riklam

ئێزدیه‌كان: یه‌كێتی بڵندگۆی داڕشتنی حكومڕانی داهاتووی هه‌رێمه‌

ی.ن.ک‌‌ 06:47 PM - 2018-07-03
.

.

ئه‌مڕۆ 3-7-2018 له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شاری هه‌ولێر، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی حازم ته‌حسین سه‌عید نوێنه‌ری تایبه‌تی میر ته‌حسین به‌گ میری ئێزیدییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانی ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزیدی.

له‌ دیدارێكی نێوان هه‌ردوولادا سه‌ره‌تا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئاماژه‌ی به‌ رۆڵ و گرنگی ئێزیدییه‌كان كرد له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، هاوكات ئاماژه‌ی به‌ مێژووی پڕسه‌روه‌ری ئێزیدییه‌كان كرد له‌ شۆڕشه‌كانی گه‌لی كوردو رایگه‌یاند كه‌ ده‌مێكه‌ سه‌رۆكی خوالێخۆشبوو مام جه‌لال ئێزیدییه‌كانی وه‌ك كوردی ره‌سه‌ن وه‌سفكردووه‌، هاوكات ئاماژه‌ی به‌ رۆڵ و پێگه‌ی ئێزیدییه‌كان كرد له‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكی تردا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتانه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا چ به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه‌ چ به‌هۆی پارێزگاریكردن له‌ كه‌لتورو ئاین و دابونه‌ریتیانه‌وه‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌میشه‌ له‌ رابردوو و ئێستاو داهاتووشدا پارێزگاری له‌ خوشك و برا ئێزیدییه‌كان ده‌كات و وه‌ك به‌شێك له‌ پێكهاته‌یه‌كی گرنگی كۆمه‌ڵی كورده‌واری سه‌یریان ده‌كات.

پاشان ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ له‌ چه‌ند وته‌یه‌كی جیادا سوپاسگوزاری خۆیان و ئه‌نجومه‌نی رۆحانی ئێزیدییه‌كانیان به‌رامبه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ربڕی، هاوكات له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 30ی نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت داوایانكرد كه‌ ئێزیدییه‌كان ماف و داخوازییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانیان پارێزراو بێت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی ئاینده‌و پێكهاته‌كه‌یدا ئێزیدییه‌كان نوێنه‌رو به‌رپرسیارییه‌تی جیاجیایان پێبسپێردرێت وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌یه‌كی تری ئاینی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ شیاوی ژماره‌و سه‌نگ و قورسایی ئێزیدییه‌كان بێت، بۆیه‌ ئه‌و داوایه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ن پێیانوایه‌ یه‌كێتی ئه‌و بڵندگۆیه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌نگیان بگه‌یه‌نه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆكانی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ داڕشتنی ره‌سمی سیاسی و ئیداری و حكومڕانی داهاتووی هه‌رێمه‌كه‌.

پاشان سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ دوای روونكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی به‌شداری پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ به‌ڵێنی پێیاندا كه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی ئه‌مانه‌ته‌وه‌ له‌ گفتوگۆكانیان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و حكومه‌تی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له‌ خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌كان مه‌سه‌له‌ی به‌شداری كارای ئێزیدییه‌كان و پاراستنی مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی ئیدارییه‌كانیان ده‌بێت و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش خاوه‌ندارییه‌تی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا ئێزیدییه‌كان هه‌ست به‌هیچ نیگه‌رانی و گۆشه‌گیرییه‌ك نه‌كه‌ن.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket