riklam

دەرفەت و چارەنوسی كورد لەهەڵبژاردنەكاندا

جیهان 02:28 PM - 2018-06-23
.

.

رۆژی 24ی حوەزیران دەنگدەرانی توركیا بۆ هەڵبژاردنی 600 نوێنەری نوێی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە روو لەسندوقەكانی دەنگدان دەكەن و بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.

 

گۆڕینی دەستور لەپێناو كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتدا

ساڵی رابردوو بۆ زیادكردنی دەسەڵاتی سەرۆك كۆماری توركیا لەلایەن پارتی دادوگشەپێدانی توركیاوە بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەڕەڕای ناڕەزایی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان پێشنیاری هەمواركردنەوەی دەستوری نوێی توركیا كرا، بەڵام لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە بەدەنگی زۆرینە پەسەندكراو رۆژی 16ی نیسانی 2017ش راپرسی لەسەر كرا، دەستورە نوێیەكە جگە لەوەی دەسەڵاتی رەهای وڵاتی دایە دەست سەرۆك كۆمار، هەروەها ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 550  كورسییەوە 600 كورسی زیاد زیادكرد، گۆڕانكاریشی لەئەنجومەنی باڵای دادوەری و داواكاری گشتیدا كرد.

هەر بەپێی دەستوری نوێی توركیا، بۆ خولی نوێی پەرلەمان ئەوانەی تەمەنیان 18 ساڵانە دەتوانن بنە پەرلەمانتار لەكاتێكدا پێشتر هەركەسێك تەمەنی لە 25 ساڵ كەمتر بوایە نەیدەتوانی ببێتە پەرلەمانتار.

 

59 ملیۆن دەنگدەر مافیان هەیە

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاش رایگەیاند: 59 ملیۆن و 369 هەزارو 960 لەناوخۆو دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ژمارەی ئەوانەی رۆژی 24ی حوەزیران بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختە روو لەسندوقەكانی دەنگدان دەكەن لەناوخۆی توركیا 56 ملیۆن و 322 هەزارو 632 دەنگدەرەو لەناوەندەكانی دەنگدانیشدا 180 هەزار سندوقیان بۆ ئامادەكراوە.

 

شەش كاندید كێبڕكێی پۆستێكیانە

لەهەڵبژاردنەكەی توركیادا شەش كاندید كێبڕكێ لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی ئەو وڵاتە دەكەن كە ئەوانیش هەریەك لەدیارترین كاندیدەكانیش بریتین لە (سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، رەجەب تەیب ئەردۆگان كاندیدی پارتی دادوگەشەپێدان (ئەكەپە)، موحرەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و میران ئەكشنار كاندیدی پارتی باش.

لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا، هەر لیستێك نەتوانێت رێژەی 10%ی بەربەستی دەنگەكان تێپەڕێنێت، ئەوا مافی ئەوەی نابێت نوێنەری لەپەرلەماندا هەبێت و دەنگەكانی بەسەر لیستە براوەكاندا بەپێی ئەو رێژەیەی بەدەستیانهێناوە دابەشدەكرێت. 

 

دانانی چاودێر بۆ رێگری لەساختەكاری 

پارتە سەرەكییەكانی و رێكخراوە ناحكومییەكانی توركیا بەنیازن زیاتر لە نیو ملیۆن چاودێر و خۆبەخش لە بنكەكانی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا بڵاوبكەنەوە.

بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكەش، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا رایانگەیاندوە: 519 هەزار خۆبەخش و چاودێر لە رۆژی هەڵبژاردنەكاندا بەسەر 180 هەزار بنكەی دەنگداندا بڵاودەكەنەوە، مەبەستیش لێی رێگیركردنە لەیاریكردن بەهەڵبژاردنەكان.

 

توركیا.. وڵاتێك لێوانلێو لەكێشە

لەئێستادا توركیا تووشی چەندین كێشە و گرفت و قەیران بوەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخ، دابەزینی نرخی لیرە، كەمبوونەوەی سەرمایەگوزاری دەرەكی بە تایبەتی لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبییەوە بۆتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتیانی توركیا و ئەمەش وای كردووە كە توانای كڕینی خەڵك لەو وڵاتە دابەزێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر دەنگەكانی ئاكپارتی بە سەرۆكایەتی ئەردۆگان دەبێت.

 

دوو قەیرانە سەختەكەی ئەردۆگان 

بەڕای چاودێرانی سیاسی لەئێستادا ئەردۆگان لەگەڵ دوو قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابووری دەستوپەنجە نەرم دەكات و دەیەوێت بە هەرجۆرێك بێت خۆی لەم هەڵبژاردنەدا بە سەركەوتوویی دەرباز بكات. چونكە ئەردۆگان لەوە دەترسێت كە ئەم نیگەرانی و ناڕازییەی شەقامی توركی هەتا تشرینی دووەمی ساڵی 2019 درێژە بكێشێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی دەنگدەرانی ئاكپارتی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەیەوێت ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە سوریا بە تایبەتی شەڕی عەفرین وەك سەركەوتنێك بۆ خۆی لەقەڵەم بدات و بەردەوام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەدژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وەك دەرفەتێكی زێڕین بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانج و بەرنامەكانی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوە و تەنانەت ناخۆش بەكار بهێنێت.

ئەردۆگان بۆ ئەوەی تەنووری هەڵبژاردنەكان تین بدات سۆزی نەتەوەگەرایی بەكاردەهێنێت و ئاماژە بە شەڕەكانی سوپای توركیا لە سوریا و عیراق دەكات و بە جۆرێك لەناو ڕای گشتیدا باسی لێوەدەكات كە پێی وایە ئەو ڕزگاربەخشی توركیایە. 

 

لێكەوتەكانی كودەتاكەی 2016 لە توركیا 

دەستگیركردنی سەركردەكان بە تایبەتی ژمارەیەك لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی گەلان( هەدەپە) دەستگیركردنی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارەكان بە تایبەتی پەرلەمانتارە كوردەكان و لێسەندنەوەی پارێزبەندی لێیان و هەروەها سەركوت و دەمكوت كردنی ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن و دوورخستنەوەی زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەر و بەرپرسی سەربازی و ئیداری وای كردووە كە لەئێستادا ئەردۆگان بە گومانەوە سەیری هەموو جومگەكانی كۆمەڵگای توركیا بكات بەشێوەیەك كە ئەردۆگان كودەتاكەی ساڵی 2016 ی توركیا بە نێعمەتێكی خوایی دەزانێت بۆ ئەوەی دەست بە سەركوتكردنی نەیارانی خۆی بكات و پێی وایە ئە و كودەتایە نێعمەتێكی خوایی بوو كە توانی نەیارانی خۆی بدۆزێتەوە و سەركوتیان بكات.

توركیا و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ  

دەستگیركردنی نەیاران و بەرپرسان و سەركردەی حزبەكان بەتایبەتی هەدەپە، سەركوتكردنی میدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان، خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆ، دەستگیركردنی هەزاران هاووڵاتی توركی بەتۆمەتی لایەنگری لە سەرۆكی بزوتنەوەی خزمەت( فەتحوڵڵا گولەن) سیمای توركیا لەئاستی نێودەوڵەتیدا لەكەدار كردووە و لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە توركیا تاوانبارە بە پیًَشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. 

 

ئامانجی ستراتیژی ئەردۆگان 

هەموو هەوڵی ئەردۆگان ئەوەیە كە توركیایەكی نوێ بە سەرۆكایەتی خۆی دابمەزرێنێت و حزبی ئاكپارتی بكاتە تاقانە حزب لەو وڵاتەدا، بە واتایەكی تر هەموو ئاواتی ستراتیژی ئەردۆگان ئەوەیە كە سیستمی تاك حزبی لەو وڵاتە پیادە بكات و هەموو حزبەكانی تر لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتە بسڕێتەوە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی ئەردۆگان بۆ ئەوەی نەیارانی خۆی بە تایبەتی هەدەپە لەناو ببات پارتی كرێكارانی كوردستان( پ.ك.ك) كردۆتە بەهانە و بیانوویەك بۆ ئەوەی كوردی پێ لەناو ببات و بەم بیانووە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان رەوانەی بەندیخانەكانی ئەو وڵاتە كراون و ئەمە جگە لە زیندانیكردن هاوسەرۆك و سەركردە و پەلەمانتارە كوردەكانە، بە دەیان سەرۆك شارەوانی كورد بە تۆمەتی جیاجیا لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە، بە دەیان پارێزەر بە تۆمەتی لایەنگری لە حزب یان شەخسێك دەستگیر یان لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە، بە سەدان و بگرە بە هەزاران ئەفسەر و بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی بە تۆمەتی تێوەگلان لە كودەتا یان بە تۆمەتی پشتگیری لە فەتحوڵڵا گولەن دەستگیر و ڕاپێچی دادگا و زیندانەكان كراون و بە دەیان ئەفسەر و بەرپرسی ئەمنی و سەربازی لەترسی گیانیان داوای مافی پەنابەرێتیان لە هەندێك وڵاتی ئەوروپی كردووە. 

 

توركیا بەرەو وڵاتێكی پەراوێزخراو دەڕوات

سیاسەتەكانی ئەردۆگان لە چەند ساڵی ڕابردوو بە تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەدا سەركەوتوو نەبووە و بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەردۆگان نەیتوانیوە سەرنجی سەرمایەدارانی دەرەكی بۆ سەرمایەگوزاری لە توركیا ڕابكێشت و سیاسەتەكانی لەبەرامبەر سوریا ، عیراق ، دراوسێكان سەركەوتوونەبوو و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیلی تێكداوە. لەسیاسەتی ناوخۆیشیدا ئەردۆگان نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، لەباربردنی پڕۆژەی ئاشتی، بڕیارە تاكڕەوەكانی ئەردۆگان، سەركوتكردنی چالاكانی سیاسی و مەدەنی و میدیای ئازاد، هێرشكردنە سەر خەڵكی مەدەنی لە ڕۆژئاوا و باشوور و باكووری كوردستان، وای كردووە كە ئەردۆگان لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە و ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەرەو ڕووی سەدان ڕەخنە ببێتەوە و پێگەی توركیا بەرەو لاوازی بڕوات و خەریكە توركیا دەبێتە وڵاتێكی پەراوێزخراو و گۆشەگیر.

 هەموو هەوڵی ئەردۆگان ئەوەیە كە ببێتە كاریزما و خۆی خاوەنی هەموو دەسەڵاتێك بێت هەر بۆیە لەسەر پێشنیاری ئەو دەستوور هەمواركرایەوە تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت و هەرچی پێی خۆشە بیكات و بیڵێت و كەس ڕێگری لێنەكات.   

 

ئەردۆگانی دوای كودەتا

بەپێی ئامارەكان لەدوای كودەتاكەی 2016وە تا ئێستا 107 هەزار كەس لەسەركارەكانیان دەكراون و بەدەیان هەزار كەسیش لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە. نزیكەی 25% دادوەران لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە. 

5هەزار مامۆستای زانكۆ و 33 هەزار مامۆستای خوێندنگەكان لەسەر كارەكانیان دەركراون بە تۆمەتی ئەوەی كە سەر بە فەتحوڵڵا گولەنن ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لە دەركراوەكان ڕەتی دەكەنەوە كە سەر بە بزوتنەوەی خزمەت بن. 

لەدوای كودەتاكەی ساڵی 2016 ەوە تا ئێستا 50هەزار كەس بەبێ ئەوەی دادگایی بكرێن ڕاپێچی گرتووخانەكان كراون. 

 

توركیا و دەنگی چارەنووسسازی كورد 

هەرچەند حزبەكەی ئەردۆگان 40% دەنگەكانی لەئێستادا هەیە بە پێی ئاماری هەڵبژاردنەكەی پێشوو، بەڵام لەئێستادا حزبەكەی ئەردۆگان هەست بەوە دەكات كە پێناچێت لەم هەڵبژاردنەدا بتوانێت دەنگێكی زۆر بەدەستبهێنێت. هەرچەند ئەردۆگان ئەوەی پێویست بووە كردووە بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەكانی كە یەكیان گۆڕینی و هەمواركردنەوەی دەستوور و زیاتركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بوو. تاماوەیەك لەمەوپێش بەڕای چاودێرانی سیاسی گەشبینییەك هەبوو بۆ سەركەوتنی ئاكپارتی و ئەردۆگان، بەڵام ڕووداوەكانی ناوخۆ و ناوچەكە وای كردووە كە ئەو گەشبینییە كاڵ بێتەوە. 

بەپێی راپرسییەكان هیچ یەك لە كاندیدەكان ناتوانن دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن و هەر بۆیە هەڵبژاردنەكە دەچێتە قۆناغی دووەمەوە.

بەپێی راپرسییەك پێدەچێت ئەمجارە دەنگی كورد لەتوركیا بۆ ئاستێكی باڵا بەرز بێتەوەو رێژەی دەنگدانەكە لانیكەم لەنێوان 15% بۆ 20% بێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە سیاسەتە ناسیۆنالیستییەكانی ئەردۆگان كە لەسەر بنەمای توركیزم دەڕوات وای كردووە كە دەنگەكانی ئاكپارتی لەناو كوردەكاندا بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزێت،دژایەتیكردن لەگەڵ كوردانی ڕۆژئاوا، دژایەتیكردن لەگەڵ ریفراندۆمەكەی باشوور، سەركوتكردنی حزبی هەدەپە و دەستگیركردنی سەركردەكانی ئەو حزبە و چەند هۆكاری تر بوونەتە هۆی ئەوەی كە ئەمجارە دەنگی ئاكپارتی لەناو كوردەكانی ئەو وڵاتەدا بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. 

 

ترسی ئەردۆگان لە هەدەپە 

یەكێك لە شتە سەرنجڕاكێشەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكەی توركیا خۆكاندیدكردنی سەحەلادین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە لەزیندانەوە ناوی خۆی تۆمار كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە. هەرچەند دەستگیركردن و زیندانی كردنی دەمیرتاش بەڕای چاودێران و شارەزایانی یاسایی كارێكی نادەستووری و ناقانوونییە و هەرموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركیا خوازیاری ئازادكردنی بوون، بەڵام ئاكپارتی و ئەردۆگان تا ئێستا ڕێگە نادەن لە زیندان ئازاد بكرێت. 

دەمیرتاش تا ئێستا چەندین جار ڕایگەیاندووە كە هەموو سیاسەتی ئەردۆگان ئەوەیە كە سیستمی تاكحزبی لە توركیا پەیڕەو بكات و ڕاشیگەیاندووە كە ئەگەر ببێت بەسەرۆك كۆمار لە كەمترین ماوەدا كێشەی كورد لەو وڵاتە چارەسەر دەكات. 

 

هاوپەیمانێكی نەنووسراو

زەنگی مەترسیدار بۆ ئەردۆگان ئەو هاوپەیمانییە ڕانەگەیەنراو و نەنووسراوەیە كە لەنێوان پارتی دیموكراتی گەلان و پارتی كۆماری گەل هەیە كە ئەویش ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) بەنیازە كە ئەگەر هەڵبژاردنەكە كەوتە قوناغی دووەمەوە ئەوكات هەدەپە پشتگیری لە كاندیدی پارتی كۆماری گەل دەكات كە ڕكابەری ئەردۆگان و پاكپارتین كە ئەویش زیاد مەحڕەم ئینجەیە.  

 

پارتی گەلی كۆماری دەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكات

پارتی گەلی كۆماری كە میراتی كەمال ئەتا توركە بەشێوازێكی بەربڵاو و بێوێنە ڕایگەیاندووە كە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی كوردن لە توركی و ئەو حزبە بەباشی ئاگاداری ئەوەیە كە پێگەی كورد تا چەند لەو وڵاتە بەهێزە.

ئەوەی لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێبكرێت ئەوەیە كە تەنها ئەوە كوردەكان نین كە لایەنگری هەدەپە و دەمیرتاشن، بەڵكوو لەناو ئەرمەنەكان، عەلەوییەكان، كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكاندا هەدەپە جەماوەری خۆی هەیە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامی سیاسی هەدەپە كە لەسەر بنەمای یەكسانی كۆمەڵایەتی و یەكسانی ڕەگەزی، دابینكردنی مافی كەمایەتییە ئایینی و فەرهەنگی و كۆمەڵاتی. 

لەئێستادا سەلاحەدین دەمیرتاش خۆشەویستییەكی جەماوەری لەناو ڕۆشنبیران و خوێندكاران و هەموو چین و توێژەكاندا هەیە و چەپەكانی توركیا پشتگیری لێدەكەن.  

پێشهاتەكان و گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە توركیا زۆرجار چاوەڕواننەكراو بووە و قابیلی پێشبینی نەبووە و نابێت و دەبێت چاوەڕێی ڕۆژی 24 ی حوزەیران بكرێت بۆ ئەوەی بزانین چارەنووسی ئاكپارتی و ئەردۆگان بەرەو كوێ دەڕوات. 

 

دەمیرتاش: دەنگێك زۆر شت دەگۆڕێت 

سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەچەند سەعاتێك پێش دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لە زیندانی ئەدێرنەوەو لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە، داوای لەخەڵكی توركیا كرد بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ دیموكراسی بدەن.

دەمیرتاش دەشڵێت: رۆژی 24ی حوزەیران كۆتایی بەدەسەڵاتداری 16 ساڵەی ئەكەپە دێت و مافی 81 ملیۆن كەسە بەیەكسانی و ئازادی بژین، پێكەوەش دیموكراسییەكی بەهێز دادەمەزرێنین.

ئەوەشی نوسیوە: دەبێت پێكهاتەكانی توركیا وانەیان لەچەند ساڵی رابردوو وەرگرتبێت و هەوڵەكان بۆ ئەوەبێت بۆ دۆخێكی باشتری بگوازینەوەو هەموان بۆ ئەو گۆڕانكارییە ئامادەبن.

كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا ئەوەشی وتوە: دەنگێك بۆ هەدەپەو دەنگێك بۆ دەمیرتاش بۆ كۆتاییهێنانە بەم دۆخە، هەرگیز مەڵێن بەدەنگێك چی دەگۆڕێت، زۆر شت دەگۆڕێت. 

PUKmedia ئا/ گۆران وەهاب و بەشیلا جەعفەر 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket