riklam

سلێمانی بەنزین لە حكومەتی عیراق وەرناگرێت

ئابوری 05:18 PM - 2018-06-24
.

.

بڕیارە ئەم هەفتەیە بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین لە حكومەتی عیراقەوە بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانش رایدەگەیەنێت، ئەو بەنزینە وەرناگرین.

رێكەوت زەكی جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە PUKmedia ی راگەیاند: بڕیارە ئەم هەفتەیە حكومەتی عیراق بڕی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە قبووڵ ناكەین و وەریناگرین.

وتیشی: قبووڵ نەكردن و وەرگرتنی بەنزینەكە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكار، كە ئەمانەن:

یەكەم- ئەم بەنزینە بەشە بەنزینی هەرێمی كوردستان نییە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە، بەڵكو پاكتاوی حساباتی قەرزی دوو كۆمپانیای ناوخۆیی هەرێمە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقی، چونكە بەنزینی عیراقی دەبێت بە 450 دینار بێت نەك بە 600 دینار.

دووەم- ئەم بڕە تەنها بۆ یەك جارە تا قەرزەكەیان تەواو دەبێت، بۆیە بە ڕای ئێمە قەیرانەكە زیاتر دەكات.

سێیەم- ئۆكتانی ئەو بەنزینەی دەینێرن ئۆكتانەكەی زۆر نزمترە لەو بەنزینەی كە ئێستا لە بەنزینخانەكانی سلێمانی دەفرۆشرێت،ئەم هۆكارانەش وادەكات ئێمە بەنزینەكە قبووڵ نەكەین و وەرینەگرین.

رێكەوت زەكی راشیگەیاند: هەوڵەكانمان بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین بەردەوامەو پلانێكیشمان خستووەتە بەردەم پارێزگاری سلێمانی تا نرخی پێ داببەزێنێت بەڵام تا ئێستا پلانەكەی جێبەجێنەكردووین، چونكە پلانەكە دروستكردنی كێبڕكێی زیاترە.  

ئەمەش لە كاتێكدایە كۆمپانیای كار بڕیاریدا لەپاڵاوگەیەكی هەرێم بەنزین بۆ عیراق بەرهەمبهێنت و هەر لیترێكیشی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا بە450 دینار دابین بكات و بۆ هەرێمیش هەمان بەنزین بەنرخی دوو هێندە بفرۆشێتەوە.  

پێشتریش نافیز ناوپردانی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر،لەبارەی رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ رەوانەكردنی بەنزین بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە PUKmedia ی راگەیاندبوو: ئەگەر بڕیارەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ هەناردەكردنی بەنزین بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا كۆمپانیای كار نەوتە خاوەكە لە وەزارەتی نەوت وەردەگرێت و لەپاڵاوگەی كەڵەك دەیپاڵێوێت و دەیداتەوە بەوەزارەتەكە.

راشیگەیاند: لەئێستادا كۆمپانیای كار نەوتی خاو لەحكومەتی عیراق وەردەگرێت و لەپاڵاوگەی كەڵەك دەیپاڵێوێت و دواتر بەنزینەكەی رەوانەی مەخمورو سنوری پارێزگای نەینەوا دەكرێت هەر لیترێكی بە 450 دینار دەدرێتە شۆفێران.

لە لێدوانەكەیدا پێشتردا نافیز ناوپردانی ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمپانیای كار لەبەرامبەر پاڵاوتنی نەوتەكە لەپاڵاوگەی كەڵەك، وەك حەقدەستی پاڵاوتنەكەوە ئەو بەنزینەی لەپشكی وەزارەتی نەوت زیاد دەبێت وەریدەگرێت و بەنرخی هەرێمی كوردستان لەبازاڕەكان دەیفرۆشێتەوە.

زانیاری زیاتر لەم لینكەدایە...

PUKmedia   تاژاو محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket