riklam

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی توركیا ده‌رفه‌تێكی تر بۆ په‌كه‌كه‌

بیروڕا 05:33 PM - 2018-06-30
.

.

په‌كه‌كه‌، وه‌ك پارتێكی كوردی كه‌ له‌ باكوور و ڕۆژئاوای كوردستاندا زۆرترین ڕۆڵی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێی بۆچوونی چاودێران، له‌ ئیداره‌دانی ئه‌م دوو پارچه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵكو ڕۆڵی نێگه‌تیڤی بینیوه‌ له‌سه‌ر پارچه‌كانی تری كوردستان، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی عه‌فرین و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره‌ی توركیا، پێیان وتین كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا، پێویستی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی كورد و تورك هه‌یه‌.

به‌ تایبه‌ت ئێستا دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی توركیا، ده‌رفه‌تێك بۆ په‌كه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ پێش له‌ باكووری كوردستانه‌وه‌ هه‌نگاوی كرده‌نی بهاوێژێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له‌م پارچه‌یه‌دا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی هه‌موو ئاماژه‌كان، براوه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ئاكپارتی و هه‌ده‌په‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئۆردوگان و ئاكپارتی به‌ هاوپه‌یمانیی مه‌هه‌په‌ زۆرینه‌ی پێویستیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌ڵام بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌ كوردییه‌كان و دووباره‌ گه‌شه‌كردنه‌وه‌ی ئابووریی توركیا، پێویستی به‌ هه‌ده‌په‌ و كورد ده‌بێت.

لێره‌وه‌ ده‌كرێ په‌كه‌كه‌ بیكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ لێكتێگه‌یشنێكی گشتگیر له‌ نێوان تورك و كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا، چونكه‌ تایبه‌ت به‌ باكوور تاكه‌ هۆكاری شكستپێهێنانی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش و گه‌ڕانه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری دۆزی كورد بۆ خاڵی سه‌ره‌تا، هۆكاره‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ بوو، ئه‌م جاره‌ په‌كه‌كه‌ به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چه‌ك و رێگه‌دان به‌ هه‌ده‌په‌ بۆ بره‌ودانی زیاتر به‌ كاری په‌رله‌مانی، ده‌كرێ پرۆسه‌ی ئاشتی دووباره‌ بێته‌وه‌ رۆژه‌ڤ و كوردانی ئه‌م به‌شه‌ گرینگه‌ی كوردستانیش بگه‌ن به‌ مافه‌كانیان.

له‌ رۆژئاوای كوردستانیش، په‌كه‌كه‌ ده‌توانێ كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر په‌یه‌ده‌ به‌كار بهێنێت و بۆچوونی توركیا سه‌باره‌ت به‌م پارچه‌یه‌ بگۆڕێت، به‌ جۆرێك دراوسێیه‌تیی هه‌رێمێكی كوردی له‌ سووریا هه‌رگیز مه‌ترسی نییه‌ بۆ سه‌ری، به‌ڵكو گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌كای له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، هۆكارێك ده‌بێ بۆ به‌هێزكردنی زیاتری توركیا له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ دا، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی، هۆكاری سه‌ره‌كیی دژایه‌تیكردنی توركیا بۆ كوردانی رۆژئاوا و ڕێگریكردن له‌ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیان، بوونی په‌یه‌ده‌یه‌، كه‌ به‌ موتڵه‌قی ده‌یه‌وێ ته‌نیا خۆی حاكم و قه‌ڵه‌مڕه‌و بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ توركیا په‌یه‌ده‌ به‌ باڵی سه‌ره‌كیی په‌كه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كات.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، سوودمه‌ندی یه‌كه‌م له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان كوردانی باكوور و ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، یه‌كه‌م: توركیا تاكه‌ ده‌روازه‌ی باشووری كورستانه‌ به‌ ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، هاوكات تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی سامانه‌ سرووشتییه‌كه‌ی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، له‌ هه‌مووی گرینگتر مه‌ترسیی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كورستان دوور ده‌خاته‌وه‌، كه‌ تاكو ئێستا توركیا ئاماده‌كاری بۆ ده‌كات به‌ پاساوی هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئه‌نجامه‌كانی كۆتا هه‌ڵبژاردنی توركیا پێی وتین، نه‌ ئۆردوگان توانی له‌ رێگه‌ی زیندانیكردنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و گۆڕینی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانیه‌وه‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا كۆتایی پێ بهێنێت و ده‌نگی كورد كپ بكات، نه‌ په‌كه‌كه‌ش له‌ رێگه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئۆردوگان و چه‌كهه‌ڵگرتنه‌وه‌ توانی وا له‌ ده‌نگده‌ری تورك و كورد بكات كه‌ دووباره‌ ده‌نگ نه‌ده‌نه‌وه‌ به‌ ئۆردوگان.


محه‌مه‌د عه‌لی


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket