riklam

ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یاداشتێك ده‌ده‌نه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی

کوردستان 11:33 AM - 2018-06-13
.

.

ئه‌مڕۆ 13-6-2018، دژبه‌ پیلانی چه‌ند لایه‌نێك بۆ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رده‌م پارێزگای سلێمانی كۆبوونه‌وه‌و یاداشتێكیشیان دایه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

له‌ دژی پیلانی چه‌ند لایه‌نێك بۆ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنی 12 ی ئایار، ئه‌مڕۆ ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌به‌رده‌م پارێزگا سلێمانی خۆپیشاندانێكیان رێكخستوو له‌ یاداشتێكیشیاندا بۆ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو دادگای فیدراڵی عیراق و كۆمسیۆن ده‌كه‌ن ئه‌م بڕیاره‌ ھه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، فراكسیۆنی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: له‌ دادگای فیدڕاڵی تانه‌مان له‌ بڕیاره‌كه‌ داوه‌و دڵنیابن دادگا بڕیاری ئه‌و لایه‌نانه‌ ھه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.

له‌ یاداشته‌كه‌ی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ھاتووه‌: داوا له‌ ھه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق و دادگای فیدڕاڵی و كۆمسیۆن ده‌كه‌ین، ئه‌م بڕیاره‌ رابگرن.

ئه‌وه‌ش ھاتووه‌: پێشمه‌رگه‌ پاریزه‌ری ده‌ستكه‌وتنه‌كانی خاكی كوردستان بووه‌و ھه‌موو دنیاش شایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌ ئه‌فسانه‌ی داعشی تێك شكاند. بۆیه‌ ناكرێت پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌كی وا ئازاد دا بێ به‌ش بكرێت و ده‌نگه‌كانی ھه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ باس له‌ پیلانگێرانی 6 حوزه‌یران ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وان له‌ ھه‌ڵبژاردندا شكستیان خواردووه‌ و ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان ده‌نگی ئێمه‌ ھه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

لای خۆشیه‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ به‌غداد رایگه‌یاند: دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ چۆن له‌ شه‌ڕی داعشدا ده‌نگی ئێوه‌ ده‌بیسترا، ده‌بێت له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاواشدا ده‌نگی ئێوه‌ ببیسترێت.

ئارێز عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند: بڕیاری ئه‌م لایه‌نانه‌، بڕیارێكی نایاسایی و ناده‌ستوورییه‌و له‌ دادگای فیدڕاڵی تانه‌یان له‌و بڕیاره‌ داوه‌و دڵنیابن دادگاش ئه‌و بڕیاره‌ ھه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: یاسایه‌ك ناتوانێت له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌ربچێت جیاكاری له‌ نێوان ھێزه‌كاندا بكات.

له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ كوردسات نیوز دوان و رایانگه‌یاند: پیلانی ئه‌م ھێزانه‌ دژ به‌ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شتێكی تازه‌ نییه‌، ئه‌وان پێش شه‌ڕی داعش به‌ ئێمه‌یان ده‌وت میلیشیا، له‌ شه‌ڕی داعشیش ته‌نانه‌ت نه‌ده‌ھاتنه‌ تازیه‌ی شه‌ھیده‌كانمان، ئێستاش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان چوونه‌ یه‌ك به‌ره‌وه‌و پیلانگێڕیمان له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌كه‌ن. 

هێزه‌ پێشمه‌رگه‌ش دووپاتیانكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌بین، ئه‌وا ھیچ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ كه‌ دژی ئێمه‌ كار ده‌كه‌ن، ناتوانن له‌ شاره‌كانی كوردستان دابنیشن. بۆیه‌ ئه‌و ھه‌ڵوێسته‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و قبوڵ ناكه‌ین سوكایه‌تی به‌ھێزی پێشمه‌رگه‌ بكرێت.

PUKmedia له‌ كوردسات نیوزه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket