی ده‌ستوبرد بۆ ده‌یان هه‌زاری لێقه‌وماویان كه له چیای شه‌نگالدا خۆیان په‌ناداوه، زۆر گرنگه.
داعش جلی كوردی پۆشی بۆ چه‌واشه‌كردنی كورده ئێزیدییه‌كانی شه‌نگال
تیرۆرستانی داعش له‌كاتی داگیركردنی شه‌نگال فێڵێكی نوێیان به‌كارهێنا بۆ چه‌واشه‌كردنی كورده ئێزیدییه‌كانی شه‌نگال و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، فێڵه‌كه‌شیان بریتی‌بوو له‌وه‌ی به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه له‌ناو قه‌زای شه‌نگال ده‌سوڕانه‌وه، مه‌به‌ستیش له‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كورده ئێزییه‌كان بوو، هه‌روه‌ها چه‌واشه‌كردنی پێشمه‌رگه‌كان له كاتی شه‌ڕو پێكدادانه‌كاندا، به‌هۆی ئه‌و كاره‌شیانه‌وه چه‌كداره تیرۆرسته‌كان توانیان چه‌ندین هاووڵاتی كورد ده‌ستگیربكه‌ن و به‌زۆر بیانكه‌ن به موسوڵمان.
یونسێف داوای هاوكاری به‌په‌له‌ی منداڵانی شه‌نگالی كرد
ئاواره‌بوونی منداڵانی ئێزیدی نوێنه‌ری یونسێفی له عیراق نیگه‌ران كرد، هه‌ربۆیه له‌وكاته‌دا به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ گیانله‌ده‌ستدانی 40 منداڵی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان راگه‌یاند، له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئه‌وه روونكرابوه‌وه كه خێزانه ئاواره‌كانی به‌هۆی توندوتیژییه‌وه ماڵ و حاڵی خۆیان له ناوچه‌ی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری جێهێشتووه، پێویستیان به هاوكاری خێرایه كه نزیكه‌ی 25 هه‌زار منداڵیان تێدایه.
ئێزیدیه‌كان خاوه‌نی كۆنترین ئایینن له عیراق
له‌مێژه ئێزیدیه‌كان زۆرینه‌ی دانیشتوانی شه‌نگال پێكده‌هێنن كه خاوه‌نی كۆنترین ئایینن له عیراق، ژماره‌یان له نێوان 600 بۆ 650 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، به درێژایی مێژوو روبه‌ڕووی 73 قڕكردنی به‌كۆمه‌ڵ بوونه‌ته‌وه، دواینیان ئه‌و قڕكردنه بوو كه له‌سه‌ر ده‌ستی داعش دووچاری هاتن.
جینۆسایدی ئێزدییه‌كان.. ناوی تۆمه‌تبارو تاوانبارانی ئه‌نجامده‌ری كۆمه‌ڵكوژی كۆچۆ
كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی 15-8-2014 داعش دڕندانه‌ترین تاوانیان دژی دانیشتوانی ئێزیدی نشینی گوندی كۆچۆ ئه‌نجامدا، به بڕیاری تاوانباری داعش والی موسڵ به ناوی "ئه‌بو له‌یس" كه ناوی راسته‌قینه‌ی "رزوان تالب حه‌مدون"ـه‌و به ره‌چه‌ڵكیش خه‌ڵكی موسڵه. له تاوانی كۆمه‌ڵكوژكردنی دانیشتوانی كۆچۆ نزیكه‌ی "500" گه‌نج و پیرو لاو له ره‌گه‌زی نێر له چه‌ند شوێنێكی جیاجیا كۆمه‌ڵكوژ كراون و ژێده‌رو سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن له "16" گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا ژێرخاك كراون. ئه‌مه جگه له رفاندن و به‌سه‌بایه‌كردنی سه‌دان له ژن و كچه‌كانیان و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان و فرۆشتن و سه‌وداكردنی نامرۆڤانه پێیانه‌وه له بازاڕه‌كانی موسڵ و سوریادا.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه كه ناوی به‌شێك له‌و تۆمه‌تبارو تاوانبارانه‌یه له واڵای تایبه‌تی توێژه‌ر داود موراد خه‌تاری هاتووه‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و ئێمه‌ش وه‌ك خۆی دایانده‌نێینه‌وه. پێشوتریش رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و ماڵپه‌ڕی جینۆساید كورد له رێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه به‌شێك له‌م ناوانه‌ی له‌سه‌ر زاری شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه به شێوه‌ی پچڕپچڕ بڵاوكردوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌شێوه‌ی ئێستا كه له‌به‌رده‌سته نه‌بووه‌و ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌توانێت یارمه‌تیده‌رێكی باش بێت بۆ ناسینه‌وه‌و شوێنپێهه‌ڵگرتنی تاوانبار‌و تۆمه‌تباره‌كانی كۆمه‌ڵكوژی ئاوایی كۆچۆ.
ناوه‌كان:
1-ئه‌بو حمزه حمیدی، به‌رپرسی شه‌رعی بلیج، جێگره‌كه‌ی ئه‌بوئایا، یاریده‌ره‌كه‌ی ئه‌بو مه‌سعب به‌رپرسی ئه‌منی بلیج.
2-ئه‌بوهاجر "حاكم جمال سه‌لامی" له عه‌ره‌به‌كانی شه‌نگاله‌و حاكمی به‌عاج بووه‌و ئه‌م كه‌سه بڕیاری كۆمه‌ڵكوژی كۆچۆی داوه، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری له والی موسڵه‌وه وه‌رگرتووه.
3- ئه‌بو عه‌بدوڵا جه‌عفه‌ری
4-نافیع مه‌یتوتی، ناوی راسته‌قینه‌ی "حسن سولیع" خه‌ڵكی ئاوایی "عه‌ین فحی باكور".
5-ئه‌بو مرێم، والی قاتعی به‌عاج
6-ئه‌بوعه‌دنان، به‌رپرسی ده‌سته‌ی گوللـه‌باران كردن و به‌رپرسی راسته‌وخۆی كۆچۆ.
7-هه‌یسم برغلی
8-سالح برغلی
9-ئه‌حمه‌د برغلی
10-ئه‌بو سه‌رحان مه‌یتوتی، ناوی راسته‌قینه‌ی "ئه‌ركان ئه‌حمه‌د عه‌باس"
11-ئه‌بو ساله‌ح خاتوونی
12-ئه‌بو هلال خاتوونی
13-ئه‌بو ئه‌نس زبیداتی
14-ئه‌بو كرم –به‌رپرسی عه‌سكه‌ری
15- ئه‌بو عه‌لی خاتوونی
16-ئه‌بو غفران - به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی قاتعی به‌عاج، ناو راسته‌قینه‌ی "عید مشعل عواد زبیدی"
17-حاجی مه‌هدی عه‌فه‌ری، ناوی راسته‌قینه‌ی "عباس سالح عرب" سه‌رۆكی مافیاكانی ته‌لعه‌فه‌ر
18- مداللـه شورتی مه‌یتوتی، له ئاوایی بسكی، شۆفێری شۆفه‌ڵ و یه‌كێك له له‌وانه‌ی رووفاته‌كانی كردوه‌ته ژێر خۆڵه‌وه.
19-ئه‌حمه‌د ساڵح حسن له‌یله مه‌یتوتی، ناسراو به "دعلج"، ئه‌م كه‌سه یه‌كێكه له داواكراوه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌نته‌رپول، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوانبارێكی ترسناكه‌و به‌ده‌ستی خۆی شوێنی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئاوایی كۆچۆی هه‌ڵكه‌ندووه‌و له‌گه‌ڵ شۆفێری شۆفڵه‌كانی تردا هه‌ستاوه به ده‌فنكردنیان.
20-نواف ئه‌حمه‌د علوان له‌گه‌ڵ براكانیدا
21-ئه‌بو ده‌حام به‌نا مه‌یتوتی
22-ئه‌حمه‌د حه‌سۆ مه‌یتووتی "ئه‌بوفراس"
23-مدرس مه‌حمه‌د ئه‌بو عه‌بدلڕه‌حمان "مامۆستا بووه له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی شه‌نگال، له‌دوای كۆمه‌ڵكوژی دانیشتوانی ئاوایی كۆچۆ، له میوانخانه‌كه‌ی قوربانی ئه‌حمه‌د جاسۆ وانه‌ی قورئانی به رفێنراوه‌كان وتوه‌ته‌وه.
24-ئه‌بو ئه‌نس "شۆفێری تایبه‌تی ئه‌بو حمزه"
25-نه‌واف زبیدی ناسراو به "ئه‌بو زیاب"، ئه‌م تاوانباره دوایه‌مین كه‌س ئه‌حمه‌د جاسۆی موختاری كۆچۆی كوشتووه‌و دوای ئه‌وه‌ش باوكی هاتووه میوانخانه‌كه‌و سامانه‌كه‌ی و سه‌یاره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د جاسۆی تاڵان كردووه‌و دوای ئه‌وه‌ش له‌نێوان به‌عاج و بلیجدا میوانخانه‌یه‌كی بۆ خۆی دروست كردووه.
26-سه‌یفوڵا شیشانی
27-ئه‌بو كره‌م حه‌دیدی
28-ئه‌بو مه‌سعه‌ب به‌رپرسی ته‌ل به‌نات
29-سالم عه‌سكه‌ری كه سه‌رپه‌رشتی داگیركردنی حاتمیه‌ی كردووه
30-ئه‌بو وسام شمری، پێشیده‌ڵێن "ئه‌بو حمودی شه‌مری"، كه دواتر بووه به به‌رپرسی قه‌زای شه‌نگال.
31-ئه‌بو عادل دانیشتوی قه‌زای شه‌نگال
32-ئه‌بو به‌كر دانیشتوی قه‌زای شه‌نگال
33-كرومی ئه‌بو حمودی دانیشتووی عیوناتی ره‌بیعه.
34-ئه‌بوهارون، پێشووتر له ته‌ندروستی شه‌نگال فه‌رمانبه‌ر بووه، واته پێش 3-8-2014
35-مسعه‌ب ساله‌ح لیله، به‌رپرسی راگه‌یاندن و برای "ئه‌حمه‌د ساله‌ح حسن لیله "دعلج"
36-یوسف سالح مه‌حمه‌د خزر سایر مه‌یتووتی و براكه‌ی سلێمان ئاوایی "عامودیه"
37-شێخی عه‌سره‌تی مه‌یتووته "جاراللـه محمه‌د عه‌لی جارالـله" یه‌كه‌م ئۆتۆمبێل بووه له‌ناو كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی داعش كه به‌ره‌و قه‌یره‌وان و له‌وێشه‌وه بۆ شه‌نگال رۆشتوون و ره‌نگی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی سوور بووه‌و پیكاب بووه.
38-فالح مه‌حمه‌د عه‌لی جاراللـه خه‌ڵكی بلیج بوه‌و مه‌یتووتی بووه. به‌رپرسی ده‌سته بووه‌و برای شێخی مه‌یتووت جاراللـه بوه محمه‌د عه‌لی جاراللـه بووه.
39-علا‌ء حساوی عیسا مه‌یتووتی، به‌شداری كردووه له كۆمه‌ڵكوژی كۆچ‌و، ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه كه ده‌ستڕێژی گوللـه‌ی له رفێنراوه‌كان كردووه.
40-تاریق حساوی عیسا مه‌یتووتی، به‌شداری كردووه له هێرش بۆ سه‌ر شه‌نگال و كۆمه‌ڵكوژی كۆچۆو به‌رپرسی شاره‌وانی قه‌یره‌وان بووه.
41-به‌دران عوید مه‌حمود عه‌لی مه‌یتووتی، به‌شداری له كۆمه‌ڵكوژی كۆچۆ كردووه‌و هاوكات هه‌ستاوه به تاڵانكردنی دوكان و بازاڕه‌كانی ته‌ل به‌نات و ته‌ل قه‌سه‌ب.
42-عكله خلف خزر علیوی ورده مه‌یتووتی، به‌شداری له هێرش بۆ سه‌ر شه‌نگال و كۆمه‌ڵكوژی كۆچۆ كردووه.
43-خلیف عائید مه‌یتووتی
44-نوفل حین یولیع موختار مه‌یتووته
45-عه‌بدلڕه‌حیم حمد ته‌ها مه‌یتووتی
46-مسرق عه‌بدل داود مه‌یتووتی
47-فلاح مه‌حمه‌د عه‌لی جاراللـه سه‌رۆكی عه‌شره‌تی مه‌یتووتات
48-قه‌حتان هلوش مه‌یتووتی
49-ئه‌حمه‌د فازل عبید زبیدی
50-ئه‌میر ئه‌بو زیاء "شهاب احمه‌د علوان"
51-موئه‌ید مه‌حمه‌د حمیدی، ئاوایی بسكی جنوبی
52-عه‌بدلڕه‌حمان عه‌بدلڕه‌حیم ئاوایی "عه‌ین فتحی شمالی"
53-زیاد ئه‌حمه‌د مه‌یتووتی، پێشووتر یه‌كێك بووه له پاسه‌وانه‌كانی پۆلیسی سنوور عه‌قید عه‌لی مه‌یتووتی".
تێبینی: سه‌رچاوه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌م تۆمه‌تبارو تاوانبارانه "داود موراد خه‌تاری، زیاد خه‌ڵه‌ف، مستۆ حسن، سه‌میره حاونج، به‌شار حه‌لۆ، دانیشتوانی كۆچۆ"یه. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ته‌ها سلێمان ئاماده‌كراوه‌و بۆ PUKmedia نێردراوه.
لێكۆڵینه‌وه‌ی بێ ئه‌نجام
دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له جینۆسایدی شه‌نگالییه‌كان، تائێستا ئه‌نجامی ئه‌و لیژنه‌یه ئاشكرا نه‌كراوه كه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال پێكهێنرا، له‌كاتێكدا ناوی 30 فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی پێشمه‌رگه كه تۆمه‌تبارن به به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال له‌لای به‌رپرسانی هه‌رێمه.
رۆژی 14ی ئابی 2014 مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند: له‌دوای رووداوه‌كانی شه‌نگال و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر خوشك و برا ئێزیدییه‌كانماندا هات، ئه‌و به‌رپرسه ئه‌منی و سه‌ربازی و حزبیانه‌ی ئه‌ركی پاراستنی شه‌نگالیان له‌ئه‌ستۆ بوو له‌سه‌ر كاره‌كانیان لادران و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان پێكهاتووه‌و لیژنه‌كه بڕیار له‌سه‌ر سزادانی ئه‌و به‌رپرسانه ده‌دات كه له پاراستنی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه، كه‌مته‌رخه‌م بوون.
بارزانی له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا وتبووی: ئه‌و به‌رپرسانه ده‌بوایه گیانی خۆیان فیدا كردباو شه‌نگال به‌جێنه‌هێڵن، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیان به من دابوو.
په‌رله‌مان و به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال
له باره‌ی ئه‌نجامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌سزاگه‌یاندن و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رماندانه‌ی له به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگالدا كه‌مته‌رخه‌م بوون، قادر ره‌زگه‌یی په‌رله‌مانتاری كوردستان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید‌و زیندانیانی سیاسی زانیاریه‌كانی به‌مشێوه‌یه رونكرده‌وه "دوای داگیركردنی شه‌نگال و جینۆسایدكردنی وه‌ك لیژنه‌كه‌یان داوایان كردووه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر داگیركردنی شاره‌كه پێكبهێنرێت، دواتریش به بڕیاری مه‌سعود بارزانی لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا، ئه‌وانیش وه‌ك لیژنه‌كه‌یان له په‌رله‌مانی كوردستان به‌رده‌وام به‌دواداچونیان بۆ كه‌یسه‌كه‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی لیژنه‌كه كردووه. هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ی بارزانی له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا چاویان به ئێزدییه‌كانی شه‌نگال و پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان له‌ئاستی باڵا كه‌وتووه‌و له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا ناوی 30 فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییان تۆمار كردووه‌و له په‌ڕاوه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌دا ناویان هێنراوه‌و ته‌سلیمی مه‌سعود بارزانی كراون، به‌ڵام ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه رانه‌گه‌یه‌نراوه كه پێویستبوو بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه رێوشوێنی یاسایی سه‌ربازی به‌رامبه‌ریان بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كراوه‌و به‌شێكیشیان پله‌كانیان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و شوێنیان له به‌ره‌كانی شه‌ڕ بۆ دیاریكراوه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی داگیركردنی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری گوماناوییه‌و له ناوه‌نده‌كانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ش باس له پیلانگێڕی دژ به شه‌نگال ده‌كرا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی شه‌نگالیان چۆڵكرد‌و جێیانهێشت، به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونانه‌شی كروه به‌شێك له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ده‌ڵێن به فه‌رمانی سه‌روو خۆمان شوێنه‌كانمان چۆڵكردووه، واتا شه‌نگال به فه‌رمان چۆڵكراوه".
نادیه.. چیرۆكێكی تاڵ
نادیه موراد، چیرۆكێكی تاڵ و ئازاربه‌خشی دوای به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال ده‌گێڕێته‌وه‌و نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و كچ و ژنه ئێزدییانه‌یه كه چه‌ند ساڵه له‌ژێر ده‌ستی داعشدا دوور له هه‌موو به‌هایه‌كی ئایینی و مرۆڤایه‌تی (ئازار ده‌درێن، ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته‌سه‌ر، مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌كرێت) ئه‌م جۆر‌و شێوازی مامه‌ڵایه له "خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌كرێت" وه‌ك تیرۆرستان خۆیان وا ناوی خه‌لافه‌ته‌كه‌یان ده‌به‌ن!
چیرۆكی نادیه راستییه‌كی ناخهه‌ژێنه، چیرۆكی سه‌رجه‌م ژن و كچه ئێزدییه‌كانه، بۆیه نادیه وه‌ك باڵیۆزی ئێزدییه‌كانه‌و جیهان ئاگادارده‌كاته‌وه كه جیهانێكی خه‌وتوون، هه‌ربۆیه نادیه به ده‌نگی به‌رز به‌سه‌رهاتی ئێزدییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه تا جیهان به‌ئاگا بهێنێت!
نادیه باڵیۆزی ئازاری ئێزدییانه، له جیهانێكی خه‌وتوودا، ئه‌و ئه‌ركه‌ی نادیه له ئه‌ستۆیه‌تی، قورس و سه‌خته، بۆیه پێویسته سه‌رجه‌م ناوه‌ندو رێكخراوه‌كان پشتیوانی بن، به‌تایبه‌ت حكومه‌تی هه‌رێم و سلكی دیپلۆماسی و نوێنه‌رایه‌تییه‌كان هه‌رێم له ده‌ره‌وه، به‌ڵام رۆڵیان لاواز‌و كه‌مكاریگه‌ره، بۆیه ئه‌ركه‌كه‌ی نادیه قورسه، به‌ڵام ئه‌و له ئازارێكی قورسه‌وه ده‌ربازی بووه‌و ئێستاش باڵیۆزی ئازاره قورسه‌كه‌یه!
چیرۆكی نادیه موراد
نادیه موراد، كچێكی ئێزدیه‌و له‌سه‌ر ده‌ستی گروپی تیرۆرستی داعش له‌مانگی ئابی 2014 دا له‌گه‌ڵ سه‌دان كچ و ژنی دیكه‌دا رفێنرا، سێ مانگ له‌لای گروپه‌كه ماوه‌یه‌وه پێش ئه‌وه‌ی به هاوكاری خێزانێكی عیراقی به‌رامبه‌ر به پێدانی پاره رزگاری ببێت، له‌كاتی پێشكه‌شكردنی شایه‌تییدانه‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی باسی هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كرد كه به‌سه‌ر ئێزدیه‌كاندا هاتووه به‌تایبه‌ت كچان و ژنان، بۆیه دڵ و چاوه‌كان پڕبوون له فرمێسك. ئه‌م كچه پێش ئه‌وه‌ی به‌شداری له په‌راوێزی كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ بكات له ژنێف، چاوی كه‌وتبوو به وه‌فدێكی (بوابه الحركه الاسلامیه) له‌وێ باسی هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی كردبوو كه به‌سه‌ری هاتبوو له ده‌ستدرێژی سێكسی و فرۆشتنیان له بازاڕدا، هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كه ئێستاش به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
هه‌ڵاتنی هێزه‌كه!
نادیه ده‌ڵێت: له هه‌واڵه‌كاندا گوێمان لێ‌بوو موسڵ گیراوه، به‌ڵام هه‌رگیز باوه‌ڕمان به‌وه نه‌بوو داعش ده‌گاته لای ئێمه‌ش به‌تایبه‌ت كه ئێمه له گوندێكی دووره‌ده‌ست بووین، به‌ڵام داعش هات و ئه‌و هێزه‌شی كه بڕیاربوو ئێمه بپارێزێت رایكرد، ئێمه‌ش هه‌وڵماندا رابكه‌ین، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، گونده‌كه‌مان له 15 مانگدا گیرا به سه‌رپه‌رشتی سه‌ركرده‌یه‌كی داعش‌یش كه پێیانده‌وت (ئه‌بو حه‌مزه) ئێمه گواستراینه‌وه بۆ گوندی (كوجو) له‌وێ له قوتابخانه‌یه‌كدا زیندانی كراین، خوێندنگاكه دوو نهۆم بوو، كچان و ژنان له‌سه‌ره‌وه بوون و پیاوانیش له خواره‌وه.
هاوسه‌رگیری و ده‌ستدرێژی زۆره‌ملێ
نادیه ده‌ڵێت: تیرۆرستانی داعش داوایان له پیاوه‌كان ده‌كرد ببن به موسوڵمان، هه‌ركه‌سێكیش قبوڵی نه‌كردایه ده‌یانگواسته‌وه‌و دواتر ده‌یانكوشت، خۆمان گوێمان له ده‌نگی ته‌قه ده‌بوو كه پیاوه‌كانیان ده‌كوشت. ئێمه‌ش هه‌رچی مۆبایل و ئاڵتونمان پێ‌بوو لێیان وه‌رگرتین، دواتر 150 كچیان به دوو ئۆتۆمبێل گواسته‌وه، هه‌ر له ئۆتۆمبێله‌كاندا هه‌وڵیانده‌دا ده‌ستدرێژیمان بكه‌نه‌سه‌ر، بردیانین بۆ شوێنێكی دوور كه چه‌ند كچێكی تری لێ‌بوو رفێنرابوون، ئێمه‌ش لێمان پرسین چیمان لێده‌كه‌ن، ئه‌وانیش وتیان: "داوای هاوسه‌رگیریتان لێده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر رازیش نه‌بن ده‌ستدرێژیتان ده‌كه‌نه‌سه‌ر"، هه‌ندێك له كچه‌كانیان گواسته‌وه بۆ سوریا، ئه‌وانی تریش هه‌ر له عیراقدا هێڵرانه‌وه.
فرۆشتنی كچانی ئێزدی
نادیه زیاتر رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: چه‌كداره‌كان ده‌هاتن بۆ ئه‌و خوێندنگایه‌ی ئێمه‌ی تێدا زیندانی كرابووین، له‌نێوان پێنج كچدا دانه‌یه‌كیان هه‌ڵده‌بژاردو دواتر ده‌یانبرد بۆ ژوورێكی تر‌و پشكنینی جه‌سته‌یان بۆ ده‌كرد، ئه‌گه‌ر به‌دڵیان نه‌بوایه ئه‌وه ده‌یانگۆڕی به كچێكی تر. من سێ خوشكی ترم له‌گه‌ڵدا بوو كه‌سێك هات كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 40 ساڵ بوو، هاتبوو تا من هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام كچێكی تری هه‌ڵبژارد، دواتر پیاوێكی تر هات كه پاسه‌وانی له‌گه‌ڵ بوو ناوی (سه‌لمان) بوو، منی هه‌ڵبژاردو بردمی بۆ ماڵی خۆی، له‌وێ داوای لێكردم موسوڵمان ببم، منیش ره‌تمكرده‌وه، وتم من سه‌ره‌تا دایكم ده‌وێت كه ئێوه رفاندوتانه، دواتر بردیانم بۆ شوێنێكی تر‌و سه‌لمان ده‌ستدرێژی كرده سه‌رم، دوای دوو رۆژ منیان برد بۆ دادگایه‌كی موسڵ كه‌سێك كه قورئانی ده‌خوێنده‌وه وتی: سه‌لمان حه‌ڵاڵت بێت، دواتر ناو و بڕی پاره‌و وێنه‌ی منیان دا به دادگاكه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بم بۆ هه‌ركه‌سێك كه داوام بكات، هه‌ركه‌سێك داوای كچێكی بكردایه پرسیاری له به‌رپرسه‌كه‌ی ده‌كرد، له‌سه‌ر بڕی ئه‌و پاره‌ی كه پێی ده‌فرۆشن، جارێكی‌تر چوومه‌وه ماڵی سه‌لمان شه‌وێك له‌وێدا ماینه‌وه شه‌وی دواتر چووین بۆ ماڵی خاڵی و به‌رده‌وام ده‌ستدرێژیان ده‌كرده سه‌رم.
نادیه ده‌شڵێت: وه‌ك كاڵایه‌ك مامه‌ڵه‌یان به جه‌سته‌مانه‌وه ده‌كرد، به‌كرێیان ده‌داین ده‌یانفرۆشتین، نرخه‌كان له‌نێوان 400 هه‌زار دیناری عیراقی بۆ 800 دۆلاری ئه‌مریكی بوو. سه‌لمان خه‌ڵكی موسڵ بوو، به‌رده‌وام 6 پاسه‌وانی له‌گه‌ڵدا بوو، شه‌وان ده‌یبردمه حه‌مامه‌كه‌وه، بۆیه هه‌ندێك په‌راوم بینی و زانیاریم له‌سه‌ری وه‌رگرت، له‌ڕاستیدا ناوی (غه‌سان) بوو، هه‌روه‌ها خێزاندار بوو منداڵێكیشی به ناوی (سارا) هه‌بوو.
ده‌ربازبوونی نادیه
نادیه موراد له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و تاڵاوی به‌سه‌رهاته‌كه‌یدا فرمیسكه‌كانی هۆن هۆن به‌چاوانیدا دێته‌خوارو ئه‌وانه‌شی گوێی بۆ راده‌دێرن مشتیان پڕه له ده‌سته‌سڕی كلینكس و ئه‌وانیش ده‌گرین، نادیه درێژه‌ی به گێڕانه‌وه‌كه‌ی ده‌دات و وتی "دواتر بڕیاریاندا بمده‌ن به پیاوێكی خه‌ڵكی حه‌مدانیه، شۆفێره‌كه‌ی سه‌لمان راسپێردرا بمگوازێته‌وه، ئه‌ویش له‌ڕێگا ده‌ستدرێژی كرده سه‌رم، به‌ڵام كاتێك دابه‌زی توانیم رابكه‌م و خۆم بگه‌یه‌نمه ماڵێك، ئه‌وان رازی بوون بمشارنه‌وه‌و هاوكاریم بكه‌ن، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا، منیش په‌یوه‌ندیم كرد به برایه‌كمه‌وه له كه‌ركوك تا بڕی پاره‌ی دیاریكراویان پێبدات، ماوه‌ی 17 رۆژ له‌وێ مامه‌وه هیچیان لێنه‌كردم ته‌نها سه‌یریان ده‌كردم، دواتر ناسنامه‌یه‌كیان بۆ ده‌ركردم تا وه‌ك هاوسه‌ری ئه‌و مامه‌ڵه بكه‌ین و داعش پێمان نه‌زانێت، به‌مجۆره خۆم گه‌یانده كه‌ركوك.
نادیه له كۆتاییدا ده‌ڵێت: (هیوادارم هه‌موو كچه‌كان رزگاربكرێن، به‌تایبه‌ت هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان ته‌نها 7 ساڵه، هیوادارم زانیاریم له‌سه‌ر دایكم ده‌ستبكه‌وێت كه له‌و رۆژه‌وه رفێنراوه هیچ زانیارییه‌كم نیه له‌سه‌ری، هه‌روه‌ها ژنان و كچانیش كه ژماره‌یان 80 كه‌س بوو گومانم هه‌یه ماون یان كوژراون، چونكه به‌كۆمه‌ڵ گواستیانه‌وه، به‌ڵام گوێمان له ده‌نگی ته‌قه بوو له‌كاتی گواستنه‌وه‌یاندا.
نادیه له نیویۆرك
له په‌راوێزی سه‌ردانی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو به‌شداریكردن له خولی 60مینی لیژنه‌ی بارودۆخی ژنان له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان" Commission on the Status of Women CSW60"، وه‌فده‌كه به سه‌رۆكایه‌تی په‌خشان زه‌نگه‌نه ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و به ئاماده‌بوونی فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له ئه‌نجومه‌ن، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نادیه موراد ئه‌نجامدا. له دیداره‌كه‌دا ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان رۆڵی نادیه مورادی به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند له گه‌یاندنی په‌یامی كچان و ژنانی ئێزیدی به ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاركردن بۆ به جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانكارییانه.
نادیه: كچه‌كان ئازاد بكه‌ن
نادیه موراد له لاپه‌ڕه‌ی ره‌سمی خۆی له فه‌یسبووك ئه‌وكات په‌یامێكی به ڤیدیۆ بڵاوكرده‌وه‌و داوای ئازادكردی كچه ئێزدییه‌كانی ژێر ده‌ستی داعشی كرد‌و وتی "من نادیه موراد به‌سێ ته‌ها شایه‌تیم دا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له كانوونی یه‌كه‌می 2015دا، بانگمكردن بۆ پاراستنی خوشك و براكانم كه هێشتا له‌ژێر ده‌ستی داعشدان، ئێستا هه‌مان په‌یامم هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و ئێستا هه‌موو كچانی ئێزیدی ئازادبكه‌ن".
3ی ئاب بكرێته رۆژی نیشتمانی
ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ساڵی 2016 له په‌یامێكداو له یادی كاره‌ساتی ئێزیدییه‌كانی شه‌نگالدا، ئاشكرایان كرد كه پێویسته رۆژی 3ی ئاب ساڵانه له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك رۆژی نیشتمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوندیژی سێكسی دیاری بكرێت، هه‌روه‌ك تیشك بخرێته سه‌ر پێگه‌ی ژنانی كوردستان و رۆڵیان له پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هزری توندڕه‌وی و تیرۆردا.
له‌كۆی 3548 ژن 1465 ژنی ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون
له‌دوای داگیركردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه زیاتر له‌هه‌موو چین و توێژه‌كان ژنان بوونه قوربانی و زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بوون له‌م نێوه‌نده‌دا، هه‌ربۆیه حكومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی جددی هه‌ڵهێناوه بۆ چاره‌سه‌ركردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م هێرشانه‌ی داعشدا زیانیان به‌ركه‌وتووه.
دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه له نوێترین ئاماردا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه له‌وكاته‌وه‌ی داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر شه‌نگال، ژماره‌یه‌كی زۆری ژن بوونه قوربانی و توشی چه‌ندین زه‌ره‌رو زیان بوونه‌وه، له‌ناویاندا رفاندنی 3548 ژن و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان. حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌ویه‌وه ئه‌ركی رزگاكردنی ژنه ئێزیدییه رفێنراوه‌كانی گرتووه‌ته ئه‌ستۆو تا رۆژی 23-5-2018 توانیان (3275) كه‌س رزگاربكه‌ن، له‌وانه‌ش (1148) ژن و (336) پیاو و (935) كچ و (956) كوڕ ڕزگاركراون، ئه‌وانه‌ی تائێستا رزگارنه‌كراون ژماره‌یان (3146) كه‌سه، له‌وانه‌ش (1465) ژن و (1685) پیاو كه له‌ده‌ست داعش ماون.
وتیشی: ئه‌و ژنانه كه رزگارده‌كرێن توشی جۆره‌ها ره‌فتاری دڕندانه‌و دوور له‌هه‌موو عورف و دابونه‌ریتێكی مرۆڤانه له فرۆشتن و كڕین و ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و گۆڕینی ئایینه‌وه بگره تا ده‌گاته تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی بوونه‌ته‌وه. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان باری ده‌روونی و ته‌ندروستی جه‌سته‌ییان خراپه‌و پێویستیان به‌چاره‌سه‌ره، بۆیه تائێستا نزیكه‌ی (100) ژن له‌وانه‌ی رزگاركراون ره‌وانه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا كراون بۆ چاره‌سه‌ركردن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ده‌روونییه‌و .
PUKmedia تایبه‌ت
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
یەک لە سوارچاکانی قازان
بیروڕا 10:03 AM - 2024-04-26 -
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
کوردستان 09:59 AM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25