riklam

نەسروڵڵا سورچی: ئەنجامی دەنگەكانی یەكێتی وەڵامی نەیارانی دایەوە

ی.ن.ک‌‌ 03:08 PM - 2018-07-12
.

.

نەسروڵڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە PUKmedia چەندین پیلان و گەلەكۆمەو تانەی ناوخۆیی و دەرەكی ئاشكراكرد كە دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12 ئایاری رابردوو ئاڕاستەی یەكێتی كران، بەڵام  یەكێتی بەهێزو خۆڕاگر بوو لەبەر ئەوەی لەناو جەستەی جەماوەردا لە دایكبووە، رەخنەش ئاڕاستەی ئەوانە دەكات كە دەیانەوێت لە یەكێتی بدەن دوای ئەوەی بەناوی یەكێتی و مام جەلال سەربەرزیان تۆمار كردو چەندین داهاتی زۆریان كۆكردەوە و چەندین پۆستیان دەستكەوت.

سورچی راشیگەیاند:  چەندین دەستی نهێنی ناوخۆیی و دەرەكی هەوڵیاندا لە یەكێتی بدەن، دوای سەركەوتنە گەورەكەی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، بەتایبەت دوای ئاشكراكردنی ئەنجامەكان و بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە پارێزگای كەركوك كە چەند لایەنێك هەوڵیاندا یەكێتی تۆمەتبار بكەن، بەڵام حزبی مام جەلال حزبێكی رەسەنەو لە دەرەوەی سنورەكان لە دایك نەبوە، بەڵكو لە نێو جەستەی شۆڕشی كوردی و لە نێو ئازارو ناخوشیەكانی گەل لە دایكبوە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەیدا رونیشیكردۆتەوە: هەندێك لایەن ویستیان لە هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان لە یەكێتی بدەن و پەیوەندی بەردەوامیان هەبوو  لەگەڵ چەند لایەنێكی دەرەكی و ناوخۆیی بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكانی یەكێتی بەتایبەت لە كەركوك و سلێمانی، بەڵام دوای دەرچونی بڕیاری دادگایی فیدراڵی بەهەژماردنەوەی دەستی دەنگەكان  یەكێتی پێشوازی لە بڕیارەكە كردو دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكەش ئەنجامەكان لەگەڵ ئەنجامی ئەلیكترۆنی وەك یەكبون و هیچ جیاوازییەكی دەنگەكان دەرنەكەوت كە هەندێك لایەن یەكێتییان تۆمەتبار دەكرد بە ئەنجامدانی ساختەكاری.

لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی دەشڵێت: ئەوەی زیاتر ئێمە ئازار دەدات ئەوەیە زۆربەی ئەو سكاڵاو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئێمە كران لەلایەن ئەوانەوە بووە كە سەربەرزی و شكۆی خۆیان لەژێر چەتری یەكێتی بونیادناو چەندین پلەو پۆستیان لە بەغدا و كوردستان وەرگرت، بەڵام دوای پڕبونی گیرفانەكانیان لە پارەو پۆست لە حزب جیابونەوەو  دەستیانكرد بەتۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتباركردنی یەكێتی بەساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام مێژوویی حزب و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی زۆر گەورترە لەوانەی كە ئەمانەتیان فرۆشت و خیانەتیان لەو رێباز و وەفایە كرد كە مام جەلال فێری كردوین.

دەربارەی هاوپەیمانی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوش، رونیكردەوە یەكێتی ڤیتۆی لە سەر هیچ حیزب و لایەنێكی دیاریكراو نیە بۆ پێكهێنانی حكومەت بەپێچەوانەوە، پێشوازی لە هەر دەست پێشخەرێك دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و ئەوەی لای یەكێتی گرنگە ئەوەیە حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی شەراكەت و نیشتمانی گشتی بێت و نوێنەری تەواوی پێكهاتەكانی عیراق بێت و گۆڕانكاری گشتی بكرێت لە تەواوی وەزارەت و پۆستەكان و دورخستنەوەی ئەوانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی و دزینی سامانی گشتی لە حكومەتی داهاتوو  و داوكاری گەلی كوردستان لە جێبەجێكردنی مادەی 140 لە دەستورو پشكی 17%ی بودجەو موچەی پێشمەرگە و یاسای نەوت و گازو تا دوایی مەرجی ئێمەن بۆ هاوپەیمانەتی داهاتوو و پێكهێنانی حكومەت.

PUKmedia   

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket