گه‌شتێك بۆ چین
ریپۆرتاژ 12:48 PM - 2018-07-14.
چین، وڵاته گه‌وره‌و پان و پۆڕو پڕ حه‌شیمه‌ت و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی جیهان، وڵاتێك له هونه‌ری ته‌لارسازییه‌وه بگره بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و ته‌كنه‌لۆژی و كشتوكاڵ و بواری گه‌شتیاری تا ده‌گاته خوێندن و زانست پڕ له‌شتی دانسقه‌و سه‌یروسه‌مه‌ره.
ئه‌م وڵاته كه به‌درێژایی ژیانی مرۆڤایه‌تی مێژووی هه‌یه، مێژووه‌كه‌ی پڕه له ده‌ستكه‌وتی جۆراوجۆر، دانیشتوانی ئه‌و وڵاته كه ژماره‌یان نزیكبۆته‌وه له ملیارێك و چوارسه‌د میلۆن كه‌س هه‌ریه‌كه‌یان به‌كارو پڕۆژه‌یه‌ك سه‌رقاڵن، ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌درێژایی ژیانی بیری لێده‌كاته‌وه‌و پێویستێتی بۆ ڕاییكردنی كاروباره‌كانی ژیان له‌م وڵاته به‌رهه‌مهاتووه، بۆیه هیچ شتێك لای چینیه‌كان ئه‌سته‌م نیه.
لێره‌دا به‌شێك له داهێنان و سه‌رگوزشته‌ی چینیه‌كانتان بۆ باسده‌كه‌ین...
چین كه ده‌كه‌وێته كێشوه‌ری ئاسیا له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه به‌راورد به‌هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ی جیهان زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان له‌خۆده‌گرێت، چین له پڕۆسه‌ی چاكسازی و كرانه‌وه‌و مۆدێرنێزه‌كردنی نه‌ته‌وه‌ییداو به‌مه‌به‌ستی پیشخستنی گه‌شه‌كردنی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی جۆره‌ها پێوه‌ری پیاده‌كردوه تا گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ، كه بۆته سه‌رمه‌شقی وڵاتانی پیشه‌سازی و بازرگانی و دوه‌مین وڵاتی ئابوری جیهان، ئه‌وه‌تا ده‌بینین كۆی به‌رهه‌می ناوخۆی نیشتمانی چین ساڵانه له‌سه‌روی (10) هه‌زار ملیار دۆلاره، ژێرخانه ئابورییه‌كانی چین، له‌وانه رێگه‌وبانه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان، رێگه‌ی ئاسن‌و به‌نده‌ره‌كان له گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدان.
چین به‌هۆی چڕی زۆر له دانیشتوانه‌كه‌ی، باڵه‌خانه‌كانی نیشته‌جێبونی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵكشاون، ئه‌و وڵاته ئابوریه‌كه‌ی گه‌شه‌كردنێكی خێرای به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ڕۆڵێكی گرنگیش له پرۆژه‌كانی پێشخستن و وه‌به‌رهێنان له زۆرێك له وڵاتاندا ده‌گێڕێت، له‌م ده‌یه‌ی دوایدا وڵاتی چین په‌یوه‌ندی ئابوری و ئالۆگۆری بازرگانی له‌گه‌ڵ زیاتر له (١٠٠) وڵاتی جیهان دروستكردوه، گه‌شه‌ی ئابوری چین له سه‌رده‌می نوێ‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر پیشه‌سازی و هه‌نارده‌كردن بونیادنراوه، هه‌روه‌ك بنه‌مای ڕاكێشانی سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌كی‌و هه‌نارده‌ی كاڵا بۆ بازاڕه‌كانی جیهان بۆته خاڵیكی دیكه‌ی به‌هێزی پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته.
وڵاتی چین ده‌كه‌ویته ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا ڕوبه‌ره‌كه‌ی نۆ ملیۆن و ٥٩٦ هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه. زمانی ڕه‌سمی چین "ماندارین"ه و، دراوی ئه‌و وڵاته‌ش ناوی یوان (انمینبی)یه.
له‌ڕوی سیاسییه‌وه، چین هێشتا له‌سایه‌ی سیسته‌مێكی تاك حزبیدایه، حزبی كۆمۆنیستی چین له مانگی ته‌مووزی (١٩٢١) دامه‌زراوه، ئه‌و حزبه له "خه‌باتێكی چڕدا" بووه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی داگیركاری ژاپۆن و فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیاو كۆتایهێنان به سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، به‌رئه‌نجامی ئه‌و خه‌باته ئه‌وه‌بوو، كه حزبی كۆمۆنیستی چین له (١)ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی (١٩٤٩) به سه‌رۆكایه‌تی (ما‌و) ده‌سه‌ڵاتی گرته له‌و وڵاته‌دا ده‌ست.
له چوارچێوه‌ی ڕیفۆرمی گه‌شه‌كردنی وڵات‌دا، ئابوری چین له ساڵانی (١٩٧٠)كان به‌دواوه به‌خێرایی گه‌شه‌یكرد تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی ببێته یه‌كێك له ئابورییه گه‌وره‌كانی جیهان، ئابوری چین له ساڵی (١٩٨٠) بۆ (٢٠٠٠) ڕێگه‌یه‌كی (١٠٠) ساڵه‌ی بڕیوه، چونكه له‌وماوه‌یه‌دا ئاستی ژیانی خه‌ڵكی چین (٢٢) هێنده‌ی پێشوتر گه‌شه‌یكرد، داهاتی تاك (٥٤) هێنده‌ی پێشوو زیادیكرد، گه‌شه‌ی ئابوری چین له‌ساڵی (٢٠١٧) گه‌یشته ڕێژه‌ی (٦,٩%). له‌بواری په‌روه‌رده‌شه‌دا كۆماری میللی چین له ساڵه‌كانی (٨٠)ی سه‌ده‌ی ڕابردودا بایه‌خدانه‌كانی به‌لایه‌نی په‌روه‌رده‌و فێركردن ده‌ستپێكردو به‌هۆیه‌وه هه‌زاران قوتابخانه‌و خوێندنگه دروستكران، به‌هه‌مانشێوه له كردنه‌وه‌ی زانكۆ‌و په‌یمانگه كۆماری میللی چین كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوه، به‌ڵكو چه‌ندین زانكۆ‌و په‌یمانگه‌ی له بواره جیاكان كرده‌وه.
پرۆژه‌ی پێشخستن و گه‌شه‌پێدان به ئابووری چین بۆ ئابووریه‌كی مۆدێڕن و هاوچه‌رخ له‌سه‌ر بنه‌مای راكێشانی سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌كی و هه‌نارده‌ی كاڵا بۆ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رده‌وامی هه‌یه.
هه‌رێمی كوردستان سوود له ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی چین وه‌رده‌گرێ
به‌ئامانجی سود وه‌رگرتن له‌و ئه‌زمونه ده‌وڵه‌مه‌ندو گرنگه‌ی وڵاتانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، به‌تایبه‌ت كۆماری میللی چین، ساڵی (٢٠١٧) وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای هواوی چینی ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كیان بۆ ڕاهێنانی خوێندكاران له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیایی زانیاری ئیمزا كرد تا خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان بتوانن سود له ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و وڵاته له بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری وه‌ربگرن، هه‌روه‌ك ئاشنایی مێژو و كه‌له‌پورو ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و وڵاته له‌بواره جیاكان بن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌ر هه‌مان ساڵ و له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌دا (١٠) خوێندكاری زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاهێنانی له‌بواری گه‌یاندن و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، له‌سه‌ر ئه‌ركی كۆمپانیای هواوی سه‌ردانی (كۆماری میللی چین)یان كرد.
ئه‌م گروپه‌ی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان كه له‌لایه‌ن د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، هه‌ریه‌ك له د.محمد حسین كه‌لاری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و هێمن ئه‌مین شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاوه‌ڵی ده‌كران، به‌گه‌یشتنیان به به‌یجینی پایته‌ختی كۆماری میللی چین له‌لایه‌ن كۆمپانیای (هواوی)یه‌وه خولی ڕاهێنانیان له‌بواری زمان و ئایتی بۆ ڕێكخرابوو.
له‌سه‌ره‌تادا ڕاسته‌وخۆ له‌زانكۆی (په‌كین بۆ كه‌لتورو زمان) ده‌ستیان به‌خولی فێربونی زمانی چینی كرد، له‌و خوله‌دا كه ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وامبوو، خوێندكاران به‌شێوه‌یه‌كی تیوری و پراكیتكی له‌بواری زمانی چینی ڕاهێنانیان پێكراو ئاشنایی بنه‌ماكانی ئه‌و زمانه كران... دواتریش له مه‌راسیمێكدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر به‌شداربواندا دابه‌شكرا.
خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له په‌كینی پایته‌خت سه‌ردانی چه‌ندین شوێنه‌واری دێرینی وه‌ك شورای چین و كۆشكی پادشایه‌تی و، شاری قه‌ده‌خه‌كراو چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌یان كرد، له‌وه‌شدا شاره‌زایی ئه‌زمون و كه‌لتوری كۆماری میللی چین و ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و وڵاته بون.
شورایی چین
شورایی چینی مه‌زن (Great Wall) ڕوبه‌رێكی فراوانی له خاكی چین داگیركردوه‌و بۆته به‌شێك له هێماو نیشانه‌كانی ناسینه‌وه‌ی چین، ئه‌و شوراییه به‌یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كاری ته‌لارسازی ناوازه له‌جیهان داده‌نرێت و ده‌كه‌وێته باشوری ئه‌و وڵاته و هاوسنوره له‌گه‌ڵ باكوری مه‌نگۆلیا.
میژوی دروستكردنی ئه‌و شوراییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (٢٣٠٠) ساڵ له‌ومه‌وبه‌ر، له ساڵی (١٩٨٧) وه‌ك شوێنه‌وارێكی مێژوی دانسقه ناوی له لیستی یونسكۆ بۆ كه‌لتورو شوێنه‌واره‌كان تۆماركرا..
(تشین شی هوانگ) یه‌كه‌م پادشا بوه له ساڵی (٢٢١ پ.ز) فه‌رمانیداوه به‌دروستكردنی شورای چین، دواتر‌و له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ژماریه‌ك پادشای دیكه له ساڵانی نێوان (٢٢١-٢٠٦ پ.ز) قۆناخی یه‌كه‌می دروستكراوه، له ساڵی (١٣٦٨-١٦٤٤) له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕاویی (مینگ) به‌شێكی زۆرتری دروستكراوه.
درێژی شورای چینی مه‌زن ده‌گاته (٢١,١٩٦,١٨) كم. له دروستكردنی شورای چیندا ئامێر‌و ئامراز‌و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی و سه‌رده‌می خۆیدا تێدا به‌كارهاتوه‌و به‌زۆری قوڕو به‌ردیان به‌كارهێناوه. پانی شوراكه ده‌گاته زیاتر له (٨) مه‌ترو به‌رزیه‌كه‌شی به‌پێی شوێنه‌كان ده‌گۆڕێ تا ده‌گاته زیاتر له (٩) مه‌تر له هه‌ندێك شوێندا، هه‌روه‌ك له‌نێوان هه‌ر (١٠٠) مه‌ترێك تاوه‌ڕیكی چاودێری به‌به‌رزی (١٢) مه‌تر دروستكراوه، مه‌به‌ست له دروستكردنی ئه‌و تاوه‌رانه‌ش بۆ چاودێریكردنی ناوچه‌كه بوه.
سه‌رچاوه مێژوییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ئامانج له دروستكردنی ئه‌و شورایه له‌سه‌رده‌می خۆیدا بۆ لایه‌نی سه‌ربازی و سیاسی بوه، له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه وه‌ك به‌ربه‌ستێك بوه بۆ هێرشه‌كانی دوژمن به‌تایبه‌ت هێرشه‌كانی مه‌خۆل، له‌ڕوی سیاسیشه‌وه بۆ دورگرتنی چین بوه له ده‌ستوه‌ردان له كاروباری سیاسی ئه‌وسایی چین، به‌ڵام له‌ئێستا ئه‌و شورایه گرنگی ته‌لارسازی خۆی هه‌یه‌و بۆته یه‌كێك له‌كاره ناوازه ته‌لارسازییه‌كانی مێژو، چونكه له‌سه‌ر مانگ به‌ئاسانی ده‌بینرێ، هه‌رئه‌وه‌ش وایكردوه ببێته یه‌كێك له حه‌وت شته سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی جیهان و ساڵانه‌ش له‌سه‌رانسه‌ری جیهان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری گرنگ به‌ملیۆنان كه‌س ڕوی تێبكه‌ن و به‌شه جیاكانی به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه.
له دروستكردنی شورایی چیندا نزیكه‌ی (٣٠٠٠٠٠) كرێكار كاریان كردوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌و كرێكارانه به‌هۆی سه‌ختی ناوچه‌ی كاركردن گیانیانله‌ده‌ستداوه، به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی (١٠) هه‌زار كرێكار به‌درێژای مێژوی كاركردن و دروستكردن له‌و شورایه گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و هه‌ر له‌نزیك شوراكه‌ش نێژراون، ئه‌و شورایه به‌درێژای ته‌مه‌نی له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا چه‌ندینجار نۆژه‌نكراوته‌وه.
یه‌كه‌مین گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستانیش دوای دوو سه‌عات به‌ڕێكه‌وتن له په‌كین- گه‌یشته ئه‌و شورایه‌و به‌شه جیاكانی ئه‌و شوراییه‌یانه به‌سه‌ركرده‌وه‌و خۆشحاڵی خۆیان پیشاندا كه له‌نزیكه‌وه ئاشنایی ئه‌و شوێنه مێژوییه‌ی جیهان بوون.
شاری قه‌ده‌خكراو
كۆشكی ئیمپراتۆری یاخود شاری قه‌ده‌خكراو (Forbidden City):یه‌كێكه له كۆشكه ناوازه‌كانی مێژوی ئیمپراتۆریه‌ت له جیهان. ئه‌م كۆشه ده‌كه‌وێته په‌كینی پایته‌ختی چین، به‌یه‌كێك له شاكاره‌كانی مێژوی ته‌لارسازی چینی داده‌نرێ، كه له ماوه‌ی (١٤) ساڵ و له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وای ئیمپراتۆریه‌تی بنه‌ماڵه‌ی (مینگ) و (تشینگ) له ساڵانی نێوان (١٤٠٦-١٤٢٠) به كاركردنی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كرێكار‌و سه‌د هه‌زار پیشه‌وه‌رو هونه‌رمه‌ند دروستكراوه‌و گه‌وره‌ترین زنجیره كۆشكه له چین كه تائێستا پارێزگاری لێكراوه. له‌م زنجیره كۆشه‌كه‌دا به‌هه‌زاران كاری هه‌ڵكۆڵین و كاری ده‌ستی و هونه‌ری مه‌زنی چینی ڕازاوه‌ته‌وه، كه مرۆڤ سه‌دان ڕۆژی ده‌وێ تا له ورده‌كارییه‌كانی ئه‌وكاره گه‌وره‌و مه‌زنه‌ی وه‌ستاو هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چین تێبگات، چونكه ئه‌و شاكاره به‌رهه‌می ئامێر‌و كه‌رسته‌ی پیشه‌سازی نیه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ده‌ست و كاری داهێنه‌رانه‌ی خودی مرۆڤه.. ئه‌م كۆشه‌كه بۆ نزیكه‌ی پێنچ سه‌ده له هاوڵاتی و خه‌ڵكی ئاسایی قه‌ده‌خه‌كرابوو سه‌ردانی بكه‌ن، بۆیه به‌شاری قه‌ده‌خه‌كراو ناسراوه.
له‌م كۆشكه‌دا نزیكه‌ی یه‌ك میلۆن پارچه‌و كه‌لوپه‌لی هونه‌ری ناوازه پارێزگاری لێكراوه‌و ئێستا بۆته مۆزه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی هونه‌ری ته‌لارسازی كۆن و شوێنه‌وارو پاشماوه‌كانی ئیمپراتۆریه‌ت و هونه‌ره جیاوازه‌كانی كۆنی وه‌ك خۆی تێدا نمایشكراوه، هه‌ربۆیه له‌ساڵی (١٩٨٧) یونسكۆ وه‌ك یه‌كێك له شوێنه‌واره‌كانی جیهان ناساندی و خستیه ناو لیستی شوێنه‌واره كه‌لتورییه‌كانی جیهان.
ڕوبه‌ری ئه‌م شاره قه‌ده‌خه‌كراوه بریتیه له (٧٢٠,٠٠٠) مه‌تر دوجا، درێژه‌یه‌كه‌ی ده‌گاته (٩٦٠) مه‌ترو پانیه‌كه‌شی له ڕۆژهه‌ڵات بۆ ڕۆژئاوا ده‌گاته (٧٥٠) مه‌تر، زیاتر له (٨٠٠) باڵه‌خانه‌ی تێدا دروستكراوه‌و له (٨٧٠٠) ژور پێكهاتوه، به‌شێوه‌یه‌ك ئیمپراتۆر هه‌رجاره‌و له ژورێك خه‌وتوه، بۆیه به‌درێژای مێژوی ئه‌و كۆشه‌كه هیچ ئیمپراتۆرێك نه‌كوژراوه، له‌چوار ده‌وری شاره‌كه‌شدا شواریه‌ك به‌به‌رزی (١٠) مه‌تر دروستكراوه، هاوكات بۆ پارێزگاری كردن له شاره‌كه ڕوبارێكی ده‌ستكردیش به‌ناوی ڕوباری (هوتشنگ) به‌ده‌وره‌وبه‌ری شوراكه دروستكراوه، جگه له چوار ده‌رگا له باكورو باشور‌و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هیچ ده‌روازه‌یه‌كی دیكه نه‌بوه بۆ هاتوچۆكردن، له گۆشه‌كانی كۆشكه‌كه‌شدا تاوه‌ری چاودێری دروستكراوه.
ئه‌و شاره له دوو به‌ش پێكهاتوه، به‌شی یه‌كه‌میان كه به‌شی پێشه‌وه‌ی شاره‌كه‌یه تایبه‌تبوه به‌جێبه‌جێكردنی مه‌راسیم و چالاكی و فیستیڤاڵی گشتی، هه‌رچی به‌شی دوه‌میانه كه به‌شی ناوه‌ڕاست و پشته‌وه‌ی شاره‌كه‌یه تایبه‌تبوه به‌شوینی نیشته‌جێبونی ئیمپراتۆرو خێزان و شوێنی ڕایكردنی كاره‌كانی ڕۆژانه‌ی ئیمپراتۆرو كۆبونه‌وه‌و پێشوازیكردن له مێوانان و نێرده‌كان.
له‌ماوه‌ی (٤٩١) ساڵدا، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وای هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی (مینگ و تشینگ) زیاتر له (٣٠) ئیمپراتۆر له‌و شاره‌وه فه‌رمانڕه‌وایه‌تی (چین)یان كردوه. تا ساڵی (١٩١٤) به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكاری و شۆڕشانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕویدا به‌شی پێشه‌وه‌ی به‌ڕوی جه‌ماوه‌ردا كرایه‌وه، هه‌روه‌ك دوای وه‌ده‌رنانی ئیمپراتۆر (بویی) دواین ئیمپراتۆری بنه‌ماڵه‌ی (تشینگ) له كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له ساڵی (١٩٢٤)، ئه‌وه‌بو به‌شی دوه‌میكۆشك له ساڵی (١٩٢٥) به‌ڕوی جه‌ماوه‌ردا كرایه‌وه‌و ناونرا (مۆزه‌خانه‌ی كۆشكی ئیمپراتۆر)، هه‌روه‌ك دوای دامه‌زراندنی كۆماری میللی چین له ساڵی (١٩٤٩) ساڵانه حكومه‌ت بودجه‌یه‌كی ته‌رخان ده‌كرد بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌و كۆشه‌كه، له ئێستاشدا ئه‌و كۆشه‌كه كه سه‌رجه‌م ئامێر‌و كه‌ره‌سته‌كانی پادشاكانی فه‌رمانڕوای چینی تێدا نمایشكراوه بۆته شوێنێكی گه‌وره‌ی گه‌ششتیاری و ڕۆژانه به‌هه‌زاران كه‌س له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتانی جیهان و شاره‌كانی چین سه‌ردانی ئه‌و شاره ده‌كه‌ن، كه ڕۆژگارێك هاوڵاتی ئاسایی بۆی نه‌بوو نزیكی ببێته‌وه، به‌ڵام ئێستا بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات بۆ ده‌وڵه‌ت و به‌پێی ئاماره‌كان ساڵانه نزیكه‌ی (١٠) ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانی ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ن.
په‌رستگه‌ی ئاسمان
په‌رستگه‌ی ئاسمان Temple of heaven : بریتیه له‌و شوێنه‌ی كه (مینگ و تشینگ)ی ئیمپراتۆر بۆ سروت و بۆنه‌و قوربانیه‌كان بۆ ڕێزگرتن له ئاسمان له‌پێناو به‌روبومی باشتر دروستیان كرد، ئه‌م په‌رستگایه كه ده‌كه‌وێته لای باشوری شاری په‌كینی كۆن، له‌سه‌ر ڕوبه‌ری (٢٧٣) هێكتار زه‌وی له‌ساڵانی نێوان (1406-1420) و له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆر(Yongle) دروستكراوه، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ دروستكردنی شاری قه‌ده‌خه‌كراو، ئه‌م په‌رستگایه له‌سه‌ده‌كانی شازده‌و هه‌ژده‌ش نۆژه‌ن و فراوان كراوه‌ته‌وه، به‌پێی بیروباوه‌ڕی چینیه‌كان ئه‌و په‌رستگایه شوێنێكی پیرۆزه، چونكه زه‌وی ده‌به‌ستێته‌وه به‌ئاسمان، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بوه كه چینیه‌كان پێیان وابووه زه‌وی چوارگۆشه‌یه‌و ئاسمان بازنه‌یه، بۆیه بناخه‌ی ئه‌و په‌رستگایه‌یان له‌شێوه‌ی چوارگۆشه دروستكردوه‌و نهۆمه‌كانی سه‌ره‌وه‌شیان له‌شێوه‌ی بازنه‌یه‌ی دروستكردوه، بناخه چوارگۆشه‌كه‌ش له ژماره‌یه‌ك پلیكانه پێكهاتوه، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئاسمان به‌زه‌وی.
په‌رستگه‌ی ئاسمان له‌چه‌ند هۆلێك پێكهاتوه له‌وانه، هۆڵی (تشینیان) كه بریتیه له هۆڵی سه‌ره‌كی قوربانیدان، ئه‌م هۆڵه له ساڵی (١٤٢٠) دروستكراوه، شێوه‌كه‌ی خڕه‌و بنه‌میچی هۆڵه‌كه له ئاسن دروستكراوه‌و زه‌ویه‌كه‌شی زێڕپۆشكراوه‌و له‌گه‌ڵ سێ چین نه‌خشه‌سازی مه‌زن، به‌رزیه‌كه‌ی (٣٣) مه‌ترو چێوه‌كه‌شی (٢٤) مه‌تر دوجایه، ئه‌و هۆڵه له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كی به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕی سپی دروستكراوه كه له سێ چین پێكدێ و دڕێژییه‌كه‌ی ده‌گاته شه‌ش مه‌تر، هۆڵه‌كه به‌ته‌واوه‌تی له دار دروستكراوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قرمیت و كه‌رپوچ به‌كارنه‌هاتوه، له‌م هۆڵه‌دا چوار ستون له ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ چوار وه‌رزی ساڵ، له‌هه‌مانكاتدا بیست و چوار ستونی دیكه له‌سه‌روی لاكانی هۆڵه‌كه هه‌یه ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دوانزه مانگ و دوانزه یه‌كه‌ی پێوه‌ری كات (سه‌عات)، هه‌روه‌ها وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌دیاریكراوه بۆ (٢٤) ڕۆژی ڕۆژمێری هه‌تاوی.
له هۆڵی (هوانگتشیۆ نگیوی) واتا (زانستی ده‌نگ له باڵه‌خانه) كه له‌به‌شێكی ئه‌و په‌رستاگایه‌یه، له پێشه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌كان به‌شێوه‌ی كه‌وانه‌یی به‌به‌رد دروستكراوه ، كاتێك ده‌رگای هۆڵه‌كه كراوه ده‌بێت و په‌نجه‌ره‌كان داخراو ده‌بێ، ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ئاراسته‌ی ده‌رگاكه قسه بكات بۆ سێ جار ده‌نگدانه‌وه‌كه‌ت گوێ لێ ده‌بێ. ئه‌م كرداره له شوێنه‌كانی دیكه‌ی په‌رستگاكه‌ش دوباره‌كراوه‌ته‌وه، وه‌ك دیواری ده‌نگی، ئه‌وه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له داهێنانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كه له‌م په‌رستاگایه‌دا به‌كارهاتوه، به‌رزی ئه‌م دیواره (٣,٧٢) مه‌تره‌و درێژییه‌كه‌ی (٦١,٥) مه‌تره‌و به‌كه‌رپوچ یان خشتی قوڕ دروستكراوه، كاتێك یه‌كێك له‌لایه‌كی دیواره‌كه قسه‌یه‌ك ده‌كات، كه‌سانی زۆر دور گوێیان لێ قسه‌كان ده‌بێ، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئامرازێكی په‌یوه‌ندی له‌و سه‌رده‌مه به‌كارهاتوه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یان، به‌وه‌ش ته‌لارسازییه‌كانی ئه‌وسای چین پیرۆزییه‌كی دیكه‌یان به‌خشیوه به په‌رستاگاكه.
ئه‌م په‌رستاگایه‌و شوێنه مێژوییه‌كانی ئه‌و وڵاته چه‌نده توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێ، هێشتا ئه‌هێنێ توێژینه‌وه‌ی زیاتریان له‌باره‌وه بكرێ، چونكه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هونه‌ری ته‌لارسازی چینی كۆنمان بۆ ده‌ره‌خات، كه له چ ئاستێكی به‌رزو گه‌وره‌دا بوه.
هه‌ر له‌م په‌رستاگایه‌دا بایه‌خێكی زۆر به‌سه‌وزایی دراوه، بۆ نمونه داری سنوبه‌ری زۆربه‌ری ڕوبه‌ڕی په‌رستاگاكه‌ی پۆشیوه، له‌بایه‌خدان به‌ڕێژه‌ی سه‌وزایی چینیه‌كان ڕه‌نگی سه‌وزی تۆخیان به‌كارهێناوه، چونكه له‌لای چینیه‌كان ڕه‌نگی سه‌وزی تۆخ ئاماژه‌یه بۆ ڕێزگرتن و نزا، هه‌ربۆیه ده‌بینین زۆربه‌ی شوێنه‌كانی قوربانیدان و نزا‌و پاڕانه‌وه‌و په‌رستگه‌و گۆڕستانه‌كانیان به‌داری سنوبه‌ر داپۆشیوه، ڕوبه‌ڕی سه‌وزایی ئه‌م په‌رستگایه‌ش بریتیه له (١٦٨) هێكتار زه‌وی، كه زیاتر له (٦٠) هه‌زار له جۆره‌كانی داری تێدایه‌و (٣٥٠٠) داریان له داره كۆنه‌كانن، به‌وه‌ش ئه‌م په‌رستگه‌یه بۆته یه‌كه‌مین شوێن له په‌كین كه زۆرترین ڕێژه‌ی سه‌وزایی تێدا بێ، هه‌رئه‌وه‌ش وایكردوه ژینگه‌یه‌كی پاك و ته‌ندروستی هه‌بێ و هه‌میشه پله‌ی گه‌رمیڵاله وه‌رزی هاوین به‌به‌رارود به‌ناوه‌ڕاستی په‌كین پێنچ بۆ شه‌ش پله كه‌متر بێ.
ئه‌م په‌رستگه‌یه له ساڵی (١٩٩٨) له لیستی یونسكۆ بۆ شوێنه‌وارییه جیهانیه‌كان تۆماركراو له‌هه‌مان ساڵیش‌دا به‌ڕوی گه‌شتیاراندا كرایه‌وه، به‌هه‌مانشێوه ساڵانه ڕێژه‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار له‌سه‌رانسه‌ری چین و وڵاتانی جیهان سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
كۆشكی هاوینه
یه‌كێك له دڵڕفێنترین ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی په‌كین كۆشكی هاوینه‌یه(Summer Palace)، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك ته‌نها له چین به‌ڵكو بگره له سه‌رانسه‌ری جیهان. ئه‌م كۆشكه یه‌كه‌مجار له ساڵی (١٧٥٠) له سه‌رده‌می خێزانی (چینگ)دا بونیادنرا، ڕوبه‌ری بریتیه له(٢,٩) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه، كه سێ له چوار به‌شی ئاوه.
ئه‌و سه‌روه‌خته، (چیان لۆنگ)ی ئیمپراتۆر بانگه‌وازی بۆ ئه‌ندازیارانی بیناسازی كرد له‌هه‌موو شوێنێك، ئه‌م ئیمپراتۆره ئه‌و بیناسازانه‌ی نقومی خه‌ڵات كرد بۆ بونیادنانی ئه‌و توحفه بیناسازییه ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕێزلێنانێك له دایكی له‌ڕۆژی له‌دایكبوونیدا. پاش (١٥) ساڵ له بونیادنان و بیناسازی ئه‌و باخچه جوان و دڵڕفێنه بونیادنراو ناونرا كۆشكی هاوینه.
باخچه‌كانی ده‌وروبه‌ری سێ گرد لێوه‌ی دوورن و بریتین له پێنج باخچه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستراو. هه‌روه‌ها پردێكی سه‌رنجڕاكێشیش به (١٧) تاق دیزاینكراوه، ده‌ریاچه‌كه‌ش دوو هێنده فراوان كراوه‌ته‌وه. له جه‌نگی ئه‌ڤیوندا، سوپای به‌ریتانی و فه‌ره‌نسی ئه‌و كۆشكه‌یان كاولكردو پاشانیش جارێكی دیكه له‌لایه‌ن هێزه هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه دوباره كاولكرایه‌وه.
خاتونه ئیمپراتۆر (دواگر تسیشی) له‌و كۆشكه‌دا نیشته‌جێ بوه، كه به‌ده‌ستێكی ئاسنین فه‌رمانڕه‌وایه‌تی چینی كردوه‌و توانیوییه‌تی بۆ ماوه‌ی (٤٧) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكا، فه‌رمانه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌و په‌شیمانبونه‌وه‌ی تێدا نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای دڵڕفێنی ئه‌و كۆشكه‌و باخچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، به‌ڵام له‌سه‌روه‌ختی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌ودا گه‌نده‌ڵی بڵاوه‌ی كرد‌و وڵاتی ڕوبه‌ڕوی چه‌ندان كاره‌ساتی ناوخۆیی و شكستی ده‌ره‌كی له‌به‌رده‌م سوپا خۆرئاواییه چاوچنۆكه‌كان كرده‌وه، به‌وهۆیه‌وه كۆشكه‌كه دوجاری كاولكراو سوتان بوه‌وه، چونكه به‌بێ كاولكردنی به‌شێكی نه‌یده‌توانی خۆی له‌به‌رده‌م هێرشه‌كاندا ڕابگرێ.
ساڵی (١٩٩٨) یۆنسكۆ ئه‌م كۆشكه‌ی وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی كه‌له‌پوری شارستانی له جیهاندا له قه‌ڵه‌مدا، له كۆشكی هاوینه‌ی ئیمپراتۆریدا (یی خه یوان) زیاتر له سه‌د باڵه‌خانه‌ی كۆن له كۆشكی بچوك و پرد‌و ماڵ باخچه‌ی بچوك هه‌یه، وێڕای بوونی (١٦٠٠) دره‌ختی كۆنی هه‌مه‌جۆر. هه‌ندێكیان به‌ناوبانگن لای چینیه‌كان وه‌ك بورجی (فوه شیانگ)، كه ڕێڕه‌وێكی درێژی وێنه‌دار به‌ناوی (چانگ لانگ) و كه‌شتی به‌ردینی كۆن (چی فانچ) و شه‌قامیی (سوچوی كۆن) و پردی به‌ردینی حه‌ڤده ده‌لاقه‌یی و باخچه‌ی (چی شو یوان) به ستایلی دێرینی چینی وڵاچه‌ندان باڵه‌خانه‌ی سێمبولی دێرین و ناسراوی له‌خۆگرتوه.
كۆشكی هاوینه‌ی (یی خه یوان) وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك له گه‌نجینه كه‌لتورییه دڵڕفێنه‌كانی نێو تۆماری مێژویی چینی و جیهانیی، ساڵانه نزیكه‌ی پێشوازی له ملیۆنێك گه‌شتیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌كا. هه‌ر گه‌شتیارێك كه سه‌ردانی ده‌كا، به‌ها و ڕێزێكی زۆری بۆ داده‌نێ. ده‌كرێ بڵێین ئه‌و كۆشكه په‌نجه‌ره‌یه‌كی گرنگه بۆ خستنه‌ڕوی شارستانیه‌تی میللـه‌تی چینی و پته‌وكردنی ئاڵوگۆڕێ كه‌لتوری له جیهانی ده‌ره‌وه‌دا.
باخچه‌ی (یی خه یوان) ته‌نها خاوه‌ن دیمه‌نێكی سروشتی جوان نییه، به‌ڵكو وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌كی مێژویی زیندوه‌و چه‌ندان دیمه‌نی جیهانی به‌خه‌ڵكی پیشان ده‌دات، چونكه له هه‌ندێ هۆڵ و ژوی كۆن و باخچه‌ی دێریندا، توحفه‌و شتی كۆنی وه‌ك (گۆزه‌ی برۆنزی و نه‌خشێنراو، كه‌ره‌سته‌ی به‌ردیی به‌نرخ، وێنه‌و شتی نه‌خشێنراو و چه‌ندان كاری ده‌ستی جۆراوجۆر) خراوونه‌ته‌ڕو، كه ته‌نها ئه‌وه نییه ئاستی شارستانیی چینی دێرین بخاته‌ڕو، به‌ڵكو به‌رجه‌سته‌كه‌ری بلیمه‌تی كه‌لتوری چینی دێرین و هونه‌ری ده‌ستی دڵڕفێنی سه‌رده‌می كۆنیشه.
له‌پێناو پاراستنی باخچه‌كه به شێوه‌یه‌كی باشتر، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا حكومه‌ت چه‌ند شوێنێكی باخچه جیاوازه‌كانی نۆژه‌نكرده‌وه، ئه‌وه‌ش وایكرد جوانتر‌و زیندووتر ده‌ربكه‌وێ.
(چانگ لانگ) كه درێژین ڕێڕه‌وه‌ی ده‌ستكرده له‌سه‌رئاستی چین و جیهان، ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر ده‌ریاچه‌ی كۆن (مینگ)، درێژیه‌كه‌ی (٧٢٨) مه‌تره، ئه‌و ڕێڕه‌وه بۆ هاتوچۆی ئیمپراتۆرو هاوسه‌رو دۆست و گه‌وره به‌رپرسان بوو بۆ بینینی دیمه‌نه سروشتییه دڵڕفێنه‌كان له‌ڕۆژانی باراناوی و به‌فرباریندا. له‌و ڕێره‌وه‌دا زیاتر له (١٤٠٠٠) تابلۆی جوان له بنمیچی ڕێڕه‌وه درێژه‌كه كێشراوه، كه بریتین له تابلۆی دیمه‌نی چیا‌و ڕوبارو ڕوه‌ك و ئاژه‌ڵ و ماسیی و مێرو و پاڵه‌وانی هه‌ندێ له‌چیرۆكه چینیه دێرینه‌كان. ئه‌و ڕێڕه‌وه درێژه جوانه وه‌ك درێژترین ڕێڕه‌وی ده‌ستكردیی دێرین له‌سه‌ر ئاستیی جیهان خرایه نێو (ئینسایكلۆپێدیای گینس بۆ ژماره‌ی پێوانه‌یی)كان.
شوێنێكی دیكه‌ی دڵڕفێن له باخچه‌كه‌دا هه‌یه به‌ناوی (تینگ لی قوان)، كه ساڵی (١٧٥٠) بونیادنراوه. شوێنێكی تایبه‌ته بوه بۆ كاتبه‌سه‌ربردنی ئیمپراتۆره‌كان وه‌ك چێژوه‌رگرتن له ئۆپێراو نمایشه هونه‌رییه‌كانی دیكه. پاش دامه‌زراندنیی كۆماری چینی میللی، ئه‌و شوێنه بوه هۆڵی میوانداری بۆ پێشوازیكردن له میوانه بیانیه‌كان. له‌ناوه‌وه‌شدا چێشتخانه‌یه‌كی دێرینی به‌ناوبانگ هه‌یه به‌هه‌مان ناو، كه هه‌میشه به‌چێژترین و به‌تامترین خواردنی چینی دێرین پێشكه‌ش به گه‌شتیاران ده‌كا.
شه‌قامی (سوچوی دێرین) له كۆشكی هاوینه‌دا
شوێنێكی گه‌شتیاری دیكه‌یه كه سیمای شاره چینیه‌كانی باشوری چینه، له هه‌ردوو لایه‌وه، هه‌ندێ چایخانه‌و مه‌یخانه‌و شوێنی بازرگانی هه‌مه‌جۆر هه‌یه، گه‌شتیاران هه‌میشه له‌و شوێنه سه‌رقاڵی بازاڕی و چایخواردنه‌وه‌و پشودان و دیمه‌نی یاری میللی و نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌تن وه‌ك سه‌مای شێر‌و نمایشیی هونه‌ری و سترانیی ناوخۆیی و چه‌ندان شتی دیكه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ندێ تابلۆی نوسراو به زمانی بیانی له هه‌ندێ شوێنی گرنگی باخچه‌كه دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران ئاگاداری بارودۆخ و مێژوی كۆشكی هاوینه‌ی یی خه یوانی دڵڕفێن بێ.
یه‌كێكه له دڵڕفێنترین و سه‌رنجڕاكێشترین باخچه‌ی جیهان (چیای هو چان)ه، كه ده‌كه‌وێته ئه‌وپه‌ڕی باكوری كۆشكی هاوینه‌و به پاركی ده‌ریاچه‌ی پشته‌وه داده‌نرێ. ئه‌و چیایه ته‌واو جیاوازه له تایبه‌تمه‌ندی و شكۆی پاركی چیای پێشه‌وه، كه هیچ باڵه‌خانه‌یه‌كی شكۆداری زۆری لێ نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له پاركی شاخاوی پێشه‌وه هه‌یه، گه‌رچی دره‌خته سه‌وزه چڕوپڕه‌كان و ڕێگه شاخاوییه پڕپێچاوپێچه‌كان ئارامی و ئه‌فسونی ئه‌و شوێنه ده‌نوێنن.
پاركی ده‌ریاچه‌ی پێشه‌وه ده‌كه‌وێته باشوری كۆشكی هاوینه كه ئاوێكی ڕوونی پێدا ده‌ڕوا. لێره‌وه ده‌كرێ لای خۆرئاواوه زنجیره چیایه‌ك ببینرێ و لای باكوریشه‌وه چه‌ند باڵه‌خانه و كۆمه‌ڵێك بورجی شكۆمه‌ندانه هه‌یه. ڕێڕه‌وێك ده‌ریاچه‌كه دووله‌ت ده‌كاو پڕه له دره‌ختی خۆخ و بی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌كه شه‌ش پرد له‌سه‌ر شێوه‌ی كه‌وانه‌یی و سێ دوڕگه هه‌ن كه باڵه‌خانه‌ی كلاسیكی هه‌مه‌جۆرو جیاوازی له‌سه‌ر بونیادنراوه، هه‌روه‌ك كۆشكه‌كه‌ی (فو شیانگ) له‌سه‌ر چیای (وان شو) به باڵه‌خانه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌كۆشكی هاوینه داده‌نرێ. ئه‌و كۆشكه‌یه له‌سه‌ر بنكه‌یه‌كی چوارگۆشه‌یه كه به‌رزییه‌كه‌ی ده‌گاته (٢١) مه‌تر. درێژیه‌كه‌شی (٤٠) مه‌تره‌و له (٨) به‌ش و (٣) نهۆم و (٤) گوێسوانه پێكهاتوه. له‌ناو كۆشكۆكه‌دا (٨) ستونی گه‌وره هه‌یه، په‌یكه‌ری ئه‌و كۆشكه‌ش زۆر ئاڵۆزه‌و به باشترین باڵه‌خانه‌ی نه‌ریتی چینی داده‌نرێ..
كۆشكی هاوینه دووجار له مێژودا ڕوبه‌ڕوی كاولكاری بۆته‌وه. جاری یه‌كه‌م هێزه به‌ریتانی-فه‌ره‌نسییه هاوپه‌یمانه‌كان له‌ساڵی (١٨٦٠) سوتێنرا، پاش ئه‌وه‌ی نۆژه‌نكرایه‌وه. ساڵی (١٩٠٠) جارێكی دیكه له‌لایه‌ن هێزی هاوپه‌یمانانه‌وه دوباره كاولكرایه‌وه، جارێكی دیكه له ساڵی (١٩٠٢) نۆژه‌نكرایه‌وه.
سیستمی په‌روه‌رده‌و خوێندن له چین
خوێندن و فێركردن یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی پێشكه‌وتنی كۆماری میللی چین، ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی به‌ڕوی جیهان، به به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی "خوێندن به‌درێژایی ژیان" و پێداچونه‌وه به كوالێتی خوێندن له‌ڕوی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هه‌نگاوی مه‌زنی نا.
له‌ڕوی چه‌ندایه‌تیه‌وه له ئێستادا له كۆماری میللی چین ته‌نها یه‌ك وه‌زاره‌ت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن هه‌یه، كه (٢٥٥) ملیۆن قوتابی و خوێندكار له‌خۆده‌گرن، قۆناخه‌كانی خوێندنیش له‌و وڵاته دابه‌ش كراوه‌ته‌سه‌ر قۆناخی (باخچه‌ی منداڵان) كه له ته‌مه‌نی سێ ساڵیه‌وه ده‌ستپێده‌كات، (قۆناخی سه‌ره‌تایی) له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیه‌وه ده‌ستپێده‌كات و قۆناخی (ناوه‌ندی)یش ماوه‌كه‌ی سێ ساڵه، هه‌روه‌ك قۆناخی ئاماده‌یی ماوه‌كه‌ی سێ ساڵه، به‌ڵام قۆناخی ئاماده‌یی خوێندكار به‌پێی توانا‌و لێهاتویی دابه‌شی سه‌ر چه‌ند به‌شێك ده‌كرێن له‌وانه، قۆناخی ئاماده‌یی ئه‌كادیمی، ئاماده‌یی پیشه‌یی، په‌رورده‌ی مامۆستایان، له قۆناخی ئاماده‌یی بابه‌تی ئاره‌زومه‌ندان و بابه‌تی به‌زۆری واتا الزامی هه‌یه، هه‌رچی ماوه‌ی خوێندنی زانكۆییه له‌نێوان (٣ بۆ ٥) ساڵ ده‌بێ، تێچوی خوێندن تا قۆناخی سێیی ناوه‌ندی به‌خۆڕایی و به‌زۆرییه، له قۆناخی زانكۆششدا، زانكۆی تایبه‌ت و زانكۆی حكومی هه‌یه. له ئێستادا له چین زیاتر (٣٠٠٠) زانكۆ هه‌یه، كه (١٣٠٠)یان زانكۆی حكومین، پێشتر (٨١٣) پسپۆڕی جیا له زانكۆكانی ئه‌و وڵاته ده‌خوێنرا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێداویستیه‌كانی بازاری كار‌و كۆمه‌ڵگه‌پربكه‌نه‌وه‌و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زانستی و ته‌كنه‌لۆژی بڕۆن و دوانه‌كه‌ون، به‌بریارێكی حكومی ژماره‌ی پسپۆڕییه‌كان كه‌مكرایه‌وه بۆ (٥٠٤) پسپۆڕی.
له ڕوی چۆنایه‌تیشه‌وه، له چین بایه‌خێكی زۆر به‌په‌روه‌رده‌و خوێندن دراوه، بۆ نمونه له سیستمی خوێندنی ئه‌و وڵاته بایه‌خێكی ئیجگار زۆر به‌بابه‌تی بیركاری و زمانی ئینگلیزی ده‌درێ، هه‌روه‌ك له‌چوارچێوه‌ی په‌روه‌رده‌ی (كۆنفشیوس) بایه‌خێكی زۆر به‌پاراستن و گه‌شه‌پێدان و كه‌لتورو زمانی ئه‌و وڵاته‌و ڕێزگرتن له مامۆستا ده‌درێ، جگه‌له‌وه‌ش فێربونی خوێندنی پیشه‌یی و كرداری زیاتر له‌هه‌ر جۆرێكی دیكه‌ی خوێندن جه‌ختی زۆری له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێ قوتابی نزیكه‌ی (١٠) سه‌عات له قوتابخانه بۆ خوێندن بمێننه‌وه.
له داڕشتنی پڕۆگرامه‌كانی خوێندنیشیدا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان سیاسه‌تی پارتی كۆمه‌نیست له‌لایه‌ك و خوێندنی ئاماده‌یی له‌گه‌ڵ زانكۆ‌و خوێندنی پیشه‌یی له‌لایه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ پێداویستی بازاری كار‌و كۆمه‌ڵگه هه‌یه، هه‌ربۆیه سه‌رجه‌م دامه‌زراوه حكومیه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی و كۆمپانیاكان و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پاڵپشتی دارایی ده‌كرێت.
وه‌رگرتن له زانكۆ، جگه له ده‌رچون له قۆناخی ئاماده‌یی ئه‌كادیمی له‌هه‌مانكاتدا، خوێندكار ده‌بێ له تاقیكردنه‌وه‌ی (گاوكاو) ده‌ربچێ و نمره‌یه‌كی به‌رز به‌ده‌ستبهێنێت.
تاقیكردنه‌وه‌ی (گاوكاو) بریتیه له سیستمێكی ئاڵۆز‌و ساڵانه له له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌ده‌یان ملیۆن خوێندكاری به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی چاره‌نوسسازه، بۆیه حكومه‌ت ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ خوێندكاران ده‌ڕخسێنێ، به‌شێوه‌یه‌ك له ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌دا كاركردن له باڵه‌خانه‌كانی نزیك هۆڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه ڕاده‌گیرێ و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل به‌تایبه‌ت ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن قه‌ده‌خه ده‌كرێ، هه‌روه‌ك میكانزمی گونجاو پته‌وداده‌نرێ بۆ ڕێگریكردن له گزیكردن، ئه‌وه‌شی گزی بكات ڕوبه‌ڕوی توندرین سزا ده‌بێته‌وه، له‌كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌كه‌شدا كه‌سوكاری قوتابیان له‌به‌رده‌م هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆده‌بنه‌وه بۆ پێشوازیكردن له كوڕ‌و كچه‌كانیان تا زوتر گوێبستی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان بن و له‌به‌شێكی باش له زانكۆ وه‌ربگیرێن، وه‌رگرتن له زانكۆ‌و ته‌واوكردنی كۆتا ڕێگه‌ی خوێندن نیه، به‌ڵكو دوای ته‌واوكردنی زانكۆ، ده‌رچو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی باشی كاركردنی بۆ بڕخسێ ده‌بێ به‌رده‌وام بێ له‌خولی ڕاهێنان و خۆپێگه‌یاندن، به‌وه‌ش چینیه‌كان به‌پشودرێژی و هه‌وڵدانی به‌رده‌وام ئاینده‌ی خۆیان و نیشتمانه‌كه‌یان مسۆگه‌رده‌كه‌ن.
هۆنتۆنگ
هۆنتۆنگ (Hutong) كه له‌بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی مه‌نگۆلیه به‌مانای بیری ئاو دێ، هه‌ر گه‌شتیارێك كه سه‌ردانی په‌كین ده‌كات ده‌بێ گوزه‌رێكیش به‌نێو كۆنترین گه‌ڕه‌كی چین له‌و شاره‌دا بكات، ماڵه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه كه به (هۆنتۆنگ) ناسراوه، به‌چه‌ند قۆناخێكی جیای مێژو به‌چوارده‌وه‌ری حه‌وشه‌ی شاری قه‌ده‌خه‌كراو بونیادنراون، بۆ یه‌كه‌مین جاریش له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕاوی بنه‌ماڵه‌ی یوان له‌نێوان ساڵانی (١٢٠٦-١٣٤١) دروستكرا، كه ئه‌وكات ژماریان ته‌نها (٢٩) خان‌و بوو، دواتر‌و له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وای بنه‌ماڵه‌ی مینگ له ساڵانی (١٣٦٨-١٦٢٨) و تشینگ له ساڵانی (١٦٤٤-١٩٠٨) ژماره‌یان فراوانتر كرا، به‌شێوه‌یه‌ك تا له‌ساڵی (١٩٤٩) ژماره‌ی ئه‌و خانونانه گه‌یشته (٣٢٥٠)، به‌ڵام دوای كرانه‌وه‌ی چین به‌ڕوی دنیا‌و بونیادنانی شار‌و باڵه‌خانه‌ی مۆدێرن، ژماره‌یان به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كرد‌و له ئێستا نزیكه‌ی (١٠٠٠) خان‌و به‌وشێوه‌یه ماوه‌ته‌وه، كاتێك سه‌ردانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه ده‌كه‌یت به‌سه‌دان ئامێری گواستنه‌وه‌ی كۆن كه پێیده‌وترێت (ڕیكشاو) وه‌ستاون و خاوه‌نه‌كانیان چاویان بڕیوه‌ته گه‌شتیاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره گه‌شتێك به‌گه‌شتیاران به‌ناو كۆڵانه ته‌نگ و باریكه‌كان و ماڵ و بازار‌و گوزه‌ره‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه بكه‌ن.
ئێستا ئه‌و گه‌ڕه‌كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی، به‌ڵام پارێزگاری ته‌واوی لێده‌كرێ و بۆته ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری گرنگ، چونكه ته‌واو گوزارشت له كه‌لتورو كه‌له‌پورو شێوازی ژیانی چینی میللی ده‌كات، خانوه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه وا دروستكراون كه هه‌موو ماڵه‌كان ئاگاداری یه‌كبونه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی توندوتۆڵ له‌نێوان دانیشتوانی گه‌ڕه‌ك هه‌بوه، ئه‌وه‌ش بۆ پارێزگاریكردن بوه له مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر شاری قه‌ده‌خكراو، بۆ جیاكردنه‌وه‌و ناسینه‌وه‌ی ماڵه‌كان له‌یه‌كتر له‌بری ژماره له‌به‌ر ده‌رگای هه‌ر ماڵێك به‌به‌رد وێنای (ئاژه‌ڵێك) كراوه، له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا حه‌مام و ته‌والیتی گشتیش دروستكراوه، جگه‌له‌وه‌ش به‌ده‌یان دوكان ده‌بینی كه خاوه‌نه‌كانیان به‌پیشه‌و كاری ده‌ستیه‌وه سه‌رقاڵن، هه‌مو ئه‌وانه‌ش بۆنه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ڕاكێشیانی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار، كه ساڵانه له وڵاتانی جیهان و ته‌واوی (چین)ه‌وه سه‌ردانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه میللیه بكه‌ن و بۆن و چێژی زیاتر كه‌لتورو ژیانی كۆنی (چین)ی بكه‌ن.
كۆنفۆ (KUNG FU)
كۆنفۆ بریتیه له سیستمێكی گه‌وره‌ی پراكتیكی و تیوری وه‌رزشی چینی، ئه‌وه‌ش كۆكردنه‌وه‌ی ته‌كنیكه‌كانی به‌رگری له‌خۆكردن و پاراستنی ته‌ندروستیه، سه‌رچاوه مێژوییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه كۆنفۆی چینی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رتایی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵكی بۆ له‌ناوبردنی ئاژڵه دڕنده‌كان خۆیان فێری ئه‌و هونه‌ره كردوه، پێ به‌پێ ئه‌زمونی به‌رگری له‌خۆكردنیان زیاتر كردوه تا خێزانی (شانگ) ڕاوكردنیان به‌پێوه‌رێكی گرنگی ڕاهێنانی كۆنفۆ دانا، له‌سه‌رده‌مه‌كانی فه‌رمانڕه‌وای بنه‌ماڵه‌كانی (شانگ و تشو) له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی پێش زاین تا ساڵی (٢٢١ پ.ز) هونه‌ری به‌رگریكردن به‌شێوه‌یه‌كی گه‌شه‌یسه‌ند تا بوه جۆرێك له جۆره‌كانی سه‌ماكردن و بۆ ڕاهێنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی سه‌ربازه‌كان كاری له‌سه‌ركراو بایه‌خی پێدرا تا وایلێهات له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی (تشو) كۆنفۆ كرا به ڕه‌گه‌زێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی فێربون و ساڵانه‌ش له وه‌رزه‌كانی به‌هارو پایز له‌لایه‌ن پادشاوه دوو كێبركێ ڕیكده‌خرا بۆ هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی باشترین كه‌سانی ڕاهاتو له هونه‌ری به‌رگریكردن له خود.
هونه‌ری كۆنفۆ به‌درێژای مێژوی چین گه‌شه‌كردن و داهێنانی تێدا كراوه تا لاسایكردنه‌وه‌ی ڕفتارو كردای ئاژه‌ڵه دڕنده‌كانی وه‌ك شێر‌و مارو مه‌یمون و چه‌ندانی دیكه تا گه‌شیته ئه‌وه‌ی ببیته هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆی و باوانی چه‌ندین هونه‌ری دیكه‌ی وه‌ك كیك بوكسێن، كاراتێ، ئه‌كیدیۆ و جودو.
له ئێستاشدا كۆنفۆ بۆته هونه‌رێكی میللی و له‌لایه‌ن چه‌ندین ڕێكخرای كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ناوه‌ندی وه‌رزشی و ئه‌كادیمی و بایه‌خی زیاتر‌و زیاتری پێده‌درێ، هه‌ندێ له‌وانه وه‌ك یاریكردن لێی ده‌ڕوانن به‌مانه ده‌وترێ (یه‌ن جۆو) و، هه‌ندێكی دیكه‌ش وه‌ك هونه‌رێكی په‌رستراو لێی ده‌ڕوانن به‌وانه‌ش ده‌وترێ (ئه‌ر شینگ مه‌نه شا)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جۆرێكی دیكه هه‌یه پێیده‌وترێت (لوكی)، كه‌ڵاوه‌ك ئامرازێكی هونه‌ری به‌رگریكردن له‌خود له كۆنفۆ (وو شو) ده‌ڕوانن و ئه‌میان له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتی چین به‌ربڵاوتره.
شانۆگه‌ری سور، یه‌كێكه له‌و شانۆگه‌رییه گرنگ و به‌ناوبانگه‌ی هونه‌ری كۆنفۆ، كه ڕۆژانه بۆ چه‌ندجارێك له هۆڵی په‌كین-ی سور له شاری په‌كین نمایشده‌كرێ و به‌سه‌دان گه‌شتیار له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بینه‌ری ده‌بن.
له‌و شانۆگه‌رییه‌دا، كه گروپه‌كه‌ی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان ئاماده‌یبون، تێدا مێژوی گه‌شه‌كردن و فێركردنی كۆنفۆ له چین ده‌گه‌ڕێته‌وه، له سه‌ره‌تای شنۆگه‌رییه‌كه‌دا دایكێك منداڵه‌كه‌ی دێنێته لای گه‌وه‌ری كۆنفۆ بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ئامانجی باڵا‌و فێری هونه‌ری به‌رگریكردن له‌خۆی بكات، وه‌ك له شانۆگه‌ریه‌كه‌دا نمایشكرا خوێندكاره‌كه تا گه‌وره ده‌بێت و ده‌گات به‌ئامانجی باڵا له‌لایه‌ن پیاوی ڕاهێنه‌رو گه‌وره‌ی كۆنفۆ ڕوبه‌ڕوی ده‌یان ئاسته‌نگ و داواكاری قورس و گران ده‌بێته‌وه‌و به‌ئاسانی متمانه‌ی پێنادات تا به‌ته‌واوه‌تی پێ ده‌گات و دڵنیاده‌بێته‌وه له به‌رگریكردن له‌خود.
ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ش له ئه‌فسانه‌ی (كۆنفۆ) وه‌رگیراوه‌و بۆ یه‌كه‌مینجار له ساڵی (٢٠٠٤) نمایشكراو له‌وكاته‌وه تا ئێستا به‌به‌رده‌وامی ئه‌و نمایشه دوباره ده‌كرێته‌وه‌و ڕۆژانه به‌سه‌دان گه‌شتیار ڕوو له‌و شانۆیه ده‌كه‌ن، ئه‌و شانۆیه له‌بنه‌ڕه‌تدا نایو "شانۆی كۆشكی كرێكارانی تشوون گۆن" بوو، به‌ڵام دواتر نوێكاری تێدا كرا‌و ناوه‌كه‌شی گۆڕدرا به "شانۆگه‌ری سور"، بێگومان به‌شداربون و ئاماده‌بون له‌و شانۆگه‌رییه كه به‌رزترین كوالیتی ده‌نگ و ڕه‌نگ و لۆكه‌یشنی تێدا به‌كارهاتوه چێژێكی تایبه‌تی چینی به‌ئاماده‌بوان ده‌به‌خشێ، ئه‌وه‌ش جیاوازییه‌كی دیكه‌ی هونه‌ری وڵاتی چینه كه له وڵاته‌كانی دیكه‌دا به‌دی ناكرێ.
نمایشی پاڵه‌وانبازی چینی
كاتێك گه‌شتیار سه‌ردانی شاره‌كانی چین ده‌كات، جۆره‌ها شانۆ هه‌یه بۆ نمایشكردنی توانا‌و لێهاتوی گه‌نجانی ئه‌و وڵاته، ئه‌و نمایشانه كه پێیده‌وترێت (ئه‌كرۆبات) له زۆربه‌ی شاره‌كان هه‌یه، بۆیه خوێندكارانی كوردستانیش له به‌شێك له شاره‌كانی ئاماده‌یی ئه‌و شانۆییانه بون و دیمه‌نی پاڵه‌وانبازی و سێركه‌كانی گه‌نجانی چینی بون.
له‌گه‌ڵ مێژوی زیاتر له سێ هه‌زار ساڵ، یارییه پاڵه‌وانبازییه چینیه‌كان به‌ناوی "مرواریه‌ك له هونه‌ری خۆرهه‌ڵاتی"، هه‌یه، له‌كاتی بینینی نمایشی یارییه پاڵه‌وانبازییه چینیه‌كان، بینه‌ر ڕوبه‌ڕوی سه‌رنجڕاكێشان و سه‌رسامییه‌كی زۆر ده‌بێ جا ئه‌قڵی بێ یا جه‌سته‌یی، كۆكردنه‌وه‌ی نمایشی پاڵه‌وانبازی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ماو هونه‌ری ئۆپێراو پێكهاتن و دیزاین و جلوبه‌رگ وڵاده‌نگ و ڕوناكی، بۆیه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئابوری جیهانیدا، نمایشی پاڵه‌وانبازی په‌ره‌یپێدرا بۆ جۆرێك له نمایشی هونه‌ری به‌ناوبانگ له سه‌رانسه‌ری جیهان.
له‌و شانۆیانه چه‌ندان جۆری پاڵه‌وانبازی كلاسیكی هه‌یه وه‌ك: ته‌نافبازی له‌سه‌ر لوتكه‌ی به‌رز، خۆهه‌ڵدان به‌ناو ئه‌ڵقه‌دا، هه‌روه‌ها ڕۆیشتن به‌سه‌ر گوریس، گۆڕینی ماسی بۆ ئه‌ژدیها، قوتدانی چه‌قۆ و تفكردنه‌وه‌ی ئاگرو وێنه‌كێشانی هێڵی دوور له زه‌وی.
شانۆی (چاویانگ) یه‌كێكه له باشترین شوێنه‌كانی چێژوه‌رگرتن له نمایشی پاڵه‌وانبازی چینی له په‌كین. ئه‌و شوێنه له ساڵی (١٩٨٤) دامه‌زراوه، شانۆی (چاویانگ) له كۆتایی ساڵی (١٩٨٠) و به نمایشه دووباره‌بۆوه‌كانی گه‌شتیاری بیانی و ناوخۆیی به‌لای خۆیدا ڕاده‌كێشێ، تائێستا نزیكه‌ی ٢٠ ساڵه ئه‌و شانۆیه نمایشه‌كانی خۆی پیشكه‌شده‌كاو پێشوازی زیاتر له ملیۆنێ میوانی ده‌ره‌كی كردوه، زۆرێك له سه‌ركرده بیانیه‌كان و میوانی تایبه‌ت سه‌ردانی ئه‌و شانۆیه‌یان كردوه بۆ بینینی نمایشی پاڵه‌وانبازی تایبه‌ت.
تایبه‌تمه‌ندی یارییه پاڵه‌وانبازییه چینیه‌كان
• نه‌رمی و هاوسه‌نگی: پاڵه‌وانبازییه چینیه‌كان زۆر زیاتر له‌وه‌ی له ڕوسیا‌و خۆرئاوادا هه‌یه، جه‌خت له‌سه‌ر هاوسه‌نگی و نه‌رمی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاریگه‌ری هونه‌ری به‌رگری له‌خۆكردن، كه په‌یوه‌سته به په‌ره‌پێدان به‌نیانی و هاوسه‌نگی.
• هه‌ماهه‌نگی گروپ: پاڵه‌وانبازی چینی كرده‌یه‌كی چڕ‌و هاوكاتی و هه‌ماهه‌نگییه، هونه‌رمه‌ندان زۆر به‌وردی هاوئاهه‌نگی و هاوكاری ده‌نوێنن.
• هونه‌رمه‌ندی به‌رگری له‌خۆكردنی خۆشی: له‌م نمایشه‌دا توانستی هونه‌ری به‌رگری له‌خۆكردن به شێوازێكی سه‌رنجڕاكێش و هه‌ندێكجاریش كۆمیدی ده‌خرێته‌ڕوو، نمایشی "ئه‌فسانه‌ی كۆنگفۆ" له شانۆی سوری په‌كین نمونه‌یه‌كه له‌مباره‌وه.
• مۆسیقای چینی و شانۆ: زۆرێك له نمایشه‌كان بریتین له میوزیكی چینی دێرین، كه تۆماركراون یا ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌و موزیسیانانه‌وه پێشكه‌شده‌كرێن كه ئامێره كلاسیكیه‌كان ده‌ژه‌نن، ده‌كرێ پۆشاك و بابه‌تی وه‌ك ئۆپێراش نمایش بكرێ.
• چیرۆكه چینیه‌كان: پاڵه‌وانبازییه‌كان له دیمه‌نی ئه‌فسانه‌ی میللی و چیرۆك و حیكایه‌تی دێرینی وه‌ك پاشای مه‌یمونه‌كان پێكدێن.
نمایشی پاڵه‌وانبازیی چینیی، له‌پێناو په‌ره‌پێداندا، پاڵه‌وانبازی چینی له‌ماوه‌ی (٤٠) ساڵدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له ئاڵوگۆڕی كه‌لتوری نێوان چین و وڵاتانی دیكه‌دا گێڕا، پاڵه‌وانبازی چینی تائێستا زیاتر له (١٠٠) ده‌وڵه‌ت و ناوچه‌ی سه‌رانسه‌ری جیهان پێشوازی گه‌رمی لێكراوه‌و له (١٣) پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌یی هه‌بوه‌و زیاتر له (٢٣) خه‌ڵاتی زێڕینی بردۆته‌وه. له‌هه‌مان ساڵدا، هه‌ربۆیه خوێندكارانی كوردستان له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له شاره‌كانی چین به‌شداری چه‌ندین له‌وجۆره نمایشانه‌یان كرد‌و نمایشه‌كانیش بونه جێیی سه‌ره‌نجی خوێندكاران و ئاماده‌بوان.
وێستگه‌ی هه‌فته‌ی دوه‌می گه‌شتی خوێندكاران
له هه‌فته‌ی دوه‌می سه‌ردانه‌كه‌شیاندا هه‌مان گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان له شاری (شینژین)ی هه‌مان وڵات هه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه خولی تایبه‌تیان له‌بواری ئایتی بۆ ڕێكخرا، له‌و خوله‌شه‌دا خوێندكاران به‌نوێترین ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م له بواری (ICT) ئاشناكران، له كۆتایشدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر خوێندكارانی به‌شداربو دابه‌شكرا.
كۆمپانیای هواوی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی جیهان، له‌م كۆمپانیایه‌دا (۱۸۰٫۰۰۰) هه‌زار فه‌رمانبه‌ره كارده‌كه‌ن و نوسینگه‌یان له (۱۷۰) وڵاتی دنیا هه‌یه، له‌ناو خودی كۆمپانیاكه‌دا (۸۰،۰۰۰) هه‌زار كارمه‌ند له سێكته‌ره جیاوازه‌كانی بیرۆكه‌و دیزاین و دروستكردن و به‌رهه‌مهێنان و به‌بازاركردن كارده‌كه‌ن. داهاتی ئه‌و كۆمپانیایه له ساڵی (۲۰۱٦)دا گه‌یشتۆته (۷٥٫۱) بلیۆن دۆلار، ئه‌و كۆمپانیایه له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن، فرۆكه‌وانی، كشتوكاڵی، ته‌ندوستی، خوێندن، لایه‌نی ئه‌منی و زۆر بواری دیكه به‌رهه‌م و داهێنایان هه‌یه‌و له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا پڕۆژه‌و كاری جۆراوجۆریان هه‌یه.
له په‌راوێزی ڕۆژانی خوله‌كه‌شدا خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند شوێنێكی كه‌لتوری و گه‌شتیاری كۆماری چینی میللیان له شاری شینژن به‌سه‌ركرده‌وه.
شینژن
شینژن كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ (هۆنگ كۆنگ) یه‌كێك له شاره نوێیه‌كانی كۆماری میللی چین، ئه‌و شاره به‌رله‌وه‌ی بونیادبنرێ، ناوی (باو ئان) بوو، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی (٢٠) هه‌زار كه‌سی تێپه‌ر نه‌ده‌كرد، جگه له ماسیگرتن، هیچ جۆره چالاكیه‌كی ئابوری و كشتوكاڵی لێنه‌بوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی (١٩٨٠) پلانی بونیادنانی ئه‌وشاره كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، گه‌شه‌كردنێكی گه‌وره‌و خێرای به‌خۆیه‌وه بینی، شانازی ئه‌و دامه‌زراندنه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌وره ئه‌ندازیار سه‌رۆك (دنگ شیاو بینگ) كه له‌ساڵی (١٩٩٧) كۆچی دوایی كرد، ئێستاش حكومه‌تی چینی بایه‌خێكی گه‌وره به‌و شاره ده‌دات و چاودێری ده‌كات و ڕكابه‌ری (هۆنگ كۆنگ) ده‌كات.
شیژن بۆته یه‌كێك له شاره گه‌وره‌كانی چین، هه‌روه‌ك بۆته ناوچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پیشاسازی نوێ و پیشه‌سازی سوك و كاری هونه‌ری، هه‌روه‌ك كارگه‌و باره‌گای چه‌ند كۆمپانیایه‌كی جیهانی وه‌ك كۆمپانیاكانی هواوی (Huawei)، لینۆڤۆ (Lenovo)، تینسنت (Tencent) و چه‌ندانی دیكه له‌و شاره‌یه، هه‌ربۆیه زۆترین ڕێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی كۆمپیوته‌ر له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌م شاره‌دایه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ر (١٠٠) كه‌سێك زیاتر له (٧٤)یان كۆمپیوته‌ر به‌كارده‌هێنن.
له‌هه‌مانكاتدا له‌ڕوی گه‌شتیاری و كه‌شوهه‌وا بایه‌خێكی زۆر به‌شینژن دراوه، ئه‌م شاره به‌جوان و پاكی شه‌قام و ڕێگه‌وبانه‌كانی و ڕازاندنه‌وه‌ی به گوڵ و گوڵزارو تابلۆ سه‌ره‌نجڕاكێشه‌كانی پێشوازی به‌ناوبانگه، شینژن سه‌رباری ژماره‌ی زۆری دانیشتوانی، به‌ڵام شارێكی ئارام و بێده‌نگه‌و شه‌قامه‌كانی زۆر قه‌ره‌باڵخ نین، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دانیشتوانه‌كه‌ی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی و پاسكیل بۆسه‌ر كار‌و ڕایكردنی كاروباره‌كانیان به‌كارده‌هێنن، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ند شوێنێكی گه‌شتیاری سه‌ره‌نجڕاكیشی تێدا دروستكراوه.
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ڕوی جیهان
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ڕوی جیهان (Window of the World)، بریتیه له پاركێكی گه‌وره له شینژن، كه به‌ناوبانگترین ناوچه‌و شوێنڵاو ته‌لاره ناسراوه‌كانی جیهان به‌قه‌باره‌ی بچوكتر دروستكراوه‌و له‌و پاركه‌دا نمایشكراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌وڵاتانی كێشوه‌ره‌كانی ئه‌مریكاو ئه‌وروپاو ئاسیا‌و ئه‌فریقاو ئه‌مریكای لاتین هه‌یه.
له‌م پاره‌كه‌دا كه له ساڵی (١٩٩٤) دروستكراوه هێماو نیشان و شوێنه به‌ناوبانگ و ناسراوه‌كانی (١٣٠) وڵاتی جیهانی تێدا وه‌ك خۆی دروستكراوه‌ته‌وه. هه‌ر له تاوه‌ری ئیڤڵ بگره تا ده‌گاته كوخه‌كانی ئه‌فریقا. له په‌رستگه‌كانی تایله‌نده‌وه بگره تا ده‌چیته هه‌ره‌مه‌كانی میسر زیاتر له‌وه‌ش به‌رده‌وامبه له په‌یكه‌ری ئازادی و كۆنگرێسی ئه‌مریكاو سه‌عاتی بینگ بین له به‌ریتانیاوه بڕۆ تا ده‌گه‌یته شوێنه ناسراوه مێژوییه‌كانی كۆریای باشور‌و كۆریای باكورو ئیتاڵیا‌و نه‌مساو تاج محل له هیندستان و چه‌ندین وڵاتی تر.
له‌م پاركه‌دا به‌ڕاستی كارێكی تا بڵێی ناوازه‌و جوان بۆ ڕاكێشانی سه‌ره‌نجی گه‌شتیاران بۆ شاره‌كه كراوه.
یه‌كێكی دیكه له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌و شاره (په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ڕوی چین)ه، له‌و پاركه‌شدا به‌هه‌مانشێوه شوێنه ناسراوه‌كانی (چین)ی تێدا وه‌ك خۆی دروستكراوته‌وه، خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌و دوو پاره‌كه‌دا خۆشحاڵبون و كاتێكی خۆشیان به‌سه‌ربردو ئاشنایی ئه‌وكاره هونه‌رییه ناوازانه بون كه له‌و پاركانه‌دا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه نمایشكرابون.
مۆزه‌خانه‌ی شینژن
كۆرییه‌كان وته‌یه‌كیان هه‌یه ئه‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ مێژوی میللـه‌تێك ببینن بڕۆن سه‌یری مۆزه‌خانه‌كانیان بكه، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئاینده‌یان ببینن بڕون ته‌ماشای كتێبخانه‌كانیان بكه‌ن.
شینژین یه‌كێك له شاره هاوچه‌رخه‌كانی جیهان و چین، مێژوی دامه‌زراندن و بونیادنانی ئه‌م شاره كۆن نیه، هه‌ربۆیه مۆزه‌خانه‌كه‌شی (Shenzhen Museum) ئه‌وه‌نده‌ی كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ی تازه‌ی تێدابوو، ئه‌وه‌نده كه‌لوپه‌ل و پارچه شوێنه‌واری كۆن و مێژوی تێدا نیه.
مێژوی دامه‌زراندنی ئه‌م شاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (۱۹۸۰) زاینی، له ساڵی (۱۹۷۸) پلانێكی شارنشینی ستراتیژی بۆ بونیادنان و دروستكردنی ئه‌و شاره داڕێژراو له ساڵی (۱۹۸۰) پلانه‌كه چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له مۆزه‌خانه‌ش شینژین هه‌موو دیمه‌ن و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پلان و پڕۆژه‌كانی ئه‌و شاره نمایشكراوه، كه گوزه‌رێك به نێو مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌یت و له وێنه‌كان ڕاده‌مێنیت ئینجا بۆت ڕونده‌بێته‌وه كه پلانی شارنشینی و ستراتیژی واتای چی.
ئێستا له‌شاری شینژین به‌پێی نوێترین ئامار زیاتر له (۱۲) ملیۆن كه‌س ده‌ژی، به‌ده‌یان كارگه‌و كۆمپانیای گه‌وره لێره كارده‌كه‌ن، ئه‌وه جگه له‌ڕوی گه‌شتیار كه ده‌یان شوێن بۆ گه‌شتیاران و ڕاكێشانی گه‌شتیار بۆ شاره‌كه دروستكراوه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان
به‌وه‌ش دوای به‌شداریكردن له‌چه‌ند نمایشێكی هونه‌ری و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی كه‌لتوری و هونه‌ری، خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان كۆتاییان به‌گه‌شته‌كه‌یان هێناو گه‌ڕانه‌وه هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك هیوایان خواست به‌رده‌وامی به‌وجۆره گه‌شت و به‌سه‌ركردنه‌وانه بدرێ بۆ خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه له‌پاڵ ئاشنابون به‌كه‌لتورو مێژوی ئه‌و وڵاته، له‌هه‌مانكاتدا به‌هۆی خوله‌كانی بواری ئای تی ئاشنای نوێترین ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن بون، بۆ ئه‌وه‌ش سوپاسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و كۆمپانیای هواویان كرد، كه ئه‌ركی ڕێكخستن و به‌شداریكردنیان له‌و گه‌شته زانستیه گرته ئه‌ستۆ.
PUKmedia هێمن ئه‌مین شوانی - چین
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28