riklam

یەكگرتوو ئیمزا بۆ درێژكردنەوە كۆدەكاتەوە

عیراق 02:02 PM - 2018-06-23
.

.

ژمارەیەك پەرلەمانتاری عیراق لەڕێی یاداشتێكەوە هەوڵی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی پەرلەمانی عیراق دەدەن و لەنێو ئەوانەشی كە ئیمزایان كردۆتەوە دوو پەرلەمانتاری كوردی تێدایە كە یەكێكیان سەر بەفراكسیۆنی یەكگرتووەو ئەوەی دیكەشی لەو فراكسیۆنە دورخراوەتەوە.

دەستوری عیراق لەماددەی 56یدا كە لەدوو بڕگە پێكهاتووە لەبارەی تەمەنی پەرلەمانەوە لدەڵێت: ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی رۆژمێریی دەبێت، ماوەكە لە یەكەم دانیشتنەوە دەستپێدەكات و بەكۆتایی هاتنی ساڵی چوارەم كۆتای دێت.

رونیشیكردۆتەوە: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌ چل و پێنج رۆژ پێش بەرواری كۆتایی هاتن بەخولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن دەست پێدەكات.  

بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش كە 30 حوەزیران كۆتایدێت، 60 پەرلەمانتاری عیراق لەڕێی پێشنیارێكەوە كە ئیمزایان لەسەر كردوەو ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردوە، داوای بەردەوامی كارەكانی پەرلەمانی ئێستای عیراق دەكەن تا ئەوكاتەی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان كۆتایی دێت و لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ناوی كاندیدە نوێیەكان پەسەند دەكرێت.

لەناو ئەو پەرلەمانتارانەشی كە ئیمزایان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خولی ئێستای پەرلەمان كردوە، دوو پەرلەمانتاری كوردی تێدایە كە ئەوانیش ئاسیا حاجی لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هەروەها عادل نوری كە لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانەوە تا ئەوكاتەی بەهۆی دەنگدان بۆ دورخستنەوەی هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دارایی عیراق لەپۆستەكەی لەلایەن پەرلەمانەوە، بەبڕیارێكی یەكگرتوو لەفراكسیۆنی ئەو حزبە دورخرایەوە.

لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانیشەوە، تارق حەرب پسۆڕی یاسایی و دەستوری عیراق بە PUKmediaی وت: دەستور ماوەی پەرلەمانی دیاریكردوە كە چوار ساڵە، بۆیە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كودەتایە بەسەر دەستوردا، وەك چۆن كودەتای سەربازی دەكرێت.

وتیشی: درێژكردنەوەی تەمەنی خولی ئێستای پەرلەمان دەستور رێگەی پێنەداوە، تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە دەركردنی یاسای هەمواركراوی چوارەمی هەڵبژاردن پوچەڵەو پیچچەوانەی دەستورە. 

حەرب دەشڵێت: یەكەم كەس دەبم كە لەدادگا سكاڵا تۆمار دەكەم دژی ئەو یاسایەی كە تەمەنی پەرلەمانی پێدرێژ دەكرێتەوەو دادگای فیدراڵیش لەماوەی هەفتەیەك یان 10 رۆژدا، چونكە ئەو بابەتە هیچ گفتوگۆیەك هەڵناگرێت و بۆ سەلماندنیشی پێویستیشی بە بەڵگە نیە.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket