تافی رانه‌بردوو، فۆرمه مه‌ته‌ڵئاسه‌كه‌ی مانشێت
ریپۆرتاژ 06:40 PM - 2018-06-23.
PUKmedia ئاماده‌كردنی/ د. تریفه عومه‌ر
یه‌كێك له تێڕوانین و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌كانی ئاخێوه‌ر ده‌رباره‌ی رێزمان، په‌یوه‌ستكردنێتی به ته‌نها یاسا‌و رێسا رێزمانییه‌كانه‌وه‌و به‌ده‌ركردنێتی له واتا-meaning، به‌گشتی زانیاریی ئاخێوه‌ران له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه كه رێزمان و واتا دوو ئاستی زمانی دابڕاون له یه‌كدی، له كاتێكدا ئه‌م دوو ئاسته ته‌واو په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌و به‌پێی قوتابخانه‌ی دركپێكردنی زمانیش، كۆده رێزمانییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای واتا به‌رهه‌مده‌هێنرێن، بۆ زیاتر تێگه‌یشتن سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌م نمونه‌یه راده‌كێشین:
- پیاوه‌كه، دزه‌كه راوده‌نێت.
به‌گشتی ئاخوێوه‌رو تایبه‌تر ئه‌وانه‌ی پسپۆڕی زمان نین، هه‌ر یه‌ك له كه‌ره‌سه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌م رسته‌یه، وابه‌سته‌ی ئه‌ركێكی رێزمانی ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك (پیاو: بكه‌ره، ناسراوه)، (دزه‌كه: ته‌واوكه‌ره، ناسراوه)، (راوده‌نێت: كرداری رانه‌بردووه)، ئیدی جگه‌له‌م ئه‌ركه ریزمانییه، به واتایه‌كی ریزمانی تره‌وه نایبه‌ستنه‌وه، ره‌نگه هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه وا له ئاخێوه‌ر بكات كه گومان له دروستی واتای رسته‌كه بكات، له‌كاتێكدا هه‌ر یه‌ك له‌و پێكهاته رێزمانیانه هه‌ڵگری چه‌مك و به‌هاو فیچه‌ری واتایی تایبه‌ت به رسته‌كه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌ها واتاییانه‌ش رسته رێزمانییه‌كه به‌رهه‌مهێنراوه.
له‌م راڤه كورته‌وه، ده‌خوازین باس له پێكهاته‌یه‌كی رێزمانی بكه‌ین كه تافی رانه‌بردووه‌و به‌گشتی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسه‌كانه‌وه له داڕشتنی مانشێته‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت، له‌هه‌مانكاتیش بووه‌ته به‌كارهێنانێكی مه‌ته‌ڵئاسا، به‌وه‌ی ئه‌وان روداوێك به‌یانده‌كه‌ن كه رابردووه وه‌لێ تا راده‌یه‌ك رووپه‌ڕی مانشتێته‌كانیش به داڕشته‌ی رانه‌بردوو ده‌گیرسێته‌وه! ئه‌م وتاره وه‌ڵامێكه بۆ ئه‌م پرسیاره مه‌ته‌ڵئاسایه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له روانگه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی واتاییه‌وه، تافی رانه‌بردوو شیبكه‌ینه‌وه.
تافی رانه‌بردوو له‌رووی دروسته‌ی رێزمانییه‌وه، له (ده + ره‌گی كردار) پێكدێت و كاتی كرداره‌كه دیاریده‌كات، به‌جۆرێك له‌كاتی قسه‌كردندا یان هیچ كرده‌یه‌ك رووی نه‌داوه، یان روودانی له ده‌می قسه‌كردنه‌كه‌دایه واته له رابردووه‌وه ده‌ستی پێكردووه‌و تا كاتی گوتنه‌كه‌ش به‌رده‌وامه، به‌مه‌ش هه‌ردوو ده‌می رابردوو رانه‌بردوو پێكه‌وه گرێده‌درێن، ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ زمانی دیكه‌دا بۆ نمونه زمانی ئینگلیزی بۆ ئه‌مه دوو دروسته‌ی رێزمانی هه‌یه، به‌ڵام له زمانی كوردیدا بۆ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه ته‌نها ئه‌و دروسته رێزمانییه‌ی هه‌یه كه ئاماژه‌ی بۆ كرا، هه‌رچه‌ند له زمانی كوردیشدا ده‌كرێت به وشه/ لێكسیم یه‌كێك له ئه‌گه‌ره‌كان بڕه‌وێنرێته‌وه، بۆ نمونه:
من وتارێك ده‌نووسم.
من خه‌ریكم وتارێك ده‌نوسم.
كرداری (ده‌نووسم) له رسته‌كه‌دا، رانه‌بردووه‌و به‌رجه‌سته‌ی كرده‌یه‌ك ده‌كات كه هێشتا رووی نه‌داوه، واته هێشتا هیچ وتارێك له ئارادا نییه، له‌وانه‌شه كه‌مێك دوای گوتنه‌كه یان چه‌ند كاژێرێكی دیكه یان رۆژێكی دیكه وتاره‌كه بنوسرێت، یاخود ده‌شێت نووسینی وتاره‌كه پێشوه‌خت ده‌ستیپێكردبێت و له ده‌می قسه‌كردنه‌كه‌دا به‌رده‌وامبێت. به‌ڵام له رسته‌ی دووه‌مدا وشه‌ی (خه‌ریك) ئه‌و گومانه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه كه له داهاتوودا وتاره‌كه بنوسێت، به‌ڵكو له ده‌می قسه‌كردنه‌كه‌دا كرده‌كه به‌رده‌وامه، به‌ده‌رله‌وه‌ش ئه‌م رسته‌یه هه‌ڵگری لێكدانه‌وه‌و واتای دیكه‌شه.
پیاوكوژه‌كه له زیندان هه‌ڵدێت.
له رسته‌یه‌كی وه‌ك (پیاوكوژه‌كه له زیندان هه‌ڵدێت)، ته‌نها هه‌ڵگری ئه‌رك و واتا رێزمانییه‌كه‌ی نییه، كه هێشتا پیاوكوژه‌كه له زیندان (هه‌ڵنه‌هاتبێت)، یان له ده‌موكاتی قسه‌كردنه‌كه‌دا هه‌ڵبێت، به‌ڵكو ئه‌مه ته‌نها واگه‌یاندنێكه‌و خاوه‌ن لێكدانه‌وه‌ی پتریشه، هه‌روه‌ك پێدانی هه‌واڵ له‌سه‌ر هه‌ڵهاتنی زیندانییه‌ك، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌رچی دروسته‌ی كرداره‌كه رانه‌بردووه، به‌ڵام له راستیدا باس له كرده‌یه‌ك ده‌كات كه له رابردوودا روویداوه، واته باس له حه‌قیقه‌تێكی گوزه‌راو ده‌كات، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م تایبتمه‌ندییه واتاییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تافی رانه‌بردووی پێده‌ناسرێته‌وه، هه‌روه‌ك:
1. به‌كارهێنانی ئه‌م تافه ته‌نها قسه‌كردن نییه ده‌رباره‌ی ئێستا، به‌ڵكو بۆ قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه گشتین/ جیهانین، یان ئه‌و شتانه‌ی هه‌ڵگری راستییه‌كی گشتین. بۆ نمونه (پزیشك چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كات)، چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه، راستییه‌كی گشتییه، بۆیه ئه‌م تافه‌ی بۆ به‌كارده‌هینرێت. (ئاو له سفر پله‌ی سه‌دیدا ده‌یبه‌ستێت) ئه‌مه‌ش راستییه‌كی زانستییه بۆیه پێویسته‌و به‌ناچاری ده‌بێت ئه‌م تافه‌ی بۆ به‌كاربهێنرێت.
2. ئه‌م تافه به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و كردانه‌ی له ئه‌نجامی پاتكردنه‌وه ده‌بنه كڵێشه‌یه‌ك یان خویه‌ك له ژیانی ئاخێوه‌ردا، یاخود ده‌بنه كرده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی قسه‌كه‌ر، بۆ نمونه (ئه‌و رۆژانه دانی ده‌شوات./ نوسه‌ره‌كه هه‌فتانه وتارێك ده‌نوسێت.)، (هه‌میشه، پێش نانخواردن ده‌ستی ده‌شوات.) له زمانی كوردیدا به‌هۆی لێكسیم/ وشه‌ی فه‌رهه‌نگییه‌وه، ئاماژه به پێدانی چه‌مكی پاتكردنه‌وه به كرده‌كه ده‌درێت هه‌روه‌ك (رۆژانه، ساڵانه، مانگانه...تاد).
3. بۆ گوزارشكردن له هه‌سته‌كان، هه‌رچی ئه‌و وشه فه‌رهه‌نگیانه‌ی بۆ ده‌ربڕینی هه‌سته‌كان به‌كارده‌هێنرێت، به تافی رانه‌بردوو ده‌رده‌بڕێت، بۆ نمونه (ئه‌و نیشتمانی خۆشده‌وێت./ ئه‌و به گریانی مناڵ هه‌ڵده‌چێت. / ئه‌و به گریانی مناڵ توڕه‌ده‌بێت./ ئه‌و به بینینی مناڵه‌كه‌ی شاگه‌شكه‌ده‌بێت. ).
4. بۆ گوزارشكردن له هزرو بیركردنه‌وه، واتا ئه‌و شتانه‌ی به‌رجه‌سته‌ی بیر‌و تێگه‌یشتنی ئاخێوه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ك (ئه‌و له دونیا تێده‌گات.) به‌و مانایه‌ی ئه‌زمون و پێشهات و دونیابینی ئه‌و وایكردووه له ژیان تێبگات، به‌مه‌ش هه‌مان پرۆپۆزیشن و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رسته‌یه‌ی ده‌بێت: (ئه‌و له دونیا تێگه‌یشتووه.).
5. بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخانه‌ی كه هه‌میشه‌یین، به‌و مانایه‌ی به‌شێكی دانه‌بڕاون له ژیانی ئاخێوه‌ر، یان ژیانی تاك. هه‌روه‌ك نمونه‌ی (ئه‌و له سلێمانی ده‌ژی./ ئه‌و خوا ده‌په‌رستێت). هه‌ر یه‌ك له‌م رستانه (سه‌رنشینی شوێنێك، یان خوداپه‌رستی) به‌گشتی به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ژیانی تاك، بۆیه به كرداری رانه‌بردوو ده‌رده‌بڕێت.
به‌پێی ئه‌و خاڵانه‌ی خرانه‌ڕوو، تافی رانه‌بردوو تایبه‌تمه‌ندێتی جیاواز به به‌كارهێنانی كرده‌كه ده‌به‌خشێت، چ ئه‌وه‌ی پیشاندانی حه‌قیقه‌ت یان راست و دروستی بێت، چ ده‌سپێكردن و رێكخراوه‌یی كارێك بێت، چ نه‌ریت یان هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی بێت، ئاشكرایه یه‌كێكیش له‌و خه‌سڵه‌ته دیار‌و زه‌قانه كه بۆ سازكردن و داڕشتنی مانشێت گرنگ و پڕ بایه‌خه، پیشاندانی حه‌قیقه‌ت و راستییه‌و به‌هۆیه‌وه رۆژنامه‌نووس ده‌توانێت هه‌واڵه‌كه زیاتر له زانیاری به‌هۆی فۆرمی رانه‌بردووه‌وه وه‌ك حه‌قیقه‌تێك به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت، وه‌لێ له‌به‌رنه‌بوونی ئه‌م زانیارییه‌و پتر به‌كارهێنانی ئه‌م تافه له رێگه‌ی چاولێكه‌رییه‌وه وه‌هایكردووه، رۆژنامه‌نووسان له به‌كارهێنانی ئه‌م تافه‌دا دودڵبن، بۆیه له زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كاندا هه‌ردوو تافی رابردوو هه‌روه‌ها رانه‌بردوو له داڕشتنی مانشێته‌كانیاندا ده‌بینرێت، چونكه رۆژنامه‌نووسان وابیرده‌كه‌نه‌وه ره‌نگه هه‌ڵه‌بن كرده‌یه‌ك یان كردارێك كه له رابردوودا روویدابێت، به فۆرم و داڕشته‌ی رانه‌بردوو به‌یانیبكه‌ن، یاخود هه‌ندێجاریدیكه به پێچه‌وانه‌وه له رێگه‌ی چاولێكه‌رییه‌وه نه‌ك شاره‌زاییه‌وه به راستی ده‌زانن فۆرمی رانه‌بردوو به‌كاربهێنن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش هۆكاری یه‌كلاینه‌بوونه‌وه‌یانه له به‌كارهێنانی ئه‌م تافه‌دا.
به‌گشتی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌و زانیارییه‌یه، كه له دۆخی رانه‌بردوودا داڕێژرابێت یان بدرێت به گوێیدا، چونكه به‌رده‌وام خولیای مرۆڤ بۆ گه‌ڕان به دوای شتانه‌یه كه نه‌زانراوو په‌نهانن، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌شێكه له سروشت و ره‌وشتی مرۆڤ، له‌لایه‌كی دی گرنگه ئه‌و كرده‌یه‌ی به‌یانده‌كرێت وه‌ك حه‌قیقه‌تێك به‌رجه‌سته‌بكرێت، نه‌ك كرده‌یه‌ك كه ئیدی روویداوه، چونكه مه‌یلی مرۆڤ بۆ رابردوو نییه به‌ڵام هه‌میشه خولیای وه‌رگرتنی حه‌قیقه‌تی هه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بووشبێته رابردوو، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ئه‌دكارانه‌ش، چ له رووی زمان و چ له رووی وابه‌سته‌كردنی زمان به لۆجیك و سایكۆلۆجییه‌وه، كارامه‌یی و لێهاتوویی رۆژنامه‌نووس له چۆنێتی به‌رجه‌سته‌كردنی پیشه‌كه‌یدا به‌ده‌رده‌خات.
مانشێت، راگه‌یاندنی كورته‌ی زانیارییه‌كی هه‌واڵییه كه له رابردوودا روویداوه، ئه‌گه‌رچی ئایدۆلۆجییه‌تی میدیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ستراتیژ‌و میكانیزمی سازكردن و رێكخستنی هه‌واڵه‌كه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له‌و راستییه كه‌مناكاته‌وه كه كرده‌كه به هه‌ر جۆرێك سازبكرێت له رابردوودا روویداوه، بۆ نمونه له‌م مانشێته‌ی ماڵپه‌ڕی رووداو له (دیاریكردنی دادوه‌رانی كۆمسیۆن)دا، ئه‌گه‌ری دیاریكردنه‌كه به هه‌ر جۆرێك بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه كرده‌یه‌ك له ئارادا بووه‌و له رابردوودا روویداوه، شاره‌زایی و كارامه‌یی روژنامه‌نووسیش له‌وه‌دایه چۆن كرده‌یه‌كی رابردووئامێز له قاڵبێكی رانه‌بردوودا وه‌ك حه‌قیقه‌تێك بۆ خوێنه‌ر بگوێزێته‌وه، یاخود چۆن له رێگه‌ی ریزمان و واتاوه داڕشته‌یه‌كی سه‌رنجڕاكیش هه‌ڵبهێنجێت.
نه‌بوونی ئه‌م شاره‌زاییه زمانییه لای رۆژنامه‌نوسان وایكردووه، مانشێته‌كان به یه‌ك قاڵبی رێزمانی دانه‌ڕێژرێن، به‌ڵكو به هه‌ردوو فۆرم و دروسته‌ی تافی رابردوو هه‌روه‌ها رانه‌بردوو دابڕژرێن، ئه‌مه‌ش بێگومان یه‌كێكه له كه‌موكورتییه‌كانی دونیای رۆژنامه‌نووسی كوردیی و پێویسته له مانشێته‌كاندا فۆرمی كرداره‌كان له داڕشته‌ی كرداری رانه‌بردوودا یه‌كبخرێن.
جگه‌له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی به‌كارهێنانی فۆرمی رانه‌بردوو كه له سه‌ره‌وه راڤه‌كرا، هه‌روه‌ها ئه‌و كردانه‌ی گوزارشت له هه‌ست و زانین و بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن پێویسته به فۆرمی رانه‌بردوو دابڕێژرێن، له كاتێكدا ئه‌م كردارانه‌ش له مانشێته‌كاندا به فۆرمی رابردوو به‌یانكراوه.
وه‌ك ده‌گوترێت مشتێك نمونه‌ی خه‌روارێكه، ئێمه‌ش چه‌ند نمونه‌یه‌كمان له مانشێتی ماڵپه‌ڕه‌كان وه‌ك نمونه‌ی خه‌روارێك وێنه‌گرتووه، تا به‌رجه‌سته‌ی شێواوی مانشێته‌كان له رووی به‌كارهێنانی هه‌ردوو تافه‌كه‌وه بكات:
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه
10:01 AM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
10:06 PM - 2024-04-17
زۆرترین خوێنراو
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
کوردستان 01:21 PM - 2024-04-18 -
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
کوردستان 10:29 AM - 2024-04-18 -
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18