riklam

سەرۆك كۆمار:عەبدولڕەزاق فەیلی لەسەرەتای خەباتەوە بێدابڕان بەردەوامە

ی.ن.ک‌‌ 02:56 PM - 2018-06-14
.

.

سەرۆك كۆمار ماتەمینی بۆ كۆچی دوایی كەسایەتی نیشتمانی عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك) رادەگەیەنێت.

سەرۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مەعسوم بۆ كۆچی دوایی هەڤاڵ عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (ی.ن.ك) پرسە نامەیەكی ئاڕاستەی بنەماڵە وخانەوادەی بەڕێزی و هەڤاڵانی (ی.ن.ك) كردوە ئەمەش دەقەكەیەتی:

بنەماڵەو خانەوادەی بەڕێزی كاك عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)

بەداخ و پەژارەیەكی بێ سنور، هەواڵی پڕ لەخەمی ماڵئاوایی یەكجارەكی دۆست و هەڤاڵی تێكۆشان و دۆستی دێرین و برای خۆشەیستم كاك عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)م پێگەیشت. كاك عەبدولڕەزاق فەیلیی وێڕای هاوخەباتیمان دۆستایەتیی و هەڤاڵایەتییەكی تایبەت پێكەوەی دەبەستین، وەك یەكێك لە خەباتگێڕە سەر راست و دڵسۆز و پاكە دانەبڕاوە كۆڵنەدەرەكانی رێگای رزگاریی و دیموكراسیی درێژەی داوە بە تێكۆشان لە بەگژاچونەوەی دیكتاتۆریی و چەوسێنەرانەی رژێمە یەك لە دوایەكەكانی ئەو سەردەمە تاریكانەی عیراق و داكۆكیكارێكی بەهێزی ئازادیی و پێشكەوتنخوازیی بوە، لە سەرەتای رۆژە سەخت و دژوارەكانی خەباتی گەلەكەماندا وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی (ی.ن.ك) شانی دایە بەر ئەو قۆناغە دژوارەی خەبات بێ دابڕان و كە تادوایین ساتەكانی ژیانیشی بەردەوام بو كە هەڵوێستە سیاسییەكانی لەو كاروانەدا شایەتیی سەرراستیی و ورە بەرزیی و پاكیی و خاكیی بونی ئەم سەركردەیەن.

 كاك عەبدولڕەزاق فەیلی سەرباری ئەوەی خاوەنی پێگەیەكی رێزو خۆشەویستیی تایبەتی سەرۆك مام جەلال و ئێمەو هەڤاڵەكانی تری خەباتگێڕانی (ی.ن.ك) و هێزە سیاسییەكانی تری كوردستانی و عیراقیی بو، بۆچون و روانینە سیاسییەكانی لە كۆڕو كۆبونەوەكاندا هەمیشە پەسەند دیدەو راست و دروست بون، شارەزایی و سەلیقەیەكی بێ وێنەیشی هەبو لە بوارەكانی ئەدەب و زمانیشدا.

 بەراستی كۆچی دوایی ئەم تێكۆشەرەشمان وەك هەڤاڵە نەمرەكانی تری دەستەی دامەزرێنەر نەك هەر مایەی دڵگرانیی خەممانە، بەڵكو بۆشایی خەسارەتێكیشە لە گەلەكەمان (ی.ن.ك) و پرۆسەی سیاسیی و دیموكراسیی لە عیراق و كوردستانیشدا كە پڕ كردنەوە و ساڕێژ بونەوەی ئاسان نییە. 

بۆ ئەم لەدەست دان و كۆستە قورسە بیرەوەریی و هەڵوێست و مێژوە پڕ لە سەروەرییەكەی خەباتی هەمیشە لە یادماندا بەزیندویی دەمێنێتەوە و پرسە و ماتەمینیی قوڵی خۆم بە یەك بەیەكی ئەندامانی خانەوادەی تێكۆشەری و تەواوی هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ك) دەگەیەنم، داوا لە پەروەردگاری مەزن دەكەم گیانی كاك عەبدولڕەزاق فەیلیی بە بەهەشتی نەمران شاد بكات و سەبوریی و ئۆقرەیی ببەخشێت بەخانەوادەو كەسوكارو دۆست و خۆشەویستانی و ئەوە دوایین ناخۆشیی بێت.

إنا لله و إنا الیە راجعون

فوئاد مەعسوم 

سەرۆك كۆمار

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket