riklam

سلێمانی.. ده‌رمانخانه‌یه‌ك داخرا

ئابوری 09:18 PM - 2018-07-09
.

.

به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رجه‌كانی كاركردنی سیستمی ته‌ندروستی، ده‌رمانخانه‌یه‌ك له‌ سلێمانی داده‌خرێت و نوێنه‌ری ته‌ندروستی داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی هه‌بونی ده‌رمانی خراپدا لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

 

ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونی به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كان كارنه‌كردن به‌‌ سیستمی ته‌ندروستی، ده‌رمانخانه‌ی (هایما) له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌روه‌ری شاری سلێمانی داده‌خرێت.

 

وتیشی؛ له‌كاتی سه‌ردان و پشكنینی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی بۆ ده‌رمانخانه‌ی هایما، ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێكی زۆر ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ شوێنه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی پسپۆڕی له‌بواری ده‌رمانسازیدا نییه‌‌ كه‌ مه‌ترسی پێدانی ده‌رمانی هه‌ڵه‌ به‌‌ نه‌خۆشی لێده‌كرێت، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی كاركردنه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كاندا.

 

راشیگه‌یاند؛ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبووه‌ ده‌رمانه‌ به‌سه‌رچوه‌كان به‌سه‌ر هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ساخ بكاته‌وه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنی زیانی ده‌رمانه‌كه‌ بۆسه‌ر ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كان.

 

هه‌ره‌ك وتیشی؛ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌رمانخانه‌كه‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی كارڕای پێویستی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

 

نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان داوای له‌ هاوڵاتیان كرد، له‌كاتی كڕینی ده‌رمان سه‌رنج بده‌ن له‌‌ به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچونه‌كه‌ی، له‌كاتی هه‌بونی ده‌رمانی‌ به‌سه‌رچودا لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

 

PUKmedia ڕاگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket