riklam

پەرلەمانتاران: بەیاسا دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی بۆ نێچیرڤان بارزانی درێژكراوەتەوە

کوردستان 08:19 PM - 2018-07-11
.

.

پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەندكرد، بەشێك لەفراكسیۆن و پەرلەمانتارانیش رەخنە لەپرۆژە یاساكە دەگرن و دەڵێن كە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمەو پێدانی دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمە بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ 11ی تەموزی 2018، پرۆژە یاسایی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەلایەن فراكسیۆنی گۆڕانەوە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرابوو، بەدەنگی 39 پەرلەمانتار پەسەندكراو چەند فراكسیۆن و بەشێكی زۆریش لەپەرلەمانتاران دەنگیان بەپرۆژەكە نەدا.

پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە ناڕەزایی لێكەوتەوەو پەرلەمانتاران دەڵێن پرۆژە پەسەندكراوەكە هەمان شێوەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمە، بەڵام بەشێوەیەكی دیكە، ئاماژە بەوەش دەكەن كە لەگەڵ ئەوەدابوون یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە نەك بەپرۆژەیەك دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرێت.

عەباس فەتاح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، تەئكید لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بووە، بە PUKmediaی وت: ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو سیستمی حكومڕانی هەرێم بكرێتە پەرلەمانی، واتە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت، بەڵام گۆڕان لەڕێی یاساوە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەپەسێرێت، لەكاتێكدا هیچ بیانوویەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوو.

وتیشی: دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەم خولەی پەرلەمان دابەشكراوە تا لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بكرێت، بەڵام هیچ بیانوویەك بۆ درێژكردنەوەو هەڵپەساردنی نیە.

ئەوەشی وت: بەپێی پرۆژە پەسەندكراوەكەی گۆڕان، دەسەڵاتەكانی پێشووی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم دەدرێنە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ماوەی دەسەڵاتەكەشیان بۆ درێژكردەوە تا خولی داهاتوو، لەبری ئەوەی لەو ماوەیەی ئەم خولەی پەرلەماندا كێشەی سەرۆكی هەرێم چارەسەر بكرێت.

پرۆژەیاسا پەسەندكراوە كە لە شەش ماددە پێكهاتووە، لەماددەی یەكەمیدا هاتووە: هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت.

عەباس فەتاح باسی لەوەش دەكات كە پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژەیەكی لەو شێوەیەی هەبووە، بەڵام گۆڕان ئێستا پرۆژەكە پێشكەش دەكات و  پارتیش پشتیوانی لێكردوەو بەهاوبەشی دەنگیان پێداوە.

رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017، پەرلەمانی كوردستان لەكۆبوونەوەیەكدا بە 70 دەنگی بەڵێ و 23 دەنگی نەخێر پڕۆژەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا پەسەند كرد.

هەر لەبارەی پرۆژەیاسا پەسەندكراوەكەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە، مەروان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، بە PUKmediaی راگەیاند:وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ دژی پرۆژە یاساكەی بووین و دەنگمان پێنەدا، بەپێچەوانەوە داكۆكیمان لەسەر هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم كرد كە سێ ساڵ پێش ئێستا لەسەر پرۆژەی 5 لایەنەكە بۆ هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم پەرلەمانی لەسەر پەكخرا.

وتیشی: داوامانكرد ئەو پرۆژانەی پێشتر بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان و كردنی سیستمی حكومڕانی هەرێم بەپەرلەمانی كاری لەسەر بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ راشیگەیاند: دەنگمان بەیاساكە نەداوە، بەڵكو دژی یاساكە دەنگماندا، چونكە بەپێی یاساكە، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دەمێنێتەوەو هەموو كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات و بودجەی پێدەدرێت.

مەروان گەڵاڵی دەشڵێت: بەپێی پرۆژە پەسەندكراوەكەی گۆڕان، دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم كە كێشەی لەسەر بوو، بەیاسا درایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

ماددەی دووەمی پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم باس لەكاركردن بەدابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات و دەڵێت: كاركردن بەیاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام بێت.

ماددەی چوارەمیش كە تایبەتە بە یەكلایكردنەوەی چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، دەقی ماددەكە دەڵێت: خولی داهاتووی پەرلەمان بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

شێركۆ جەودەت مستەفا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات كە فراكسیۆنەكەیان دژی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بوون، بە PUKmediaی راگەیاند: بەیاساییكردنی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان هێشتنەوەی كێشەكانە، نەك ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین دامەزراوەكە هەڵبوەشێتەوە.

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستانیش، ئاماژە بەوەدەكات كە لەمانگی حوزەیرانی 2015دا 5 فراكسیۆنی سەرەكی پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكردوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو دواتریش لیژنەی یاسایی راپۆرتی لەسەر ئامادەكردوە، بەڵام بۆ خوێندنەوەی دووەم بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران نەتوانراوە پرۆژەكە تەواو بكرێت.

عەبدولڕەحمان عەلی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە PUKmediaی وت: نەمانتوانی لەهەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمدا سەركەوتووبین و بۆیە ناچار بووین بەم پرۆژەیە دەسەڵاتەكانی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم هەڵپەسێرین.

وتیشی: دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم تا خولی داهاتووی پەرلەمان كە دراوەتە حكومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری بەردەوامدەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆكی هەرێمی داهاتوو لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و سیستمی حكومڕانی بكرێتە پەرلەمانی.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەبارەی پرۆژە یاسا پەسەند كراوەكەوە، تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەرچەندە دامەزراوەكە هەڵپەسێردراوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان تا لەڕێی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە چارەسەری بۆ كرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدان سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵببژێردێت.

لەوبارەیەوە شیلان جەعفەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، بە PUKmediaی راگەیاند: پرۆژەی هەڵپەساردنی دامەرزاوەی سەرۆكی هەرێم بۆ رێكسختنەوەی ناو ماڵی كورد بوو، بۆیە وەك فراكسیۆنی پارتی كە نیوەی ئەندامانمان ئامادەبوون تێبنیمان لەسەری نەبوو دەنگمان پێدا، تا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەبێت و خولی داهاتووی پەرلەمان چارەسەری بكات.

وتیشی: خولی داهاتووی پەرلەمان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكاتەوە، ئەوەش بەپێی ئەوكاتە دەبێت كە دەستوری هەرێم دەنوسرێتەوە.

PUKmedia تایبەت 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket