riklam

عیراق، بازرگانیكردن به‌مرۆڤ، به‌ره‌و كوێ؟

ریپۆرتاژ‌ 12:40 AM - 2018-07-18
.

.

عێراق: لیسی چاودێری ئاستی 2 (Tier 2 Watch List):

حکومەتی عێراق بەتەواوی پابەند نییە بە کەمترین ستانداردەکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەڵام هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەمە. لەماوەی راپۆرتدان، حکومەت هەوڵی گرنگی داوە بۆ دادگاییکردن و سزادانی بازرگانیکاری زیاتر و هەندێک بەرپرسی تێوەگلاو. هەروەها راپۆرتیداوە کە دەستنیشانی قوربانی زیاتری بازرگانیکردن بە مرۆڤی کردوە بە بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشوو. حکومەت لیژنەیەکی نێوان-وەزارەتەکانی پێکهێناوە بۆ چاودێریکردن، هەڵسەنگاندن و راپۆرتدان لەسەر منداڵان لە پێکدادانە چەکدارییەکان لە عێراق، کە بەسەربازکردنی منداڵیش دەگرێتەوە. بەڵام، حکومەت هەوڵی زیاتری نیشان نەداوە بە بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشوو؛ لەبەرئەوە عێراق هێشتا لە ئاستی 2ی لیستی چاودێریدایە بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک. ئەگەرچی حکومەت قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دەستنیشانکردوە، کەموکوڕی لە رێککارە حکومییەکانی دەستنیشانکردن و پشتیوانیکردن رێگربوون لەوەی چەندین قوربانی خزمەتگوزاری پاراستنی گونجاو وەربگرن؛ حکومەت پەناگە (شێڵرتەر)ی بازرگانیکردن بە مرۆڤی هەیە لە بەغداد کە راپۆرتدراوە بە درێژایی 2017 بەتاڵ بووە. حکومەت لێکۆڵینەوەی نەکردوە لەو تۆمەتانەی کە هەندێک لە یەکە میلیشیاییەکان بە نایاسایی منداڵان بەسەرباز دەکەن و بەکاردەهێنن لە ساڵی 2017، لەناویاندا یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەژێر فەرمانی لیژنەی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن، کە پێکهاتەیەکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. حکومەت هیچ کەسێکی رووبەڕووی لێپرسینەوەی تاوان نەکردۆتەوە سەرەڕای بەردەوامی ئەم تۆمەتانە بۆ چەندین ساڵ. حکومەت بەردەوام بوو لە سزادانی هەندێک لە قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بەهۆی بازرگانیکردن پێوەیان، وەک بەسەربازکردنی منداڵ، لەشفرۆشی و پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ. 

 

ریزبەندی ئاستی عێراق بەپێی ساڵ

 

 

راسپاردەکان بۆ عێراق 

لێپرسینەوە لە بەرپرسان لەسەر بەسەربازکردن و بەکارهێنانی منداڵ و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بە منداڵی چەکدار و قوربانییەکانی تری بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەردەوام بوون لە هەوڵەکان بۆ راگرتنی بەسەربازکردن و بەکارهێنانی منداڵ لەلایەن هەموو گروپە چەکدارەکانەوە، لەناویاندا یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا سەربەخۆکان؛ دڵنیاییکردن لەوەی کە قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزا نادرێن لەسەر ئەو تاوانانەی کردویانن لە ئەنجامی راستەوخۆی بازرگانیکردن پێوەیان، وەک لەشفرۆشی و پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ؛ رێگەدان بە وەڵامدەرەوەی یەکەم بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و رەوانەکردنیان بۆ چاودێری جا قوربانی سکاڵا تۆماردەکات یان نا لەدژی بارزگانیکارەکەی؛ ئامادەکردن و بەدامەزراوەییکردنی رێنماییەکانی دەستنیشانکردنی قوربانی و رەوانەکردنی بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ هەموو کارمەندە پەیوەندارەکان، هەوەها راهێنانی کارمەندان لەسەر ئەم رێککارانە؛ زیادکردنی دەستگەیشتنی بێ بەربەست بۆ قوربانیانی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بە راوێژکاری کۆمەڵایەتی-دەروونی، و چاودێری تەندروستی، پەناگەی دوورمەودا، خزمەتگوزارییەکانی تێکەڵکردنەوە، راهێنانی کار، هەروەها هاوکاری دارایی؛ هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ قەدەغەکردن و سزادانی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن تەبا لەگەڵ پرۆتۆکۆلی ساڵی 2000ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ رێگەدان بە قوربانیان و شاهیدەکان بۆ بەشداریکردن لە رێککارە یاساییەکان لەدژی بازرگانیکارانیان؛ هەوڵدانی بەرچاو بۆ لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن، حوکمدان و سزادانی تووندی بازرگانیکاران بە مرۆڤ، لەناویاندا بەرپرسە تێوەگلاوەکانی حکومەت، تەنانەت کاتێک کە قوربانیەکان سکاڵا تۆمار ناکەن یان بەشداری ناکەن لە رێککارە یاساییەکان لەدژی بارزگانیکارانیان؛ تەواوکردنی رێنماییەکان بۆ توانادارکردنی جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ دانانی چوارچێوەی یاسایی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەڕێوەبردنی پەناگەکان بۆ قوربانیان و هاوکاریکردنی ئەم رێکخراوانە؛ هەروەها دانان و جێبەجێکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی لەسەرانسەری وڵات، بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، کە هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ وەک تاوان بناسێنێت و سزای تووند و گونجاویان بۆ دابنێت.

ریزبەندی ئاستی عێراق بەپێی ساڵ

 

 

 

tyt.JPG

دادگاییکردن 

حکومەت هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام شکستیخواردوە لە دادگاییکردن یان حوکمدانی بەرپرسانی تێوەگلاو لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، وەک بازرگانیکردنی سێکس و بەسەربازکردنی منداڵ. یاسای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ساڵی 2012 هەندێک لە جۆرەکانی بازگانیکردنی سێکس و کارپێکردن وەک تاوان دەناسێنێت. ناتەبا لەگەڵ پێناسەی بازرگانیکردن بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، لە یاساکەی عێراقدا پێویستە هێز، ساختەکاری، یان زۆرکاری هەبێت تا بە تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ هەژماربکرێت، لەبەرئەوە هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ وەک تاوان هەژمارنەکراون. هەروەها یاساکە دەڵێت دەبێت کەسێک فرۆشرابێت تا بە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەژماربکرێت. ماددەیەکی یاسای سزادان "لەشفرۆشی منداڵان" وەک تاوان هەژماردەکات و سزای تا 10 ساڵ زیندانی بۆ داناوە، ئەمەش وەک پێویست تووندە بۆ رێگرتن لەم تاوانە، ئەگەرچی هاوتا نییە لەگەڵ ئەو سزایانەی بۆ لاقەکردن دیاریکراون. یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزای تا 15 ساڵ زیندانیکردن و غەرامەی تا 10 ملیۆن دیناری عێراقی (8،580 دۆلاری ئەمریکی) داناوە بۆ تاوانەکانی بازرگانیکردن ئەگەر قوربانی نێرینەی پێگەیشتووی بوو، و سزای زیندانی هەتاهەتایی و غەرامەی 15 تا 25 ملیۆن دیناری عێراقی (12،860 تا 21،440 دۆلاری ئەمریکی) داناوە ئەگەر قوربانی مێینەی پێگەیشتوو یان منداڵ بوو. ئەم سزایانە وەک پێویست تووندن، و سەبارەت بە بازرگانیکردنی سێکس، هاوتان لەگەڵ ئەو سزایانەی بۆ تاوانە گەورەکان دانراون، وەک تاوانی لاقەکردن. یاسای کار دژوارە لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، چونکە سزاکانی بریتین لە غەرامە و زیندانیکردن کە زیاتر نەبێت لە شەش مانگ، ئەمەش وەک پێویست تووند نییە. حکومەت هێشتا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی نییە بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەمەش ئاستەنگە بۆ توانای جێبەجێکردنی یاساکە، دادگاییکردنی بازرگانیکاران و پاراستنی قوربانییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی نییە کە بەدیاریکراوی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ قەدەغە بکات و یاسای نیشتیمانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاری پێناکرێت.

حکومەت راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2017 لێکۆڵینەوەی لە 266 کەیسی بازرگانیکردن کردوە (314 لە 2016)، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە کە 40 کەیس لەمانە کەیسی کارپێکردنی زۆرەملێ بوون و 68 گومانی کەیسی بازرگانیکردنی سێکسیان لێدەکرێت؛ هەروەها بڕیاریداوە کە 158 کەیسەکەی تر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نەبوون. وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2017، 68 کەسی داوە بە دادگا بە تۆمەتی بازرگانیکردن و 22 کەس حکومدراون بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام وردەکاری زیاتری نەداوە لەسەر ئەم کەیسانە. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی کردوە لە 48 تۆمەتبار کە بە هوشیارییەوە کاریان بە قوربانیانی بازرگانیکردنی سێکسی کردوە، لەوانە 10 کەس دادگاییکراون و حوکمدراون بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. ئەم هەوڵانەی دادگاییکردن و حوکمدان ئاماژەن بۆ زیادبوونی بەرچاوی هەوڵەکان بە بەراورد بە 17 دادگاییکردن و حوکمدان لە ساڵی 2016. بەڵام، بەپێی رێکخراوە ناحکومییەکان، حکومەت بەبێ سکاڵای قوربانی دەستینەکردوە بە دادگاییکردنی بازرگانیکردن، ئەگەرچی زۆربەی قوربانییەکان سکاڵایان تۆمارنەکردوە چونکە شوناسی بازرگانیکاریان نەزانیوە یان لە تۆڵە ترساون. لەماوەی راپۆرتداندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە کە 58 لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە لەسەر خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکاری بیانی، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر دادگاییکردن یان حکومدانی هیچ تۆمەتبارێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. 

هێشتا نیگەرانی بەرچاو هەبوو لەسەر تێوەگلانی بەرپرسان لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەوانە بەسەربازکردن و بەکارهێنانی منداڵ و بازرگانیکردنی سێکس. حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر هەندێک هەوڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی حکومەت کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر هەوڵەکان بۆ دادگاییکردن و حوکمدانی بەرپرسە تێوەگلاوەکان. حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر لێکۆڵینەوە لە شوێنەکانی لەشفرۆشی لەسەرانسەری وڵات کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو بڕوایەدان کە قوربانیانیانی بازرگانیکردنی سێکسی تێدا بێت؛ بەرپرسە خۆجێیەکان تۆمەربار دەکرێن بەوەی کە ئاگادارن لەم شوێنانەی لەشفرۆشی و رێگەیان دەدەن بەردەوام بن لە کارکردن. حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر هەوڵەکانی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن یان حوکمدانی تۆمەتبارانی بەسەربازکردنی منداڵ لەناو یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک لە ساڵی 2016دا راپۆرتدراوە. هاوکات حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر هەوڵەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ساڵی 2017 کە میلیشیاکانی یەکەکانی عەسایب ئەهل الحق یان کەتائیب حزب اللە – کە هەندێکیان بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی – منداڵیان چەکدار کردوە و بەکارهێناوە.  

لە سەرەتای 2017، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رێنماییەکی 2016ی هەڵوەشاندوە کە بڕیاری دامەزراندنی دادگای تایبەتی دابوو بۆ بەڕێوەبردنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ لەبەرئەوە لەماوەی راپۆرتداندا حکومەت دادوەر یان دادگای تایبەتی ئامادە نەکرد بۆ بەڕێوەبردنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لەماوەی راپۆرتدان، وەزارەتی ناوخۆ راهێنانی پێشکەش کرد بە کارمەندانی لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستنیشانکردنی قوربانی، ئۆفیسی پارێزگاری بەغداد پاڵپشتی بەشێکی راهێنانەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی کرد بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەت لە ئەیلولی 2017.  

 

 

 

پاراستن 

حکومەت هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دابینکردنی سنورداری خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ هەندێک لە قوربانیان. کەموکوڕییەکان لە رێککارەکانی حکومەت بۆ دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی قوربانیان رێگربوون لەوەی چەندین قوربانی چاودێری وەربگرن، لەبەرئەوە قوربانییەکان هێشتا رووبەڕووی سزادان دەبنەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کردویانە راستەوخۆ لە ئەنجامی بازرگانیکردن پێوەیان. حکومەتی عێراقی راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2017، 41 قوربانی دەستنیشانکردوە، کە لەناویاندا حەوت قوربانی بازرگانیکردن بە منداڵ، 22 قوربانی مێینەی بازرگانیکردنی سێکس و کارپیکردن، هەروەها 12 قوربانی نێرینەی بەزۆر کارپێکردن. ئەمە ئاماژەیە بۆ زیادبوون بە بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشتر، چونکە حکومەت لە ساڵی 2016 راپۆرتی نەدابوو لەسەر دەستنیشانکردنی هیچ قوربانیەک. لەم قوربانیانە، وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە پێنج لە قوربانیە منداڵەکان رەوانەکراون بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ چاودێری، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر رەوانەکردنی قوربانیەکانی تر بۆ وەرگرتنی هاوکاری. بەرپرسانی حکومەت راپۆرتیانداوە کە هەوڵەکانی دەستنیشانکردنی قوربانی هێشتا نزمە، چونکە لە کرداردا، دادوەران تەنها کاربەدەستن کە دەتوانن بە فەرمی دەستنیشانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بکەن و رەوانەی بکەن بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن؛ بەڵام لەبەرئەوەی دادوەران داوا لە قوربانیەکان دەکات لەبەردەمی تۆمەتبار وتە پێشکەش بکەن، زۆربەی قوربانیەکان لەترسی تۆڵە نایەنە پێشەوە. حکومەت رێنمایی سەرانسەری حکومەتی دەرنەکردوە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانی بۆ هەموو کارمەندانی پەیوەندار و وەڵامدەرەوەی یەکەم کە دەکەونە پەیوەندییەوە لەگەڵ قوربانی بازرگانیکردن لەناو گروپە لاوازەکاندا، لەوانە کەسانی بیانی تۆمارنەکراو و ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن. بەڵام وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە رێککاری ناوخۆیی داناوە بۆ رێنماییکردنی کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا لەکاتی دەستنیشانکردنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە راهێنانی کردوە بە کارمەندانی بۆ دەستنیشانی کەیسە شیاوەکانی بازرگانیکردن بۆ مەبەستی کارپێکردن. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیداوە کە پشکنینی خولیی (دوری) ئەنجامداوە بۆ ئەو شوێنانەی کە کۆچبەری بیانی کاری لێدەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی یاساکانی کار پێشێل ناکرێن یان تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەنجام نادرێن. بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەم پشکنینانە هیچ قوربانیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ مەبەستی کارپێکردن دەستنیشانکراوە لەماوەی راپۆرتداندا. 

قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق  و عێراق بەردەوام لاوازن و رووبەڕووی دەستگیرکردن، زیندانیکردن و سنورداش کردن دەبنەوە بەهۆی کرداری نایاساییەوە کە کردویانن راستەوخۆ لە ئەنجامی بازرگانیکردن پێوەیان، وەک لەشفرۆشی، پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ و منداڵی چەکدار. لە مایسی 2017، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتید  ا کە ئەندامانی میلیشیایەکی نەناسراوی هێزەکانی حەشدی شەعبی کوڕێکی 15 ساڵیان دەستبەسەر کردوە بۆ ماوەی دوو رۆژ، پاش هەڵهاتنی لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی داعش لە رۆژئاوای موسڵ، پاشان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردوە و دەستدرێژی جەستەییان کردۆتەسەر بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش؛ هیچ ئاماژەیەک نەبوو کە دەسەڵاتداران چاوپێکەوتنیان لەگەڵ منداڵەکە کردبێت وەک قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یان رەوانەکردنی بۆ چاودێری قوربانی. شارەزا ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر نیگەرانییەکان لەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوربانیانی بازرگانیکردنی سێکس رووبەڕووی دادگاییکردن بوونەتەوە لەسەر تاوانی لەشفرۆشی لەماوەی راپۆرتداندا. سەرچاوەکان راپۆرتیانداوە لەسەر هەندێک روداو، کە دادوەران بەهەڵە قوربانیانی بازرگانیکردنی سێکسیان حوکمداوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی لەشفرۆشی کە بەزۆر پێیان کراوە، لەناویاندا منداڵانی قوربانی بازرگانیکردنی سێکس. سزاکان بۆ تاوانی لەشفرۆشی لە دادگاکانی عێراق لەنێوان 15 ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتاییە، و کەسانی پێگەیشتوو و منداڵانیش دەگرێتەوە. لەماوەی راپۆرتداندا، قوربانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ مەبەستی کارپێکردن رووبەڕووی غەرامەی پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ دەبوونەوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە قوربانیانی بازرگانیکردن لەوانەیە سزا بدرێن لەسەر بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە. 

ئەگەرچی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ داوا لە حکومەت دەکات پرۆسەیەکی فەرمی رەوانەکردن دابمەزرێنێت بۆ رەوانەکردنی قوربانیەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، لە کرداردا، بەرپرسانی حکومەت بەردەوام قوربانیان رەوانە ناکەن بۆ چاودێری، لەوانەیە بەهۆی کەموکوڕی لە رێککارەکانی دەستنیشانکردنی حکومەتدا بێت. حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری سنورداری پاراستنیان دابینکردوە بۆ قوربانیەکانی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن، هەروەها چاودێری قوربانی بەپێی شوێن جیاوازە. لە ئابی 2017 حکومەتی عێراق دووبارە پەناگەیەکی کردەوە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەی دەبات لە بەغداد، کە لە 2016 داخرابوو بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاسایش. پانزە کارمەندی راهێنراو لە پەناگەکە کاردەکەن و کراوە بوو بۆ قوربانی نێر، مێ و منداڵ. وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە پێنج منداڵی قوربانی بازرگانیکردن بە منداڵی رەوانەکردوە بۆ ئەم پەناگەیە لە 2017؛ بەڵام تا کانونی یەکەمی 2017 رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە پەناگەکە هێشتا بەکارنەهێنراوە لەماوەی راپۆرتداندا. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیداوە کە لەماوەی راپۆرتداندا، چاودێری پێشکەش کردوە بە 25 منداڵ کە پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ داعش هەبووە، بەڵام باسی لە جۆری هاوکارییەکان نەکردوە کە پێشکەشی کردوون، هەروەها باسی ئەوەی نەکردوە کە لەڕێگەی چ پرۆگرامێکی دیاریکراوی ئاسایکردنەوەی منداڵانی چەکداری ناو داعشەوە بووە. حکومەتی عێراق کۆمەک یان هاوکاری جۆریی دابین نەکردوە بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ پێشکەشکردنی چاودێری قوربانی. رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی یاساییان پێنەدراوە بۆ بەڕێوەبردنی پەناگە، بەڵام هەندێک بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی پەناگە بەبێ مۆڵەت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی سێ پەناگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ قوربانی مێینەی توندوتیژی خێزانی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام شوێن و خزمەتگوزارییەکان سنوردارن و پەناگەکان زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن بە قوربانیانی توندوتیژی خێزانی. قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پێویستە سەرەتا راپۆرت بدەن بە پۆلیس لەسەر بازرگانیکردن یان تاوانی تر، کە ئەمەش رێگرە لە وەرگرتنی هاوکاری لە پەناگەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی نەداوە لەسەر ژمارەی قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە خزمەتگوزاری وەردەگرن لەم پەناگانە لەماوەی راپۆرتداندا. ئاشنا بەو کەلێنانەی کە لە خزمەتگوزارییەکانی پاراستندا هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی ئەنجامداوە لەگەڵ رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی لە ئاداری 2017 بۆ کردنەوەی پەناگەی نوێ کە خزمەتگوزارییەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی-دەروونی پێشکەش دەکات بە قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و توندتیژی جێندەری؛ ئەگەرچی پەناگەکە لەماوەی راپۆرتداندا نەکرایەوە، بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێن و ئاسایش، خۆراک، چاودێری تەندروستی و کارمەندی کارگێڕی دابین دەکات. 

حکومەتی عێراق راپۆرتیداوە کە خزمەتگوزاریی و قەرەبوو دەدات بە قوربانیانی تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی داعش و پاراستن، راهێنانەوە، قەرەبوو و جۆری تری پاڵپشتی دابین دەکات بۆ رزگاربوان. حکومەتی عێراقی راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2017دا بڕی 1 ملیار دیناری عێراقی (857،630 دۆلاری ئەمریکی) تەرخان کردوە بۆ قوربانیانی ئێزیدی؛ بەڵام سەدان ئێزیدی رزگاربوو دەڵێن قەرەبوویان وەرنەگرتوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بەشێوەیەکی سنووردار بۆ قوربانیانی داعش، لەوانە پەناگە، راهێنانەوە، چاودێری تەندروستی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی. لە 2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری و کۆمەکی دابین کرد بۆ ئازادکردنی 356 ئێزیدی دەستبەسەر لای داعش، کە زۆربەیان قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بوون. 

وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە هەر قوربانیەکی بازرگانیکردنی بیانی یان عێراقی دەتوانێت داوای یاسایی مەدەنی پێشکەش بکات لەدژی بازرگانیکاران، بەڵام هیچ قوربانیەک لە 2017دا داوای لەم جۆرەی پێشکەش نەکردوە. نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی قوربانیان نادەن بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنەکانی تۆمەتبارانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێبوردنیان پێشکەش نەکردوە بە قوربانیە بیانییەکان تا سنورداش نەکرێنەوە یان بەدیلی یاساییان پێشکەش نەکردوون لەجیاتی ناردنەوەیان بۆ ئەو وڵاتانەی لەوانەیە رووبەڕووی سەختی یان تۆڵەکردنەوە ببنەوە. ئەگەرچی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ رێگەدەدات بە حکومەت مۆڵەتی تایبەتی مانەوە بدات بە قوربانیانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر دابینکردنی ئەمە بۆ هیچ قوربانیەک لەماوەی راپۆرتداندا. حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی تایبەتی مانەوەی نەداوە بە هیچ قوربانیەک لەماوەی راپۆرتداندا، بەڵام پەنای گرتوە لە ناردنەوەی قوربانی بیانی مەگەر تاوانی ئەنجام دابێت. حکومەتی عێراق راپۆرتیداوە کە هاوکاری گەڕانەوەی هیچ قوربانیەکی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی نەکردوە لەماوەی راپۆرتداندا. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە کە لەماوەی راپۆرتداندا، هاوکاری کونسوڵخانەکانی میسر، هیند، ئوردون، فلیپین و سودانی کردوە بۆ یارمەتیدانی گەڕانەوەی ژمارەیەکی نەزانراو لە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە خەڵکی ئەم وڵاتانە بوون. 

 

بەرپێگرتن

حکومەت هەندێک هەوڵی داوە بۆ بەرگرتن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. یاسای عێراق قەدەغەی بەکارخستنی خۆبەخشانەی کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ دەکات لەناو هێزە چەکدارەکاندا، لەناویاندا هێزە نانیزامییەکان، گروپەکانی میلیشیا و گروپی تری چەکدار. بەڵام، حکومەتی فیدراڵ رووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی هەندێک لە یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە هەندێک کات ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە بەشێوەی سەربەخۆ لە سەرکردە سیاسییەکان یان فەرماندە سەربازییەکان و ملکەچی دەسەڵاتی فەرماندەکان نەبوون لەکاتی ئۆپەراسیۆنە رێپێدراوەکاندا. حکومەتی توانای سنورداری هەبوو بۆ مامەڵەکردن و رێگرتن لە چەکدارکردن و بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن ئەم گروپانەوە، لەناویاندا هەندێک لە یەکەکانی میلیشیاکانی عەسائیب ئەهل الحق و کەتائیب حزب اللە. هاوکات حکومەت رێگر نەبووە لە یەکەکانی حەشدی شەعبی لە باشوری عێراق بۆ بەکارخستنی منداڵان و بەڕێوەبردنی کەمپی راهێنانی سەربازی بۆ منداڵانی قوتابخانە ئامادەییەکان، کە هەندێک لەم مناڵانە لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوە بوون. بەڵام، بۆ هاندانی فەرماندەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ قبووڵ نەکردنی ئەو منداڵانەی خۆبەخشانە دەچن بۆ شەڕ، حکومەت رەتیکردەوە منداڵانی خۆبەخش تۆماربکات لە پرۆگرامی پارەدان و موچەی دابین نەکرد بۆ ئەم منداڵە خۆبەخشانە. هیچ راپۆرتێک نەبوو لەسەر منداڵی چەکدار لەناو سوپای عێراق، لەگەڵ پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها حکومەت بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی راهێنان بە ئەفسەرانی سوپا لەسەر پرسەکانی منداڵی چەکدار. لە تشرینی دووەمی 2017. حکومەت – بە فەرمانی سەرۆک وەزیران – لیژنەیەکی باڵای نێوان-وەزارەتەکانی پێکهێنا بۆ هەڵسەنگاندن و پێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی منداڵ لە ناوچەکانی پێکدادان لە عێراق. بەپێی دەسەڵاتی لیژنەکە، بە سەرۆکایەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئۆفیسی سەرۆک وەزیران پاڵپشتی پرۆژەیەکی داهاتوی کرد بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی پلانێکی کاری نیشتیمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان لە پێکدادانی چەکداریدا. بەڵام تا کۆتایی کانونی دووەمی 2018، لیژنەکە هێشتا کۆنەبۆتەوە و پلانەکە دانەڕێژراوە.  

کورتهێنانەکانی بودجە، ناکۆکی ناوخۆیی، و پێداویستیە زۆرەکانی بونیاتنانەوە بوونەتە هۆی سنووردارکردنی توانای حکومەتی عێراق بۆ تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەوانە سەرچاوەکان بۆ هاوکاریکردن و پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن. هاوشێوە، پەیوەندییەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، راپۆرتیانداوە کە کۆمەکی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن گونجاو نییە. بەهەرحاڵ، لیژنەی نێوان-وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن، کە وەزارەتی ناوخۆ سەرکردایەتی دەکرد، راپۆرتیداوە کە لە 2017 پێنج جار کۆبۆتەوە. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی هەیە، کە لە 2016 دامەزراوە و پێکدێت لە چەندین وەزارەتی، لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کە رۆڵی چاودێر دەگێڕێت. حکومەتی عێراقی راپۆرتیداوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەڕێگەی میدیای نووسراو، تەلەڤزیۆن و رادیۆ، هەروەها لەڕێگەی سیمینار لە زانکۆکان. حکومەت بەردەوام بوو لە بەڕێوەبردنی هێڵێکی گەرمی 24 کاتژمێری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن، بەڵام راپۆرتی نەداوە چەند کەیسی بازرگانیکردن دەستنیشانکراون لەڕێگەی هێڵە گەرمەکەوە. هاوشێوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵێکی گەرمی هەیە کە لەڕێگەیەوە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەتوانن داوای هاوکاری بکەن و راپۆرت بدەن لەسەر کارپێکردنی زۆرەملێ. حکومەتی عێراق هەوڵی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر کردەی بازرگانی سێکس یان گەشتوگوزاری سێکسی منداڵ. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری دەکەن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ڤیزای ئۆنلاین بۆ دۆزینەوەی کرێکاری بیانی و کۆمپانیا سپۆنسەرەکانیان بۆ رێگرتن لە خاوەنکارەکان لە پێشێلکردنی یاسای کار. هاوکات هەردوو حکومەت هەماهەنگی دەکەن بۆ بەستانداردکردنی گرێبەستەکانی کار تا زانیاری مافەکانی کرێکار لەخۆبگرێت بۆ کرێکاری بیانی و عێراقی. لەماوەی راپۆرتداندا، حکومەتی عێراق 15 کۆمپانیای بەکارخستنی سڕکرد، پێنج کۆمپانیای خستە لیستی ڕەشەوە، و غەرامەی حەوت کۆمپانیای کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە لەسەر سڕکردنی کاتیی 38 کۆمپانیا و غەرامەکردنی شەش کۆمپانیا لەسەر تۆمەتەکانی بازرگانیکردن. حکومەتی عێراق راپۆرتیداوە لەسەر پێشکەشکردنی راهێنان و رێنمایی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ کارمەندانی، لەناویاندا کارمەندانی دیبلۆماسی. 

 

پرۆفایلی بازرگانیکردن 

وەک راپۆرتدراوە لەماوەی پێنج ساڵی رابوردودا، عێراق وڵاتی سەرچاوە و وڵاتی مەبەستە بۆ ئەو ئافرەت و منداڵانەی بازرگانی سێکسیان پێوە دەکرێت، هەروەها ئەو پیاو، ئافرەت و منداڵانەی بەزۆر کاریان پێدەکرێت. پێکدادانی توندوتیژ لەگەڵ داعش دانیشتوانی لاوازتر کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان، سەرکەوتنی حکومەت بەسەر ئەم گروپە تیرۆریستیەدا لەزۆربەی شوێنەکان، لە 9 کانونی یەکەمی 2017 راگەیەندرا، بووە هۆی باشتربوونی دۆخی خەڵکی مەدەنی عێراق. لە کانونی دووەم 2014ەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن عێراقی ئاوارەبوون، نزیکەی 2.1 ملیۆن تا نیسانی 2018 هێشتا ئاوارەن. هاوکات زیاتر لە 248،000 پەنابەری سوریی هێشتا لە عێراقن، کە زۆرینەی هەرە زۆریان لە هەرێمی کوردستانی عێراقن. لە 2014ەوە، چەکدارانی داعش هەزاران ئافرەت و منداڵیان رفاندوە و دەستبەسەریان کردوون کە سەربە گروپە جیاوازە ئیتنی و ئاینییەکانن، بەتایبەتی ئێزیدییەکان، و هێشتا بەردەوامن لە فرۆشتنیان بە چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا، کە رووبەڕووی هاوسەرگیری بەزۆر، کۆیلایەتی سێکسی، لاقەکردن و خزمەتکاری ناوماڵ دەبنەوە. راپۆرت هەبوون لەسەر ئەوەی کە داعش دیلەکانیان دەکوشت ئەگەر رازی نەبوایە هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارەکان بکەن. راگەیاندنەکان راپۆرتیانداوە کە لە چەند ساڵی رابوردودا داعش چەند دیلێکی فرۆشتوە بە کەسانی دەوڵەمەندی وڵاتانی کەنداو، هەروەها راپۆرتی پشتڕاست نەکراوە دەڵێن کە هەندێک لە دیلە ئێزیدییەکان گواستراونەتەوە بۆ سوریا و سعودیە. داعش سیستمێکی رێکخراوی هەبوو بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان بۆ کۆیلایەتی سێکسی، لەگەڵ فرۆشتن بەپێی گرێبەستی پشتڕاستکراوە لەلایەن دادگاکانی داعشەوە. لە 2015-2017، هەزاران ئافرەت و منداڵی دیل لە دەستی داعش هەڵهاتن – زۆریان دووگیان بوون لە ئەنجامی لاقەکردن و بازرگانیکردنی سێکس. هەندێک لەمانە بوونە ئاوارە چونکە داعش هێشتا کۆنترۆڵی ناوچەکانیانی کردبوو. ئەوانەی هێشتا ئاوارەن زۆر لاوازن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەندین شێوەی ئیستیغلال، لەگەڵ دووبارە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.  

منداڵان زۆر لاوازن بۆ بەکارخستنی بەزۆر و بەکارهێنانیان لەلایەن چەندین گروپی چەکدارەوە کە لە عێراق کاردەکەن، لەوانە – جگە لە هیتر – داعش، هێزەکانی حەشدی شەعبی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها میلیشاکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها ئەم منداڵانە زۆر لاوازن و رووبەڕووی گرتن، زیندانیکردن و دادگاییکردن دەبنەوە؛ لە کۆتایی ئاداری 2017، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە لە سەرانسەری وڵات 943 منداڵ، لەناویاندا چوار کچ، هێشتا دەستبەسەرن بە تۆمەتی تیرۆر. داعش بەردەوامە لە رفاندن و بەزۆر بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕ و رۆڵی پاڵپشتیدا، لەوانە وەک قەڵغانی مرۆیی، هەواڵدەر، دروستکەری تەقینەوە، بکوژ، و خۆکوژ؛ هەندێک لەم منداڵانە تەمەنیان 8 ساڵە و هەندێک کەمئەندامی مێشکیان هەیە. داعش بەردەوامە لە راهێنانی منداڵان لە کەمپەکانی راهێنانی سەربازی و ئاینیی؛ چەندین راپۆرتی راگەیاندنەکان دەڵێن و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە منداڵان دەچن بۆ ئەم کەمپانە. لە کانونی دووەمی 2017، راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیاندا کە داعش 400 منداڵی ئێزیدی رفاندوە و راهێنانی سەربازی پێکردوون، لەوانە لەسەر خۆتەقاندنەوە، لەهەمان مانگدا داعش 150 منداڵی رفاند لە تەلەعفەر و بەزۆر بردنی بۆ کەمپی راهێنان. تا سەرەتای 2018، چەندین سەرچاوە راپۆرتیانداوە کە پەکەکە و یەپەگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەردوام بوون لە بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵان. لە ناوەڕاستی 2017، چاودێرە نێودەوڵەتییەکان کوڕانی تەمەن شانزە ساڵیان بینیوە لەناو پەکەکەدا. وەک راپۆرتدراوە لەلایەن رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە لە کۆتایی 2016، پەکەکە و یەکەکانی بەرخۆدانی شەنگال – گروپێکی میلیشیای چەکداری ئێزیدی – بەزۆر کوڕان و کچانی کورد و ئێزیدیان بەکارخستوە و بەکارهێناوە، هەندێک تەمەنیان نزیکەی 12 ساڵ بووە، لە رۆڵی شەڕکردن و پاڵپشتی لە باکوری عێراق.

لە 2015ەوە، سەرچاوەکان بەردەوام راپۆرت دەدەن کە یەکەکانی حەشدی شەعبی منداڵان بەسەربازدەکەن، بەکاردەهێنن و راهێنانی سەربازییان پێدەکەن. شارەزایەک لە بەغداد هەڵسەنگاندنی کرد کە رێژەی ئەم بەسەربازکردن و بەکارهێنانەی منداڵان لە ساڵی 2017دا نەگۆڕاوە. رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندییە ناوخۆییەکانمان راپۆرتیانداوە لە 2017 کە هەڵواسینی پۆستەری هەرزەکاران کە لەکاتی شەڕکردن بۆ میلیشیا شیعەکان کوژراون بەربڵاوە لە ناوچە زۆرینە شیعەکانی بەغداد و لەسەرانسەری باشوری عێراق. زۆربەی ئەو منداڵانەی یاد دەکرێنەوە زیاتر سەربە بە میلیشیاکانی عەسائیب ئەهل الحق و کەتائیبی حیزب اللە بوون. هەندێک لە ئەندامانی عەسائیب ئەهل الحق و کەتائیبی حیزب اللە منداڵان بەسەربازدەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی ناچن بۆ قوتابخانە. سەرچاوەکان راپۆرتیانداوە کە میلیشیاکانی عەسائیب ئەهل الحق و کەتائیبی حیزب اللە، کە یەکەیان هەیە لەناو حەشدی شەعبی و یەکەی سەربەخۆشیان هەیە، منداڵیان بەسەربازکردوە و بەکارهێناوە لە ساڵی 2017. بەپێی سایتی فەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی حەشدی شەعبی و پۆستەرەکان لەسەر شەقام لە ناوەڕاستی 2017، حەشدی شەعبی کۆرسی راهێنانی سەربازی پێشکەش کردوە بە منداڵان و لاوانی نێوان 15-25 ساڵ. لە نیسانی 2017، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتی دروستی پێگەیشت کە میلیشیا خێڵەکییەکانی سوننە 300 کوڕی تەمەن 15-17 ساڵانیان بەسەربازکردوە لە کەمپی ئاوارەکانی کیلۆ 18. لە 2017، هەندێک ئاوارە راپۆرتیانداوە کە میلیشیا خێڵەکییەکانی سوننە منداڵانیان بەکارخستوە لە دەرەوەی کەمپەکان بۆ راهێنانی سەربازی، لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیکردن بە گروپە چەکدارەکانەوە پاش تەواوکردنی راهێنانەکە. لە ناوەڕاستی 2017، چاودێرە نێودەوڵەتییەکان شاهیدی پێنج کوڕ بوون کە خاڵێکی پشکنینیان بەڕێوەدەبرد لە کەمپێکی ئاوارەکان لە نەینەوا؛ کە ئاسایشی خاڵەکە لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسێکی سەربە حەشدی شەعبی بوو. لە ئابی 2017، راپۆرتی پشتڕاست نەکراوە هەبوون کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی راهێنانی سەربازی سێ مانگیان پێشکەش کردوە بە 100 کوڕی هەرزەکاری تورکمان، لە تەمەنی 13-18 ساڵ، لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای کەرکوک. لە 2015 و 2016، چەند سەرچاوەیەک راپۆرتیانداوە کە لایەنەکانی حەشدی شەعبی منداڵانیان بەکارهێناوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەلوجە و ناوچەکانی تری وڵات، لەکاتێکدا کە راگەیاندنەکانی سەربە حەشدی شەعبی ستایش و یادی قوربانی منداڵانی بەسەربازکراو دەکەنەوە. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە کۆی 57 منداڵ بەسەربازکراون و بەکارهێنراون لە 2016 لەلایەن ئەو گروپانەی لەژێر سایەی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن، زۆربەیان راهێنانی سەربازییان وەرگرتوە و لە شەڕدا بەشدارییان پێکراوە، هەروەها 12 منداڵ لەلایەن گروپەکانی حەشدی عەشائیرەوە بەسەربازکراون، هەندێک لەناو کەمپەکانی ئاوارەکان. وەک راپۆرتدراوە لە 2015 و 2016، هەندێک گروپی حەشدی شەعبی منداڵانی گەڕەکە هەژارەکان وەردەگرن لەناو ریزەکانیاندا لە بەسرە، کە قوتابخانەیان جێهێشتوە بۆ پەیوەندیکردن بە حەشدی شەعبی وەک "خۆبەخش"؛ زۆربەیان ئەمە وەک ئەنجامدانی ئەرکێکی ئاینیی سەیردەکەن، لەکاتێکدا هەندێکی تر وەک رێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و پێگەی گەورەتری کۆمەڵایەتی سەیری دەکەن. بەپێی رێکخراوە ناحکومیەکان و فەرماندەکانی هێزە خێڵەکییەکان لە 2015، ئەو منداڵانەی لەناو حەشدی شەعبی شەڕیان دەکرد تۆمارنەکرابوون و موچە و ئیمتیازاتی حکومەت وەرناگرن. لە ئابی 2016، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە میلیشیا خێڵەکییەکانی سوننەی پەیوەست بە حەشدی شەعبی بەلای کەمەوە حەوت منداڵیان بەسەربازکردوە لە کەمپی دیبەگە لە باکوری عێراق، بە وتەی شاهیدەکان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق رێخۆشکەرییان کردوە بۆ بەسەربازکردنی منداڵانی کەمپەکە. 

پەنابەران و ئاوارەکان رووبەڕووی مەترسی زۆری بازرگانیکردن دەبنەوە بەهۆی لاوازی ئابوری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئاسایش و پاراستنەوە. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر تۆڕەکانی بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە پەنابەران و ئاوارەکان دەکەنە ئامانج، و بە هاوکاری بەرپرسە خۆجێیەکان، بەرپرسانی هێزەکانی ئاسایش، و کارمەندانی سنوور کاردەکەن. لە 2015، ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق و رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا لەسەر هەندێک کارمەندی هێزەکانی ئاسایش کە ئاسانکارییان کردوە بۆ بازرگانیکردن بە ژنان و کچانی سوری لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی لە کەمپی پەنابەرانی دۆمێز، هەروەها بازرگانیکردنی سێکس بە کچان لە دەرەوەی کەمپەکان. لە 2016، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا کە پاسەوانانی ئاسایش، جگە لە رێگەدان بە پیاوان بۆ چوونە ناو کەمپ بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی سێکس لەگەڵ کچانی پەنابەر، خۆشیان هەوڵی بەدەستهێنانی سێکس دەدەن لەگەڵ کچە پەنابەرەکان، لەڕێگەی مۆڵەتپێدانیان بۆ دەرچوون لە کەمپ بەرامبەر سێکس. راپۆرتەکانی 2015 ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئافرەتە ئاوارەکان و هەندێک پەنابەری سوری ناچارکراون بە لەشفرۆشی لەلایەن تۆڕەکانی بازرگانیکردن لە هۆتێل و شوێنەکانی لەشفرۆشی لە بەغداد، بەسرە و شارەکانی تری باشوری عێراق پاش ئەوەی کە ئەندامانی تۆڕەکان بەڵێنیان پێداون لە شوێنی تری دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێیان بکەن؛ منداڵەکانی ئەم ئافرەتانەش ناچاردەکرێن بە سواڵکردن لەسەر شەقامەکان. هەندێک ئافرەت لە کەمپەکانی ئاوارەکان، کە هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان تۆمەتبارن بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، رووبەڕووی ئیستیغلالی سێکسی و خراپ مامەڵەکردن دەبنەوە لەلایەن ئەکتەرە چەکدارەکانی ناو کەمپەوە. هەندێک پیاوی پەنابەری سوری بەبێ گرێبەستی یاسایی کاردەکەن لە عێراق، ئەمەش رووبەڕووی مەترسی زیاتری بازرگانیکردنیان دەکاتەوە. راپۆرت هەیە کە هەندێک خێزانی ئاوارەی عێراق منداڵەکانیان دەفرۆشن بە خێزانی تر بۆ زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ منداڵەکانیان؛ ئەم منداڵانە لەبەردەم مەترسی بازرگانیکردن بە مرۆڤدان. 

داب و نەریتییەکان، لەوانە هاوسەرگیری بەزۆر و "کاتیی" و خۆێنبایی (فصلیە) – بەخشینی ئەندامێکی خێزان بەرامبەر کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی – ژنان و کچان دەخاتە مەترسی زیاتری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناو وڵات. بۆ نموونە، لە تشرینی یەکەمی 2016، راگەیاندنەکان راپۆرتیاندا کە کچێکی خێڵی نادا لە پارێزگای میسان بەزۆر دراوە بە پیاوێکی خێڵێکی تر وەک سوڵح بۆ کوشتنی پیاوێکی هەمان خێڵ لەلایەن خێڵی نادا. رێکخراوەکانی پاراستنی منداڵان بەردەوامن لە راپۆرتدان لەسەر رووداوەکانی هاوسەرگیری منداڵ – کە دەبێتە هۆی زیادکردنی مەترسی ئیستیغلال لەسەر منداڵان – بەتایبەتی لەناو ئاوارەکان و پەنابەرە سورییەکاندا لە هەرێمی کوردستان، چونکە سەرۆک خێزانەکان هەوڵی بەدەستهێنانی داهات و کەمکردنەوەی بارگرانی ئابوری خێزان دەدەن. کچە سورییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ناچاردەکرێن بە هاوسەرگیری پێشوەخت یان "هاوسەرگیری کاتیی" لەگەڵ پیاوی عێراقی یان پەنابەرانی تر؛ هەندێک لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێن بە چاوپۆشیکردن، یان وەرگرتنی بەرتیل بۆ چاوپۆشیکردن، لەم جۆرە کەیسانە، لەناویاندا ئەو کەیسانەی کە کچەکان چەندین جار دەفرۆشرێن. راپۆرتەکان بەردەوام پێشنیازی ئەوە دەکەن کە هەندێک بەرپرسی جێبەجێکردنی یاسا لە عێراق تۆمەتبار دەکرێن بە سەردانی بەردەوامی شوێنەکانی لەشفرۆشی بە مەبەستی بازرگانیکردنی سێکس یان وەرگرتنی بەرتیل بۆ رێگەدان بە بازرگانیکردنی سێکس. راگەیاندنەکان و چاودێرانی تر لە 2015 راپۆرتیانداوە کە تۆڕێکی ئێرانی بۆ بازرگانیکردنی سێکس لە شوێنەکانی لەشفرۆشی لە هەولێر کاری دەکرد و قوربانی ئێرانی بۆ بازرگانی سێکس ئیستیغلال دەکران؛ راگەیاندنەکان راپۆرتیانداوە کە دەگوترێت بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 3،000 دۆلاری ئەمریکی داوە بەرامبەر قوربانیەکی بازرگانیکردنی سێکس. راپۆرتی زارەکیی هەبوون، لەوانە لە حوزەیرانی 2016 لەلایەن کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ناوخۆییەوە، لەسەر بازرگانیکردنی سێکسی منداڵ لە سلێمانی، بەتایبەتی کچانی خەڵکی ئێران و سوریا، هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق. هاوکات رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر ئەو کەیسانەی کە کچان لە خێزانەکانیان هەڵهاتوون لەترسی کوشتن لەسەر شەرەف و ئێستا سواڵ دەکەن یان ماددە هۆشبەرەکان دەفرۆشن لە عێراق. دەگوترێت کە تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ منداڵانی عێراقی لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا دەفرۆشن بۆ مەبەستی ئیستیغلالی بازرگانی سێکس. ژنان و کچانی عێراق رووبەڕووی بازرگانیکردن بۆ کارپێکردن و سێکس دەبنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا.  

هەندێک پیاو و ئافرەتی خەڵکی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەفریکا کە کۆچیان کردوە بۆ عێراق رووبەڕووی بەزۆر کارپێکردن دەبنەوە وەک کرێکاری بیناسازی، پاسەوان، بەردەست، و خزمەتکاری ماڵان. هەندێک کۆچبەری بیانی بەکارخراون بۆ کارکردن لە وڵاتانی تری ناوچەکە بەڵام بە هێز، بەزۆر، یان بە هەڵخەڵەتاندن هێنراون بۆ کارکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق. لە کانونی دووەمی 2016، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیدا کە نزیکەی 140،000 کرێکاری بیانی موڵەتی گونجاویان نییە؛ رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە هەندێک خاوەنکار و کۆمپانیای بەکارخستن پێگەی نایاسایی کرێکاران ئیستیغلال دەکەن لەڕێگەی نەدانی موچە و ناچارکردنی کرێکاران بۆ ژیان لە شوێنی نەگونجاو. کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان لە کانونی دووەمی 2016 راپۆرتیداوە کە 69 لەسەتی 480 کرێکاری بیانی کە رووپێو کراون لە هەرێمی کوردستان موچەی بڕیاردراویان وەرنەگرتوە و 18 لەسەت باسیان لە کردەی توندوتیژی کردوە کە لە دژیان ئەنجامدراوە لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە. کۆمسیۆن دەڵێت کە لە ساڵی 2017 راپۆرتی دەرنەکردوە بەهۆی قەیرانی بودجەوە. 

 

PUKmedia

 

Human Trafficking in Persons   Report 2018 (Iraq) Kurdish PDF.pdf

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket