riklam

ئه‌ڵمانیا.. دوای لاقه‌كردنی له‌لایه‌ن عه‌ره‌بێكه‌وه‌ ته‌رمی كچێك ده‌دۆزرێته‌وه‌

ژنان‌ 10:52 AM - 2018-06-08
.

.

تۆمه‌تبارێكی عیراقی دوای ئه‌نجامدانی تاوانێك له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی دوسلدۆرفی ئه‌ڵمانیاوه‌ خۆی و خێزانه‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ڕۆن و دواتر به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تر له‌ڕێگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌گه‌نه‌وه‌ عیراق.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له‌ هه‌رێمی "ڤیس بادن"ی ناوه‌ڕاستی ئه‌ڵمانیا، رۆژی 7-6-2018 پۆلیسی شاره‌كه‌ ورده‌كاری كوشتنی كچێكی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی به‌ ناوی "سۆزانا"ی ته‌مه‌ن 14 ساڵ كه‌ له‌ 22-4-2018ـه‌وه‌ دیارنه‌مابوو ئاشكراكرد.

"سۆزانا" رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌نزیك وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری شاره‌كه‌وه‌ لاشه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ر له‌ كوشتنی له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك لاقه‌كراوه‌و ئازاری جه‌سته‌ییان داوه‌و پاشان كوشتوویانه‌، دوو كه‌سه‌كه‌ش یه‌كێكیان به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بی عیراقیه‌و ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌و ناوی"ع.ب"ـه‌، ئه‌وی تریان توركێكی 35 ساڵه‌و ئێستا به‌شێوه‌ی كاتی له‌زینداندایه‌.

به‌پێی لێدوانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌ی پۆلیسی "ڤیس بادن"، تۆمه‌تباری یه‌كه‌م كه‌ عه‌ره‌بی عیراقیه‌ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی دوسلدۆرفی ئه‌ڵمانیاوه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا كه‌ ژماره‌یان 8 كه‌سه‌ رۆژی 2ی حوزه‌یران به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ فڕیون و له‌وێشه‌وه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تر به‌ره‌و هه‌ولێر رۆشتوون.

ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و خێزانه‌ به‌ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتێك سه‌فه‌ریان كردووه‌ كه‌ ناوه‌كانیان جیاوازه‌ له‌و ناوانه‌ی كه‌ له‌ نوسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ری ئه‌ڵمانیا تۆماركراوه‌.

ئه‌و تۆمه‌تباره‌ عیراقیه‌ وه‌ك پۆلیس ئاشكرایكرد، پێشینه‌ی تری ئه‌نجامدانی ئاژاوه‌گێڕی و لاقه‌كردنی كچێكی تری ته‌مه‌ن 11 ساڵی له‌سه‌ربووه‌و تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ش كۆتایی نه‌هاتووه‌و تاوانباره‌كه‌ لای پۆلیسی شاره‌كه‌ كه‌سێكی ناسراو بووه‌.

پۆلیسی ئه‌ڵمانیا داوای له‌ هاووڵاتیانی ئه‌و شاره‌ كرد هه‌ر زانیاریه‌كیان لایه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ تاوانه‌كه‌ روویداوه‌و تا رۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ی كه‌ "ع.ب"ی كوڕیان تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، بیده‌نه‌ پۆلیس.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌دا، پۆلیسی ڤیس بادن رایگه‌یاند: ئاشكرابوونی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی تری په‌نابه‌ری عه‌ره‌بی ته‌مه‌ن 13 ساڵه‌وه‌ بووه‌و ئاشكرابووه‌ كه‌به‌ر له‌ كوشتنی لاقه‌شیان كردووه‌.

كوشتنی سۆزانا ویژدانی ئه‌ڵمانه‌كانی وروژاندو پارتی ئه‌لته‌رناتیفی راستڕه‌و له‌پێناوی ئه‌ڵمانیا ئه‌و رووداوه‌ی كرد به‌ كارتێكی سیاسی له‌دژی سیاسه‌تی په‌نابه‌ری ئه‌نگێلا مێركل و له‌ به‌رامبه‌ریشدا حزب و لایه‌نه‌ سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت پێیانوایه‌ ناكرێت له‌ڕوانگه‌ی تاوانێكی له‌وجۆره‌وه‌ سه‌یری په‌نابه‌ران بكرێت به‌تایبه‌تی كه‌ په‌نابه‌رێك خۆی بوه‌ته‌ هۆكاری ئاشكراكردنی تاوانه‌كه‌.

ئاشكرابوونی ئه‌م تاوانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی نوسینگه‌ی فیدراڵی كۆچ و كۆچبه‌ری سه‌باره‌ت به‌ نایاسایی له‌ وه‌رگرتنی په‌نابه‌راندا هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌و بوه‌ته‌ هۆی پێداچونه‌وه‌ی هه‌زاران دۆسیه‌ی په‌نابه‌ری كه‌ گومان ده‌كرێت به‌ نایاسایی دابێتیانه‌ كۆچبه‌ران.

شیهاب عوسمان - ئه‌ڵمانیا
س: SWR - كه‌ناڵی ره‌سمی 2ی ئه‌ڵمانیا ZDF

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket