riklam

پاش هەورە بروسکەی هەڵبژاردن…

بیروڕا 03:43 PM - 2018-06-04
.

.

پاش هەورە بروسکەی هەڵبژاردن، ئەوە زەنگێکی تری هەڵبژاردنێکیتریش لێدرا.

کاتێك هەورە بروسکە لە ڕانە مەڕێك دەدات، شوانەکە لە ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوەو دەیەوێت ئاسەواری زیانلێکەوتووی بە چاوی خۆی ببینێت. ڕەنگە لە پاوانی ڕانەمەڕێکی تر گرمە گرمی هەورە بروسکەکە زۆر سادەو ساکار بووبێت و لای هەندێکی تر هەورە بروسکەیەکی سامناک و توند بووبێت. ڕووداوێك لەناو کۆمەڵی ئێمەدا ڕوویدا، کە بۆ زۆر کەس لە جیهانی پێش هەڵبژاردن و جیهانی پاش هەڵبژاردن لە یەك ناچێت، هێزەکانی "دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن" ناچارن بە حیسابی خۆیاندا بچنەوە. لەگەرمەی تەپوتۆزی هەڵبژاردنی ۱۲ی مایسی۲۰۱۸، هاوڕێیەکی عەزیزم تەنگی پێ هەڵچنی بووم پرسیاری ڕەهای ئاڕاستەی مەرکەزی کۆمیسیۆن و کۆی پرۆسە ئەلیکترۆنیەکە دەکرد، لە مێشکی خۆیدا لەسەر دوو وشە ڕێککەوتبوو (تەزیویر کراوە یان نەکراوە)؟ دیاربوو نەیدەویست ئاوەڵناوی "ڕێژەیی" بەکاربهێنێ بۆ سەرو لمبۆزی پروسەکەو پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان. لە ژیانی سەربازیدا ئەوە فێربوون، نە سەرکەوتن ڕەهایەو نە دۆڕانیش ڕەهایە. لەشەڕدا، دوای ئەنجامەکان لایەنێك شەڕەکە بە سەرکەوتوو دەبینێت و "بیسەرو بینەر" ڕەنگە پێیوابێت ئەو لایە بە شێوەیەکی "ڕەها" لایەنەکەی تری بەزاندوەو پشتی لە گۆڕەپانەکەدا تەخت کردوە. ئالێردا بینەری گۆڕەپانی جەنگەکە ڕاستیەکان بەجۆرێکی تر دەبینێت. وەک چۆن هێزی پێشمەرگە، لە کەرکوك جەنگێکی نەخوازراو یەخەی پێگرت، لە کارەساتی دڵتەزێنی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷، لەگەڵ حەشدی شەعبی و گەلەکۆمەکێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. ئەمەش نابێ نادیدە بگرین دەتوانین بڵێین لە ئەنجامی کۆمەڵێك بڕیاری سەرکێشی سیاسی دەستەبژێری هەرێمی کوردستان. بەڵام سەبرو خۆراگری بەشێکی بەرچاوی ماڵی (ی.ن.ك) بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکی دڵسۆزو کوردپەروەری کەرکوك هەڵبژاردنی ۱۲ی مایسی ۲۰۱۸ بەرەو هەتاوی سەرکەوتن برد، یەکێتی بەڕەسمی و بەڕاستی براوەیە..! ئەم بردنەوەیە بۆ یەکێتی نە پیتاکە و نە دیاری، ئەمە متمانە پێبەخشینەو بڕوا پێبوونە، نەك شێواندنی ڕاستی و چەواشەکردن و تەزیویرکردنی ویستی کۆمەڵانی خەڵك. بەڵام ئەمەش بەشێوەی ڕێژیی چونکە حزب و لایەنە کوردیەکانی تر زیاتر لە کورسیەکی مافی نەتەوەییان خستە لولەی تۆپی نەیارەکانی کوردەوە. ئێمە ئەوەندەی لە دۆڕاندن و تێکشکان و نسکۆو سەربەرەوخوار فێردەبین، ڕەنگە نەتوانین ڕێژەی(لە ۲٪)ی ئەوەش لە بردنەوەدا فێربین و پەندو تەجروبە وەربگرین. بەڵام ئێمە بەگشتی هەروا فێربووین، لەکاتی سەرکەوتن خەنی دەبین و سەرمان لە کاریتەی باڵەخانەکانمان دەدات. لە ژێرکەوتن و هەرەس و نشێویشدا سەری دونیامان لێدێتە یەک و هەوری ڕەشی نائومێدی بەرچاومان پێدەگرێت و توانای بیرکردنەوەمان نامێنێت. هیچ هێزێك لە دونیادا نییە، چوار وەرزەی ساڵ براوەبێت و شیرینی بەسەر ئازیزانی دابەشبکات و هێزەکانی تریش دۆڕاو. هێزە سیاسیەکانی ئەوروپاو هەروەها ڕۆژئاوا، لە ناوخۆیاندا پێشبڕکێ دەکەن. بەرنامەو بۆچوونی ئەمڕۆیان لە سبەی ناچێت، لە وەرزێکی هەڵبژاردندا براوەن و لەسێ وەرزیان دۆڕاون. بزوتنەوەی گۆڕان یان هەر لایەنێکی تر نابێ بڵێ لە هەڵبژاردنی ڕابردوو نیو ملیۆن دەنگدەر پەنجەی بۆ مۆرکردووم، ئەو ڕێژەیەم لە درزی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەوێتەوە. ئەمە بیرکردنەوەیەکی نەزۆکەو پێشێلکاری مافی هاوڵاتی بوونە. ڕابردو بۆ هاوڵاتیان و بۆ دەنگدەر بەردەبازێک بوو بەسەریا تێپەڕین. ئەگەر شۆفێری "شەمەندەفەر"ێك ویستی سەرنشینەکانی بگەیەنێتە دوا وێستگەی کەناری ئارامی ئەوە دەبێ بەوردی ئاگای لە سوڕانەوەو نەسوڕانەوەی بزوێنەری شەمەندەفەرەکەی بێ. خڕەخڕو تەقە تەق لەهەر شوێنێکی مەکینەکەی دروستبوو، دەبێ کاکەی شۆفێر بەوردی سەیری ئەو خەلەلە بکات و هەرزوو چارەسەری بکات. کەواتا تۆ پیویستت بەوەیە، هەڵمەتی گەڕان و پشکنین و چاوگێڕان بۆ سەرو خواروی خۆت بکەیت، لێرەوە کۆمەڵێك ڕاپرسی وردو هەمەلایەنە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان بکەیت. بۆ هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن، ڕێژەی لە (٪٥۰)ی دەنگی نەداوە؟ بۆ ڕوویان لە بەرنامەمان وەرگێڕاوەو دەنگیان بە هێزێکی تر داوە؟ بۆچی دەنگدەر پێیان وابووە داواکانیان لە بەرنامەی ئەو هێزەدا ڕەنگی نەداوەتەوەو داری ئومێد کرم لێیداوە؟ دەبێت بپرسن بەرنامەکەیان لە کوێ پێکاویەتی و لە کوێ نەیپێکاوە؟ چی بەدڵی خەڵکی بووەو چی خەڵکی پەست و توڕەو بێزار کردوە؟ ئەبێت بەمشێوەیە بەش بەشی ستراتیجی دۆڕان "دان و پوش" جیابکرێتەوە، نەک تۆ لەسەر خاڵێک هەڵوێستە بکەیت (تەزیویرکراوە یان نەکراوە) هەرچی ئامڕازەکانی تر هەیە پوش بەسەری بکەیت.

عومەر ئەحمەد مەرگەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket