riklam

به‌سره‌ به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو ده‌نێته‌وه‌

ژنان‌ 12:21 PM - 2018-07-05
.

.

هەردوو خوشك شەهد‌و نور روبەیعی لە نهۆمی سێیەمی تایبەت بە چێشخانە‌و گازینۆكان لە یەكێك لە گەورەترین مۆڵە بازرگانییەكانی بەسرە (560 كم لە باشووری بەغدا) دانیشتوون‌ و چاوەڕوانی ئامادەبوونی داواكارییەكەیان دەكەن لە یەكێك لە چێشتخانەكانی ئەو شوێنە.

چەند ساڵێك لەمەوبەر ئاسان نەبوو كچان بە شەو بچنە دەرەوە‌و ئۆتۆمبێل لێبخوڕن بۆ هێنانی شێو لە یەكێك لەو چێشتخانانەی لە شارەكەدا بڵاوبوونەتەوە، چونكە زۆربەی چێشتخانەكانی ناوچەكە مۆركێكی میللییان هەبوو یاخود خێزانی بوون، بەڵام ئەمڕۆ دوای بڵاوبوونەوەی مۆڵەكان، بووەتە شتێكی ئاسایی هەندێك ژنی شارەكە بەبێ سەرپۆش لەو شوێنانە ببینرێن، هەروەك ئاساییشە كچان لە شوێنە گشتییەكان بەتەنیا ببینرێن.

رەنگە دیمەنی شەهد‌و نور بوونی كەسێكی لە رەگەزی نێری كەم بێت لە تەمەنی باوكیاندا یاخود لە تەمەنی برایەكی گەورەتر لەخۆیان، بەڵام ئەوان بەتەنیا نانەكەیان خوارد‌و بەرەو نهۆمی زەمینی مۆڵەكە كەوتنەڕێ.

شەهد دەڵێت: ئەو كاتەی لە زانكۆ دەمخوێند، لە میلیشیا چەكدارەكان دەترسام‌و لەترسی هەراسانكردن ئەو جلوبەرگانەم دەپۆشی كە لەگەڵ بۆچوونیاندا دەگونجا، بەڵام ئەمڕۆ بەسرە زۆر ئارامە بەتایبەتی دوای كردنەوەی ئەو مۆڵانەی شوێنێكی داخراون‌و دەتوانین بە هەر جۆرە جلوبەرگێكەوە كە حەزمان لێبێت، تێیاندا بگەڕێین دوور لە ژاوەژاو‌و دەردەسەری بازاڕ.

باڵادەستی دیمەنی ئاینی‌و موحافیزكارانە لەو شارە باشوورییە هەڵكەوتووەی سەر كەناری شەوتولعەرەب ئەو مۆركەیە كە لەساڵی 2003وە شاری بەسرەی پێ جیادەكرێتەوە، چونكە دوای ئەو ساڵە ژمارەیەك چەكدار‌و میلیشیای لەیاسا دەچوو شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد‌و كەوتنە كێبڕكێ كردن، ئەوەش چەندین كێشەی بۆ دانیشتووانەكەی دروست كرد.

ئەمڕۆ ئەم شارە كە بە نزیكی لە كەنداو‌و پێگە نایابەكەی بەناوبانگە، هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانەوەی كرانەوە كۆمەڵایەتییەكەی دەدات لەڕێی چەندین دیاردەوە كە بە بڵاوبوونەوەی بازاڕ‌و مۆڵە گەورەكان دەستیان پێكردووە، هەروەها ژمارەی ئەو ژنانەش زیادیكردووە كە لە بەسرە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن هاوكات هەندێك لەو خێزانانەی سەرفەریان كردووە بۆئەوەی لەدەرەوەی ناوچەكە بژین، لە كاتی گەڕانەوەیاندا هەندێك دیمەنی دیكەی كرانەوەی كۆمەڵایەتیان بۆ گواستووەتەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییشدا لەوەتەی دەسەڵاتی میلیشیاكان لە ساڵی 2008وە پاشەكشەی كردووە ئەو ژنانە زیادیانكردووە كە باڵاپۆش نین، چونكە میلیشیاكان لافیتەیان هەڵدەواسی‌و هۆشیارییان دەدایە كچان لە خۆجوانكردن‌و سفوری، هەروەك لە كۆلیجەكانیشدا چەند حاڵەتێكی رێگریكردن لەو كچانە روویاندا كە باڵاپۆش نەبوون یاخود ئەوانەی جلوبەرگێك لەبەر دەكەن لەگەڵ شەریعەتدا ناگونجێت.

ئەمڕۆش لە پارێزگاكەدا خوێندنگەی (بیانی) سەرەتایی تێكەڵاو پەیدابوون‌و خەڵكێكی زۆر سەریان تێكردوون، ئەوەش وای لە سەرمایەداران كردووە كار بۆ بنیاتنانی پرۆژەی هاوشێوە بكەن.w325546.jpg

میلیشیا چەكدارەكان لە ماوەی نێوان ساڵانی 2003‌و 2008دا بەسرەیان كۆنترۆڵ كردبوو، بۆیە دەوڵەت پلانێكی ئەمنی جێبەجێكرد‌و تێیدا چەكی میلیشیاكانی داماڵی‌و كەسایەتییە كاریگەرەكانیشی دەستگیركردن، ئیتر دوای ئەوە بەسرە دەستیكرد بە پێشوازیكردن لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان‌و لە ساڵی 2009دا دەستەی وەبەرهێنانی لە پارێزگاكەدا دامەزراند.

ریاز عیدانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاكەش رایگەیاند: لە سێ ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی زیاتر لە ساڵانی پێشووتر مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بە ژنان دەرهێنراوە ئەویش بەهۆی پەیوەست بوونی هەندێك لە ژنان بە كارەكانیان‌و قوتابخانەی منداڵەكانیان كە پێویست بەوە دەكەن ژنان ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان هەبێت.

وتیشی: شۆفێرانی پیاو چیتر شۆفێرێكردنی ژنانیان بەلاوە سەیر نییە بەهۆی بەربڵاوی ئەم دیاردەیە كە ئەوەش ژنانی هانداوە ئەزموونی شۆفێریكردن تاقی بكەنەوە، بۆشمان دەركەوتووە كە ژنان رووداو‌و هەڵەی كەمتر دەكەن، چونكە پابەندی یاسان.

شەهد پشتیوانی لە بۆچوونەكەی عیدانی دەكات لەوەی ژنان لەكاتی شۆفێریدا لە پیاوان پەرۆشترن، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: "ژنان بەئاسانی‌و شایستەیی مۆڵەتی شۆفێرییان بەدەستهێناوە پاش ئەوەی بەباشی راهێنانیان لەسەر لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كردووە".

هەروەها لە بەسرەدا تێبینی ئەوە دەكرێت كە ژنان دەچنە كایەی كاركردن لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی‌و گەشت‌و چێشتخانەكان‌و جلوبەرگ‌و تەنانەت لە بواری نواندن‌و سینەما‌و كاركردن وەكو ئەفسەری هاتووچۆ وەك ملازمی یەكەم عەلیا كە خاتوونێكی بەسرەیە‌و زیاتر لە هەشت ساڵە لەو بەڕێوەبەرایەتییە كاردەكات.

عەلیا ئەفسەرێكی هاتووچۆیە‌و لەدایكبووی ساڵی 1983یە‌و هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسا‌و یەكەم ئەفسەری هاتووچۆیە لە پارێزگای بەسرەدا توانی لە نێو 83 ئەفسەری ژندا دەربچێت.

زیاد عەزاری دیزاینەری جلوبەرگ لەبارەی ئەو نمایشانەی لە بەسرە پێشكەشیان دەكات بە رایگەیاند: چیتر رووبەڕووی ئەو كێشەیە نابینەوە كە 10 ساڵ لەمەوبەر رووبەڕوومان دەبووەوە ئەویش دەگمەنی ئەو كچانەبوو كە خوازیاری كاركردن بوون وەكو نمایشكاری جلوبەرگ بەهۆی كۆت‌وبەندە عەشایری‌و كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر كچە نمایشكارمان لە بەسرە هەیە.

زیاد دەشڵێت: ئەمڕۆ كچانی بەسرە دەبینن پارێزگاكە لە گەشەكردندایە‌و كچانێكی زۆر هەن رۆڵی خۆیان وەرگرتووە‌و بوونەتە ژنی خاوەنكار ئەویش بەهۆی ئاستی بەرزی فەراهەمبوونی ئاسایش‌و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەتانی دراوسێ لە بواری كاری تایبەت بە كچان كە قەوارەیەك بە ژنان دەبەخشێت‌و چگە لەوەش كارێكی رێزلێگیراوە.

نمایشەكانی جلوبەرگ لە بەسرە لە ساڵی 2015وە لە نێو هۆڵی هۆتێلە پارێزراوەكانەوە دەستیان پێكرد، بەڵام لەوە بەدواوە لە هۆڵە كراوەكانیشدا بە بانگهێشتی گشتی‌و بەشداری رێكخراوە عێراقی‌و بیانییەكان بەڕێوەدەچن.

ئەگەر سەرەتا پشت بە كچە نمایشكارەكانی بەغدا‌و بەشداری ژمارەیەكی كەم لە كچانی بەسرە بەسترابێت، ئەوا لە ساڵی رابردووەوە نمایشەكان بەشێوەیەكی زیاتر پشتیان بە كچانی بەسرە بەستووە.

لە ساڵی 2011وە یەكێتی ژنانی خاوەنكاری عیراق لە بەسرە دامەزراوە‌و لە دەستە گشتییەكەیدا چەند ژنێكی خاوەنكار لەخۆدەگرێت‌و هەشیانە رێبەرایەتی رێكخراوەكانی بەرگریكردن لە مافی ژنان لە پارێزگاكەدا دەكەن.

دیمەنەكانی كرانەوە لەم شارە باشوورییەدا بەرەو فراوانبوون دەڕوات‌و چەندین بواری گرتووەتەوە كە ئەوەش خواستی ژنانی ئەو شارە‌و بەهەمان شێوە رۆشنبیرانیشە، هەرچی شەهد‌و خوشكەكەشیەتی ئەوا گەشتەكەیان لە مۆڵەكەدا تەواو كرد‌و بە ئۆتۆمبیلەكەیان بەرەو ماڵەوە گەڕانەوە‌و دڵخۆشبوون بەو كارانەی ئەو رۆژە بەبێ دەستوەردانی پیاوان ئەنجامیاندان.

PUKmedia  نیقاش

 

45656879.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket