هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد گرنگیی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی كورد و گەلیی ژاپۆن دووپات دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت فراوانكردنی پانتایی هاریكاریی و هەماهەنگیی ئەو پەیوەندییانە لەخزمەتی هەردو لادایە، هاوکات بەزووی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقیش لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەركردنی كێشە دەستورییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەپێویست ناوبرا.
ئەمڕۆ 12ی 7ی 2017، لەشاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییكرد لە فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق و كاسۆمی موریاسۆ كونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكیشدا بارودۆخی سیاسیی و ئابوریی و ئەمنیی ناوچەكە و عیراق و هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركرا.
لەو دیدارەدا كە هەریەک لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و باڵیۆز دکتۆر محەمەد سابیر ئامادەی بون، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی رۆڵی باڵیۆزی ژاپۆنی كرد لەپەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردو گەلدا و داوای سەركەوتنی بۆ كرد لەئەركەكانی داهاتوویدا، هەروەها هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانی دووپاتكردەوە بۆ فراوانكردن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەهەموو بوارەكاندا و راشیگەیاند، فراوانكردنی پانتایی هاریكاریی و هەماهەنگیی ئەو پەیوەندییەكان لەخزمەتی هەردوو لادایە .
لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عیراق و هەنگاوەكان بۆپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق كرا، هەردوولا جەختیانلەوەكردەوە كە پێویستە حكومەتی ئایندەی عیراق بەزووی پێكبهێنرێت، لەوچوارچێوەیەشدا جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بەهاوڵاتیان چارەسەری كێشە دەستورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت.
لای خۆشیەوە، فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق، سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستەکانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كرد و جەختی لەپەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆنیش كردەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق هەر لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ دەباشان، دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەسەر ئارامگای سەرۆک مام جەلال، باسیلەوەکرد خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال و رۆڵی مەزنی لەپێناوی ئازادیی و دیموکراسیی و پێكەوەژیان و یەكڕیزی نیشتمانیی جێگەی ستایش و پێزانینی هەمووان بووە و هەرگیز لەبیرناکرێت.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسە و ماتەمینیی خۆی دەربڕی بۆ قوربانیانی ئەو لافاوەی چەند رۆژی رابردوو کە بەهۆی باران بارینی بەلێزمەوە هەردو ویلایەتی ئۆیتا و فۆکۆکای ژاپۆنی گرتەوە و روخانی خانوبەرەیەکی زۆر و بێسەروشوێن بون و مردن و لێقەوماوێکی زۆری لێکەوتەوە، هیوای چاكبونەوەی هەرچی زووتریشی بۆ بریندارانی کارەساتەکە خواست.
PUKmedia
