riklam

ئەركی دانوستانكاری كورد لەحكومەتی عیراقدا

بیروڕا 02:19 PM - 2018-07-13
.

.

دوای هاتنەخوارەوەی كێرڤی پێگەی  كورد لە نەخشەی سیاسی عیراق  بەهۆی  دەرهاویشتەكانی رووداوی لەدەستدانی  بەشێك لەخاكی كوردستان لە پارساڵەوە, ئاماژەكان زۆر بەروونی دەركەوتوون كە جارێكی دیكە  پێگەی كورد ووردە ووردە ڕوو لە هەڵكشان دەكات

هەڵبەتە ئەوەش روونە بكەرانی سەرەكی ئەمرۆ بۆ رەخسانی  ئەو دەرفەتانەی كە بۆ كورد وەك نەتەوە لە عیراقدا دایدەهێنن  بۆ ئەوەی بوونی خۆی وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی بناسێت, هەمان ئەو لایەنانەن  كە دوێنێ زۆر چاوقایمانە كاریان بۆ لەباربردنی كۆی ئەو دەستكەوتانە دەكرد كە بۆ كورد فەراهەمكرابوون , بێگومان هۆكاری بابەتیی بۆ پێدانی دەرفەتی دیكە بۆ كورد بۆ ئەوی بێتەوە نێوكایە سیاسەییەكە , پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێیە لە بەغدا  چونكە قەدەری عیراق , سێ پێكهاتەی سەرەكی و كاریگەری پێكەوە پەیوەستكردووە بەوەی هیچ لایەك یاخود دوولا ناتوانن سێیەم فرامۆش و ئاوت بكەن,   لەسەر ئەو بنەما چەسپیوەدا  ئەمرۆ پۆست پۆست لە بەغداوە دێن  لەدەرگای هەرێم دەدەن بۆ دروستكردنی پایەكانی حكومەتی داهاتووی عیراق بۆئەوەی ناوی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی لێبنێن , بەڵام ئایا خودی لایەنەسیاسییەكانی هەرێم وەك ناسنامەی نەتەوەیی كورد  لەكوێی هاوكێشە سیاسییەكەی ئەمرۆی عیراقن؟ 

ئەوەی داناپۆشرێت و وەك رۆژی رووناك دیارە , ئەوەیە كە  وێرای بوونی ململانێ و كێشەو  قەیران لەنێو قیادەی لایەنەسیاسییەكانی كورد  بەڵام لەبەر كۆمەڵێ ئیعتیباراتی نیشتمانیی نەشیان هێشتووە دۆخەكە   بگاتە ئاستی لێكترازان و دابڕانی یەكجارەكیی لە نێوانیاندا , بەدەلیلی ئەوەی لەگەڵ ئەو هەموو تۆمەتبەخشینە بەیەكتر كە هەندێك جار دەگەیشتە ئاستی تەخوینكردن بەڵام  نە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بەفەرمی ئیتفاقیە ستراتژییەكەی نێوانیان هەڵوەشاندۆتەوە نە یەكیێتی و گۆڕانیش  رێكەوتنەكەی دەباشانیان هەڵوەشاندۆتەوە, بۆیە مەسافەی گفتۆگۆ و دانوستانی نێوان ئەو لایەنانە   نزیكە و  مسافەی بەیەكجاریی  لەیەكترترازانیان دوورترە, بەڵام زۆرجار غروری سیاسیی و خۆبەزلزانینی هەندێك لەو سەركردانە وەها كەشێك دەخوڵقێنێت  كە هەنگاوی دەستپێشخەرییە ئاشتییەكان زۆر لەسەرخۆبن و مەسافە نزیكەكانیش  درەنگ بەیەكبگەن 

دۆخی ئەمرۆی كورد عەقڵمەندێكی ئەوێ كە خوێندنەوەیەكی  واقیعیی بۆ ئەگەر و تەحەدیاتەكان  بكات و ببێتە عاملی خێر بۆكۆكردنەوە و لێكنزیكردنەوەی جیاوەزییەكان و تیایدا  جەخت لەسەر گرنگیی باشییەكانی پێكەوەیی و خراپییەكانی گرنگیینەدان بە بایكۆتی نارازییەكان بكات چونكە ئەوەی دوێنێ  كە بەجیا سەردانی بەغدا كرا بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق پێویستە ئەمرۆ دووبارە نەبێتەوە و بواری  زۆر و زیاتر بەیەكتر بدرێت بۆ دەستپێشخەرێكی عەقڵمەند بۆ ئەوەی وەرەقەكی هاوبەشی لایەنەكان ئامادەبكات و زامنی پاراستنی دەستكەوتەكان و  ئایندەی گەلەكەمان بێ ,  چونكە زۆر بەدڵنیاییەوە  حكومەتی سبەینێی عیراق زۆرجاوازتر دەبێت لەحكومەتی دوێنێ ,  ئەگەر كورد بەپەرتەوازەیی و لاوازیی بچێتە نێوحكومەتی داهاتوو ئەوا  ریتمی وتووێژی بەرپرسانی ئەو حكومەتە قورس و جیاوازتر دەبێت لە لەحنی قسەی بەرپرسانی حكومەتەكەی پێشتر  هەروەك  ئەركی دانوستانكاری كورد لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی  عیراق  بەتایبەتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر قورس و گرانترە , چونكە دەبێ دانوستانكاری كورد لەلایەك كاربۆ هێنانەوەی لەدەستچووەكان بكات , لەلایەكی دیكەشەوە كار بۆ دەستەبەری لەدەستنەهاتووەكان بكات , بۆ ئەركێكی قورسی لەوجۆرەش واپێویست دەكات  هەموو لایەنەكان بەدەر لەسەنگ و پێگەیان  شانی بدەنەبەر و پێكەوە قورسایی هێنانی مافەكانی گەل لەبەغداوە بۆ هەرێم  لە ئەستۆ بگرن .

مەریوان عەلی محەمەد

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket