riklam

ڕۆژی جیهانی تاوانەکانی داعش

جینۆساید‌‌ 02:20 PM - 2018-07-09
.

.

ڕۆژی جیهانی تاوانەکانی داعش
هەنگاوێکی گرنگ و مانادار


یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ ره‌سمی پێشنیاری عیراق بۆ دیاریكردنی رۆژی جیهانی قوربانیانی ده‌ستی داعش په‌سه‌ند ده‌كات و ئەمەش دەبێتە دەریچەیەکی گرنگ و ئەرێنی بە ئاراستەی ناساندنی تاوانەکانی داعش بەگشتی و تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیە بەتایبەت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێک کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕۆژی 7/7/2018 بڵاویکردوەتەوە، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژی 5/7/2018 بە بڕیاری ژمارە (0280)، لەبەر ڕۆشنایی پێشنیاری باڵێوزخانەی عێراق لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوەی پەسەند کردووە ڕۆژێک وەک هێمای قوربانیانی دەستی داعش لەسەر ئاستی جیهان دیاریبکرێ.

ڕێکخراوی تیرۆریستی دوڵەتی ئیسلامی داعش، یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێکخراوە تیرۆرستیە ئیسلامییەکان و لە ساڵی 2014 گەورەترین تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکانی ئەنجامداو تائێستاو بۆ چەندین دەیەی تر کاریگەری ئەو تاوانە گەورەیە دەمێنێ..

روونتر، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، کۆمەڵێ ڕەهەندی گرنگی هەیەو ناکرێ نادیدە بکرێن، بەڵکو پێویستە هەڵوەستەیان لەبارەوە بکرێت و شرۆڤەو خۆێندنەوەو لێکدانەوەیان بۆ بکرێ؛ ئەکرێ ئەو ڕەهەندە گرنگانە ئاوا پۆلێن بکەین، بەنموونە:

رەهەندی یەکەم: ئەم بڕیارە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە هەنگاوەکانی ناساندنی تاوانەکانی داعش، لەناو دۆکۆمێنتە فەرمییەکانی یەکێتی ئەوروپا، چونکە بەرزترین دەزگای ئەم یەکێتیە، بڕیارەکەی دەرکردووە.

رەهەندی دووەم: بڕیارەکە دەرگا دەخاتەسەر پشت بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە، بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی سەردەم یان جینۆسایدو تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆیی بناسێنن، کە ئەمەش چەندین دۆسییەی تاوانەکانی داعش دەخاتە ناو دیالۆگێکی شلگێرانەو دەرچوون لە سیاسەتی بێدەنگی و متبوون.

رەهەندی سێیەم: هەروەک لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیشدا هاتووە، ئەگەر زیرەکانەو هۆشمەندانە کار لەسەر ناوەڕۆی ئەم بڕیارە بکرێ، عێراق و کوردستان و ئەوروپا، دەبنە سیانەی پەیوەندییەکی تۆکمەو کاریگەر، بە ئامانجی جوڵاندنی دۆسییەی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەسەر ئاستی دنیا.

رەهەندی چوارەم: لەناو دۆسیەی تاوانەکانی داعشدا، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێ، دۆسیەی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان، پانتاییەکی پێویست لە بەرجەستەکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارەدا بکرێ.

رەهەندی پێنجەم: وەک دەزانرێ و بۆ ئەوروپاو ڕۆژئاواو وڵاتانی دنیاش مەعلومە، کە 3-8-2014 دەستپێکی پەلامارو شاڵاوی دڕندانەی جینۆسایدی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال و دەوروبەری و دەشتی موسڵە؛ بۆیە زۆر گرنگە کار لەسەر ئەوە بکرێ، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی تاوانەکانی داعش، لە دۆکۆمێنت و بڕیارەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بسەلمێنرێ و دیاریبکرێ.

رەهەندی شەشەم و سەرنجی کۆتایی: لە ڕابردوو، زۆر مکوڕیمان لەسەر ئەوە کردوە، کە پێویستە حکومەتی ئێستای عێراق، وەک میراتگرەوەی حکومەتی پێشووی عێراق (بەعس)، بە فەرمی ناوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەبارەی دۆسیەی جینۆسایدی (ئەنفال، هەڵەبجە، فەیلیەکان، بەرزانیەکان، قەڵادزێ، سەیدسادق)، جێبەجێ بکات، کە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەوەیە بە فەرمی و لەسەر ئاستی دنیا دان بە جینۆسایدی گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی کورد لە باشووری کوردستان، بنێ و لەبری حکومەتی پێشوو داوای لێبوردنی لێبکات و تائێستا نەیکردوە؟

داواکەی ئێستای بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی تاوانەکانی داعش، سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی مانا لە جێگای خۆیدایە؛ هاوکات ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە چەن گرنگ و کاریگەرە ئەگەر بۆ دۆسیەی ئەو تاوانانەی ئاماژەمان بۆ کرد، کە داوایەکی هاوشێوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و پەرلەمانی ئەوروپاو وڵاتانی ڕۆژئاوا بکات، کە تاوانەکانی بەعس وەک تاوانی جینۆسایدو جەنگ و دژەمرۆیی بناسێنن.

ئایا دروست نیە، لە ئێستاداو سەروبەندی ئەم بڕیارە گرنگەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا، کە عێراق لە کێشمەکێش و ململانێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدایەو بۆ ئەمەش کورد یەکێکە لە کارت و ڕووکنە بەهێزەکانی گفتوگۆ، بیکاتە خاڵێکی سەرەکی و مەرجی بەشداریکردنی لە حکومەت، کە پێویستە ناوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان  جێبەجێبکرێ؛ بەناساندنی دۆسییەی تاوانەکانیشەوە لەسەر ئاستی دنیا؟


تەها سلێمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket