riklam

پێكەوەبوون كۆدەكە دەكاتەوە، بەڵام كردەوەش گرنگە

بیروڕا 01:27 PM - 2018-07-05
.

.

ستران عه‌بدوڵڵا 

پێكهاتەی شیعە لەڕێی سێ جۆر نوێنەرایەتییەوە خۆی دەردەخات كە هێندە گوزارشت لە فراوانبوونی پەراوێزی بەردەمیان دەكات، هێندە ئاماژەی تەنگژەو پەرتەوازەیی نییە. تەجرەبەی وێستگەكانی دیكەی حكومەتەكانی تر، لەدوای رووخانی سەدامەوە، دەریدەخات پەرتەوازەیی شیعە لە پشكی حكومڕانییان كەمناكاتەوە، بەڵكو وەك لابۆری تاقیگەكان چۆن ئاوی تێبكرێت ناڕژێ، لە یەك ئاستی دابەشبووندا دەگیرسێتەوە.

دوو ململانێكاری ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی، ئێران‌و ئەمریكا، كە لە گۆڕەپانی عیراقدا نفوزدارن، دەكەونە ململانێیەكی واوە كە شیعەی زۆرینە وەبەرهێنانی تێدا بكات، كامیان زیاتر پێكهاتەی شیعە رازی بكات تا پردی پارێزگاری بژاردە سیاسییەكانی ئاوەدان بكاتەوە. ئەمجارەش پەرتەوازەیی شیعەكان هەر وای لێ دەكەوێتەوە كە دەستكەوتەكانیان پارێزراو دەبێ‌و پریشكی ناكۆكییەكانیان بەسەر كوردو سوننەدا قڵپ دەبێتەوە.

دابەشبوونی ئەمجارەی شیعە بەسەر سێ ناوی جواندایە، كە لە ناوەرۆكدا هەمان هەژموونی ئەوان دووپات دەكاتەوە: فەتح و سائیرون و نەسر. واتا:

(حوكمڕان‌و ئۆپۆزسیۆن‌و هێزی سەربازی).

-سائیرون شیعەی ناوەوەیە كە سەدر سەرۆكایەتییان دەكات، لەگەڵ رەوتی شەقام‌و ناڕەزایی تێكەڵبوون‌و لەهەڵبژاردندا یەكەمییان هێناوەتەوە.

-شیعەی حوكمدار، كە دووجار بەناوی دەوڵەتی قانوونەوە حزبی دەعوەی لە حوكم جێگیركرد، ئەمجارە نەسری داوە بە عەبادی‌و قانوونی بۆ مالكی بەجێهێشتووە. عەبادی بە قەرەباڵغی سەركەوتنی رەسمی بەسەر داعشدا گەلەكۆمەكێیەكی بۆ خۆی دابینكرد، هەرچەندە یەكەمی نەهێناوە، بەڵام سەنگی لە قبوڵی نێودەوڵەتی گەورەیە.

-شیعەی عەسكەری كە فەتح نوێنەرایەتییان دەكات. ئەمانە نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبـی ‌و باڵی سەربازیی شیعە دەكەن، كە خوێنیان بۆ بەرەنگاری داعش خەرج كردووەو خۆیان وا دەردەخەن عیراقیان لە دابەشبوون پاراستووە. بەم جۆرە شیعەی ناوەوە (كە بەدەستەواژەی نەدیم جابری شیعەی ئەنسارن) هێڵێكن بەرامبەر شیعەی دەرەوە (موهاجرین)، (كە ئەمانە لە مەنفای بەرەنگاری بەعس بوون‌و لە ژێر چەتری ئەنجومەنی باڵادا بەدر و دەعوەیان پێدەگوتن). ئێستاش دوو گروپن (نەسر و سەدر). دەوڵەتی قانوونی مالكیش یەدەكە بۆ هەر لێقەومانێك.

ڕاستە هێشتا ساغنەبۆتەوە ئەم سیانە چۆن هاوپەیمانێتی دەكەن‌و كێ سەركاریان دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەمریكا عەبادی دەوێ و ئێرانیش بێ پێداچوونەوەو رێكخستنەوە سەدری ناوێت. فەتحەكەی هادی عامریش لەسەر زەوی هێزی هەیەو حیسابی موستەحەقی خۆی لە پشكێكی سەنگینی ئەمنی‌و سەربازیی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.

رەنگە وابێ عەبادی سەرۆك بێت‌و سەدر باوكی رۆحانی‌و عامریش دەستی پۆڵاینی تەمبێكردن بێت بۆ هەر هێزێك دژی پشكەكانی ماڵی شیعە بێت.

بۆ ئەوەی كوردو سوننەش نەبنە كارەكتەری ئۆپۆزسیۆن دەكرێ وا بكەن لقی چوارەمی پێكهاتەی شیعە (دەوڵەتی قانوون-ەكەی مالكی) لە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆندا كاراو كاریگەر بێت.

كێ ئەم مەتەڵە هەڵدێنێ؟

ئەوە سوننەیە لەدوای كەوتنی سەدام هەر بچووك دەكرێتەوە، لێ دەروجیرانی عەرەبی عروبی‌و سوننەی عوسمانلی دەیانهێننەوە كایە، بەو حاڵەشەوە ئەمجارەش لاوازكراونەتەوە، بۆیە تازە مەگەر لەچوارچێوەی كەینوبەینی ئیقلیمی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكەدا رۆڵیان بۆ مسۆگەر بكرێتەوە، كە بەشی عیراقیشی تێدابێت، دەنا لە ناوخۆی عیراق ژێرخانی هێزیان تەفروتوناكراوەو بەتەنیا وەك سوننی عیراقی نابنە هەقداری بەهێز.

ئەم باسە بۆ خەفەتخواردن لە سوننە نییە، كە هەشتا ساڵ خەفەتیان دایە كوردی بەلەنگاز، بەڵكو بۆ تەجرەبەو عیبرەتە، ئەگەر گەرەكمانە شتێك فێربین.

دوو ساڵی چووە كوردستان بە كۆمەڵێك زام ‌و برینەوە هەوڵی هەڵسانەوە دەدات، بیرۆكە زۆرە بۆ ئەوەی گەڵاڵەنامەی هەبێت داخۆ چی بكات؟ بەس وەختی ئەوە نییە بیرۆكە بە تەجرەبەی هەڵەو ڕاست بسپێرین، بیرۆكەی سەددەرسەت ڕاستمان دەوێت، ئەم بیرۆكانە ئیرادەی كاری دەوێت كە بتوانێت برینەكان ساڕێژ بكات.

یەكبوون‌و بەرنامەی هاوبەش گرنگە، كۆبوونەوەكەی هەولێریش هەنگاوێكی لەجێی خۆیدایە، بەڵام هەموو شتێك نییە. دەتوانێ كۆدی مەتەڵ بكاتەوە. كە كۆد كرایەوە، دەزانین لەودیوو چی هەیەو دەبێ چی و چۆن كار بكرێت؟.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket