واشنتۆن و پیونگ یانگ، گه‌ڕانه‌وه له‌لێواری جه‌نگ
ریپۆرتاژ 12:49 PM - 2018-06-12.
ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی مێژوویی بۆ ئه‌مریكا و كۆریای باكووره و به‌ڕای چاودێرانی سیاسی بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهانه، ڕۆژێكه كه ئه‌و دوو وڵاته دوای 73 ساڵ له دوژمنایه‌تی و كێشه و ناكۆكی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له وڵاتی سه‌نگافووره كۆبوونه‌وه و لاپه‌ڕه‌یه‌كی تریان له په‌یوه‌ندی نێوان دوو وڵات و په‌نجه‌ره‌یه‌كی تریان به‌ڕووی ئاشتی له جیهاندا كرده‌وه.
چه‌ندین مانگه كه هه‌ردوو وڵات وه‌فده دیپلۆماسییه‌كانی خۆیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆبكه‌نه‌وه كه دواجار هه‌موو هه‌وڵه‌كان سه‌ری گرت و ئه‌و دوو سه‌رۆكه ئه‌مڕۆ له یه‌كێك له جوانترین هۆتێله‌كانی سه‌نگافوره له‌به‌رچاوی میدیاكانی جیهان كۆبوونه‌وه و به‌سته‌ڵه‌كی ناكۆكییه‌كانیان توانده‌وه.
دوای 73 ساڵ دوژمنایه‌تی
كاتژمێر چواری به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 12-6-2018 كۆبوونه‌وه مێژووییه‌كه‌ی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور له هۆتێلی كاپێلا له سه‌نگافووره به‌ڕێوه‌چوو و سه‌رۆكی هه‌ردوو وڵات ڕێككه‌وتنێكی لێكتێگه‌یشتنیان ئیمزا كرد.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵه‌كه كۆبوونه‌وه‌كه ماوه‌ی 41 خوله‌كی خایاند و دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه چه‌ند وته‌یه‌كیان بۆ میدیاكان باس كرد و نه‌چوونه ناو ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دڵخۆشی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆكه ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند كه كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌رووی چاوه‌ڕوانییه‌كاندا بووه‌به‌ره‌وپێشچوونێكی گه‌وره‌یان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌دیكردووه.
تره‌مپ وتیشی: ئه‌مه شانازییه‌كی مه‌زنه و گومان له‌وه‌دا نییه كه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌ئاینده‌دا ده‌بێت.
كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكووریش له وته‌یه‌كدا وتی: ئێمه هه‌ر وا به سووك و ئاسانی نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌م خاڵه‌ی ئێستا و هه‌روه‌ها چاومان له داهاتوو بڕیوه و توانیمان به‌سه‌ر كه‌ند و كۆسپه‌كاندا زاڵ بین.
به‌مشێوه‌یه ئه‌مریكا و كۆریای باكوور كۆتاییان به 73 ساڵ كێشه و ناكۆكی هێنا و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێیان له په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان هه‌ڵدایه‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ڵینی گره‌نتی ئه‌منی به‌سه‌رۆكی كۆریای باكوور داوه و جۆنگ ئونیش نیمچه‌دووڕگه‌ی كۆریا له چه‌كی ئه‌تۆمی داده‌ماڵێت.
فرانس پرێس نهێنی بڵاو ده‌كاته‌وه
ئاژانسی فرانس پرێس چه‌ند زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی نێوان تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون بڵاو ده‌كاته‌وه.
به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور به‌ڵێنی داوه كه نیمچه‌دووڕگه‌ی كۆریا له چه‌كی ئه‌تۆمی دابماڵێت و هه‌روه‌ها هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ بنیات بنێین.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ڵێنی گره‌نتی ئه‌منی به‌سه‌رۆكی كۆریای باكوور داوه.
كیم جۆنگ ئون: دووباره كۆده‌بینه‌وه
كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تره‌مپ ڕایگه‌یاند: له‌داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ی تر له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجامده‌درێت.
هاوكاتیش دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕه‌سمی كیم جۆنگ ئونی بۆ كۆشكی سپی ئه‌مریكا بانگهێشت كرد.
ئاژانسی بی بی سی چوار خاڵی ڕێككه‌وتن ده‌خاته‌ڕوو
لۆرا به‌یكه‌ر په‌یامنێری بی بی سی چه‌ند خاڵێكی ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون بڵاو ده‌كاته‌وه كه ئه‌م خاڵانه‌یه:
1- ئه‌مریكا و كۆریای باكوور به‌ڵێنیان داوه كه په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌نێوان دوو وڵات دابمه‌زرێنن كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بێت.
2- كۆریای باكوور و ئه‌مریكا هه‌وڵی هاوبه‌شده‌ده‌ن كه ئاشتییه‌كی هه‌میشه له نیمچه‌دووڕگه‌ی كۆریا سه‌قامگیر بێت .
3- هه‌رچه‌ند به‌پێی ڕێككه‌وتنی 19 ی ئاپریلی كه كۆریای باكوور به‌شێك له دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی خۆی له‌ناو بێت، دووباره كۆریا پێداگری كرد كه له‌سه‌ر داماڵی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌رده‌وام ده‌بێت.
4- ئه‌مریكا و كۆریای باكوور به‌ڵێنیاندا كه روفاتی سه‌ربازانی كوژراو و بێسه‌روشوێنی جه‌نگی نیمچه‌دووڕگه كۆریا بدۆزنه‌وه و ڕاستی یه‌كتری بكه‌نه‌وه.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كیم جۆنگ ئون پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریا و هه‌روه‌ها چۆنێتی سه‌قامگیربوونی ئاشتی بووه له نیمچه‌دووڕگه‌ی كۆریا.
كۆبوونه‌وه‌ی 15 ملیۆن دۆلاری
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كۆبوونه‌وه دوو قۆڵییه‌كه‌ی سه‌رانی ئه‌مریكا و كۆریای باكوور له هۆتێل كاپێلا له سه‌نگافووره بزی 15 ملیۆن دۆلاری تێچووه.
كیم جۆنگ ئون، كاری دژه‌باو ده‌كات
كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی گه‌نج و 35 ساڵه‌ی كۆریای باكوور ده‌یه‌وێت ئه‌و كاره‌ی كه باوك و باپیری هه‌رگیز نه‌یانتوانی ئه‌نجامی بده‌ن، بیكات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهان كۆببێته‌وه و ئه‌م كاره‌ی كیم جۆنگ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه پێگه و مه‌شروعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و له كۆریای باكوور پتر له‌جاران به‌هێزتر بێت و هه‌روه‌ها په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره به‌ڕووی ئابووری كۆریای باكوور بكرێته‌وه و ئابووری ئه‌و وڵاته ئاهێكی به به‌ردا بێته‌وه و ڕوو له گه‌شه بكات، له‌ئێستادا دۆخی ئابووری ئه‌و وڵاته وێران و خراپه و ئه‌م دیداره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌هێزبوونی ئابووری كۆریای باكوور.
كیم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
سیاسه‌ته‌كانی كۆریای باكوور له ڕابردوو به تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی كیم جۆنگ ئون وای كردووه كه ئه‌و وڵاته له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا وڵاتێكی په‌راوێزخراو و دووره په‌رێز بێت و ئه‌مه‌ش پێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا لاواز و بێ هێز كردووه، هه‌ربۆیه ئه‌م دیداره‌ی ئه‌مڕۆ وای ده‌كات كه كۆتایی به‌م دووره‌په‌رێزه‌ی كۆریا بهێنێت و كیم جۆنگ ئون له سه‌رۆكێكی توڕه‌ی و گۆشه‌نشین بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ببێته سه‌رۆكێك كه بزه بێته سه‌ر لێوی و له‌به‌رامبه‌ر میدیای جیهانیدا پێبكه‌نێت و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا هه‌ڵبداته‌وه.
كیم جۆنگ به ناردنی وه‌فدی وه‌زرشی وڵاته‌كه‌ی بۆ كۆریای باشوور و هه‌روه‌ها دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریای باشوور له‌سه‌ر سنوور وای كرد كه كه‌ند و كۆسپه‌كانی سه‌رڕێگه‌ی گفتوگۆكانی نێوان كۆریای باكوور له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور نه‌مێنێت و كۆریای باشووریش هه‌وڵی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه خۆش بكات كه ئه‌مریكا و كۆریای باكوور له سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆ بكاته‌وه كه توانیشی ئه‌و كاره بكات.
دۆناڵد تره‌مپ، كۆریا بۆ خۆم دانێین
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێی وایه خۆی ده‌توانێت كێشه‌ی كۆریای باكوور چاره‌سه‌ر بكات و هه‌ر وه‌ك باسی كردبوو كه ته‌نها ئه‌و ده‌توانێت به‌ڕه‌نگاری هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆریای باكوور ببێته‌وه و ڕاشیگه‌یاندبوو كه ئاشتی جیهانی شتێكی مه‌حاڵ نییه و ده‌كرێت به‌دی بێت، تره‌مپ ده‌ڵێت ئه‌و كاره‌ی كه سه‌رۆكه‌كانی پێشووی ئه‌مریكا نه‌یانتوانی به‌رامبه‌ر كۆریای باكوور ئه‌نجامی بده‌ن ئه‌وه ده‌توانێت بیكات و ئه‌نجامی بدات هه‌ر بۆیه گوشاره‌كانی خۆی كه ته‌نها خۆشی له شێواز و شكڵی ده‌زانێت خسته‌سه‌ر كۆریای باكوور، سه‌ره‌تا هه‌ردوو سه‌رۆك یه‌كتریان به منداڵ و گه‌مژه و خه‌ڵه‌فاو وه‌سف ده‌كرد، به‌ڵام دواجار منداڵ و خه‌ڵه‌فاو توانیان له سه‌نگافوره كۆببوونه‌وه و ڕۆژێكی مێژوویی بۆ جیهان و وڵاته‌كانی خۆیان بخوڵقێنن.
تره‌مپ پێی وایه كه ئه‌و له هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردندا قه‌ت سه‌ری لێناشێوێت و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بزانێت كه دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریا به‌و جۆره‌ی كه ئه‌و ده‌یه‌وێت سه‌رنه‌گرێت زۆر به ئاسانی ده‌كشێته‌وه و درێژه به كۆبوونه‌وه‌كان نادات.
تره‌مپ گه‌ڕانه‌وه‌ی سێ به‌ندكراوه‌ی ئه‌مریكی له كۆریای باكوور بۆ وڵاته‌كه‌ی و هه‌روه‌ها وێران كردنی دامه‌رزاوه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریا به دوو سه‌ركه‌وتنی گه‌وره بۆ خۆی هه‌ژمار ده‌كات كه هیچ كام له سه‌رۆكه‌كانی پێشووی ئه‌مریكا توانی ئه‌نجامدانیان نه‌بووه.
ڕۆڵی كۆریای باشوور له‌م دیداره‌دا
مون جائه ئین سه‌رۆكی كۆریای باشوور ڕۆڵێكی گرنگی له نزیككردنه‌وه‌ی كۆریای باكوور و ئه‌مریكا گێڕا، مون كه زۆر به ئاواته‌وه كه هه‌ردوو كۆریا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و یه‌كبگرنه‌وه و بیكاته ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی بۆ خۆی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی كۆریای باشوور به‌ڵێنی دابوو كه هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ ئاشتی له‌نێوان هه‌ردوو كۆریا و هه‌روه‌ها بۆ نزیككردنه‌وه‌ی كۆریای باكوور و ئه‌مریكا بخاته‌گه‌ڕ و قسه‌ی خۆیشی به‌رده‌سه‌ر.
هه‌ڵبه‌ته نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه مون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستی به ماستاوچێتی كردووه و هیچ شه‌رمیشی نه‌بووه كه ماستاوه‌كه خه‌ستتر بكات به شێوه‌یه‌ك كه بۆ یه‌كه‌مینجاره داوا ده‌كات كه خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل بدرێت به تره‌مپ.
چین، رۆڵی تایبه‌تی هه‌بووه
شی جین سه‌رۆكی چین ڕۆڵێكی گرنگ و تایبه‌تی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مریكا و كۆریا له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه. كیم جۆنگ ئون بۆ ئه‌وه‌ی له گۆشه‌گیری جیهانی ڕزگاری بێت سه‌ردانی چین-ی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته كۆبووه و له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ناوچه‌كه‌دا گفتوگۆیان كرد بوو و ته‌نانه‌ت دۆناڵد تره‌مپ ئه‌مڕۆ له دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون باسی له ڕۆڵی چین كرد له‌م پرۆسه‌یه‌دا.
تره‌مپ: متمانه‌م به كیم جۆنگ ئون هه‌یه
چه‌ند سه‌عاتێك له كۆتایی هاتنی دیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون، تره‌مپ له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وێڕای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ڕۆژنامه‌كان تیشكی خسته‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ و ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی مێژوویی بوو و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی نێوان دوو وڵات هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه.
كیم سه‌رۆكێكی به‌هره‌مه‌ند و به‌توانایه
تره‌مپ وتیشی: كیم جۆنگ ئون كه‌سێكی به‌هره‌مه‌ند و به‌توانایه و توانیمان كۆتایی به 70 ساڵ ناكۆكی بهێنین و ئه‌مه‌ش ڕێككه‌وتنێكی لێكه‌وته‌وه كه سوودێكی زۆری بۆ كۆریای باكوور ده‌بێت و سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ش ده‌مێنه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه ڕێككه‌وتنه‌كه به ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌باره‌ی چاره‌نووسی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریای باكوور وتیشی: له كۆبوونه‌وه‌كه له‌باره‌ی داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمی قسه‌مان كرد و سه‌رۆكی كۆریا به‌ڵێنی دا هه‌موو چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی له‌ناو ببات و من متمانه‌م به جۆنگ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كۆریای باكوور له چه‌كی ئه‌تۆمی دابماڵێت.
تره‌مپ وتیشی: له‌منزیكانه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆریای باكوور و باشوور ئاسایی ده‌بێته‌وه و بانگهێشتنی كیم جۆنگ ئونیم كردووه كه سه‌ردانی كۆشكی سپی بكات.
له‌باره‌ی لابردنی سزاكانی ئه‌مریكا تره‌مپ وتیشی: هه‌ركاتێك دڵنیا بووین كه كۆریای باكوور به‌ڵێنه‌كانی خۆی برده‌سه‌ر و چه‌كه‌كانی له‌ناو برد ئه‌وكات ئێمه‌ش سزاكانی سه‌ر كۆریای باكوور لاده‌به‌ین و مانۆڕه سه‌ربازییه‌كانمان له كۆریای باشوور ڕاده‌گرین.
تره‌مپ: هیوادارم ئێران بگه‌ڕێته‌وه
له‌باره‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ تاران سه‌باره‌ت به پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران وتیشی: هیوادارم ئێران بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه دۆخی كۆریای باكوور له گه‌ڵ ئێران زۆر جیاوازه.
وه‌فدی دانوستانكاری ئه‌مریكی و كۆریای باكوور
له دیداره‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌ره‌یه‌ك له مایك پمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، جۆن بۆلتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا، جۆن كلی به‌رپرسی كۆشكی سپی یاوه‌ری تره‌مپیان ده‌كرد و هاوكاتیش كیم یونگ چول سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری و زانیاری كۆریای باكوور، بی یۆنگ هۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، ری سو یونگ جێگری سه‌رۆكی حزبی ده‌سه‌ڵاتداری كۆریای یاوه‌ری كیم جۆنگ ئونیان كرد.
تره‌مپ: ڕێگه ناده‌ین ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی
له‌مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا دۆناڵد تره‌مپ له كۆنفرانسێكدا به‌ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی له ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران ده‌كێشته‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێران پابه‌ند بڕیاره‌كان نه‌بووه و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه داوێتی هه‌موو درۆیه.
دۆناڵد تره‌مپ دوای ئه‌وه‌ی كه له ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه كشایه‌وه ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی درێژه پێبدات ئه‌وه له‌سه‌ر گران ته‌واو ده‌بێت و ده‌بێت باجه‌كه‌ی بدات.
دۆناڵد تره‌مپ پێی وایه كه ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران خراپترین ڕێككه‌وتنه كه ئه‌مریكا تا ئێستا ئه‌نجامی داوه و هه‌ر بۆیه كۆتایی به ڕێككه‌وتنه‌كه هێنا و ڕاشیگه‌یاند كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه ناده‌ن ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی.
كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه وای كرد كه ئه‌مریكا دووباره سزاكانی بۆ سه‌ر ئێران قورس‌تر بكات به‌شێوه‌یه‌ك تا ئێستا چه‌ندین كۆمپانیای جیهانی له‌وانه كۆمپانیای ئێرباس و بۆیینگی ئه‌مریكی چه‌ندین گرێبه‌ستی ملیاری له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و كۆمپانیاكانی ئه‌رووپی و كۆریای باشوور و چه‌ند وڵاتێكی تر له ترسی سزاكانی ئه‌مریكا چاوپۆشی له سه‌رمایه‌گوزاری له‌ئێران بكه‌ن.
له‌ئێستادا چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن ئه‌وا كۆریای باكوور بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هاته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌كانی نێوان دوو وڵات و به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریای باكوور ده‌نێین، ئه‌دی كه‌ی كاتی ئه‌وه دێت كه ئێران و ئه‌مریكاش له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی تاران له سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌كان كۆببنه‌وه و یادداشتی لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن ئیمزا بكه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای كرد كه ئێران بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان ، هه‌رچه‌ند وتیشی دۆخی كۆریای باكوور له‌گه‌ڵ ئێران جیاوازه.
PUKmedia
وه‌رگێڕانی/ جه‌واد حه‌یده‌ری
سه‌رچاوه‌كان/ بی بی سی، رادیۆ فه‌ردا، ئیسنا، فرانس پرێس
هەواڵی زیاتر
-
نوسینگەی مەکتەبی سیاسی لەبەغدا کرایەوە
08:08 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
07:39 PM - 2024-04-24 -
ئاسایشی هه‌ولێر گه‌نجێك ده‌كوژێت و بنه‌ماڵه‌كه‌ی داوای روونكردنه‌وه ده‌كه‌ن
06:05 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
04:46 PM - 2024-04-24
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:33 AM - 2024-04-25 راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی عەلی شامار و وەسفیە بەنی وەیس-ەوە
ی ن ک 05:11 PM - 2024-04-24 -
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
کوردستان 05:01 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
عیراق 04:46 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی دەکات
ی ن ک 02:22 PM - 2024-04-24 -
قوباد تاڵەبانی: هەر رۆژەی بیرخەرەوەی تاوانێکە
کوردستان 01:47 PM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لەقەرەبووکردنەوە و خزمەتی خەڵکی قەڵادزێ بەردەوامە
کوردستان 01:12 PM - 2024-04-24 -
سەعدی ئەحمەد پیرە: بۆردومانی قەڵادزێ ببێتە هەوێنی یەکڕیزی
کوردستان 12:39 PM - 2024-04-24 -
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
کوردستان 12:30 PM - 2024-04-24