riklam

باشووری عیراق و ده‌رده‌دڵ

بیروڕا 01:30 PM - 2018-07-15
.

.

له‌ مامه‌ڵه‌ی كوردستاندا وا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی عیراق دۆخه‌كه‌ باشه‌ و ته‌نها له‌ كوردستان لاساری هه‌یه‌ و گه‌نده‌ڵی پایه‌داره‌ و ده‌ستوور شێواوه‌ و ئه‌منییه‌ت بۆ هاووڵاتی غه‌یره‌ كورد ته‌سك و ته‌نگه‌ و هه‌موو شتێك خراپه‌. وا جارێكی تر قه‌ومانی به‌سره‌ و باشووری عیراق ده‌ریخسته‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ی ڕاسته‌وخۆ خۆیان حوكمی ده‌كه‌ن، چ وێرانه‌یه‌كه‌؟

له‌ ناوچه‌ی ڕۆژئاوای عیراق، ناوچه‌ی سووننه‌ نشین، به‌هانه‌یان ئه‌وه‌یه‌ تیرۆر و تۆقان، قاعیده‌ و داعش هه‌بووه‌، بۆیه‌ وا خزمه‌ت و ئاوه‌دانی نییه‌، بۆیه‌ وا دیموكراسیی و هاووڵاتێتی جێگیر نه‌بووه‌. بۆ كوردستان ده‌ڵێن له‌ كه‌ركوك مافی توركمان و عه‌ره‌ب ده‌خۆن و هێزه‌ كوردییه‌كان فراوانخوازیی ده‌نوێنن، كه‌چی وا له‌ به‌سره‌ تا بناگوێی به‌غدا، ناڕه‌زایی و به‌ره‌نگاریی جه‌ماوه‌ریی هه‌یه‌، ئه‌ی خۆ ئه‌وه‌ خه‌تای كورد و خه‌تای داعشی نه‌فره‌تلێكراو نییه‌. ئه‌وانه‌ كه‌ حوكمی لامه‌ركه‌زی و ده‌زگای هه‌ڵبژێردراوی ناوچه‌ی خۆیانیان پێناكرێت، به‌ چی روویه‌كه‌وه‌ عیراقێتی و نیشتمانپه‌روه‌رێتی به‌ كورد ده‌فرۆشنه‌وه‌؟ به‌ چ مه‌نتقێكی ره‌واییه‌وه‌ حوكمی به‌غدا ده‌كه‌ن كه‌ نه‌ به‌غدایان پێ حوكمێكی عادیلانه‌ و فره‌ییانه‌ كراو نه‌ بۆ حاڵی مه‌زهه‌ب و خێڵ و عه‌شیره‌تی خۆیان كاریان پێ كراوه‌؟
ئه‌شهه‌دو مابیلا كوردستان هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌، په‌ڵه‌ی پێوه‌یه‌ و بێ كه‌موكوڕی جه‌وهه‌ری نییه‌، به‌ڵام ئه‌دی ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان له‌چییه‌وه‌ هاتووه‌؟ كوردستان هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بێ حیساب و كیتاب هه‌نجه‌تی سه‌ردارانی عیراقی سه‌رخست و پاڵپشتی ئابووری و بودجه‌ی خسته‌ نێو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و قیل و قاڵی برینی ناڕه‌وای بودجه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ی خۆ زۆرینه‌ی عیراق بودجه‌ی نه‌بڕابوو، ڕیفراندۆمی نه‌كردبوو وا جه‌ماوه‌ری شیعه‌ لێیان قیت بۆته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری سووننه‌ش هه‌ر به‌ جارێ لێیان ته‌وه‌للا بووه‌؟

ئه‌وه‌ی له‌ به‌سره‌ و باشوور ده‌قه‌ومێت، له‌ڕووی هه‌قه‌وه‌، هه‌قه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی شێوازه‌وه‌ ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ ده‌سووتێنێ و به‌شێكه‌ له‌ دیمه‌نی میللیگه‌رایی كه‌ عیراق و ناوچه‌كه‌شی ته‌نیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌سڵی هه‌ڵه‌ ده‌زگای حوكمڕانییه‌ كه‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكی خوله‌كی و به‌و ده‌ستووره‌ ناوه‌ڕۆك باشه‌ی عیراقه‌وه‌، ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی باش بكات، به‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌ی عیراقه‌وه‌ ناتوانێ ئاوه‌دانی و بووژانه‌وه‌ دابین بكات تا خه‌ڵك له‌ ته‌مموزدا، چوارده‌ی ته‌مموزی نه‌كه‌فێته‌وه‌ بیر. سه‌رانی ره‌سمیی عیراق ئه‌وكات عیراقێتی و نه‌وت و ده‌ستووریان له‌بیره‌، كه‌ كورد ده‌ست بۆ بڤه‌یه‌ك ببات، ده‌نا وه‌كو دێته‌ سه‌ر عه‌داله‌ت و عیراقێتی و گوزه‌رانی باشی میلله‌ت، ئه‌وا عیراقیان له‌بیر نییه‌.

هه‌روه‌ها میلله‌تیش ئه‌وكاته‌ی سه‌رانی زۆرینه‌ له‌ عیراق پێشێلی مافی كورد ده‌كه‌ن، به‌ره‌نگاریی حكومه‌تیان له‌بیر نییه‌ و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ پێیان خۆشه‌ كورد ببێته‌ بنێشته‌ خۆشه‌. برایان! ئه‌گه‌ر داواكانتان ره‌وایه‌، كه‌ ره‌وایه‌، بۆچی عیراقێكی تایفه‌گه‌ر و دژه‌ كورد و دژه‌ سووننه‌تان پێ ئاساییه‌، به‌ڵام جنوبی بێ خزمه‌ت و بێ ئاوه‌دانی ده‌بێته‌ بڵێسه‌ی ناڕه‌زاییتان.

بێگومان له‌ كوردستانیش كه‌موكوڕی هه‌یه‌، به‌ڵام كوردستان بیانووشی هه‌یه‌ كه‌ به‌شی زۆری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی له‌ به‌غدایه‌ و به‌غداش ده‌ستی واڵا ناكات و كه‌موكوڕیی كوردستانی كردۆته‌ هه‌نجه‌تی زوڵم و زۆری به‌رامبه‌ر بژارده‌ی كوردایه‌تی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیراقێتی زیندووبێته‌وه‌ وه‌كو زیندووبۆته‌وه‌، دوورنییه‌ پریشك بازبدات ‌و بگات.

براده‌ره‌ باشه‌ شیعه‌كانم پێم ده‌ڵێن جنوب هه‌ر نازانێ به‌غدا زوڵم له‌ كوردستان ده‌كات و بودجه‌ و مووچه‌یان بڕدراوه‌، ڕاسته‌، به‌ڵام راستتر له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی دژی زوڵمن، ده‌بێ هه‌ڵسانه‌وه‌یان گشتگیر بێت ‌و ده‌بێ ئاگایان له‌ حاڵی زوڵملێكراوان بێت.

ئێستا ئه‌وی دیاره‌ عیراق هه‌ر ته‌نها له‌ به‌ره‌نگاریی به‌غدای پایته‌ختدا فیدرالییه‌، سێ فیدرالی بێئاگا له‌ یه‌كتری، سووننه‌ به‌جیا توندوتیژی ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌غدا، كوردستان به‌ ته‌نهاو گۆشه‌گیری سیاسه‌تی زۆربه‌ی كات ڕاست و هه‌ندێكجاریش هه‌ڵه‌ ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌غدا. جنوبیش له‌ ئاست به‌غدا قسه‌ ناكات، مه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ نه‌بێت ڕه‌وشی خراپتر به‌رۆكی خۆیان ده‌گرێت.

له‌ولاشه‌وه‌ عه‌بادی، كه‌ دۆخه‌كه‌ی پێ چاره‌سه‌ر ناكرێت، بێ چاره‌ ماوه‌ته‌وه‌، كه‌چی چه‌ند مانگێك پێش ئێستا ئامۆژگاری كوردستانی ده‌كرد كه‌ باش مامه‌ڵه‌ی خۆپیشاندان بكات، له‌كاتێكدا باعیسی به‌شێكی كێشه‌كانی كوردستان سیاسه‌تی دژایه‌تیی كوردستان بوو، كه‌ به‌غدای عه‌بادی په‌یڕه‌وی ده‌كرد.

حوكمی زۆرینه‌ی شیعه‌ بۆته‌ حوكمی زوڵم و زۆر به‌رامبه‌ر به‌ زۆرینه‌ی شیعه‌، جا له‌و حاڵه‌دا قه‌وله‌ مه‌شهووره‌كه‌ پڕ به‌پێستێتی (وای به‌ حاڵی دیگه‌ران).

ستران عه‌بدوڵڵا


PUKmedia  كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket