riklam

ئەڵمانیا پاسەوانە تایبەتەكەی بنلادن تەسلیمی تونس دەكاتەوە

جیهان 04:10 PM - 2018-07-13
.

.

ئەمڕۆ 13ی تەموزی 2018 دەسەڵاتدارێتی ئەڵمانیا پاسەوانی پێشووی ئوسامە بنلادن سەرۆكی رێكخراوی قاعیدەی دیپۆرتی وڵاتی تونس كردەوە.

(سامی.أ) بەفڕۆكەیەكی گەشتەكانی نێوان فڕۆكەخانەی دوسلدۆرفی ئەڵمانیاو تونس رادەستی وڵاتەكەی كرایەوە، ناردنەوەی پاسەوانە شەخسیەكەی پێشووی بنلادن بۆ وڵاتەكەی دوای ئەوە هات كە دەسەڵاتدارێتی ئەڵمانیا پێیانوابوو ئەو كەسە مەترسیە بۆسەر ئاسایشی ئەڵمانیا.

هۆرست زیهۆفەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاش جەختی لە دیپۆرتكردنەوەی دەكردەوەو فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەریش دەستبەرداری رێگرییەكانی بوو لەبەردەم ناردنەوەیدا.

ئەمە لەكاتێكدا كە دادگای ئیداری باڵای ئەڵمانیا تۆمەتی بەشداریكردنی (سامی.أ) ی لەنێوان ساڵانی 1999 و 2000 لەگەڵ قاعیدەو بەشداریكردن لەمەیدانەكانی مەشق و راهێناندا یەكلاییكردەوەو دادگا تۆمەتەكانی بەسەردا ساخكردەوە.

پاسەوانەكەی پێشووی بنلادن تەمەن 42 ساڵانەو لەساڵی 2005ەوە لەشاری بوخمی ئەڵمانیا لەگەڵ ژنەكەیی و دوو منداڵەكەیدا دەژیاو ژن و  منداڵەكانیشی هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین.

 ئەم گومانلێكراوە لە1997وە بەمەبەستی خوێندن كاتێك تەمەنی 21 ساڵان بووە گەیشتۆتە ئەڵمانیا، لەسەرەتاوە تەكنۆلۆژیای چنینی خوێندوەو پاشان ئەندازیاری زانیاری  و دواتر ئەندازیاری كارەبایی خوێندوە.

داواكاری گشتی ئەڵمانیا لەئاداری 2006 ەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لەڕێكخراوی قاعیدەو راهێنانی سەربازی پەڕاوی بۆ ئەم تۆمەتبارە كردبوەوەو لە 2007 دا لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست پرۆسەی بەڕێوەچونی دادگاییكردنەكەی وەستێنرا تا 2017 دادگا یەكلایی كردەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی باكوری راین پێیوابوو  (سامی.أ)  سەرچاوەی مەترسییە لەسەر ئاسایشی هەرێمەكەو رابردوییەكی تیرۆرستی هەبوە.

رەوانەكردنەوەی سامی پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای شاری مونستەری ئەڵمانیا بووە لەئایاری 2017 دا، چونكە دادگا پێیوابوو دیپۆرتكردنەوەی دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی و ئازاردانی لەلایەن دەسەڵاتدارێتی تونسەوە، بەڵام دواتر دادگای دەستوری ئەو بڕیارەی دادگای مونستەری هەڵوەشاندەوەو پێیوابوو هیچ مەترسیەك لەسەر ژیان و مەترسی روبەڕوبونەوەی سزای لەسێدارەدانی لە وڵاتەكەی خۆی لەسەر نیە.

(سامی .أ) ماوەی هەشت ساڵە وەك دەستبەسەر رۆژانە لەپۆلیس ئیمزای ئامادەبونی وەرگیراوە، بەڵام هاوكاری ماددی ژیانی خۆیی و منداڵەكانی لە سۆسیال وەرگرتوەو لە لێكۆڵینەوەكانیشیدا دانی بەوەدا نەناوە كە پاسەوانی شەخسی بن لادن بووە، بەڵام دانی بەوەدا ناوە بەوتەی خۆی كە لەكەراتشی پاكستان بەشداری راهێنانی دینی كردوە.

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا 

س: دۆیتچەڤیللەی ئەڵمانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket