riklam

حكومه‌تی هه‌رێم 1465 ژن له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگارده‌كات

ژنان‌ 02:52 PM - 2018-06-26
.

.

زێباری: حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆی 3548 ژن 1465ی له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاركردووه‌

له‌ دوای داگیركردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان ژنان بوونه‌ قوربانی و زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بوون له‌م نێوه‌نده‌دا. هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی جددی داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م هێرشانه‌ی داعشدا زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: پاش ئه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش له‌ 3-8-2014 هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال و ژماره‌یه‌كی زۆری ژن بوونه‌ قوربانی و توشی چه‌ندین زه‌ره‌رو زیان بوونه‌ته‌وه‌، له‌ناویاندا رفاندنی 3548 ژن و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریان.

راشیگه‌یاند: بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌دواداچوون له‌ كه‌یسی رفێنراوه‌كان، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕۆژی 25-11-2014 لیژنه‌یه‌كی دامه‌زراندو بودجه‌ی ته‌رخانكردووه‌ بۆ رزگاركردنیان، دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان حكومه‌ت هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ده‌كات بۆ حه‌واندنه‌وه‌یان و دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆنێو كۆمه‌ڵگا.

وتیشی: حكومه‌ت له‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ ئه‌ركی رزگاكردنی ژنه‌ ئێزیدییه‌ رفێنراوه‌كانی گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆو به‌هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی تا رۆژی 23-5-2018 توانیویانه‌ 3275 كه‌س رزگاربكه‌ن، له‌وانه‌ 1148 ژن و 336 پیاو و 935 كچ و 956 كوڕ رزگاركراون، ئه‌وانه‌شی تائێستا رزگارنه‌كراون ژماره‌یان 3146 كه‌سه‌، له‌وانه‌ش 1465 ژن و 1685 پیاو كه‌ له‌ ده‌ست داعش ماون.

وتیشی: ئه‌و ژنانه‌ كه‌ رزگارده‌كرێن توشی جۆره‌ها ره‌فتاری دڕندانه‌و دوور له‌هه‌موو عورف و دابونه‌ریتێكی مرۆڤانه‌ له‌ فرۆشتن و كڕین و ئه‌شكه‌نجه‌دانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و گۆڕینی ئایینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی بوونه‌ته‌وه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و ژنانه‌ی رزگارده‌بن باری ده‌روونی و ته‌ندروستی جه‌سته‌ییان زۆر خراپه‌و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ تائێستا نزیكه‌ی 100 ژن له‌وانه‌ی رزگاركراون ره‌وانه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا كراون بۆ چاره‌سه‌ركردن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌.

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا داوای له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاژانسه‌كانی یوئێن كردووه‌ كه‌ هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن له‌ رزگاركردنی ئه‌و ئێزدیانه‌ی له‌ده‌ست داعش ماون و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ رزگاركراون.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket