راپۆرتی ساڵانه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه له عیراق
ژنان 09:02 AM - 2018-07-21.
عیراق: لیسی چاودێری ئاستی 2 (Tier 2 Watch List)
حكومه‌تی عیراق به‌ته‌واوی پابه‌ند نییه به كه‌مترین ستاندارده‌كان بۆ نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌ڵام هه‌وڵی به‌رچاو ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مه. له‌ماوه‌ی راپۆرتدان، حكومه‌ت هه‌وڵی گرنگی داوه بۆ دادگاییكردن و سزادانی بازرگانیكاری زیاتر‌و هه‌ندێك به‌رپرسی تێوه‌گلاو. هه‌روه‌ها راپۆرتیداوه كه ده‌ستنیشانی قوربانی زیاتری بازرگانیكردن به مرۆڤی كردووه به به‌راورد به ماوه‌ی راپۆرتدانی پێشوو. حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی پێكهێناوه بۆ چاودێریكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن و راپۆرتدان له‌سه‌ر منداڵان له پێكدادانه چه‌كدارییه‌كان له عیراق، كه به‌سه‌ربازكردنی منداڵیش ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام، حكومه‌ت هه‌وڵی زیاتری نیشان نه‌داوه به به‌راورد به ماوه‌ی راپۆرتدانی پێشوو، له‌به‌رئه‌وه عیراق هێشتا له‌ئاستی 2ی لیستی چاودێریدایه بۆ دووه‌م ساڵی له‌سه‌ریه‌ك. ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت قوربانییه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤی ده‌ستنیشان كردووه، كه‌موكوڕی له رێكاره حكومییه‌كانی ده‌ستنیشانكردن و پشتیوانیكردن رێگربوون له‌وه‌ی چه‌ندین قوربانی خزمه‌تگوزاری پاراستنی گونجاو وه‌ربگرن، حكومه‌ت په‌ناگه (شێڵرته‌ر)ی بازرگانیكردن به مرۆڤی هه‌یه له به‌غدا كه راپۆرتدراوه به درێژایی 2017 به‌تاڵ بووه. حكومه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌كردووه له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه هه‌ندێك له یه‌كه میلیشیاییه‌كان به نایاسایی منداڵان به‌سه‌رباز ده‌كه‌ن و به‌كارده‌هێنن له ساڵی 2017، له‌ناویاندا یه‌كه‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ژێر فه‌رمانی لیژنه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا كارده‌كه‌ن، كه پێكهاته‌یه‌كه له هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق. حكومه‌ت هیچ كه‌سێكی روبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی تاوان نه‌كردۆته‌وه سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی ئه‌م تۆمه‌تانه بۆ چه‌ندین ساڵ. حكومه‌ت به‌رده‌وام بوو له سزادانی هه‌ندێك له قوربانییه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامدراون به‌هۆی بازرگانیكردن پێوه‌یان، وه‌ك به‌سه‌ربازكردنی منداڵ، له‌شفرۆشی و پێشێلكردنی یاساكانی كۆچ.
ریزبه‌ندی ئاستی عیراق به‌پێی ساڵ و راسپارده‌كان بۆ عیراق
لێپرسینه‌وه له به‌رپرسان له‌سه‌ر به‌سه‌ربازكردن و به‌كارهێنانی منداڵ و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستن به منداڵی چه‌كدارو قوربانییه‌كانی تری بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌رده‌وامبوون له هه‌وڵه‌كان بۆ راگرتنی به‌سه‌ربازكردن و به‌كارهێنانی منداڵ له‌لایه‌ن هه‌موو گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه، له‌ناویاندا یه‌كه‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیا سه‌ربه‌خۆكان، دڵنیاییكردن له‌وه‌ی كه قوربانیه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ سزانادرێن له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كردوویانن له ئه‌نجامی راسته‌وخۆی بازرگانیكردن پێوه‌یان، وه‌ك له‌شفرۆشی و پێشێلكردنی یاساكانی كۆچ، رێگه‌دان به وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ده‌ستنیشانكردنی قوربانی بازرگانیكردن به مرۆڤ و ره‌وانه‌كردنیان بۆ چاودێری جا قوربانی سكاڵا تۆمارده‌كات یان نا له‌دژی بارزگانیكاره‌كه‌ی، ئاماده‌كردن و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی رێنماییه‌كانی ده‌ستنیشانكردنی قوربانی و ره‌وانه‌كردنی بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستن بۆ هه‌موو كارمه‌نده په‌یوه‌نداره‌كان، هه‌وه‌ها راهێنانی كارمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌م رێككارانه، زیادكردنی ده‌ستگه‌یشتنی بێ به‌ربه‌ست بۆ قوربانیانی هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به راوێژكاری كۆمه‌ڵایه‌تی-ده‌روونی، و چاودێری ته‌ندروستی، په‌ناگه‌ی دوورمه‌ودا، خزمه‌تگوزارییه‌كانی تێكه‌ڵكردنه‌وه، راهێنانی كار، هه‌روه‌ها هاوكاری دارایی، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردن ته‌با له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆلی ساڵی 2000ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ بازرگانیكردن به مرۆڤ، رێگه‌دان به قوربانیان و شاهیده‌كان بۆ به‌شداریكردن له رێككاره یاساییه‌كان له‌دژی بازرگانیكارانیان، هه‌وڵدانی به‌رچاو بۆ لێكۆڵینه‌وه، دادگاییكردن، حوكمدان و سزادانی توندی بازرگانیكاران به مرۆڤ، له‌ناویاندا به‌رپرسه تێوه‌گلاوه‌كانی حكومه‌ت، ته‌نانه‌ت كاتێك كه قوربانیه‌كان سكاڵا تۆمارناكه‌ن یان به‌شداری ناكه‌ن له رێككاره یاساییه‌كان له‌دژی بارزگانیكارانیان، ته‌واوكردنی رێنماییه‌كان بۆ تواناداركردنی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، دانانی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ رێكخراوه ناحكومییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی په‌ناگه‌كان بۆ قوربانیان و هاوكاریكردنی ئه‌م رێكخراوانه، هه‌روه‌ها دانان و جێبه‌جێكردنی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی له سه‌رانسه‌ری وڵات، به هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه كه هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ وه‌ك تاوان بناسێنێت و سزای توند‌و گونجاویان بۆ دابنێت.
دادگاییكردن
حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانی زیادكردووه بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا، به‌ڵام شكستیخواردووه له دادگاییكردن یان حوكمدانی به‌رپرسانی تێوه‌گلاو له بازرگانیكردن به مرۆڤ، وه‌ك بازرگانیكردنی سێكس و به‌سه‌ربازكردنی منداڵ. یاسای عیراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ ساڵی 2012 هه‌ندێك له جۆره‌كانی بازگانیكردنی سێكس و كارپێكردن وه‌ك تاوان ده‌ناسێنێت. ناته‌با له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی بازرگانیكردن به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، له یاساكه‌ی عیراقدا پێویسته هێز، ساخته‌كاری، یان زۆركاری هه‌بێت تا به تاوانی بازرگانیكردنی سێكسی به منداڵ هه‌ژماربكرێت، له‌به‌رئه‌وه هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردنی سێكسی به منداڵ وه‌ك تاوان هه‌ژمارنه‌كراون. هه‌روه‌ها یاساكه ده‌ڵێت ده‌بێت كه‌سێك فرۆشرابێت تا به قوربانی بازرگانیكردن به مرۆڤ هه‌ژماربكرێت. مادده‌یه‌كی یاسای سزادان "له‌شفرۆشی منداڵان" وه‌ك تاوان هه‌ژمارده‌كات و سزای تا 10 ساڵ زیندانی بۆ داناوه، ئه‌مه‌ش وه‌ك پێویست تونده بۆ رێگرتن له‌م تاوانه، ئه‌گه‌رچی هاوتا نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و سزایانه‌ی بۆ لاقه‌كردن دیاریكراون. یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ سزای تا 15 ساڵ زیندانیكردن و غه‌رامه‌ی تا 10 ملیۆن دیناری عیراقی (8،580 دۆلاری ئه‌مریكی) داناوه بۆ تاوانه‌كانی بازرگانیكردن ئه‌گه‌ر قوربانی نێرینه‌ی پێگه‌یشتووی بوو و سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی و غه‌رامه‌ی 15 تا 25 ملیۆن دیناری عیراقی (12،860 تا 21،440 دۆلاری ئه‌مریكی) داناوه ئه‌گه‌ر قوربانی مێینه‌ی پێگه‌یشتوو یان منداڵ بوو. ئه‌م سزایانه وه‌ك پێویست توندن و سه‌باره‌ت به بازرگانیكردنی سێكس، هاوتان له‌گه‌ڵ ئه‌و سزایانه‌ی بۆ تاوانه گه‌وره‌كان دانراون، وه‌ك تاوانی لاقه‌كردن. یاسای كار دژواره له‌گه‌ڵ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، چونكه سزاكانی بریتین له غه‌رامه‌و زیندانیكردن كه زیاتر نه‌بێت له شه‌ش مانگ، ئه‌مه‌ش وه‌ك پێویست توند نییه. حكومه‌ت هێشتا رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی نییه بۆ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگه بۆ توانای جێبه‌جێكردنی یاساكه، دادگاییكردنی بازرگانیكاران و پاراستنی قوربانییه‌كان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی نییه كه به‌دیاریكراوی هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ قه‌ده‌غه‌بكات و یاسای نیشتیمانیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستانی عیراق كاری پێناكرێت.
حكومه‌ت راپۆرتیداوه كه له ساڵی 2017 لێكۆڵینه‌وه‌ی له 266 كه‌یسی بازرگانیكردن كردووه (314 له 2016)، وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاریداوه كه 40 كه‌یس له‌مانه كه‌یسی كارپێكردنی زۆره‌ملێ بوون و 68 گومانی كه‌یسی بازرگانیكردنی سێكسیان لێده‌كرێت، هه‌روه‌ها بڕیاریداوه كه 158 كه‌یسه‌كه‌ی تر تاوانی بازرگانیكردن به مرۆڤ نه‌بوون. وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه له ساڵی 2017، 68 كه‌سی داوه به دادگا به تۆمه‌تی بازرگانیكردن و 22 كه‌س حكومدراون به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌ڵام ورده‌كاری زیاتری نه‌داوه له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسانه. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه له 48 تۆمه‌تبار كه به هۆشیارییه‌وه كاریان به قوربانیانی بازرگانیكردنی سێكسی كردووه، له‌وانه 10 كه‌س دادگاییكراون و حوكمدراون به تاوانی بازرگانیكردن به مرۆڤ به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ. ئه‌م هه‌وڵانه‌ی دادگاییكردن و حوكمدان ئاماژه‌ن بۆ زیادبوونی به‌رچاوی هه‌وڵه‌كان به به‌راورد به 17 دادگاییكردن و حوكمدان له ساڵی 2016. به‌ڵام، به‌پێی رێكخراوه ناحكومییه‌كان، حكومه‌ت به‌بێ سكاڵای قوربانی ده‌ستینه‌كردووه به دادگاییكردنی بازرگانیكردن، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی قوربانییه‌كان سكاڵایان تۆمارنه‌كردووه چونكه شوناسی بازرگانیكاریان نه‌زانیوه یان له تۆڵه ترساون. له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتیداوه كه 58 لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه له‌سه‌ر خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كرێكاری بیانی، به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر دادگاییكردن یان حكومدانی هیچ تۆمه‌تبارێكی بازرگانیكردن به مرۆڤ.
هێشتا نیگه‌رانی به‌رچاو هه‌بوو له‌سه‌ر تێوه‌گلانی به‌رپرسان له تاوانه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ، له‌وانه به‌سه‌ربازكردن و به‌كارهێنانی منداڵ و بازرگانیكردنی سێكس. حكومه‌ت راپۆرتیداوه له‌سه‌ر هه‌ندێك هه‌وڵ بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌رپرسانی حكومه‌ت كه تێوه‌گلاون له تاوانه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كان بۆ دادگاییكردن و حوكمدانی به‌رپرسه تێوه‌گلاوه‌كان. حكومه‌ت راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه له شوێنه‌كانی له‌شفرۆشی له سه‌رانسه‌ری وڵات كه رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌و بڕوایه‌دان كه قوربانیانیانی بازرگانیكردنی سێكسی تێدا بێت، به‌رپرسه خۆجێیه‌كان تۆمه‌ربار ده‌كرێن به‌وه‌ی كه ئاگادارن له‌م شوێنانه‌ی له‌شفرۆشی و رێگه‌یان ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بن له كاركردن. حكومه‌ت راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی لێكۆڵینه‌وه، دادگاییكردن یان حوكمدانی تۆمه‌تبارانی به‌سه‌ربازكردنی منداڵ له‌ناو یه‌كه‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك له ساڵی 2016دا راپۆرتدراوه. هاوكات حكومه‌ت راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ لێكۆڵینه‌وه له تۆمه‌ته‌كانی ساڵی 2017 كه میلیشیاكانی یه‌كه‌كانی عه‌سایب ئه‌هل الحق یان كه‌تائیب حزب اللـه – كه هه‌ندێكیان به‌شێكن له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی – منداڵیان چه‌كدار كردووه‌و به‌كارهێناوه.
له سه‌ره‌تای 2017 ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق رێنماییه‌كی 2016ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه بڕیاری دامه‌زراندنی دادگای تایبه‌تی دابوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌یسه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ، له‌به‌رئه‌وه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا حكومه‌ت دادوه‌ر یان دادگای تایبه‌تی ئاماده نه‌كرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌یسه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ. له‌ماوه‌ی راپۆرتدان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ راهێنانی پێشكه‌شكرد به كارمه‌ندانی له‌سه‌ر یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ و ده‌ستنیشانكردنی قوربانی، ئۆفیسی پارێزگاری به‌غدا پاڵپشتی به‌شێكی راهێنانه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤی كرد بۆ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و هه‌ندێك له وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت له ئه‌یلولی 2017.
پاراستن
حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانی زیادكردووه بۆ ده‌ستنیشانكردنی قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ و دابینكردنی سنورداری خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستن بۆ هه‌ندێك له قوربانیان. كه‌موكوڕییه‌كان له رێككاره‌كانی حكومه‌ت بۆ ده‌ستنیشانكردن و ره‌وانه‌كردنی قوربانیان رێگربوون له‌وه‌ی چه‌ندین قوربانی چاودێری وه‌ربگرن، له‌به‌رئه‌وه قوربانییه‌كان هێشتا روبه‌ڕووی سزادان ده‌بنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كردوویانه راسته‌وخۆ له ئه‌نجامی بازرگانیكردن پێوه‌یان. حكومه‌تی عیراقی راپۆرتیداوه كه له ساڵی 2017، 41 قوربانی ده‌ستنیشان كردووه، كه له‌ناویاندا حه‌وت قوربانی بازرگانیكردن به منداڵ، 22 قوربانی مێینه‌ی بازرگانیكردنی سێكس و كارپیكردن، هه‌روه‌ها 12 قوربانی نێرینه‌ی به‌زۆر كارپێكردن. ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ زیادبوون به به‌راورد به ماوه‌ی راپۆرتدانی پێشتر، چونكه حكومه‌ت له ساڵی 2016 راپۆرتی نه‌دابوو له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی هیچ قوربانیه‌ك. له‌م قوربانیانه، وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه پێنج له قوربانیه منداڵه‌كان ره‌وانه‌كراون بۆ وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ چاودێری، به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی قوربانیه‌كانی تر بۆ وه‌رگرتنی هاوكاری. به‌رپرسانی حكومه‌ت راپۆرتیانداوه كه هه‌وڵه‌كانی ده‌ستنیشانكردنی قوربانی هێشتا نزمه، چونكه له كرداردا، دادوه‌ران ته‌نها كاربه‌ده‌ستن كه ده‌توانن به فه‌رمی ده‌ستنیشانی قوربانی بازرگانیكردن به مرۆڤ بكه‌ن و ره‌وانه‌ی بكه‌ن بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی دادوه‌ران داوا له قوربانیه‌كان ده‌كات له‌به‌رده‌می تۆمه‌تبار وته پێشكه‌شبكه‌ن، زۆربه‌ی قوربانیه‌كان له‌ترسی تۆڵه نایه‌نه پێشه‌وه. حكومه‌ت رێنمایی سه‌رانسه‌ری حكومه‌تی ده‌رنه‌كردووه بۆ ده‌ستنیشانكردنی قوربانی بۆ هه‌موو كارمه‌ندانی په‌یوه‌ندارو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌م كه ده‌كه‌ونه په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ قوربانی بازرگانیكردن له‌ناو گروپه لاوازه‌كاندا، له‌وانه كه‌سانی بیانی تۆمارنه‌كراو و ئه‌وانه‌ی كاری له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه رێككاری ناوخۆیی داناوه بۆ رێنماییكردنی كارمه‌ندانی جێبه‌جێكردنی یاسا له‌كاتی ده‌ستنیشانكردنی قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ. هاوكات وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه راهێنانی كردووه به كارمه‌ندانی بۆ ده‌ستنیشانی كه‌یسه شیاوه‌كانی بازرگانیكردن بۆ مه‌به‌ستی كارپێكردن. وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتیداوه كه پشكنینی خولی (ده‌وری) ئه‌نجامداوه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه كۆچبه‌ری بیانی كاری لێده‌كه‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی یاساكانی كار پێشێل ناكرێن یان تاوانه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ ئه‌نجام نادرێن. به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌رئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م پشكنینانه هیچ قوربانییه‌كی بازرگانیكردن به مرۆڤ بۆ مه‌به‌ستی كارپێكردن ده‌ستنیشانكراوه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا.
قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستانی عیراق و عیراق به‌رده‌وام لاوازن و روبه‌ڕووی ده‌ستگیركردن، زیندانیكردن و سنورداش كردن ده‌بنه‌وه به‌هۆی كرداری نایاساییه‌وه كه كردوویانن راسته‌وخۆ له ئه‌نجامی بازرگانیكردن پێوه‌یان، وه‌ك له‌شفرۆشی، پێشێلكردنی یاساكانی كۆچ و منداڵی چه‌كدار. له مایسی 2017، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتیدا كه ئه‌ندامانی میلیشیایه‌كی نه‌ناسراوی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كوڕێكی 15 ساڵیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ، پاش هه‌ڵهاتنی له ناوچه‌یه‌كی ژێر كۆنترۆڵی داعش له رۆژئاوای موسڵ، پاشان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووه‌و ده‌ستدرێژی جه‌سته‌ییان كردۆته‌سه‌ر به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نه‌بوو كه ده‌سه‌ڵاتداران چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه كردبێت وه‌ك قوربانی بازرگانیكردن به مرۆڤ یان ره‌وانه‌كردنی بۆ چاودێری قوربانی. شاره‌زا ناوخۆییه‌كان راپۆرتیانداوه له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كان له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له قوربانیانی بازرگانیكردنی سێكس روبه‌ڕووی دادگاییكردن بوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر تاوانی له‌شفرۆشی له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا. سه‌رچاوه‌كان راپۆرتیانداوه له‌سه‌ر هه‌ندێك روداو، كه دادوه‌ران به‌هه‌ڵه قوربانیانی بازرگانیكردنی سێكسیان حوكمداوه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانی له‌شفرۆشی كه به‌زۆر پێیان كراوه، له‌ناویاندا منداڵانی قوربانی بازرگانیكردنی سێكس. سزاكان بۆ تاوانی له‌شفرۆشی له دادگاكانی عیراق له‌نێوان 15 ساڵ بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تاییه‌و كه‌سانی پێگه‌یشتوو و منداڵانیش ده‌گرێته‌وه. له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، قوربانی بیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ بۆ مه‌به‌ستی كارپێكردن روبه‌ڕووی غه‌رامه‌ی پێشێلكردنی یاساكانی كۆچ ده‌بوونه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه قوربانیانی بازرگانیكردن له‌وانه‌یه سزابدرێن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته.
ئه‌گه‌رچی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ داوا له حكومه‌ت ده‌كات پرۆسه‌یه‌كی فه‌رمی ره‌وانه‌كردن دابمه‌زرێنێت بۆ ره‌وانه‌كردنی قوربانیه‌كان بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستن، له كرداردا، به‌رپرسانی حكومه‌ت به‌رده‌وام قوربانیان ره‌وانه ناكه‌ن بۆ چاودێری، له‌وانه‌یه به‌هۆی كه‌موكوڕی له رێككاره‌كانی ده‌ستنیشانكردنی حكومه‌تدا بێت. حكومه‌تی عیراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تگوزاری سنورداری پاراستنیان دابینكردووه بۆ قوربانیه‌كانی هه‌موو جۆره‌كانی بازرگانیكردن، هه‌روه‌ها چاودێری قوربانی به‌پێی شوێن جیاوازه. له ئابی 2017 حكومه‌تی عیراق دووباره په‌ناگه‌یه‌كی كرده‌وه كه وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له به‌غدا، كه له 2016 داخرابوو به‌هۆی نیگه‌رانییه‌كانی ئاسایش. پانزه كارمه‌ندی راهێنراو له په‌ناگه‌كه كارده‌كه‌ن و كراوه بوو بۆ قوربانی نێر، مێ و منداڵ. وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه پێنج منداڵی قوربانی بازرگانیكردن به منداڵی ره‌وانه‌كردووه بۆ ئه‌م په‌ناگه‌یه له 2017، به‌ڵام تا كانوونی یه‌كه‌می 2017 رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیانداوه كه په‌ناگه‌كه هێشتا به‌كارنه‌هێنراوه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا. وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتیداوه كه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، چاودێری پێشكه‌شكردووه به 25 منداڵ كه په‌یوه‌ندی خێزانییان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه، به‌ڵام باسی له جۆری هاوكارییه‌كان نه‌كردووه كه پێشكه‌شی كردوون، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه كه له‌ڕێگه‌ی چ پرۆگرامێكی دیاریكراوی ئاساییكردنه‌وه‌ی منداڵانی چه‌كداری ناو داعشه‌وه بووه. حكومه‌تی عیراق كۆمه‌ك یان هاوكاری جۆریی دابین نه‌كردوه بۆ رێكخراوه ناحكومییه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی چاودێری قوربانی. رێكخراوه ناحكومییه‌كان مۆڵه‌تی یاساییان پێنه‌دراوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی په‌ناگه، به‌ڵام هه‌ندێك به‌رده‌وامن له به‌ڕێوه‌بردنی په‌ناگه به‌بێ مۆڵه‌ت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له به‌ڕێوه‌بردنی سێ په‌ناگه له هه‌رێمی كوردستانی عیراق بۆ قوربانی مێینه‌ی توندوتیژی خێزانی و بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌ڵام شوێن و خزمه‌تگوزارییه‌كان سنوردارن و په‌ناگه‌كان زیاتر خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن به قوربانیانی توندوتیژی خێزانی. قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ پێویسته سه‌ره‌تا راپۆرت بده‌ن به پۆلیس له‌سه‌ر بازرگانیكردن یان تاوانی تر، كه ئه‌مه‌ش رێگره له وه‌رگرتنی هاوكاری له په‌ناگه‌كان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر ژماره‌ی قوربانیه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ كه خزمه‌تگوزاری وه‌رده‌گرن له‌م په‌ناگانه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا. ئاشنا به‌و كه‌لێنانه‌ی كه له خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاراستندا هه‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنێكی ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له ئاداری 2017 بۆ كردنه‌وه‌ی په‌ناگه‌ی نوێ كه خزمه‌تگوزارییه‌كانی هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی-ده‌روونی پێشكه‌شده‌كات به قوربانییه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ و توندتیژی جێنده‌ری، ئه‌گه‌رچی په‌ناگه‌كه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا نه‌كرایه‌وه، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شوێن و ئاسایش، خۆراك، چاودێری ته‌ندروستی و كارمه‌ندی كارگێڕی دابین ده‌كات.
حكومه‌تی عیراق راپۆرتیداوه كه خزمه‌تگوزاری و قه‌ره‌بوو ده‌دات به قوربانیانی تاوانه‌كانی توندوتیژی سێكسی داعش و پاراستن، راهێنانه‌وه، قه‌ره‌بوو و جۆری تری پاڵپشتی دابینده‌كات بۆ رزگاربووان. حكومه‌تی عیراقی راپۆرتیداوه كه له ساڵی 2017دا بڕی 1 ملیار دیناری عیراقی (857،630 دۆلاری ئه‌مریكی) ته‌رخان كردووه بۆ قوربانیانی ئێزیدی، به‌ڵام سه‌دان ئێزیدی رزگاربوو ده‌ڵێن قه‌ره‌بوویان وه‌رنه‌گرتووه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌كی سنووردار بۆ قوربانیانی داعش، له‌وانه په‌ناگه، راهێنانه‌وه، چاودێری ته‌ندروستی و پاڵپشتی ده‌روونی-كۆمه‌ڵایه‌تی. له 2017، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری و كۆمه‌كی دابینكرد بۆ ئازادكردنی 356 ئێزیدی ده‌ستبه‌سه‌ر لای داعش، كه زۆربه‌یان قوربانی بازرگانیكردن به مرۆڤ بوون.
وه‌زاره‌تی ناوخۆ راپۆرتیداوه كه هه‌ر قوربانییه‌كی بازرگانیكردنی بیانی یان عیراقی ده‌توانێت داوای یاسایی مه‌ده‌نی پێشكه‌شبكات له‌دژی بازرگانیكاران، به‌ڵام هیچ قوربانییه‌ك له 2017دا داوای له‌م جۆره‌ی پێشكه‌ش نه‌كردووه. نه حكومه‌تی عیراق و نه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هانی قوربانیان ناده‌ن بۆ هاوكاریكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان و دادگاییكردنه‌كانی تۆمه‌تبارانی بازرگانیكردن به مرۆڤ. حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێبوردنیان پێشكه‌ش نه‌كردووه به قوربانیه بیانییه‌كان تا سنورداش نه‌كرێنه‌وه یان به‌دیلی یاساییان پێشكه‌ش نه‌كردوون له‌جیاتی ناردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌وانه‌یه روبه‌ڕووی سه‌ختی یان تۆڵه‌كردنه‌وه ببنه‌وه. ئه‌گه‌رچی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ رێگه‌ده‌دات به حكومه‌ت مۆڵه‌تی تایبه‌تی مانه‌وه بدات به قوربانیانی بیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه له‌سه‌ر دابینكردنی ئه‌مه بۆ هیچ قوربانیه‌ك له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی تایبه‌تی مانه‌وه‌ی نه‌داوه به هیچ قوربانییه‌ك له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، به‌ڵام په‌نای گرتووه له ناردنه‌وه‌ی قوربانی بیانی مه‌گه‌ر تاوانی ئه‌نجامدابێت. حكومه‌تی عیراق راپۆرتیداوه كه هاوكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی هیچ قوربانیه‌كی بیانی بازرگانیكردن به مرۆڤی نه‌كردووه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتیداوه كه له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، هاوكاری كونسوڵخانه‌كانی میسر، هیند، ئوردون، فلیپین و سودانی كردووه بۆ یارمه‌تیدانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی نه‌زانراو له قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ كه خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتانه بوون.
به‌رپێگرتن
حكومه‌ت هه‌ندێك هه‌وڵی داوه بۆ به‌رگرتن به بازرگانیكردن به مرۆڤ. یاسای عیراق قه‌ده‌غه‌ی به‌كارخستنی خۆبه‌خشانه‌ی كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ده‌كات له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كاندا، له‌ناویاندا هێزه نانیزامییه‌كان، گروپه‌كانی میلیشیاو گروپی تری چه‌كدار. به‌ڵام، حكومه‌تی فیدراڵ روبه‌ڕووی ئاسته‌نگ بۆته‌وه له كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی هه‌ندێك له یه‌كه‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه هه‌ندێك كات ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامداوه به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ له سه‌ركرده سیاسییه‌كان یان فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان و ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌كان نه‌بوون له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنه رێپێدراوه‌كاندا. حكومه‌تی توانای سنورداری هه‌بوو بۆ مامه‌ڵه‌كردن و رێگرتن له چه‌كداركردن و به‌كارهێنانی منداڵان له‌لایه‌ن ئه‌م گروپانه‌وه، له‌ناویاندا هه‌ندێك له یه‌كه‌كانی میلیشیاكانی عه‌سائیب ئه‌هل الحق و كه‌تائیب حزب اللـه. هاوكات حكومه‌ت رێگر نه‌بووه له یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له باشوری عیراق بۆ به‌كارخستنی منداڵان و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌مپی راهێنانی سه‌ربازی بۆ منداڵانی قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كان، كه هه‌ندێك له‌م مناڵانه له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵه‌وه بوون. به‌ڵام، بۆ هاندانی فه‌رمانده‌كانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ قبوڵنه‌كردنی ئه‌و منداڵانه‌ی خۆبه‌خشانه ده‌چن بۆ شه‌ڕ، حكومه‌ت ره‌تیكرده‌وه منداڵانی خۆبه‌خش تۆماربكات له پرۆگرامی پاره‌دان و موچه‌ی دابین نه‌كرد بۆ ئه‌م منداڵه خۆبه‌خشانه. هیچ راپۆرتێك نه‌بوو له‌سه‌ر منداڵی چه‌كدار له‌ناو سوپای عیراق، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها حكومه‌ت به‌رده‌وامبوو له پێشكه‌شكردنی راهێنان به ئه‌فسه‌رانی سوپا له‌سه‌ر پرسه‌كانی منداڵی چه‌كدار. له تشرینی دووه‌می 2017. حكومه‌ت – به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران – لیژنه‌یه‌كی باڵای نێوان-وه‌زاره‌ته‌كانی پێكهێنا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشكه‌شكردنی راپۆرت له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی مافی منداڵ له ناوچه‌كانی پێكدادان له عیراق. به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌كه، به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئۆفیسی سه‌رۆك وه‌زیران پاڵپشتی پرۆژه‌یه‌كی داهاتووی كرد بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داڕشتنی پلانێكی كاری نیشتمانی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان له پێكدادانی چه‌كداریدا. به‌ڵام تا كۆتایی كانونی دووه‌می 2018، لیژنه‌كه هێشتا كۆنه‌بۆته‌وه‌و پلانه‌كه دانه‌ڕێژراوه.
كورتهێنانه‌كانی بودجه، ناكۆكی ناوخۆیی و پێداویستیه زۆره‌كانی بونیاتنانه‌وه بوونه‌ته هۆی سنوورداركردنی توانای حكومه‌تی عیراق بۆ ته‌رخانكردنی سه‌رچاوه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، له‌وانه سه‌رچاوه‌كان بۆ هاوكاریكردن و پاراستنی قوربانیانی بازرگانیكردن. هاوشێوه، په‌یوه‌ندییه‌كانمان له هه‌رێمی كوردستانی عیراق، راپۆرتیانداوه كه كۆمه‌كی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن گونجاو نییه. به‌هه‌رحاڵ، لیژنه‌ی نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن، كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، راپۆرتیداوه كه له 2017 پێنج جار كۆبۆته‌وه. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤی هه‌یه، كه له 2016 دامه‌زراوه‌و پێكدێت له چه‌ندین وه‌زاره‌تی، له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی كه رۆڵی چاو‌دێر ده‌گێڕێت. حكومه‌تی عیراقی راپۆرتیداوه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هۆشیاری له‌ڕێگه‌ی میدیای نووسراو، ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی سیمینار له زانكۆكان. حكومه‌ت به‌رده‌وامبوو له به‌ڕێوه‌بردنی هێڵێكی گه‌رمی 24 كاتژمێری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن، به‌ڵام راپۆرتی نه‌داوه چه‌ند كه‌یسی بازرگانیكردن ده‌ستنیشانكراون له‌ڕێگه‌ی هێڵه گه‌رمه‌كه‌وه. هاوشێوه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێڵێكی گه‌رمی هه‌یه كه له‌ڕێگه‌یه‌وه قوربانیانی بازرگانیكردن به مرۆڤ ده‌توانن داوای هاوكاری بكه‌ن و راپۆرت بده‌ن له‌سه‌ر كارپێكردنی زۆره‌ملێ. حكومه‌تی عیراق هه‌وڵی نه‌داوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر كرده‌ی بازرگانی سێكس یان گه‌شتوگوزاری سێكسی منداڵ. حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاری ده‌كه‌ن بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی ڤیزای ئۆنلاین بۆ دۆزینه‌وه‌ی كرێكاری بیانی و كۆمپانیا سپۆنسه‌ره‌كانیان بۆ رێگرتن له خاوه‌نكاره‌كان له پێشێلكردنی یاسای كار. هاوكات هه‌ردوو حكومه‌ت هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ به‌ستانداردكردنی گرێبه‌سته‌كانی كار تا زانیاری مافه‌كانی كرێكار له‌خۆبگرێت بۆ كرێكاری بیانی و عیراقی. له‌ماوه‌ی راپۆرتداندا، حكومه‌تی عیراق 15 كۆمپانیای به‌كارخستنی سڕكرد، پێنج كۆمپانیای خسته لیستی ڕه‌شه‌وه‌و غه‌رامه‌ی حه‌وت كۆمپانیای كرد. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتیداوه له‌سه‌ر سڕكردنی كاتیی 38 كۆمپانیا‌و غه‌رامه‌كردنی شه‌ش كۆمپانیا له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌كانی بازرگانیكردن. حكومه‌تی عیراق راپۆرتیداوه له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی راهێنان و رێنمایی له‌بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ بۆ كارمه‌ندانی، له‌ناویاندا كارمه‌ندانی دیبلۆماسی.
پرۆفایلی بازرگانیكردن
وه‌ك راپۆرتدراوه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابوردودا، عیراق وڵاتی سه‌رچاوه‌و وڵاتی مه‌به‌سته بۆ ئه‌و ئافره‌ت و منداڵانه‌ی بازرگانی سێكسیان پێوه ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پیاو، ئافره‌ت و منداڵانه‌ی به‌زۆر كاریان پێده‌كرێت. پێكدادانی توندوتیژ له‌گه‌ڵ داعش دانیشتوانی لاوازتر كرد بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ، به‌تایبه‌تی ئافره‌تان و منداڵان، سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت به‌سه‌ر ئه‌م گروپه تیرۆرستیه‌دا له‌زۆربه‌ی شوێنه‌كان له 9 كانوونی یه‌كه‌می 2017 راگه‌یه‌ندرا، بووه هۆی باشتربوونی دۆخی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی عیراق. له كانوونی دووه‌م 2014ه‌وه، زیاتر له پێنج ملیۆن عیراقی ئاواره‌بوون، نزیكه‌ی 2.1 ملیۆن تا نیسانی 2018 هێشتا ئاواره‌ن. هاوكات زیاتر له 248،000 په‌نابه‌ری سوری هێشتا له عیراقن، كه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان له هه‌رێمی كوردستانی عیراقن. له 2014ه‌وه، چه‌كدارانی داعش هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵیان رفاندووه‌و ده‌ستبه‌سه‌ریان كردوون كه سه‌ر به گروپه جیاوازه ئیتنی و ئاینییه‌كانن، به‌تایبه‌تی ئێزیدییه‌كان و هێشتا به‌رده‌وامن له فرۆشتنیان به چه‌كدارانی داعش له عیراق و سوریا، كه روبه‌ڕووی هاوسه‌رگیری به‌زۆر، كۆیلایه‌تی سێكسی، لاقه‌كردن و خزمه‌تكاری ناوماڵ ده‌بنه‌وه. راپۆرت هه‌بوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه داعش دیله‌كانیان ده‌كوشت ئه‌گه‌ر رازی نه‌بوایه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كان بكه‌ن. راگه‌یاندنه‌كان راپۆرتیانداوه كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا داعش چه‌ند دیلێكی فرۆشتووه به كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ندی وڵاتانی كه‌نداو، هه‌روه‌ها راپۆرتی پشتڕاست نه‌كراوه ده‌ڵێن كه هه‌ندێك له دیله ئێزیدییه‌كان گواستراونه‌ته‌وه بۆ سوریا‌و سعودیه. داعش سیستمێكی رێكخراوی هه‌بوو بۆ كڕین و فرۆشتنی ژنان و كچان بۆ كۆیلایه‌تی سێكسی، له‌گه‌ڵ فرۆشتن به‌پێی گرێبه‌ستی پشتڕاستكراوه له‌لایه‌ن دادگاكانی داعشه‌وه. له 2015-2017، هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵی دیل له ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتن – زۆریان دووگیان بوون له ئه‌نجامی لاقه‌كردن و بازرگانیكردنی سێكس. هه‌ندێك له‌مانه بوونه ئاواره چونكه داعش هێشتا كۆنترۆڵی ناوچه‌كانیانی كردبوو. ئه‌وانه‌ی هێشتا ئاواره‌ن زۆر لاوازن بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی چه‌ندین شێوه‌ی ئیستیغلال، له‌گه‌ڵ دووباره بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه.
منداڵان زۆر لاوازن بۆ به‌كارخستنی به‌زۆرو به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن چه‌ندین گروپی چه‌كداره‌وه كه له عیراق كارده‌كه‌ن، له‌وانه - جگه له هیتر - داعش، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، هه‌روه‌ها میلیشاكان كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن. هه‌روه‌ها ئه‌م منداڵانه زۆر لاوازن و روبه‌ڕووی گرتن، زیندانیكردن و دادگاییكردن ده‌بنه‌وه، له كۆتایی ئاداری 2017، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتیداوه كه له سه‌رانسه‌ری وڵات 943 منداڵ، له‌ناویاندا چوار كچ، هێشتا ده‌ستبه‌سه‌رن به تۆمه‌تی تیرۆر. داعش به‌رده‌وامه له رفاندن و به‌زۆر به‌كارخستن و به‌كارهێنانی منداڵان له شه‌ڕو رۆڵی پاڵپشتیدا، له‌وانه وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی، هه‌واڵده‌ر، دروستكه‌ری ته‌قینه‌وه، بكوژ‌و خۆكوژ، هه‌ندێك له‌م منداڵانه ته‌مه‌نیان 8 ساڵه‌و هه‌ندێك كه‌مئه‌ندامی مێشكیان هه‌یه. داعش به‌رده‌وامه له راهێنانی منداڵان له كه‌مپه‌كانی راهێنانی سه‌ربازی و ئاینی، چه‌ندین راپۆرتی راگه‌یاندنه‌كان ده‌ڵێن و ڤیدیۆ بڵاوكراوه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه منداڵان ده‌چن بۆ ئه‌م كه‌مپانه. له كانوونی دووه‌می 2017، راگه‌یاندنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتیاندا كه داعش 400 منداڵی ئێزیدی رفاندووه‌و راهێنانی سه‌ربازی پێكردوون، له‌وانه له‌سه‌ر خۆته‌قاندنه‌وه، له‌هه‌مان مانگدا داعش 150 منداڵی رفاند له ته‌له‌عفه‌رو به‌زۆر بردنی بۆ كه‌مپی راهێنان. تا سه‌ره‌تای 2018، چه‌ندین سه‌رچاوه راپۆرتیانداوه كه په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه له هه‌رێمی كوردستانی عیراق به‌ردوامبوون له به‌كارخستن و به‌كارهێنانی منداڵان. له ناوه‌ڕاستی 2017، چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كوڕانی ته‌مه‌ن شانزه ساڵیان بینیوه له‌ناو په‌كه‌كه‌دا. وه‌ك راپۆرتدراوه له‌لایه‌ن رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه له كۆتایی 2016، په‌كه‌كه‌و یه‌كه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال - گروپێكی میلیشیای چه‌كداری ئێزیدی - به‌زۆر كوڕان و كچانی كورد‌و ئێزیدیان به‌كارخستووه‌و به‌كارهێناوه، هه‌ندێك ته‌مه‌نیان نزیكه‌ی 12 ساڵ بووه، له رۆڵی شه‌ڕكردن و پاڵپشتی له باكوری عیراق.
له 2015ه‌وه، سه‌رچاوه‌كان به‌رده‌وام راپۆرت ده‌ده‌ن كه یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی منداڵان به‌سه‌ربازده‌كه‌ن، به‌كارده‌هێنن و راهێنانی سه‌ربازییان پێده‌كه‌ن. شاره‌زایه‌ك له به‌غدا هه‌ڵسه‌نگاندنی كرد كه رێژه‌ی ئه‌م به‌سه‌ربازكردن و به‌كارهێنانه‌ی منداڵان له ساڵی 2017دا نه‌گۆڕاوه. رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و په‌یوه‌ندییه ناوخۆییه‌كانمان راپۆرتیانداوه له 2017 كه هه‌ڵواسینی پۆسته‌ری هه‌رزه‌كاران كه له‌كاتی شه‌ڕكردن بۆ میلیشیا شیعه‌كان كوژراون به‌ربڵاوه له ناوچه زۆرینه شیعه‌كانی به‌غداو له‌سه‌رانسه‌ری باشوری عیراق. زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی یاد ده‌كرێنه‌وه زیاتر سه‌ر به به میلیشیاكانی عه‌سائیب ئه‌هل الحق و كه‌تائیبی حیزب اللـه بوون. هه‌ندێك له ئه‌ندامانی عه‌سائیب ئه‌هل الحق و كه‌تائیبی حیزب اللـه منداڵان به‌سه‌رباز ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ناچن بۆ قوتابخانه. سه‌رچاوه‌كان راپۆرتیان داوه كه میلیشیاكانی عه‌سائیب ئه‌هل الحق و كه‌تائیبی حیزب اللـه، كه یه‌كه‌یان هه‌یه له‌ناو حه‌شدی شه‌عبی و یه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆشیان هه‌یه، منداڵیان به‌سه‌رباز كردووه‌و به‌كارهێناوه له ساڵی 2017. به‌پێی سایتی فه‌رمی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و پۆسته‌ره‌كان له‌سه‌ر شه‌قام له ناوه‌ڕاستی 2017، حه‌شدی شه‌عبی كۆرسی راهێنانی سه‌ربازی پێشكه‌شكردووه به منداڵان و لاوانی نێوان 15-25 ساڵ. له نیسانی 2017، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتی دروستی پێگه‌یشت كه میلیشیا خێڵه‌كییه‌كانی سوننه 300 كوڕی ته‌مه‌ن 15-17 ساڵانیان به‌سه‌رباز كردووه له كه‌مپی ئاواره‌كانی كیلۆ 18. له 2017، هه‌ندێك ئاواره راپۆرتیانداوه كه میلیشیا خێڵه‌كییه‌كانی سوننه منداڵانیان به‌كارخستووه له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان بۆ راهێنانی سه‌ربازی، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیكردن به گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه پاش ته‌واوكردنی راهێنانه‌كه. له ناوه‌ڕاستی 2017، چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان شاهیدی پێنج كوڕ بوون كه خاڵێكی پشكنینیان به‌ڕێوه‌ده‌برد له كه‌مپێكی ئاواره‌كان له نه‌ینه‌وا، كه ئاسایشی خاڵه‌كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسێكی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی بوو. له ئابی 2017، راپۆرتی پشتڕاست نه‌كراوه هه‌بوون كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی راهێنانی سه‌ربازی سێ مانگیان پێشكه‌شكردووه به 100 كوڕی هه‌رزه‌كاری توركمان، له ته‌مه‌نی 13-18 ساڵ، له چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی پارێزگای كه‌ركوك. له 2015 و 2016، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك راپۆرتیان داوه كه لایه‌نه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی منداڵانیان به‌كارهێناوه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌لوجه‌و ناوچه‌كانی تری وڵات، له‌كاتێكدا كه راگه‌یاندنه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی ستایش و یادی قوربانی منداڵانی به‌سه‌ربازكراو ده‌كه‌نه‌وه. رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتیداوه كه كۆی 57 منداڵ به‌سه‌ربازكراون و به‌كارهێنراون له 2016 له‌لایه‌ن ئه‌و گروپانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا كارده‌كه‌ن، زۆربه‌یان راهێنانی سه‌ربازییان وه‌رگرتووه‌و له شه‌ڕدا به‌شدارییان پێكراوه، هه‌روه‌ها 12 منداڵ له‌لایه‌ن گروپه‌كانی حه‌شدی عه‌شائیره‌وه به‌سه‌رباز كراون، هه‌ندێك له‌ناو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان. وه‌ك راپۆرت دراوه له 2015 و 2016، هه‌ندێك گروپی حه‌شدی شه‌عبی منداڵانی گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كان وه‌رده‌گرن له‌ناو ریزه‌كانیاندا له به‌سره، كه قوتابخانه‌یان جێهێشتووه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك "خۆبه‌خش"، زۆربه‌یان ئه‌مه وه‌ك ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی ئاینی سه‌یرده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ندێكی تر وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیان و پێگه‌ی گه‌وره‌تری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری ده‌كه‌ن. به‌پێی رێكخراوه ناحكومیه‌كان و فه‌رمانده‌كانی هێزه خێڵه‌كییه‌كان له 2015، ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ناو حه‌شدی شه‌عبی شه‌ڕیان ده‌كرد تۆمارنه‌كرابوون و موچه و ئیمتیازاتی حكومه‌ت وه‌رناگرن. له ئابی 2016، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتی داوه كه میلیشیا خێڵه‌كییه‌كانی سوننه‌ی په‌یوه‌ست به حه‌شدی شه‌عبی به‌لای كه‌مه‌وه حه‌وت منداڵیان به‌سه‌رباز كردووه له كه‌مپی دیبه‌گه له باكووری عیراق، به وته‌ی شاهیده‌كان ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق رێخۆشكه‌رییان كردووه بۆ به‌سه‌ربازكردنی منداڵانی كه‌مپه‌كه.
په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان روبه‌ڕووی مه‌ترسی زۆری بازرگانیكردن ده‌بنه‌وه به‌هۆی لاوازی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی ئاسایش و پاراستنه‌وه. رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیانداوه له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن له هه‌رێمی كوردستانی عیراق كه په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان ده‌كه‌نه ئامانج و به هاوكاری به‌رپرسه خۆجێیه‌كان، به‌رپرسانی هێزه‌كانی ئاسایش، و كارمه‌ندانی سنوور كارده‌كه‌ن. له 2015، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیاندا له‌سه‌ر هه‌ندێك كارمه‌ندی هێزه‌كانی ئاسایش كه ئاسانكارییان كردووه بۆ بازرگانیكردن به ژنان و كچانی سوری له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق، به‌تایبه‌تی له كه‌مپی په‌نابه‌رانی دۆمێز، هه‌روه‌ها بازرگانیكردنی سێكس به كچان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان. له 2016، رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیاندا كه پاسه‌وانانی ئاسایش، جگه له رێگه‌دان به پیاوان بۆ چوونه ناو كه‌مپ بۆ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی سێكس له‌گه‌ڵ كچانی په‌نابه‌ر، خۆشیان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی سێكسده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ كچه په‌نابه‌ره‌كان، له‌ڕێگه‌ی مۆڵه‌تپێدانیان بۆ ده‌رچوون له كه‌مپ به‌رامبه‌ر سێكس. راپۆرته‌كانی 2015 ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئافره‌ته ئاواره‌كان و هه‌ندێك په‌نابه‌ری سوری ناچاركراون به له‌شفرۆشی له‌لایه‌ن تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن له هۆتێل و شوێنه‌كانی له‌شفرۆشی له به‌غداد، به‌سره‌و شاره‌كانی تری باشوری عیراق پاش ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامانی تۆڕه‌كان به‌ڵێنیان پێداون له شوێنی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق نیشته‌جێیان بكه‌ن، منداڵه‌كانی ئه‌م ئافره‌تانه‌ش ناچارده‌كرێن به سواڵكردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان. هه‌ندێك ئافره‌ت له كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان، كه هه‌ندێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان تۆمه‌تبارن به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش، روبه‌ڕووی ئیستیغلالی سێكسی و خراپ مامه‌ڵه‌كردن ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ره چه‌كداره‌كانی ناو كه‌مپه‌وه. هه‌ندێك پیاوی په‌نابه‌ری سوری به‌بێ گرێبه‌ستی یاسایی كارده‌كه‌ن له عیراق، ئه‌مه‌ش روبه‌ڕووی مه‌ترسی زیاتری بازرگانیكردنیان ده‌كاته‌وه. راپۆرت هه‌یه كه هه‌ندێك خێزانی ئاواره‌ی عیراق منداڵه‌كانیان ده‌فرۆشن به خێزانی تر بۆ زامنكردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ منداڵه‌كانیان، ئه‌م منداڵانه له به‌رده‌م مه‌ترسی بازرگانیكردن به مرۆڤدان.
داب و نه‌ریتییه‌كان، له‌وانه هاوسه‌رگیری به‌زۆرو "كاتی" و خۆێنبایی (فێلیه) - به‌خشینی ئه‌ندامێكی خێزان به‌رامبه‌ر كۆتاییهێنان به ناكۆكی - ژنان و كچان ده‌خاته مه‌ترسی زیاتری بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه له‌ناو وڵات. بۆ نموونه، له تشرینی یه‌كه‌می 2016، راگه‌یاندنه‌كان راپۆرتیاندا كه كچێكی خێڵی نادا له پارێزگای میسان به‌زۆر دراوه به پیاوێكی خێڵێكی تر وه‌ك سوڵح بۆ كوشتنی پیاوێكی هه‌مان خێڵ له‌لایه‌ن خێڵی نادا. رێكخراوه‌كانی پاراستنی منداڵان به‌رده‌وامن له راپۆرتدان له‌سه‌ر رووداوه‌كانی هاوسه‌رگیری منداڵ - كه ده‌بێته هۆی زیادكردنی مه‌ترسی ئیستیغلال له‌سه‌ر منداڵان - به‌تایبه‌تی له‌ناو ئاواره‌كان و په‌نابه‌ره سورییه‌كاندا له هه‌رێمی كوردستان، چونكه سه‌رۆك خێزانه‌كان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی ئابوری خێزان ده‌ده‌ن. كچه سورییه‌كان له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ناچارده‌كرێن به هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت یان "هاوسه‌رگیری كاتیی" له‌گه‌ڵ پیاوی عیراقی یان په‌نابه‌رانی تر، هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كرێن به چاوپۆشیكردن، یان وه‌رگرتنی به‌رتیل بۆ چاوپۆشیكردن، له‌مجۆره كه‌یسانه، له‌ناویاندا ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه كچه‌كان چه‌ندینجار ده‌فرۆشرێن. راپۆرته‌كان به‌رده‌وام پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌ندێك به‌رپرسی جێبه‌جێكردنی یاساله عیراق تۆمه‌تبار ده‌كرێن به سه‌ردانی به‌رده‌وامی شوێنه‌كانی له‌شفرۆشی به مه‌به‌ستی بازرگانیكردنی سێكس یان وه‌رگرتنی به‌رتیل بۆ رێگه‌دان به بازرگانیكردنی سێكس. راگه‌یاندنه‌كان و چاودێرانی تر له 2015 راپۆرتیان داوه كه تۆڕێكی ئێرانی بۆ بازرگانیكردنی سێكس له شوێنه‌كانی له‌شفرۆشی له هه‌ولێر كاری ده‌كردو قوربانی ئێرانی بۆ بازرگانی سێكس ئیستیغلال ده‌كران، راگه‌یاندنه‌كان راپۆرتیانداوه كه ده‌وترێت به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 3،000 دۆلاری ئه‌مریكی داوه به‌رامبه‌ر قوربانیه‌كی بازرگانیكردنی سێكس. راپۆرتی زاره‌كی هه‌بوون، له‌وانه له حوزه‌یرانی 2016 له‌لایه‌ن كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی ناوخۆییه‌وه، له‌سه‌ر بازرگانیكردنی سێكسی منداڵ له سلێمانی، به‌تایبه‌تی كچانی خه‌ڵكی ئێران و سوریا، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق. هاوكات رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیانداوه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه كچان له خێزانه‌كانیان هه‌ڵهاتوون له ترسی كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و ئێستا سواڵ ده‌كه‌ن یان مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌فرۆشن له عیراق. ده‌وترێت كه تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به مرۆڤ منداڵانی عیراقی له وڵاتانی دراوسێ و ئه‌وروپا ده‌فرۆشن بۆ مه‌به‌ستی ئیستیغلالی بازرگانی سێكس. ژنان و كچانی عیراق روبه‌ڕووی بازرگانیكردن بۆ كارپێكردن و سێكس ده‌بنه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و توركیا.
هه‌ندێك پیاو و ئافره‌تی خه‌ڵكی ئاسیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریكا كه كۆچیان كردووه بۆ عیراق روبه‌ڕووی به‌زۆر كارپێكردن ده‌بنه‌وه وه‌ك كرێكاری بیناسازی، پاسه‌وان، به‌رده‌ست، و خزمه‌تكاری ماڵان. هه‌ندێك كۆچبه‌ری بیانی به‌كارخراون بۆ كاركردن له وڵاتانی تری ناوچه‌كه به‌ڵام به هێز، به‌زۆر، یان به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن هێنراون بۆ كاركردن له عیراق و هه‌رێمی كوردستانی عیراق. له كانونی دووه‌می 2016، وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتیدا كه نزیكه‌ی 140،000 كرێكاری بیانی موڵه‌تی گونجاویان نییه، رێكخراوه ناحكومییه‌كان راپۆرتیانداوه كه هه‌ندێك خاوه‌نكارو كۆمپانیای به‌كارخستن پێگه‌ی نایاسایی كرێكاران ئیستیغلال ده‌كه‌ن له‌ڕێگه‌ی نه‌دانی موچه‌و ناچاركردنی كرێكاران بۆ ژیان له شوێنی نه‌گونجاو. كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی كوردستان له كانونی دووه‌می 2016 راپۆرتیداوه كه 69 له‌سه‌تی 480 كرێكاری بیانی كه رووپێو كراون له هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی بڕیاردراویان وه‌رنه‌گرتووه‌و 18 له‌سه‌ت باسیان له كرده‌ی توندوتیژی كردووه كه له دژیان ئه‌نجامدراوه له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌كانیانه‌وه. كۆمسیۆن ده‌ڵێت كه له ساڵی 2017 راپۆرتی ده‌رنه‌كردووه به‌هۆی قه‌یرانی بودجه‌وه.
PUKmedia تایبه‌ت
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25