ئه‌ستێره‌یه‌كی بزر، له به‌رزایی ئاسمان
کتێب 11:56 AM - 2018-07-04.
شاعیرێكی ون و ناو بزر، سیاسه‌تمه‌دارێكی پاك و روناك هزر ، به زانیاری و هۆشیار و سه‌رنج ورد، به‌ناوی نهێنی و خوازراوه‌ی (كچه كورد ) له جۆشانی خرۆشانی كانی شیعری، شه‌له‌گه‌ی هه‌ڵبه‌ستی هه‌ڵبه‌ستووه به بیر‌و هزری، ژن زیاتر نزیكتره له ئاسمان، زه‌ینه‌ب خان ( كچه كورد ) ه مه‌به‌ست و باسمان، له بنه‌ماڵه‌ی خادم سوجاده زه‌ینه‌بی مه‌لا ره‌ئوفه فه‌ندی، له نه‌ورۆزی ساڵی 1900 شاری كۆیه له گه‌ره‌كی به‌فری قه‌ندی، له دایك بووه هاتۆته ژیان، بۆته خانمێكی پێشه‌نگی ژنان ، چۆته به‌غدا بۆ خوێندن ساڵی 1906 ، بۆته خوێندكاری سه‌ركورسی و مێز به‌ر ته‌خته ره‌ش، ئه‌و قوتابخانه‌یه یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی حكومی كچان بووه، له سه‌رده‌می نامیق پاشاوه كراوه‌ته‌وه و ئاوه‌دان بووه، پێ ده‌چێت زه‌ینه‌ب خان یه‌كه‌م كچه كورده، كه دیار بووبێت، له قوتابخانه‌ی كچان خوێندبێتی و خوێندكار بوو بێت، له (قوتابخانه‌ی كچان له به‌غدا) تا شه‌شی سه‌ره‌تایی له خوێندووه، دوایی گه‌راوه‌ته‌وه كۆیه ده‌ستی به خوێندنی ئاینی و زانستی گولستان و بوستان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی كردووه ، زمانی عیبری‌و عه‌ره‌بی و فارسی وتوركی زانیوه ،به‌هۆی میهره‌بانی دایكی و زیره‌كی باوكی پێگه‌یوه ، باوكی كه‌سایه‌تی و( خادم سجاده ) ، دایكی خزمی حاجی قادری كۆیی و (عه‌له‌م زاده ) ، خاوه‌ن خزمی زۆر‌و به پشت‌و یه‌ك خوشك‌و(7) برا بووه ،پشت ئه‌ستورو رووسورو پته‌و وه‌ك قه‌ڵابووه، فاتمه‌ی خوشكی و ناوی براكانی (عه‌ونی ،سه‌عدی،ئاسه‌ف،حه‌مید،جه‌واد،یونس ره‌ئوف دڵدار ،مه‌جید) دڵدار له‌بیره‌وه‌ریه‌كانی نوسیویه‌تی سوڵته‌ی دایكم و خوشكی له‌خۆ گه‌وره‌ترم بونه‌ته مورشید، زه‌ینه‌ب خان 18 ساڵ گه‌وره‌تربووه له دڵدار ، به‌ده‌ستی خۆی شوشتویه‌تی چه‌ندان جار ،شیعرێكی هه‌یه دوای مه‌رگی دڵدار خه‌ونی پێوه بینیوه،له‌باخی شیعر گوڵێكی یادگاری بۆ چنیوه، بۆ رۆژگاری پڕیادگاری له‌گه‌ڵ برابچكۆله‌كه‌ی كه یونس دڵدار بوو :-
به‌لیفكه‌وسابونی لۆكس كه بۆنی ده‌مار ده‌ماربوو
هه‌مو جه‌سته‌م بۆ ده‌شوشتی چاوت چه‌ند له‌كه‌ف بێزار بوو
كه چاوت ده‌برژایه‌وه ،به‌و زمانه‌لاڵه په‌ته‌ت
جوێنی وه‌هات پێ ده‌فرۆشتم ، شیرین بوو ئه‌و گاڵته‌و گه‌په‌ت
چیرۆكی ژن له چاوه‌كانیدا ده‌خوێندرێته‌وه ، به‌ڵام هی ( زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد) له دیوانه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه ، كه عه‌بدۆڵڵا زه‌نگه‌نه ئه‌و گه‌نجینه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه ، ژنی زیره‌ك خه‌زێنه‌یه جوانی و زیره‌كی هێزێكی باڵایه ، گه‌ر بگه‌رێ ی له باخی شیعری گوڵی گه‌ش و ره‌نگاو ره‌نگی زۆر تێدایه ، وشه و گوزارشتی وا جوانی به‌كارهێناوه ، نموونه‌ی كوردی په‌تی له‌و زه‌مانه به‌و زمانه ته‌ڕ و پاراوه ، لوتكه‌یه‌كی به‌رز و داهێنانه ( خاتوو زه‌ینه‌ب ) له گۆره‌پانی سیاسه‌ت و گوڵزاری ئه‌ده‌ب ، بۆنمونه له دیوانه‌كه‌ی ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی به‌كار هێناوه : هێند جوان‌و گه‌شن ده‌لێی به ئاوی زێر نوسراوه، ساڵه‌كه‌شی به‌رامبه‌ری دیاری كراوه!
(دره‌ختی گه‌ل،كرێكاری خۆبه‌خش سالی 1924 ، كاوێژی هه‌وه‌سبازی ساڵی 1929 ،هه‌توان 1928، وڵا ت پارێز، ئاشته‌وایی، سروشتی ره‌نگین، جێ‌ژوان ، چۆراوگه‌ی خوێن، ژن هه‌تاوێكه روناكی ده‌دا، ئه‌گه‌ر من نه‌بم له‌كوێ نێر ده‌بێ ،ده‌ست نوقاو
سه‌مای مێرگ‌و دره‌خت ،ژنی میهره‌بان ساڵی (1930) ،ده‌گمه‌ن ، زرینگه‌ی شه‌وی تاریكی ، خه‌باتو تێكۆشان ،له‌كونجی نا ئومێدی دا ،هه‌ر ڕوونه ئاسۆی ژیانم ، دره‌ختی كورد ، ئاپۆره‌ی بێ ئومێدی ، وه‌كو كه‌لاوه تاریكه نیشتمانی بێ سه‌ربه‌ستی ، مه‌شخه‌ڵی هیوا ، یه‌كێتی گه‌ل ، روخساری غوربه‌تیم ، ساڵی 1931 ، بیتهۆڤن – ئینجلس- ماركس 1936 قاروون 1938
خوێن وه‌كو روبار ، هاژه شه‌پۆلێ رۆیی ده‌مار به ده‌مار ، بلێسه‌ی خه‌م وحه‌سره‌ت ، كووره‌ی دڵ ، ئه‌شك و ئه‌وین ساڵی 1932 . نه‌سیمی ئازادی ساڵی 1935 ،چه‌كی شه‌ڕه‌ف ساڵی 1935
كرفه‌ی كانی ، به‌شی مه‌ینه‌ت 1936، دایكی مێژوو- هێلانه‌ی هه‌نیسكی با ساڵی 1937 ،
ولاتی كۆیه 1938 ،كانیاو شه‌رابی به هه‌شته 1938 ، تروسكه‌ی گڕی ئه‌ویندار 1938
ده‌ستێكی كتێب و قه‌ڵه‌م ، ده‌ستێكی چه‌كی شانی بێ ساڵی 1939 ، نێركسی عومرم ساڵی 1939 ،داری تێكۆشان ساڵی 1940، روبارێك له خوێن + گزنگی تاریكی ساڵی 1941
هه‌تاو نیشانه‌ی ئازادیه + هه‌وری زگ پڕ + رووباری فرمێسك + مه‌یدانی جوانی گه‌ردنی ژیان + هاواری گه‌رووی عه‌داله‌ت + مۆمی مه‌رگ – ئاسۆی رووناكی – تیشكی ئاسۆی به‌ختیاری ساڵی 1942 ،ته‌وژمی هێز و جۆشی ئاشتی + تاڤگه‌ی ئه‌شك + به‌هره و هونه‌ر + بانگی ئازادی + هه‌تاوی ئازادی + گه‌لای ده‌م خه‌زانی بابرده + گۆشه‌ی ته‌نیایی ساڵی 1943
ره‌وره‌وه‌ی مێژوو + ئاسۆی روناكی + مۆمی مه‌رگ + تیشكی ئاسۆی به‌ختیاری + دره‌ختی شۆرش
بووكی رووسووری نیشتمان + گریه‌ی هه‌ور + هه‌ورازی ئازادی ،به‌سته‌ی ئازادی ساڵی 1945،
كانیاوی دڵمه عه‌شق و ئازادی + گۆڕی گومان + نه‌سیمی سوبحی رێگایه پێشمه‌رگه ساڵی1946 ،رامانی به‌سته + شه‌هید بروسكه‌ی هه‌ورێكه كه بارانی مرواریه ،جێ‌ژوان + هه‌وك + مه‌شخه‌ڵی هیواو ئومێد +گوڵشه‌نی مێرگی وڵات + خامه‌ی ره‌نگین + ده‌نگی خه‌بات
ئازادیخوازی گه‌لان ساڵی 1947،چه‌كی پێشكه‌وتن+ خونچه گوڵێكی غه‌مناك + له‌قه‌هری بێ ده‌وڵه‌تی كورد ساڵی 1948 ، سه‌دای حوزنی دڵ + نوری پڕته‌و ساڵی 1949
سۆزی ستران + كرفه‌كرف + شنه‌ی شه‌تاوان + قه‌ڵای شه‌ره‌ف چیرۆكی راز + ره‌وسه‌ی گوڵه‌گه‌نمی ته‌مه‌ن 1950 ،گه‌وهه‌ری پرشنگ ساڵی 1951+ له‌نجه‌ی گوڵاڵه سوور + هه‌وارگه‌ی ئازیزان- به‌سته‌ی ژیان ساڵی 1953 ،بڵێسه‌ی ئاگری دووری 1954- داوێنی خه‌یاڵ 1960
جۆگه‌كانی پێكه‌نین 1961 – ئاڵتوونی نه‌مری + ره‌ونه‌قی ئازادی 1961 ،تروسكه‌ی خه‌ونی ئه‌رخه‌وان + ره‌ونه‌قی وشه ساڵه‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه !
بۆ ئه‌حمه‌د موختار جافی نوسیووه !! ره‌نگی لینگراد ساڵه‌كه‌ی دیار نیه شۆك + ره‌ندی ره‌ندان + گه‌ریده‌ی باڵ سوتاو +هیواكانی له تاله‌كانی پرچی خۆر چنراوه‌ته‌وه
هێشتا به‌وردی و زانستی لێك نه‌دراوه‌ته‌وه ، ده‌نا گه‌نجینه دیوانه‌كه‌ی پڕه له یاقووت و زمرووت و مرواری ، به‌هره‌ی جوان وێنه‌ی ره‌نگین و هونه‌ری سیاسه‌تی لێ ده‌باری ،
(+) – ( زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد) یه‌كه‌م ژنی سیاسه‌تمه‌داره هێنده هۆشیار و خاوه‌ن بروا بووه ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ( داركه‌ر و حزبی هیوا ) بووه ، به‌ر له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئاسه‌فی برایی و سه‌عید اغای هاوسه‌ری ئه‌ندام بووه له كۆمه‌ڵه‌ی خۆ یبوون و كۆمه‌ڵه‌ی منه‌وه‌ران ، ئه‌و ده‌مه ژن ده‌گمه‌ن بووه هاوشانی پیاو له ریزی سیاسه‌ت و تێكۆشه‌ران،له دیوانه‌كه‌یدا به هۆنراوه (79 ) جار ناوی (كوردستان )و (69) جار ناوی (ئازادی ) و (نۆ) جار ناوی (سه‌ر به‌خۆیی) و (7) جار ناوی (سه‌ربه‌ستی)(4 )جار ناوی (ئاڵا و ده‌وڵه‌تی) هێناوه ، سیاسیانه و دوور بینانه و دۆستی كوردی دیاری كردووه به‌و شیعره جوانه :
له‌غه‌یری شاخ و لوتكه‌ی كێوه‌كان
دۆستێكی نیه ئه‌و كوردستانه
سه‌لماندوویه‌تی كور په‌روه‌رێكی دڵسۆزه پوخته یه‌كه‌م ژنی سیاسی كورده پێ ی ناوێ:
وڵاتێكی به‌بێ ئاڵا ، بێ ئازادیم قه‌ت ناوێ
قسه به‌سه ئیدی ( زه‌ینه‌ب ) هه‌نگاوی به‌كردار باوێ
– 1939-
(زه‌ینه‌ب خان + كچه كورد ) ساڵی 1942 ، بۆ ویژدان و مێژوو، داوای ده‌وڵه‌تی كوردی كردووه به‌و قه‌ناعه‌ته :
كورد میلله‌تێكی خاوه‌ن عیزه‌ته
حه‌قی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی هه بێ
خه‌یاڵیان خاوه دوژمنانی كورد
كورد هه‌ر ده‌مێنێ و قه‌ت نابڕێته‌وه
رای خۆی ده‌ربڕیوه به دڵسۆزی و بێ منه‌ت :
ئه‌گه‌ر قه‌ده‌ریش بیكا به ده‌وڵه‌ت
ئتیفاق نه‌بن ده‌بن به دووله‌ت
پێناسه‌ی بۆ شه‌هید پڕ له‌ورده‌كاری و جوانكاریه :
شه‌هید بروسكه‌ی هه‌ورێكه كه بارانی مرواریه
حاسڵاتی به‌روبوومی خه‌باتی كورده‌واریه
(+ )- ( زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ) یه‌كه‌م ژنه شاعیر بووه شیعر به‌سه‌ر حزب هه‌ڵبڵێ به‌و قه‌ناعه‌ت و بروایه ، هاتۆته كایه :
قوڵینگی فه‌رهادمان پێ یه ، پارتمان ، پارتی هیوایه
به‌باوه‌ڕمان ، ده‌یروخێنین هه‌ر كۆسپێك له رێگایه
ساڵه‌های ، خوێنی ئێمه ، له‌گۆزه ده‌خورێته‌وه
ئاگردانی ئیراده‌مان مه‌شخه‌ڵی ناكوژێته‌وه
خوشك و برا ، پاڵه و جوتیار ، هه‌ڤاڵی رێ ی خه‌باتین
یه‌ك ده‌نگ ، یه‌ك ره‌نگ ، تێكۆشه‌ری ولاتین
پارتی ئێمه ، پارتی خه‌ڵكه و پارتمان ، پارتی هیوایه
هیوا شه‌وه زه‌نگ ناهێلێ رووناكیه و بروایه
(1939)
زه‌ینه‌ب خان كچه كورد وه‌ك حه‌زره‌تی حاجی قادری كۆیی پێ ی پێ ی وابووه ، مێژومان نه‌نوسراوه بێ ده‌فته‌رین :
داركه‌رین ، داركه‌رین
دار كه‌رین ، تێ كۆشه‌رین
كچ و كوڕی كوردستان
هه‌موومان كورد په‌روه‌رین
1937
زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد له په‌راوێز نوسیویه‌تی ( كاتێ كه داركه‌ر بووم) له‌سه‌ر داوای ئه‌سه‌فی برام ئه‌وه‌یانم نوسی ، ملا حه‌زانی له‌سه‌ر هه‌بوو ، بناغه‌دانه‌ر و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بوو ، دۆستایه‌تی له‌گه‌ل سیاسه‌ت و ئه‌دیب و شاعیرانی كورد له‌راده به‌ده‌ر بوو ، هه‌رچه‌ند شه‌ش ساڵ له ئاسه‌فی برای گه‌وره‌تر بووه به‌ڵام ئوستادی بووه ، نوسیویه‌تی ( شه‌خسیه‌تێكی بێ منافسی و قیادی ) بووه !
(+) – ( زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ) سیاسه‌تمه‌دارێكی هۆشیار و خوێنده‌وار و پڕ زانیاری بووه ، ناودارانی جیهانی ناسیوه ، نا سیاوه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی كورده‌واری بووه ،
شیعری بۆ پیره‌مێرد و فایه‌ق بێكه‌س و سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری و عوسمان عه‌ونی و ئه‌حمه‌د مختار جاف و شێخ مه‌حموود نووسیوه ، ئه‌و زاتانه‌ی له‌نزیكه‌وه ناسیوه ، بۆ مه‌لیك مه‌حمود پشكۆی شیعری كردۆته گڕ :
كورد خیانه‌تیان كرد له شێخی نه‌مر
ئه‌گه‌ر نا ئه‌به‌د وای لێ نه‌ده‌هات
میلله‌تی خۆ خۆر ، خائین و نه‌زانن
چۆن به بێ عه‌قلی ده‌گا به ئاوات
********
به‌ڵام ئه‌و ویستی كورد نه‌جات بدات
نه‌بوو به شێخی ته‌كیه و خانه‌قا
بۆ حقوقی كورد كه‌وته سه‌ر پێ یان
شێرانه وه‌ستا له رووی ناهه‌قا
**********
دكتۆر هاته لات پێ ی گوت شێخ چۆنی
گووتی نه‌خۆشیم ده‌ڕدی كوردانه
دڵم جۆشی دا بۆ قولپه‌ی گریان
به‌ڵام رێم نه‌دا ئه‌و فرمێسكانه
(+) به‌ر له‌وه‌ی لینینی مه‌زن ماڵ ئاوایی بكات له ژیان
شه‌ره‌فی یه‌كه‌م شاعیری پێ ده‌بڕێ شیعری دانا بێ بۆ یه‌كی ئایاری جه‌ژنی كریكاران :
گه‌ر كرێكار ، ره‌نج نه‌دات و تێنه‌كۆشێ ، بۆ ژیان
دره‌ختی گه‌ل، به‌ری نابێ ناچێته پێش نیشتمان
نابێ زه‌حمه‌تی كرێكار فه‌رامۆش كه‌ین ، تا ئه‌به‌د
ساختومانی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و رێگا و بان
فه‌زلی ده‌ستی كرێكاره ، له هه‌ر لاێی سه‌یری كه‌ین
هه‌ر له بێشكه‌ی منداڵه‌وه ، هه‌تا چاڵی گۆرستان
پیرۆز بێ جه‌ژنی كرێكار ، رۆژی عه‌یش و خۆشیه
ئه‌و رۆژه هه‌ر پایه‌دار بێ تا نه‌فغی ئاخر زه‌مان
(زه‌ینه‌ب ) خۆزگه توشی ده‌بوویته كرێكاری خۆبه‌خش
بۆ بینایه‌ی قوتابخانه‌ی منداڵانی كوردستان
بۆ كۆچی دوایی (پیره‌مێرد ) به یادگاری ناخ ده‌هه‌ژێنێ :
نووری قه‌له‌می ئه‌و هه‌رده‌مێنێ
به‌ویقاره‌وه له دیوانی كورد
كه‌سێ فه‌لسه‌فه جێبێلێ بۆمان
كێ هه‌یه بڵێ ئه‌و ئینسانه مرد
ئه‌هاته كۆیه سه‌ردانی باوكم
كه‌بابی كۆیه‌ی گه‌لێ پێ خۆش بوو
حه‌یف و مخابن بۆ زاتێكی وا
له مامه‌یاره مات و خامۆش بوو
كه حاجی تۆفیق ده‌هاته مالمان
گه‌رمی دیوه‌خان زرمه‌ی لێ ده‌هات
پیاو ماقولی شار ده‌وره‌یان ده‌دا
هه‌ر قسه‌ی خۆش بوو شه‌و تا رۆژهه‌ڵات
فایه‌ق بێكه‌س دۆستی ئه‌سه‌فی و یونس دڵداری برای بووه ، شیعری ئه‌و (مانگ ) ی له ماڵی ئه‌سه‌ف داناوه بۆیه زه‌ینه‌ب خان بۆ كۆچی دوایی بێكه‌س شیوه‌نی بۆ كردووه له ناخه‌وه بۆی ده‌سووتێ:
دایكی نیشتمان سینه‌ی خۆی ئه‌كوتێ
ئه‌ڵێ داخه‌كه‌م بێكه‌س مردووه
كوردستانه‌كه‌م هه‌ر قوڕ ده‌پێوێ
بای خه‌زان گوڵی باخی بردووه
بێكه‌س بوو بێكه‌س بێ كه‌سی كوردان
بێكه‌س به‌بێ كه‌س ئێمه‌ی هێشته‌وه
(+) – زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ده‌بێت یه‌كه‌م ژنی(فێمنیست ) بووبێ ، له داكۆكی ژنان دا به هه‌لوێست بووبێ ! ده‌نگی ژن له ساڵی 1936 ده‌گه‌ینێته دادگای ویژدان :
ژن ده‌بێ قودره‌تی هه‌بێ بزانێ چۆن دێته‌مه‌یدان
خۆ هه‌ر به شیعارات نابێ بڵێن شێره ژنی ژیان
له‌ناو فكرا فكری هه‌بێ وردبین و دوربین و ئازا
نابێ هه‌ر دۆستی لانك و ته‌شی رێس بێ له‌ناو هه‌یوان
ئینجلس كه ئایدۆلۆجیای به هاوكاری ماركس نووسی
دایكێكی ئه‌سیلی هه‌بوو خاوه‌ن دڵێكی میهره‌بان
ساڵی 1932 وه‌ك كچه كوردێك ، وه‌ك قاره‌مان و مه‌ردێك ، ده‌ڵێ
كیژه كوردێكی خاوه‌ن شه‌ره‌فم
سه‌ربه‌خۆیی یه هیواو هه‌ده‌فم
ساڵی 1937 به لۆژیك به‌رگری ده‌كاتن له ژنان :
حیكمه‌تی چ جاهێلێكه ، كه ژن بێ گوریس له ژیان
به‌له‌ب خه‌نده‌ی جه‌مالی ژن بڵێن فیتنه‌ی ئاخر زه‌مان
له ره‌حمی كێدا گه‌وره‌بووی ،كێ زادی حه‌یاتی پێدای
مه‌گه‌ر دایكی تۆ ژن نیه هه‌ر شێره‌ژنه به قوربان
سالی 1940 ده‌نگ هه‌ڵده‌برێ / به‌بێ منه‌تی و هۆشارانه‌و مه‌ردانه:
هه‌سته تێكۆشه شه‌ره‌فمه‌ندانه
مه‌ڵێ تێكۆشان كاری پیاوانه
نیشتمان ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ست و حوڕ بێ
بۆ نێر‌و بۆ مێ وه‌كو یه‌ك وانه
ساڵی 1944 ، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ به بانگ و هاوار
ئه‌من به‌وری رێ ی ئازادی وڵاتم
سه‌ری به‌رزی ئافره‌تانی خه‌باتم
ئه‌من ده‌نگی ژنانی كورده‌واریم
ده‌نگی تۆڵه‌ی ئازادی گوند و شاریم
سالی 1945 كۆڵ نه‌دا ، ده‌رباره‌ی ئافره‌ت ده‌ریده‌خات به‌و زمانه :
ئافره‌ت كلیلی ده‌رگای ژیانه
فه‌رشی پڕگوڵی نه‌خشی یه‌زدانه
بولبولی شه‌یدای به‌هاری عومره
خه‌رمانه‌ی ده‌وری مانگی ئاسمانه
ئافره‌ت له شانی گوڵ و نێرگسه
له‌تاریكی شه‌و چرای لۆ كسه
شمشالی شوانی قه‌د پاڵی كێوه
ئه‌ستێره‌ی ئاسۆی ئه‌م نێوه و نێوه
ئافره‌ت بناغه‌ی بوون ئینسانه
به‌ری دره‌ختی گشت وه‌رزه‌كانه
گه‌ر ئافره‌ت نه‌بێ ژیان خۆی نابێ
گه‌ر پیاو ده‌نگ بێ ئافره‌ت زمانه !
(زه‌ینه‌ب خان- كچه كورد ) ساڵی 1952 به‌رده‌وام ده‌بێ له په‌یامه‌كه‌ی وازناهێنێ تا سه‌رده‌كه‌وێ :
زه‌ینه‌ب له‌ناو قه‌بر یشابێ
ئازادی ژیانی ده‌وێ
ئازادی ئه‌و ئینسان بوونه‌ی
كه‌پیاو چۆنی ده‌ست ده‌كه‌وێ
خودا ئازادی پێ داوه
تۆی به‌نده لێ ی زه‌وت ده‌كه‌ی
بۆ تۆ هه‌مووشت ره‌وایه
بۆ ئه‌و هاواره‌ی كپ ده‌كه‌ی !
(+)- شاعیرێكی كۆیی نابینی به‌قه‌د زه‌ینه‌ب خان عه‌شقی كۆیه بووبێ هێنده بۆی سوتا بێ ، ئه‌وه‌نده ناوی كۆیه‌ی هێنابێ ، 52 جار ناوی كۆیه‌ی هێناوه ،(8 ) جار ناوی (هه‌یبه سوڵتان )
دوو جار ده‌ڵێ ( به قوربانی دار و به‌ردی كۆیه بم ) ده‌یسه‌لمێنێ ره‌سه‌نه كۆیی و خۆی ده‌ڵێ سه‌ر چاوه‌ی بیر‌و ژیانمه :
كۆیه مه‌نزڵگای باپیرانمه
خاكی شیرینی كوردستانمه
لاله‌ی دره‌خشان ، گوڵشه‌نی ره‌نگین
یادی سه‌بای ئه‌و هێزی گیانمه
هه‌یبه سوڵتان ره‌مزی قوه‌ته
باواجی تاجی فه‌خری غیره‌ته
گوڵیك له كۆیه بگه‌شێته‌وه
له كوردستان ده‌دره‌شێته‌وه
ئاڵای كوردستان له مهابادا بێ
له هه‌یبه‌سولتان ده‌شه‌كێته‌وه
گوندی هه‌رمۆته‌ی پێ خۆش بووه (ده) جار ناوی ( هه‌رمۆته)ی هێناوه ، بۆیه شیعری پێدا هه‌ڵداوه هه‌ر بۆ یادگاری :
چه‌نده خۆشه هه‌رمۆته له‌سه‌یران و به‌هاری
هه‌موو یه‌ك خانه‌واده‌ین له خاكی كورده‌واری
هه‌ر چه‌نده له هه‌ولێرم هه‌رمۆته‌م هه‌ر له‌بیره
ئه‌ڵڵا كه خوایه خۆشه گوندێكی چه‌ند دڵگیره
(زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ) هاوسه‌ری سه‌عیداغای سه‌ید عومه‌راغای كه‌سایه‌تی هه‌ولێر بووه ، پیاوێكی ژیر و ره‌وشه‌نبیر و زه‌نگین و به‌ر چاو تێر بووه ،
چوار كوڕیان هه‌بووه مایه‌ی شانازی ، ( عه‌ونی +فازیل + ره‌مزی +غازی)
سه‌یره نۆبه‌ره‌ی باوكی زه‌ینه‌ب خان و خۆی ناویان (عه‌ونی) بووه ، به‌ڵام به زوویی هه‌ردوو عه‌ونی كۆچی دوایی یان كردووه ،
عوسمان عه‌ونی زۆر دۆستیان بووه، بۆیه زه‌ینه‌ب خان شیعری پێ هه‌ڵداوه بۆته سه‌رچاوه‌ی یادگار :
عه‌ونی پیاوێكه مه‌ردو وه‌فادار
لێمان ئه‌پرسێ ساڵی چه‌ندین جار
هه‌روه‌كو برای گیانی گیانی
خانه‌واده‌ی مه‌ی كه‌وتۆته گیانی
ده‌شێت نازناوی عوسمان عه‌ونی له‌هه‌ردوو عه‌ونی سه‌رچاوه‌ی گرت بێ !
بۆ رێز‌و خۆشه‌ویستی نازناوی عه‌ونی هه‌ڵبژارد بێ !
(+) یه‌كه‌م ئافره‌ت و شاعیره ، به تایبه‌ت و دووروودرێژی ، شیعر له‌سه‌ر پێشمه‌رگه وه‌ك
فه‌رشی گوڵ دابڕێژی ، به‌و شێواز و به‌و ره‌نگه :
نێرگسی چاوی شه‌هلایه پێشمه‌رگه
یا قووتی مل له‌یلایه پێشمه‌رگه
باوه‌ڕی وه‌ك كێوی هه‌یبه‌سوڵتانه
بۆ وڵات شووراو قه‌ڵایه پێشمه‌رگه
هه‌موو عاله‌م سه‌رسامن له‌نه به‌ردی
ده‌ڵێ ی مه‌عده‌نی پۆڵایه پێشمه‌رگه
ئه‌و بۆ پاسه‌وانی خاكی كوردستان
پڵینگ و شێری سه‌حرایه پێشمه‌رگه
له هه‌ر كوێ بێ نه‌عره‌ته‌ی دێ به مه‌ردی
باز و هه‌ڵۆی سه‌ر چیایه پێشمه‌رگه
-1946-
+ پێ ده‌چێت ( زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ) یه‌كه‌م شاعیری ژن بوو بێت ، شیعری بۆ منداڵان گوتووبوو بێت ، شیعرێكی نوسیووه له ساڵی 1930 ، به پێوانه‌ی ویژدانی ئه‌وێ رۆژێ بیپێوه ، چه‌ند جوان به كوردیه‌كی و په‌تی و پاراو ، هه‌ڵڕژاوه وه‌ك جۆگه‌له‌ی ئاو ، ده ئه‌ی شیعری منداڵان ئه‌وجا به چێژ‌و به پێز به :
كۆرپه‌ی شیرینم پاك و به‌هێز به
پاسه‌وانێكی وڵاتپارێز به
دوژمنت ، هه‌رچی له‌روو پێ ی گوتی
ئارامت ببێ و زیاتر به‌رێز به
كۆرپه‌ی شیرینم قه‌ڵه‌م بێ ئاڵات
كرده‌وه‌ت ببێ نه‌وه‌ك سكاڵات
مه‌علوومه له‌رێ ی قاره‌مانێتی
مێژوو ئی تۆیه به به‌رزی باڵات
ساڵی 1935 له شیعرێكی دیكه‌ی ره‌نگاوه به ئاوی زێر ، وای هۆنیویتیه‌وه دێر به دێر، به ناوی منداڵانی به چكه شێر ، به شیعره‌كه‌ی ئاشنابن :
پشوو ده‌ن ، وریا بن
گورج و گۆل و ئازا بن
فه‌رامۆش مه‌كه‌ن خوێندن
خاوه‌ن هزر و هیوا بن
*****
ئێوه به‌چكه‌ی شێرانن
به‌ره و رێگای ئازادی
ره‌وره‌وه‌ی كوردستانن
*****
سوێند بێ به شاخی پیرۆز
هه‌یبه‌ت سوڵتان ، نه‌كه‌رۆز
له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌یه
ئازادی گه‌ل و نه‌ورۆز
ساڵی 1938 شیعرێكی داناوه ، به ئاواز و گوڵ چنراوه ، به ناو نیشانی ( مۆسیقا ، منداڵان گۆش ده‌كا به سۆز و قاقا ، هه‌ست و نه‌ست ده‌جوڵێنێ :
كه په‌نجه‌ی له‌سه‌ر پیانو
دینگ دینگی لێ دێنێ
ئه‌ی منداڵان گوێ بگرن
حه‌سره‌تی دڵ نامێنێ
+++++++
چه‌نده به سۆز و ناڵه
به‌سه‌ر ده‌رونما زاڵه
مۆسیقا چه‌ند خۆشه
زاده‌ی هه‌ست و خه‌یاڵه
چه‌ندان شیعری هه‌یه بۆ منداڵان هه‌روه‌ك مامۆستا و قوتابخانه ساڵی 1938، مام جوتیار و ئه‌ده‌بی خوێندن و منداڵین ساڵی 1940 و بزنۆكه و پشه سپی ساڵی 1941 ، كۆتر 1943 ، له‌كۆتایی ساڵانی ژیانی ، دواین شیعری هه‌ر بۆ منداڵان ده‌نوسێ ، به‌ناوی منداڵان
له ساڵی 1963 ، شیعره‌كه به سفتوسۆیه :
ئه‌ی منداڵانی ژیكه‌ڵه‌ی كۆیه
نیشتمان چاوی له‌تۆیه
خه‌ونێك شه‌وقی له‌خوێنه‌وه
ئاگر بگرێ
بێگومان به ، مافی ده‌درێ
منداڵانی شاری كۆیه
(زه‌ینه‌ب خان – كچه كورد ) خاتونێكی خواپه‌رست و دیندار بووه ، به پێچه‌وانه‌ی بۆ چوون برا كچكه‌كه‌ی یونس ره‌ئوف دڵدار بووه ،
پوخته ( زه‌ینه‌ب خان –كچه كورد) ژنێكی دیندار و هۆشیار و سیاسه‌تمه‌دار و كوردی زانێكی ئاگادار و به‌رگریكاری كرێكار و و فێمنیستێكی به‌كار و وه‌فاداری پێشمه‌رگه‌ی فیداكار و كۆیی یه‌كی عه‌یار بیست و چوار و گوڵێكی نازداری ئه‌ده‌بی كورده‌واری بووه، شاعیرێكی نوێ خواز و داهێنه‌ر و وشه مرواری بووه ، بروای به زانست و خوێندن و خه‌باتی چه‌كداری بووه ، له‌ژێر كاریگه‌ری حه‌زره‌تی حاجی قادری كۆیی خزمی و پیره‌مێردی دۆستی باوكی و فایه‌ق بێكه‌س و براده‌ری ئه‌سه‌فی برایی و ئه‌حمه‌د موختار جاف بووه ، خاتونێكی میهره‌بان و دلۆڤان و به‌ویژدان و سینه‌ساف بووه ، ژنێكی ده‌گمه‌ن و به دیمه‌ن و 63 ساڵ ته‌مه‌ن و له 18/1/1963 نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك پێ ی ده‌وێرێ ، به‌و ده‌رده گیانی ده‌سپێرێ ، له شاری هه‌ولێر ده‌نێژرێ ، وه‌ك پێویست ناوی نه‌هێندراوه ، .
به بارانی پایزان هه‌ناره‌كان خۆشتر و به‌تامتر و ئاودارتر ده‌بن هێشووی ترێی مێوش به به‌فر، ئه‌وهاش لێكۆلینه‌وه و ورد بوونه‌وه له دیوانی زه‌ینه‌ب خان زیاتر دیارتر و ناودار تر ده‌بێ مێژوو ده‌یكا به نه‌مر.
ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم
PUKmedia کوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
قوباد تاڵەبانی بۆ خوێندکاران: بەسیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام درێژە بەخەبات بدەن
07:59 PM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ: خوێندکاران رۆحی ئەم کۆمەڵگەیەن
06:58 PM - 2024-04-26
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
09:59 AM - 2024-04-26
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: خوێندکاران رۆحی ئەم کۆمەڵگەیەن
کوردستان 06:58 PM - 2024-04-26 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی ئەیوب محەمەد
پرسەنامە 12:33 PM - 2024-04-26 -
یەک لە سوارچاکانی قازان
بیروڕا 10:03 AM - 2024-04-26 -
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
کوردستان 09:59 AM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25