riklam

رێبوار تەها: دادگای فیدراڵی بڕیارە دروستەكەیدا

عیراق 05:11 PM - 2018-06-21
.

.

پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: دادگای فیدراڵی بڕیارە دروستەكەیداو بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكانیش بەدەست بڕیارەكە روونەو تەنها لەو شوێنانە دەبێت كە تانە یان گومان لەسەر دەنگەكان هەیە نەك سەرتاسەری عیراق، دەشڵێت دادگاكە لەسەر تانەی یەكێتی بڕیاری هەڵوەشانەوەی دەنگی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆی رەتكردۆتەوە.   

رێبوار تەها پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق لەبارەی بڕیارەكانی ئەمڕۆ21ی حوەزیری 2018ی  داگای فیدراڵییەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دەنگی تایبەتی هەرێمی كوردستان، بە PUKmediaی راگەیاند: بڕیاری دادگای فیدراڵی زۆر روونە بۆ هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان، دەڵێت لەهەر شوێنێك تانە هەبێت یان گومان لەسەر دەنگەكان هەبێت لەو شوێنانە هەژماركردنەوەی دەستی بۆ دەكرێت، نەك سەرتاسەری عیراق و ناكرێت دەستكاری ئەو دەنگانە بكرێت كە دەنگی راستی و دروستە.

لەبارەی بڕیاری دادگاكەش بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی پەرلەمان لەسەر دەنگی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆ، وتی:  ئەوەی مەبەستی ئێمە بوو دەنگی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆ بوو كە لەماوەی رابردوودا پەرلەمانی عیراق لەسەر داوای هەندێك فراكسیۆنی كوردی دەنگیاندا بوو لەسەر هەژمار نەكردنی دەنگی تایبەتی لەكوردستان، بۆیە وەك یەكێتی تانەمان لەسەر ئەو بڕیارەی پەرلەمانداو توانیمان ماف بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ بگێڕینەوەو دەنگەكانیان بۆ هەژمار بكرێت. 

رێبوار تەها باسی لەوەشكرد: بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كۆتایی بەو كێشانە دێنێت كە لەسەر هەژماركردنەوەو رەتكردنەوەی دەنگەكان هەبووەو پەرلەمانیش یاسای بۆ هەمواركردۆتەوەو بڕیاری بۆ دەركردوە، بەڵام ئەگەر كێشەی سیاسی دیكە لەعیراق نەیەتە ئاراوە.

لەبارەی دەنگەكانی كەركوكیشەوە، رایگەیاند: ئەو تانانەی لەسەر دەنگی كەركوك تۆماركراوە، وەك یەكێتی لەخۆمان و دەنگدەری خۆمان دڵنیاین، بەڵام گومانمان لەسەر ئەو سندوقانە هەیە كە ماوەی 27 رۆژ لەژێر دەستی مانگرتووەكان بووە كە ئیدارەی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن نەیانتوانی لەو سندوقانە نزیكبوونەوە، بۆیە گوانمان لەسەر ئەو سندوقانە هەیەو رێكاری یاسایی دەگرینەبەر.

رونیشیكردەوە: ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عیراق تا 30ی ئەم مانگەیەو كۆتایی دێت، بەڵام ئێستا هەوڵێك هەیە لەپەرلەمان كە ماوەی یاسایی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پێمانوایە ئەوەی هەیە هەوڵێكەو گروپی پەرلەمانتارە دۆڕاوەكان دەیانەوێت ماوەی پەرلەمان درێژبكرێتەوە، وەك فراكسیۆنی یەكێتیش بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان ناكەین.

PUKmedia گۆران وەهاب 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket