riklam

دیندار زێباری: 68 مه‌زارگه‌ی ئێزدی خاپوركراون

جینۆساید‌‌ 11:58 AM - 2018-05-31
.

.

دیندار زێباری: (68) مەزار و شوێنی ئایینی ئێزیدی و(85) كڵێسا و (3) گۆڕستانی كریستیانەكان لەلایەن داعشەوە خاپوور کراون.

لە دوای هێرشی  تیرۆریستانی داعش بۆ  سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای موسڵ و دەڤەری شنگال  لە 3-8-2014 ، زیانێکی زۆر بەر دەڤەرەکە کەوت و بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەم ناوچە لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەبێ جیاوازی بوونە قوربانی، هەروەها هەزارانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە رفێندران کە تا ئێستاش چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنیان.

لەم بارەوە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە تیرۆریستانی داعش تاوانی گەورەیان دەرهەق بە پێكهاتە ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا ئەنجامداوە و زیاتر وتی: لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای موسڵ دەیان تاوانی دڕندانەی دەرهەق بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجامدا بەتایبەتی دەرهەق بە هاووڵاتیانی كورد لە كوشتن و دەركردن و رفاندن ولەم رووەوە كوردانی ئێزیدی بوونە قوربانیی دڕندەترین و گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی داعش و بە هەزارانیان رفێندران كە ژمارەیان گەیشتە ٦٤١٧ کەس لەمانە ٣٥٤٨ ئافرەت بوون، ئەو ئافرەتانە تووشی جۆرەھا رەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێکی مرۆڤانە، لە فرۆشتن و کڕین و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایینەوە.

دیندار زێباری تیشكی خستە سەر كارەكانی نوسینگەی تایبەتی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان كە بۆ رزگاركردنی رفێندراوانی دەستی داعش دامەزراوە و وتی: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان وبودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە رووی ماددی و مەعنەویەوە ئەرکی رزگاکردنیانی گرتە ئەستۆ بە هەوڵە بەردەوامەکانی تا ڕۆژی 23/5/2018 ژمارەی ئێزیدیە ڕزگار کراوەکان (3275) کەس بووە لەوانە (١١٤٨) ئــافرەت و (٣٣٦) پیاو و (٩٣٥) کچ و (956) کوڕ ڕزگار کراون ,ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (٣١٤٦) کەسە لەوانە (١٤٦٥) ئافرەت و (1685) پیاو کە لە دەست داعش ماون .

دیندار زێباری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنیا كوردانی ئێزیدی نەبوونە قوربانی داعش و لەو بارەوە وتی: گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی دەستی داعش وەك كریستیان و كاكەیی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێزیدی كورد بوون و خاوەنی ئایینی خۆیان بوون بۆیە زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی جۆراوجۆر بوونەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كریستیان بێ سەروشوێن بوون و تا رێكەوتی 18/7/2017  كەیسی (250) هاووڵاتی كریستیانی رفێدراو دیکیۆمینت کراوە کە (82) یان ئافرەت و (168) پیاو بوون. لەوانە  ژمارەیەکیان رزگار کراون و ژمارەکیان رزگار نەکراون و بێ سەروشوێنن کە (20) یان ئافرەتن، جگە لە كوشتن و رفاندنی پەێرەوانی ئایینەكانی دیكە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانیشیان وێران و خاپوور کرد لەوانە (٦٨) شەست و هەشت مەزار و شوێنی ئایینی ئێزیدیانیان و(85) كڵێسا  و (3) گۆڕستانی كریستیانەكان خاپوور کراون.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دکتۆر دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەشێك لە رێكخراوەكان هەوڵ دەدەن كەیسی ئافرەتە رفێندراوەكان بە مەبەستی تایبەتی بقۆزنەوە و لەو بارەوە وتی: مایەی نیگەرانییە زۆر لە چالاکوانانی مەدەنی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان پارە و کۆمەک بەناوی ئافرەتە رزگاربووە ئێزیدییەکان کۆدەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ئافرەتە رزگاربووانە ھیچ شتێکی ئەوتۆیان لەوانە نەدیوە، بەتایبەت لەباری دووبارە شیاندنەوەی رزگاربووەکان و گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا، لەلایەکی دیکەوە ھەندێک چالاکوانی مەدەنی، ناوە بە ناوە، ھەندێک لەو ئافرەتە رزگاربووانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی، و لەو وڵاتانە کۆڕ و سمینار دەگێڕن بۆ کۆکردنەوەی پارە و کۆمەک بە ناوی ئەو ئافرەتانەوە.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket