riklam

خوێندنی باڵا دەرچوانی 12ی ئامادەیی ئاگادار دەكاتەوە

کوردستان 03:18 PM - 2018-07-19
.

.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەكات پەلە بكەن لە پێشكەشكردنی داواكاری دەرفەتی ٣٠ سكۆلەرشیپ بۆ خوێندنی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان، كە وەزارەت بە ‌هاوكاری هەردو زانكۆی تەكنیكی ئۆستراڤا/ لقی هەولێر و، زانكۆی (پەلازكی) رایگەیاندوە.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە PUKmediaن رایگەیاند: دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەشی زانستی لە هەرێمی كوردستان و دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەشی زانستی خوێندنی كوردی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ساڵی خوێندنی (2017-2018)، دەتوانن داواكاری بۆ ئەم سكۆلەرشیپە پێشكەش بكەن، كە لەلایەن زانكۆی (پەلازكی) چیكییەوە دەستەبەركراون، بۆیە داوا لە دەرچووان دەكەین پەلە بكەن بۆ پێشكەشكردنی ئەم داواكارییە كە   دواین كات بۆ پێشكەشكردن رۆژی (25/7/2018)یە.

وتیشی: زانكۆی (پەلازكی) یەكێكە لە زانكۆ هەر پێشكەوتوەكانی جیهان، كە لەسەر ئاستی زانكۆكانی وڵاتی چیك لە ریزبەندی چوارەمەو، لەسەر ئاستی جیهانیش لەڕیزبەندی (700) باشترین زانكۆكانی جیهانە، بۆ ئەم مەبەستەش رێكەوتی ٤/٨/٢٠١٨ گروپێك لە پرۆفیسۆرانی زانكۆكە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.  

عەباس ئەكرەم دڵنیایی دایە پێشكەشكاران و رایگەیاند داوا لە دەرچووان دەكەین تاكو ئەو ماوەیەی دیاریكراوە دەست بكەن بە پێشكەشكردن چونكە پێشكەشكاران لەپڕۆسەیەكی وردی و زانسیدا، دەچنە پێشبڕكێ لەسەر بنەمای بەرزترین كۆنمرەی قۆناخی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، پاشان سەركەوتوەكانی قۆناخی یەكەمی پێشبڕكێ بەشداری تاقیكردنەوەیەكی هەڵسەنگاندنی توانستی زانستی  لە هەرێمی كوردستان لە ٥/٨/٢٠١٨ دەكەن، كە لەلایەن ژمارەیەك پرۆفیسۆری زانكۆی (پەلازكی)یەوە بەرێوەدەبرێن و، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات.

 بۆ بینینی نمونەی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكە كلیك (لێرە)‌ بكە.

مەرجەكانی پیشكەشكردن بۆ ئەو سكۆلەرشیپە:

1- دەرچوی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لقی زانستی بێت لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧ – ٢٠١٨). 

2-كۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە (٩٥)ی تاقیكردنەوەی نیشتمانی (بەكالۆری)، یان (هاوتاكەی) لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكانی (SAT2 , A-level) كەمتر نەبێت.

تێبینی:  سەركەتوەكانی ئەم پێشبڕكێیە دەتوانن بەزمانی (چیكی) یان (ئینگلیزی) بخوێنن، بۆیە ئەگەر كاندیدەكە بەزمانی (چیكی) خوێندنی، ئەوا كرێ خوێندنەكەی لەلایەن زانكۆی (پەلازكی)یەوە بۆ دابیندەكرێت، بەڵام هەر كاندیدیك ئەگەر بڕیار بدات بەزمانی (ئینگلیزی) بخوێنێت لەوكاتەدا كرێی خوێندنەكەی لە ئەستۆی خۆیی دەبێت.

•  بۆ پێشكەشكردن كلیك (لێرە)‌ بكە.

 دواین كات بۆ پێشكەشكردن ڕێكەوتی (25/7/2018)یە.

عەباس ئەكرەم راشیگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ گەنجان و پەرەپێدانی تواناكانیان لەزانكۆ پێشكەتوەكانی جیهان، ئەوەش لەسەر بنەمای هەلی یەكسان، شەفافیەت، دادپەروەری كۆمەڵایەتی.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket