riklam

منداڵە گرینۆكەكە

بیروڕا 11:53 AM - 2018-05-31
.

.

كاتی خۆی كە منداڵ بوین، چ لە گەڕەكدا‌و چ لە مەكتەب، كێشەی زۆرمان بە دەست هەندێك منداڵەوە دەبینی، ئەو منداڵانەی لە خۆیانەوە ‌و بێ هۆ ‌و بێ هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ دەستیان دەكرد بە گریان ‌و دەچوون شكاتیان دەكرد.

لە گەڕەكدا كاتێك یاریمان دەكرد بێگومان بەریەك دەكەوتین، راكەراكە‌و شەرەشەق ‌و دوگۆڵی ‌و هەلوكێن ‌و چاڵ چاڵێن ‌و تول تولێن ‌و یەكە ‌و گۆتەكە ‌و مزراحین، لە هەموو ئەو یاریانەدا، بێگومان كەسێك هەر دەبوو ناڕازی بێ ‌و ئەوەش ئاسایی بوو، بەڵام ئەوەی یاری لێ تێكداین‌ و ناخۆشی ئەكرد‌ و هەموومانی زویر دەكرد، ئەو منداڵانە بوون كە بە هیچ شتێك رازی نەدەبوون ‌و دەستیان دەكرد بە گریان. یاریان پێ نەكردنایە ئەگریان ‌و ئەچون شكاتیان ئەكرد لای دایك‌ و باكمان، خۆیان شەڕیان ئەكرد ‌و دوایی دەستیان ئەكرد بە گریان‌و ئەچون شكاتیان ئەكرد، لە یاریدا ئەدۆڕان دەگریان‌و ئەچون بۆ شكات.

ئەم حاڵەتە لە قوتابخانەش هەبوو، منداڵی گرینۆك كێشەی پۆل بوو، ئەو تەلەبانە، قەڵەم دانەكەیان دەشكا دەستیان ئەكرد بە گریان‌و ئەچوون لای مامۆستا شكاتیان ئەكرد، لاستیك، یان قەڵەمەكەیان ون دەبوو یان دیار نەدەما، دەگریان‌و ئەچون بۆ شكات، پاڵیان پێوە دەنرا هەر دەگریان، دەفتەریان ئەدرا ئەیان كردە شیوەن ‌و شەپۆر ‌و ئەچوون بۆ شكات، لە هەمووشی ناخۆشتر، زۆرجار دایك ‌و باوكیشیان بەو مەسەلانەوە سەرقاڵ دەكرد‌و ناچاریان دەكردن بێن بۆ قوتابخانە بۆ بەدواداچوون.

ئێستا لەم وەزعە هەرێمدا‌و لە ماوەی رابوردوشدا هەندێ لایەنی بەڕێز وەكو ئەو مناڵە گرینۆكانەیان لێ هاتوە، یاری ئەكەن نابێ بدۆڕێن یان كەس بەریان كەوێت شانت بەر شانیان كەوێت، ئەوا دنیا دەڕوخێ‌ و دەڵێن وا خوراین، گلەییان لێ بكەیت، ئەوە هەر مەحاڵە‌ و نابێ‌ و دونیا دەروخێ، بۆ هەموو شتێكیش شكات‌ و كڵێشەی شكاتیان حازرە، شكات لە هەرێم لای بەغدا، شكات لە هەرێم لای UN، لای كونسوڵخانە ‌و نوێنەری حكومەتەكانی دونیا، هەندێكیان گەر شكاتەكانیان كۆ بكەیتەوە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دروست بوونیان كە لە حزبەكانی تر ‌و لە هەرێمیان كردوە لای بەغدا و وڵاتانی دەرەوە‌و هەرێم، دوو ئەوەندەی ئەو بەڵێنانە دەكات كە خەڵكیان پێ هەڵخەڵەتاندوە ‌و هیچیان بۆ جێبەجێ نەكردون بە راستی ئەوانە تەبیعەتیان لە مناڵە گرینۆكەكانی گەڕەك‌و قوتابخانەكانمان دەكات.

 

رێبوار سیاگوێزی

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket