riklam

کوردو کەرکوک و ...

بیروڕا 08:31 PM - 2018-05-31
.

.

کوردو کەرکوک و هەوڵدان بۆ سڕینەوەى ناسنامە کوردستانییەکەى

دواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنی پەرلەمانى عیراق, هەندێک لایەن ئەو ئەنجامەى هێنابوویان بەدڵیان نەبوو و یەکسەر یةکێتییان بە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا تۆمەتبار کرد. ئەمە باوە هەر لایەنێک کە لە هەڵبژاردندا شکستبێنێ. یەکسەر دەڵێ ساختەکارى کراوە, بەتایبەتیش لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. من بەشبەحاڵى خۆم نەمگوتووەو ناشڵێم ئەو دوو حزبە, پارتى و یەکێتى, فریشتەن و لە ئاسمان هاتوونەتە خوارێ, بەڵام حزبەکانى دیکەش ئەو فریشتەیە نین کە لافى پێوە لێدەدەن. ئەى هەموویان لەمنداڵدانى ئەم کۆمەڵگا گەندەڵ و داڕزیوەوە نەهاتوون؟ ئەى هەندێکیان هەتا دوێنێ تا سەر ئێسقان یەکێتی نەبوون؟ بۆ کە لە یەکێتی جیابووەنەوەو لەنێو رێزەکانى هاتنەدەر, یەکسەر وەک بە حەوت ئاو شۆرابنەوە لە هەموو هەڵەو خراپەکانى یەکێتی کە گوایا تێوەى گلاوە, یان وەک سەردانى کەعبەى پیرۆزیان کردبێ دەستبەجێ پاکبوونەوە؟ دەڵێن جارێکیان حەزرەتى عیسا سەیرى کرد چەند کەسێک دواى ژنێک کەوتوون و بەربارانى دەکەن. عیسا پێغەمبەر لێی پرسین: بۆ ئەو ژنە بەردباران دەکەن؟ گوتیان: چونکە ژنێکى خراپە. حەزرەتى عیسا گوتى: باشە, کێهەتان بێ گوناهە, با بەردى تێگرێ. کە ئەوەیان گوێ لێبوو, هەموویان بەردەکانیان فڕێدا. ئەوەى جێی داخە ئەو لایەنە سیاسییانە سەبارەت بە کەرکووک, بارتەقاى عەرەبە شۆڤینی و تورکمانە توندرەوەکان دژایەتیی دەرچوونى یەکێتی دەکەن و بارە لاسەنگەکەى ئەو دوو لایەنە رەگەزپەرستە راستدەکەنەوە, بەتایبەتیش تورکمانە توندڕەوەکان کە هەندێکیان بە باڕە باڕ ئەجینداى تورکیا جێبەجێ دەکەن و هەندێکیان وەک چاودێرە سیاسییە بێگانەکان دەڵێن راستەوخۆ دەستیان لەگەڵ تورکیا تێکەڵکردووە, چونکە وەک دەبینین هەر کە تێیانگیرا, تورکیا خۆت بگرە هاتم و دەچن بۆ ئەوێ رێنمایی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى ئەوێ وەردەگرن و ناحەزییان بۆ کورد دەمەزەرد دەکەنەوەو چاو لە تورکان دەکەن کە دەڵێن ئەگەر دەوڵەتێکى کوردى لە ئەفریقاش پێکبهێنرێ, ئێمە دوژمنایەتیی دەکەین. بەداخەوە هەندێک لەو تورکمانانە دەڵێی دوژمنایەتیی کردنى کوردیان لەگەڵ شیرى دایکیان نۆشى گیان کردووە. هەموومان دەزانین بەعسى فاشى چى پێکردن, کورد هێچ شتێکى ئەوتۆی بەرانبەر نەکردوون کەچی جنێو و تێهەڵدانى عارەبیان زۆر پێ خۆشترە لە مەرحەبایەک کە کورد لێیان دەکات و بەداخەوە ئەوانە ئەگەر ساڵ دوانزدەى مانگ پەنجەى بە هەنگوینیان لە دەمی نێی, کە دەرتهێنا دەیگەزن. ئەو بەناحەق دوژمنایەتیی کردنەى کورد لەلایەن هەندێک براى تورکمانى توندرەوەوە هى ئەمڕۆ نییەو ئەوان هەر لە زووەوە چاویان بە کورد هەڵنەهاتووەو ویستوویانە واى دەربخەن کە تورکمان لە کەرکووک زۆرینەن. ئاشکرایە کە رێژەى کورد لە کەرکووک چ لە ناوەوەى شارو چ لەسەر ئاستى پارێزگا زۆر لە هى تورکمان عارىب زیاترەو هەر ئەوەش بوو پاڵی بە رژێمە فاشییەکەى بەعسەوە نا کە پارێزگاى کەرکووک هەڵپەردێوێ و لقەکانى لێبکاتەوەو وەک دیمان هەر چوار قەزاى کەلارو چەمچەماڵ و کفرى و دوزو ناحیەى پردێی لێ دابڕی هەر بۆ ئەوەى ژمارەى کورد کەمکاتەوەو لە ناوەڕاست و باشوورى عیراقەوە عارەبی (١٠) هەزارى هاوردە کردو بەتەما بوو عارەبی مەغربیش بێنێ و لە کەرکووک نیشتەجێیان بکات, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر سەرکەوتوو نەبوو و وەک عەلێ کیمیاوى لە گوتارێکى تۆمارکراودا دەڵێ: ئەو هەموو پارەیەمان بۆ عارەب هێنان خەرجکرد کەچى هێشتا کورد هەر زۆرینەن.

لە ساڵی ١٩٥٧کە سەرژمیریی گشتى لە عیراق کرا, من ئەندامى لیژنەیەکى سەرژمێری بووم لە ناوچەى بنگرد. دواى تەواوبوونى سەرژمێرییەکە نامیلکەیەک لە وەزارەتى ناوخۆ دەرچوو (ئەوسا بەڕێوەبەرایەتیی سەرژمێریی گشتی سەر بە وەزارەتى ناوخۆ بوو) سەبارەت بە هەندێک شت کە لەکاتى سەرژمێرییەکەدا روویاندابوو و ئاماژەى بۆ رووداوێک کردبوو لە کەرکووک. رۆژێک پێش سەرژمێرییەکە ئیستیمارەیان دابوو بە ماڵەکان تا ئەوانەى لە ماڵەکە خوێندەوارییان هەیە هەندێک خانەى ئیستیمارەکە پڕبکەنەوە وەک کارئاسانییەک بۆ سەرژمێرەکان. بۆ ئێوارە چەند تورکمانێک واپیشان دەدەن کە بەرپرسی سەرژمێرین و خۆیان بە ماڵە کوردەکاندا دەکەن و دەڵێن هاتووین ئیستیمارەکانتان بۆ پڕکەینەوە ئیدى چووبوون لە خانەى ((نەتەوە)) نووسیبوویان تورکمان. بۆ سبەینێ کە سەرژمێرە ئەسڵییەکان چووبوون و پێیان گوتبوون کە دوێنێ ئێوارە چەند کەسێک هاتوون و ئیستیمارەکانیان پیشان دابوون و ئیدى دەرکەوت کە ئەوانە بۆ مەبەستی بە تورکمان کردنى کورد ئەوکارەیان کردووە. ئەمڕۆش زۆر لە دوێنێ دەچێ و ئەو تورکمانە توندڕەوانە پشت بە دەسەڵاتى تورک دەبەستن و تورکیاش وەک ئەو وڵاتە بەتایبەتیش کەرکووک بەشێک بێ لە تورکیا بە ئارەزووى خۆی و ئەوەندەى بۆی بچێتە سەر دەست دەخاتە نێو کاروبارى کوردستان و بەتایبەتیش کەرکووک و ئەگەر ئاگامان لەخۆمان نەبێ و هێزە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن و دووبەرەکی وەلا نەنێن, ئەوەى ئێستا هەمانە, بەو کەمییەوە, ئەویشمان لەدەست دەچێ و رکەبەرایەتیی یەکتری بە مل شکانى خۆمان و قازانجى دوژمن کۆتایی دێ و بەداخەوە هەموومان ئەوە دەزانین و بە قسە دەیڵێین  بەڵام کارى پێناکەین.

عه‌بدولكه‌ریم شێخانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket