riklam

حكومەت و پەروەردە.....!!

بیروڕا 12:31 AM - 2018-07-18
.

.

        زۆربەمان كەم تا زۆر گوێ بیستی ئەوە بووین دەوڵەتێك هەیە بە ناوی سەنگافۆرە كە دەكەوێتە باشوری ئاسیا و دامێنی دەوڵەتی مالیزیا، روبەرەكەی تەنها 56 هەزار كیلۆمەتری چوار گۆشەیە و دانیشتوانەكەش نزیكەی چوار ملێۆن و نیو دەبێت، ئەو وڵاتە لە كۆتایی شەستەكان سەربەخۆیی خۆی وەرگرتوە لەوێوە لەسەر دەستی پیاوێك بە ناوی (لی كوین)دەستیان بە شارستانیەت گەیشتوە، لە ئیسَتادا لە هەموو جومگەكان نمرە یەكە، بە تایبەت لە بواری پەروەردە و فێركردن، هەر بۆیە ئەو پیاوەیان ناوزەدكردووە بە دامەزرێنەری سەنگافۆرە، لە دیمانەیەكدا پێی دەڵین، ئێوە داهێنانێكی زۆرتان كردووە بۆ وڵاتەكەتان، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێركردن لەو بارەیەوە شتی سەرسوڕهێنەرتان كردووە، ئەویش وەڵام داتەوە دەڵێت، ((نەخێر من شتی سەرسوڕهێنەرو داهێنانی تایبەتم نەكردووە، تەنها بە ئەركەكانی خۆم هەڵساوم دەربارەی نیشتمانەكەم زۆربەی داهاتی وڵاتم بۆ فێركردن بە كارهێناوە و پێگەی مامۆستایانم لە پێگەیەكی ناشایستە و خراپ، گۆڕیوە بۆ باشترین و بەرزترین چینەكانی كۆمەڵگە، بۆیە مامۆستایان  كاری سەرسوڕهێنەر و داهێنانیان كردووە، ئەوان نەوەكانیان پێگەیاندووە كە زانست و رەوشت و وڵاتیان خۆش بووێت)) دەفەرمون سەیری ئەو پیاوە بكەن هەموو هەوڵێكی بۆ پەروەردە و فێركردن بووە، چونكە لای یەقین بووە بەوە دەتوانێ‌ خزمەتی وڵاتەكەی بكات و بیگەیێنێتە ئاستی پێویستی سەردەم ،بەڵێ راست دەرچو، ئەو وڵاتە ئەوەندە پێشكەوتوە نازناوی وڵاتی پڵنگەكانی لێنراوە، سەیری ئەوانەی لای خۆشمان بكەن هەر كە باسی پەروەردە و فێركردن و مامۆستا دەكەیت تاو لەرزەك دەیانگرێ، هەندێكیان وایان لێهاتوە باسی هەموو شتێك بكەیت پێی باشە بەس باسی پەروەردە و فێركردن نەكەیت، بەراستی من سەرم سوڕماوە لەو شێوە بیركردنەوە و بۆ چونە،ئاخر سەری زمان و بنی زمان دنیای مەدەنیەت و شارستانیەت پەروەردە و فێركردن بێت، وڵاتە خوا پێداوەكان پێشبڕكێ بكەن لەگەڵ زەمەن لە پێناوی پەروەردەیەكی باشتر، رێكخراوە پەروەردەییەكانی جیهانیش بە تایبەت پەروەردەی نێو دەوڵەتی (EI)، نەتەوە یەكگرتوەكان، لەهەوڵی ئەوەدابن پرۆسەی پەروەردە بەرەو پێشەوە ببەن تەنانەت دروشمەسەرەكیەشیان گۆڕیوە لە فێركردن بۆ هەموان(Teaching for all) بۆ فێركردنی باش بۆ هەموان(Good teaching for all )،تەنیا لە هەرێمەكەی خۆمان نەبێت زۆر بە ساردی و بەبێ زەوقیەوە مامەڵە لە گەڵ مامۆستا و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەكەن، چاوەرێی ئەوەشن شتی سەرسوڕهێنەر روبدات ، دڵنیاتان دەكەمەوە بەم حاڵە شڕەی ئێوە،بەتایبەت لەگەڵ ئەم بنەما بنەڕەتیانە:

موچەی مامۆستایان لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە بە داخەوە ئەوە بۆ چوار ساڵ و نیو دەچێت یەك مانگ بە خۆشی نەدراوە، مامۆستا وای لێهاتوە بەردەوام دەستی لەسەر دڵی بێت و حەسرەت بەو چین و توێژانە ببات كە ئەو پەروەردەی كردوون و پێی گەیاندوون، ئەمە چ لۆژیكێكە بەمشێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو كارەكتەرە گرنگانە بكرێت كە زۆر دەقە ئاسمانیەكان و داناییەكان و سەركردە تێگەیشتوەكانی جیهان جەختیان لە پیرۆزیان كردۆتەوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە تۆ لە بری ئەوەی چاكی بكەیت، بەبێ هۆكار خراپتری بكەیت وەك ئەو مانگەی كردیان دەرهەق بە مامۆستا كە خۆی لە خۆیدا تاوانێك بوو ( مع سبق الاسرار).

چوار ساڵە یەك میلاك دیاری نەكراوە، ئەمە ئەگەر بۆ دەزگاكانیتری دەوڵەت وارد بێت، هەرگیز بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن وارد نیە، چونكە ئەو پرۆسەیە بەردەوام پسپۆڕی تازە و پڕكردنەوەی میلاكی دەوێت.

لە چوار ساڵی رابردوو یەك  بیناو باڵەخانەی خوێندن دروست نەكراوە، لە ساڵەكانی 2012 – 2013 خۆشی خۆشیبوو كە خەریكە رێژەی قوتابخانە دوو دەوامی و سێ دەوامیەكان  بە رێژەیەكی باش كەم ببێتەوە كەچی لە ناوەندی رێگادا پسا و لە شوێنی خۆی وەستا، ئێستا بە هەنگاوی خێرا دوو دەوامی سێ دەوامی زیاد دەكات لە پاڵ ئەوەشدا رێژەی قوتابیانیش لە پۆلەكان، ئەگەر وا بڕوات لە یەك دوو ساڵ داهاتودا قازانجی ئەوەی كراوە  سەری مایەكە دەخوات.

ئاستی مەعریفی و پەروەردەیی مامۆستایان بەردەوام  پێویستی بە ئەبدەیت كردنەوە هەیە كە پێك دێت لە خولی زانستی، دەرونی، رێگاكانی وانە وتنەوە، ئێستا رێژی مامۆستای باش بۆ 4% دابەزیوە كە بێگومان ئەوە لێكەوتەی زۆر خراپی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەبێت ،ئەمەو چەندین كێشەی ئاڵۆزتر لە هەناوی پرۆسەكەدا تا دێت بارگاویتر دەبێت، من لێرەوە ئاگانامەیەك دەدەمە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان ئەو خەمساردیەی ئێوە بەرامبەر بە مامۆستا و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەیكەین هەرگیز نابێت چاوەڕێ پێشكەوتن و هەرگیزیش چاوەڕێی سەنگافۆرایەكیتر مەكەن، لە كۆتایدا دەڵێم ئەوە پێم وتن، ئەوەیتر دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە، ئەگەر وڵاتتان خۆش دەوێت دەبێت پەروەردە و مامۆستاتان خۆش بوێت ئەگەریش نا  زەمەن ناوەستێت و مێژووش بە زەیی بە كەس نایێتەوە.

 

PUKmedia     ن: عەبدولواحێد محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket