riklam

یادێك بۆ 17 شه‌هیده‌كه‌ی قڕگه‌

ی.ن.ک‌‌ 07:02 PM - 2018-06-28
.

.

ئه‌ریوان سیوه‌یلی

كاره‌ساتی جه‌رگبڕی شه‌هیدبوونی 17 پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ناوچه‌ی قڕگه‌ی ئه‌و كاته‌ی شاری سلێمانی، له‌ یاده‌وه‌ری هه‌موو خه‌ڵكدا به‌ گشتی و یه‌كێتیه‌كاندا به‌ تایبه‌تی هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ شه‌هیدبوونی 17 پێشمه‌رگه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئازارێكی ئێجگار قورس و نه‌بڕاوه‌ بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك دوای رووداوه‌كه‌ و شه‌هیدبوونی ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، كاره‌ساته‌كه‌ بووه‌ وێردو سروودی سه‌ر زمانی خه‌ڵك و شۆڕش، و هه‌ر كه‌سه‌ و له‌ ماڵی خۆیه‌وه‌ پرسه‌ی بۆ ئه‌و پۆله‌ قاره‌مانه‌ دانابوو. تا ئه‌و راده‌یه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان و مفاوه‌زاتی 1983 دا خه‌ڵكی ئه‌و دروشمه‌یان ده‌وته‌وه‌: حه‌ڤده‌ شه‌هیدی قڕگه‌ .... بوونه‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌.
رووداوه‌كه‌ش شه‌وی 28/29/6/1983 پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی دوای ئه‌نجامدانی چالاكیه‌ك له‌ناوی شاری سلێمانی و وه‌شاندنی زه‌برێكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ رژێمی زاڵمی به‌عس، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا، له‌ گه‌ڕه‌كی قڕگه‌ی ئێستای شاری سلێمانی، ده‌كه‌ونه‌ بۆسه‌ی به‌كرێگیراو و گه‌له‌ جاشێكه‌وه‌ و شه‌هید ده‌كرێن.
ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ خۆیان ژماره‌یان 20 پێشمه‌رگه‌ بوو، 17 پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید بوون و 3 پێشمه‌رگه‌یان به‌ برینداری رزگاریان بوو، كه‌ ئه‌وانیش شه‌هید شێخ حسه‌ینه‌ سور و كاك فه‌ریدون قادر ڕه‌شید و كاك ئازادی كه‌رتی ڕاگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ند بوون، شێخ حسێنه‌ سور به‌ داخه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا شه‌هید بوو وكاك فه‌ره‌یدون قادریش ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ و ئاسه‌واری برینداربوونه‌كه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر به‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره‌ و كاك ئازادیش ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی.

ناوی 17 شه‌هیده‌كانی قڕگه‌....
1- شه‌هید ئاراس مه‌حمود عه‌زیز
2- شه‌هید ئاگرین شێخ نوری
3- شه‌هید ته‌ها عه‌بدوڵامحه‌مه‌د ناسراو به‌ مام ته‌ها
4- شه‌هید غه‌فور عه‌بدولكه‌ریم ئه‌مین
5- شه‌هید عومه‌ر ره‌شید مسته‌فا
6- شه‌هید ره‌حیم عوسمان
7- شه‌هید ئامانج عه‌بدوڵا محه‌مه‌د ناسراو به‌ ئایار
8- شه‌هید محه‌مه‌د كه‌ریم ساڵح ناسراو به‌ حه‌مه‌ سور
9- شه‌هید كاروان غه‌ریب شاه محه‌مه‌د
10- شه‌هید ئازاد ره‌شید عارف
11- شه‌هید نه‌وزاد محه‌مه‌د تاهیر
12- شه‌هید عیسا غه‌فور محه‌مه‌د
13- شه‌هید به‌كر نه‌سره‌دین عه‌زیز
14- شه‌هید سالار فه‌تحوڵا گوڵ محه‌مه‌د
15- شه‌هید محه‌مه‌د ئیبراهیم ئه‌مین ناسراو به‌ شێخ محه‌مه‌د
16- شه‌هید ئه‌بوبكر ره‌حمان حه‌سه‌ن
17- شه‌هید محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان ئه‌حمه‌د
دوا به‌ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ و شه‌هیدبوونی ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌، رووداوه‌كه‌ بوو به‌ ناوه‌رۆكی چه‌ندین شیعر و چیرۆك و بابه‌ت، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا شاعیری گه‌وره‌ شیعرێكی بۆ ئه‌و پۆله‌ شه‌هیده‌ نووسی و بڵاویكرده‌وه‌.

بۆ حه‌ڤده‌ شه‌هیده‌كه‌ی قرگه‌:

شێركۆ بێكه‌س

ئه‌و شه‌وه‌ی قڕگه‌ بوو به‌ گۆمی خوێن
بناری گۆیژه‌ سوور سوور هه‌ڵگه‌را
شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و به‌ڵێن
بزه‌ له‌ لێوی سه‌د ساڵه‌ی بڕا
له‌ جێی هه‌ر قه‌تره‌ خوێنێكی رژاو
تۆڵه‌ی یه‌ك به‌ ده‌ ئه‌سێنینه‌وه‌
له‌ جێی هه‌ر گوڵه‌ باخێكی سووتاو
تۆوی هه‌زاران ئه‌چێنینه‌وه‌
ئه‌مان هێشویه‌ك ئه‌ستێره‌ی شین بوون
بۆ دوا رۆژی كورد ئه‌جریوانه‌وه‌
ئه‌وانیش كێردی نامه‌ردی و قین بوون
بۆ سه‌ربرینیان ئه‌بریسكانه‌وه‌
به‌ رێگه‌ی خۆردا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن
كاروانی سووری ئه‌م كوردستانه‌ین
ئێمه‌ی نه‌ترساو له‌ شه‌وی مردن
هه‌ر ئه‌بێ ئاڵای سه‌ربه‌ستی هه‌ڵكه‌ین
---------
دروود بۆ رۆحی به‌فرینی حه‌ڤده‌ شه‌هیده‌كه‌ی قڕگه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای رزگاری كوردستان.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket