riklam

چاپی بۆماوەیی و گرنگی لەدۆزینەوەی تاواندا

هەمەرەنگ 05:24 PM - 2018-06-10
.

.

وێنەی بۆماوەیی یان چاپی بۆماوەیی تاساڵی (1984)یش وەكو لقێكی زانستی پزیشكی نهێنیەكی تاریك بوو بۆ مرۆڤ، بەڵام دوای ئەوەی زانایەكی بەریتانی لە شاری لیستەر بەناوی (ئەلێك جێفریAlec Jeffrey ) توانی خزمەتێكی گەورەی دوو جەمسەری لەبواری زانست پێشكەش بكات بەدۆزینەوە زانستیەكەی لەساڵی(1985)لەپشكنینی (DNA)دا بۆ دیاریكردنی ڕەچەڵەك وناسنامەی مرۆڤ كەلەو كاتەدا وەرچەرخانێكی مەزنی لەبواری لێكۆڵینەوەی پۆلیسیدا هێنایەكایەوە، ئەم داهێنانە لەلایەك فاكتەرێكی سەرەكی بوو بۆ دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی جۆرەها نەخۆشی و لەلایەكی تریشەوە ئەم زانستە هاوكاری پیاوانی یاسای كرد بەوەی ڕۆڵی گەورەی لە دۆزینەوەی تاوانباراندا بینی، لەماوەی تەنها یەك ساڵدا توانی سەركەوتنێكی كەم وێنە تۆمار بكات، كەدەركەوت هەر تاكێك تایبەتمەندی جیاوازی هەیەو كەس هاوشێوەی كەسی تر نیە، مەگەر تەنها لەحاڵەتی دوانەی یەك هێلكەییدا ئەو چون یەكیە ببینرێت كەئەمەش لەچەند حاڵەتێكی كەم لەزۆرینەیەكدا دەبێت.

 هەرچەندە گریمانی ئەوە دەكرێت كەیەك كەس لەیەك تریلیۆن مرۆڤ لەڕوی زانستی بۆماوەییەوە لەیەك بچن بۆیە ئەم زانستە ناونرا پەنجەمۆری بۆماوەیی مرۆڤ (The DNA Fingerprint) یان هەندێ‌ جار بەناوی چاپی بۆماوەیی (DNA typing) ناودەبرێت، چونكە لەدوای ئەنجامدانی هەركردارێك شوێنەواری مادی و بایۆلۆجی كەسەرچاوەكەی لەشی مرۆڤە لەشانۆی تاوانەكەدا جێدەمێنێت، ئەو پاشماوانەی كۆدەرێنەوە دەبنە بناغەی بەڵگەی مادی و هونەری وناسنامەی تاونبارو دادگاكان لەو ڕێگایەوە تاونابارەكان بەسزایی یاسایی دەگەیەنن.

چەمكی  ووشەی شوێنەوار لەم بوارەدا ئەو پاشماوەیە دەگەیەنێت كەلەشوێنی ڕوداوەكە جێدەمێنێت و تیمەكانی بەڵگەی تاوان دەیبینن و بەكەرەستەو ئامێری زانستی پێشكەوتوو دۆكیۆمیًنتی دەكەن و هەڵی دەگرنەوە وەك پاڵشت و بەڵگەیەك بۆ دیاریكردنی جۆری تاوان و خودی تاوانبارەكە.

شوێنەواری مادی وەها پێناسەدەكرێت كە بریتی بێت لە هەر شتێك كەبەیەكێك لەهەستەوەرەكان هەستی پێ بكرێت، یاخود بەهۆی ئامێری زانستی و پشكنینە كیمیاویەكانەوە بدۆزرێتەوە، (كل إتصال یترك أپرا Each connection has an impact) ئەمە ووتەی ئیدمۆند لۆكارد بوو كەبەڕێوەبەری یەكەم تاقیگەیی تاوانی شاری لیۆن بوو لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، پاشان ئەم بیرۆكەیە بوو بەسەرەتایەك بۆ گرنگی دان بەزانستی مۆری بۆماوەیی (البصمە الوراپیە)، هەروەها بۆیەكەم جار ئەم زانستە لەسامپڵێكی تاواندا تاقیكرایەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانێكی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن كەبكەری تاوانەكە هەڵهاتبوو پاش ئەوەی پۆلیس هەستا بەگرتنی هەزار گومانلێكراو لەسەر فەرمانی دادوەری یەكێك لەدادگاكانی ئەمریكا لەساڵی (1987)دا ئەزمونكرا بەپشكنینی بۆماوەیی سپێرمی گومان لێكراوەكان و بەراوردكردنیان بە سامپڵیكی ناولەشی تاوان لەسەر كراوەكە بەوهۆیەشەوە توانرا تاوانبارەكە دەستنیشان بكرێت دان بەئەنجامدانی تاوانەكەیدا بنێت ، ئەم بیرۆكەیە سەلماندی لەكاتی ڕوودانی هەرتاوانێكدا لەڕووبەری شانۆی تاوانەكەدا كۆمەڵێك سەرەداوی گرنگ و باوەڕپێكراومان دەست دەكەوێت ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بتوانن لەكاتی هەڵگرتنەوەی ئەو پاشماوانەدا نەهێڵن لایەنی زانستی نمونەكان بشێویت كەلەناوچەی نزیكی تاوانەكەدا بەجێماون.

مادەی بنچینەیی و زیندوو كەشوێنەوار یان مۆری بۆماوەیی  لێوە دیاری دەكرێت بریتیە لە هەرخانەیەكی لەش (خوێن، ئێسقان، نینۆك، ددان، شانەی پێست، ڕەگ یان سەلكی موو، دەردراوەكانی وەك لیك، میز، تۆواو، شلە ئەمینۆسی، خانەی هێلكەی پیتێنراوی دوای دابەش بوونی بۆ 4تا8 خانەیی)، ئەو ڕیژەیە لەپێداویستی تاقیگەیی مۆرو شوێنەواری بۆماوەیی بەڕێژەی سەری دەمبوسێك بەسە بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی پشكنینەكە، لێرەوە دەتوانین پێناسەی شوێنەواری بۆماوەیی بكەین بەوەی بریتیە لە پێكهاتەی بۆهێڵی كەهێماو ناسنامەی هەر مرۆڤێكە بەسەربەخۆیی. 

سەرچاوەی ئەم زانستە لەناوكی هەموو خانەیەكی لەشدا هەیە، چونكە لەش ژمارەیەكی ئێجگار لەخانەی تێدایە كەدەگاتە تریلیۆن ، هەموو خانەیەك ناوكێكی لەخۆگرتوە كە بەرپرسە لەژیان و فرمانی خانەكە، هەرناوكێكیش مادەیەكی بۆماوەی سەرەتایی هەڵگرتوە كەسیفەتی هاوبەشی مرۆڤەكان لەنیوان خۆیاندا دیاری دەكات، ئەم حالەتەیە پێمان دەڵێت مرۆڤێك لەمرۆڤێكی تر ناچێت، سەرچاوەی ئەم مۆری بۆماوەییە بەشێوەی ترشی ئەمینی (DNA) هەیە و پێدەوترێت ترشی گەردیلەیی لەبەرئەوەی لەناو ناوكی خانەكاندا نیشتەجێ بوە كەلەناو كرۆمۆسۆمەكاندا هەن، سیفەتەبۆماوەیەكان لەڕێگای بۆهێڵەكانەوە دەگوازرێنەوە ئەم بۆهێڵانەش لەناو كرۆمۆسۆمەكاندا هەن، كەنزیكە سەد هەزار بۆهێڵی لەم جۆرە لە هەر یەك كرۆمۆسۆمدا هەیە.

ئەو بوارانانە كامانەن كەلەڕوی یاساییەوە دەتوانین سود لەم زانستە ببینین:-

1. سەلماندانی وەچە بە بوون یان نەبوون بە پۆسەتیڤ یان نێگەتیڤ، لەكاتی بونی گومان و سكاڵادا یان لەكاتی ئاسایدا بەتایبەت لە مناڵی بلوریدا.

2. دیاریكردنی كەسایەتی مرۆڤ بەتایبەت لەكاتی وون بوون دیارنەمانی كەسێكدا بۆ ماوەیەكی زۆر.

3. سەلماندن و بەڵگەنامەی سكاڵای تاوانكاری لەدادگاكاندا.

 سوودەكانی شوێنەوار و مۆری بۆماوەیی لەدەستنیشانكردنی تاوانباردا:-

1. ئەگەر لەسەر پێوەرێكی زانستیانەو بە بونی ئامێری پێشكەوتوو كرابێت بواری هەڵە تێدا زۆر زۆر كەمە.

2. ئەم زانستە هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە كە دەكرێت وەك بەڵگەی حاشا هەڵنەگر دادگاكان پشتی پێ‌ ببەستن.

3. ئەنجامی پشكنینەكانی مۆری بۆماوەیی بەڵگەكانی كۆتاییە بواری گومان هەڵناگرێت.

رێكارە یاساییەكانی پشكنینی مۆری بۆماوەیی:-

1. دەبێت ئەنجامدانی پشكنینەكە بە ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندادار بێت.

2. دەبێت تاقیگەكان لەكەرتی گشتیدا بن و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی دەوڵەتدا بن.

3. دەبێت ئەو كادرو پسپۆڕانەی هەڵدەستن بەئەنجامدانی پشكنینەكان بەهیچ شێوەیەك دۆستایەتی و نزیكیان لەگەڵ تۆمەتبارەكاندا نەبێت.

4. دیكۆمێنتكردن و هەڵگرتن و پاراستنی هەموو ئەو سامپڵانەی لە كاتی گواستنەوەیان تاكاتی كۆتای ئەنجامی پشكنینەكان و داوی پرۆسەی ڕاگەیاندنی پشكنینەكانیش، بۆمسۆگەركردنی هەر بارودۆخێك وەك گەڕانەوەو پێداچونەوەیان لەكاتی پێویستدا.

 

PUKmedia  حامی ئەحمەد عەلی

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket