riklam

كۆمسیۆن داوای راگرتنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌كات

عیراق 03:21 PM - 2018-06-12
.

.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری داوای جێبه‌جێكردنی یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره‌ 45ی ساڵی 2013 هه‌مواركراو ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و شه‌فافانه‌ كه‌ دادپه‌روه‌ری و دڵنیایی له‌لای هه‌موو عیراقیه‌كان به‌دیبهێنێت، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش داوای راگرتنی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ 12-6-2018 دادوه‌ر فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌و دادوه‌رانه‌دا كۆبوه‌وه‌ كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رانی نووسینگه‌كانی كۆمسیۆن، راسپێردراون.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دادوه‌ر عه‌بدولستار به‌یره‌قدار وته‌بێژی ره‌سمی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ كۆپیه‌كی بۆ PUKmedia نێردراوه‌، رایگه‌یاند: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌و دادوه‌رانه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی نوسینگه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنیان پێسپێردراوه‌، گفتوگۆیان له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره‌ 45ی ساڵی 2013 هه‌مواركراو كردووه‌.

وتیشی: كۆبونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌ئكیدی زۆری ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و شه‌فافانه‌، كه‌ دادپه‌روه‌ری و دڵنیایی له‌لای هه‌موو عیراقیه‌كان به‌دیبهێنێت.

به‌یره‌قدار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیارده‌رێك بۆ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و هه‌روه‌ها وته‌بێژی راگه‌یاندنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستنیشان كراون، هه‌روه‌ك قسه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ تا سێ دادوه‌ر كاندید بكه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی نووسینگه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دادوه‌ر میدحه‌ت مه‌حمود سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌ له‌ عیراق رایگه‌یاند: داواكارییه‌كی له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ بۆ راگرتنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردن كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌مدواییانه‌ په‌سه‌ندی كرد.

وتیشی: كۆمسیۆن داوای رێكارێكی به‌په‌له‌ی كردووه‌ بۆ ده‌ركردنی فه‌رمانێكی وه‌لائی بۆ راگرتنی جێبه‌جێكردنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردن، واتا راگرتنی كاری نۆ دادوه‌ره‌ راسپێردراوه‌كه‌ له‌ كۆمسیۆن تا ئه‌وكاته‌ی دادگای باڵای فیدراڵی ده‌ستوریبوونی ئه‌و یاسایه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ دادگاكه‌ هه‌ر رێكارێكی یاسایی پێویست بێت ئه‌نجامی ده‌دات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كان به‌ خێرایی و به‌پێی یاسا.


PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket