سۆڵجه‌رلاند ئه‌زموونێكی نوێی رزگار حه‌مه‌ڕه‌شید له كه‌نه‌دا
ئەدەب وهونەر 04:03 PM - 2018-05-23.
شانۆگه‌ری (سۆڵجه‌رلاند) Soldierland ، له نووسینی شانۆكارو ده‌رهێنه‌رو نووسه‌ری ناسراوی كورد ڕزگار حه‌مه ڕه‌شیده به زمانی ئینگلیزی، دوای نووسین و زیاتر له پێنج مانگ ئاماده‌كاری و پرۆڤه‌و ماندووبوون، به ستافێكی كارا‌و شاره‌زاوه، له ڕۆژانی 18-25/5/2018 له شاری ڤانكۆڤه‌ری كه‌نه‌دا له یه‌كێك له هۆڵه شیاوه‌كان نمایشكرا.
ئه‌م شانۆگه‌رییه ده‌رباره‌ی سێ سه‌ربازه، كه له جه‌نگ ڕزگاریان بووه، به‌ڵام فریای دوایین شه‌مه‌نده‌فه‌ر نه‌كه‌وتن، تا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و. هه‌روه‌ك له تێكسته‌كه‌و گفتوگۆی ئه‌كته‌ره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت له ناوچه‌یه‌كی چۆڵه‌وانی نزیك هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕگه به‌جێهێڵراون و دواتر خۆیان له وێزگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ری وێراندا ده‌بیننه‌وه. بێگومان هه‌م شه‌ڕگه‌كه‌و هه‌میش وێستگه وێرانبوه‌كه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه، تاڵی و ئازاری كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگیان لێده‌چۆڕێ. یان به بینین و واتایه‌كی تر، جه‌نگ و شه‌ڕ له‌هه‌ر شوێن و جێگایه‌ك ڕووبدات، ئاكامه‌كه‌ی وێرانبوون و نغرۆبوونه‌و له‌ناو ئه‌م وێرانبوون و نغرۆبوونه‌شدا، مرۆڤه‌كان ئه‌وانه‌ی به‌بێ خواست و ئیراده‌ی خۆیان ئاڕاسته ده‌كرێن یان ده‌برێنه شه‌ڕگه‌و سه‌نگه‌ره‌كانی جه‌نگ، ده‌بنه قوربانی، نه‌ك ته‌نیا به‌گیان له‌ده‌ستدانیان، به‌ڵكو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕگه‌كانیش ڕزگاریان ده‌بێت، به‌رده‌وام له‌ڕێگه‌ی ویژدانیانه‌وه هه‌ست به ئه‌ندێشه‌و ئازارێكی قوڵ ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه‌ی له جه‌نگ و شه‌ڕه‌كه‌و سه‌نگه‌ره‌كانی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه بینیویانه، بۆ هه‌میشه كاریگه‌ری جۆراوجۆریان له‌سه‌ر جێدێڵێت.
هه‌روه‌ك ئه‌م شانۆیه (سۆڵجه‌رلاند) ده‌رباره‌ی كاریگه‌ریه سایكۆلۆژیه‌كانی جه‌نگه له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵه‌كانه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و گۆڕانكاریه په‌كخه‌رانه‌ی جه‌نگ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكاندا ده‌یهێنێت و هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی كۆچكردنی مرۆڤه‌كانه. تیشك ده‌خاته‌سه‌ر جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كان له مایكرۆ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا. هه‌روه‌ها لایه‌نێكی گرنگی ئه‌م كاره‌ی نووسه‌رو شانۆكار ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید، خۆشه‌ویستی و مرۆڤ بوون له سه‌رده‌می جه‌نگدا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه كه له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ڕاگه‌یاندنه‌كان و حكومه‌ته‌كان و فه‌رمانه جێگیره‌كانن له‌م سه‌رده‌می مۆدێرنه‌و دیجیتاڵداو كارێكی ڕاسته‌وخۆو بێپه‌رده‌یه‌و دووره له‌ته‌مومژ، كه له هه‌لومه‌رجی مرۆڤبوون ده‌كۆڵێته‌وه له بابه‌تێكدا كه به درێژایی مێژوو دووچارمان بووه، ئه‌ویش (جه‌نگ)ه؟ جه‌نگ به هه‌موو كاریگه‌ری و ناشرینیه‌كانیه‌وه؟
ئێمه یه‌كه‌م ڕۆژی نمایش، كه لێره به جه‌ره‌ناڵ پرۆڤه ناسراوه له‌وێ بووین، بینه‌ر بووین، دوای ئه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌شمان به كوردی ده‌ستكه‌وت و خوێندمانه‌وه، هه‌ستمان به‌وه كرد، بۆ نووسه‌رێك له نیشتمانێكدا (باشووری كوردستان) كه هه‌میشه جه‌نگ ده‌ستی خستبێته بینه‌قاقای، له‌دایك بووبێت و گه‌وره‌بووبێ و ئێستا بێت له نیشتمانی دووه‌میدا (كه‌نه‌دا)، جه‌نگ له چێوه‌ی شانۆدا بنووسێته‌وه‌و بیخاته سه‌ر شانۆ، چه‌ند كارێكی گه‌وره‌و پڕ زه‌حمه‌تی ئه‌نجامداوه، له‌نزیكه‌وه گوێمان لێی گرت و له‌كاتی دواندنی سه‌باره‌ت به‌م باسانه، ئاوا ده‌دوا:
بیرۆكه‌و ئامانج؟
ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید: بیرۆكه‌ی نوسینی شانۆگه‌ریه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٩٣ ئامانج له نوسینی، له سه‌ره‌تادا ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دژ وه‌ستانه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو. بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی هه‌ناسه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی دابوو، گه‌یشتن به ڕۆژێك كه تارمایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌مان به‌سه‌ره‌وه نه‌مێنێت، خه‌ونێكی سه‌خت بوو، به‌ڵام ساڵی ١٩٩١ ئه‌و خه‌ونه هاته‌دی. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی حزبه كوردییه چه‌كداره‌كان، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی به‌و چوارچێوه جوگرافیه "ئازادكراوه"وه بووه هۆی دابه‌شبوونی هێزه‌كان و سه‌ره‌نجام شه‌ڕێكی زۆر خوێناوی ناوخۆ. ئه‌وكاته ده‌ستنوسی یه‌كه‌می ئه‌م شانۆگه‌ریه‌م نوسی به‌ناوی جه‌نگستانه‌وه، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی له باسكردنی دیوه زۆر نێگه‌تیڤه‌كانی شه‌ڕه‌وه بینه‌ران ناچاربكرێن له كۆمه‌ڵێك گۆشه‌ی تره‌وه بیر له شه‌ڕو ئه‌نجامه‌كانی بكه‌نه‌وه‌و به‌شداریكردنی شه‌ڕه‌كان كه‌مبكرێنه‌وه.
شانۆكه به ئینگلیزی؟
ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید: چه‌ند ساڵێك بوو بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه ئه‌م ده‌قه وه‌ربگێڕم بۆ زمانی ئینگلیزی و له كه‌نه‌دا كاری ده‌رهێنانی بۆ بكه‌م، به‌ڵام هه‌روه‌ك پرۆژه‌یه‌كی دواخراو مایه‌وه تا ساڵی ٢٠١٥ بیرم له‌وه كرده‌وه بۆ پرۆژه‌ی پراكتیكی ده‌رچوون له زانكۆ جه‌نگستان وه‌ربگێڕم و كاری تێدا بكه‌م. له‌گه‌ڵ كاك هێمن خه‌سره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتین كه وه‌رگێڕانه‌كه بكه‌ین به كارێكی هاوبه‌ش، دواتر من سه‌فه‌ری كوردستان‌م كرد‌و كاك هێمن ئه‌ركی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی گرته ئه‌ستۆ. پاش ئه‌وه‌ی كاك هێمن "كله‌یر مه‌ڵیگن" ڕێككه‌وتم تا به ده‌ستنووسه ئینگلیزیه‌كه‌دا بچێته‌وه‌و ئیدیتی بكاته‌وه.
ئه‌زموونێكی نوێ؟
ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید: هیوادارم ئه‌و ده‌رفه‌ته دروست ببێت.
جه‌نگ و مرۆڤ له شانۆكه‌دا؟
ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید: جه‌نگ پانتاییه‌كی فراوانی له ئێستا‌و مێژووی مرۆڤایه‌تی داگیركردووه، هه‌میشه بیانوویه‌ك هه‌بووه بۆ شه‌ڕ، له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه وێنه‌ی ئه‌و دوژمنانه‌یه كه مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئێمه‌و مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام دوژمن كێیه؟ بۆ هه‌ر لایه‌كی شه‌ڕه‌كه دوژمن بریتییه له‌وی تر، ئه‌وی تری خاوه‌ن دیدی جیاواز، كه‌چی شه‌ڕه‌كان كۆتاییان دێت و دیده جیاوازه‌كان یه‌كده‌گرن و چه‌ندین تاوان ئه‌نجامده‌ده‌ن و له فۆرمێكی تردا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه. هه‌میشه میدیاش بره‌و به گیانی شه‌ڕانگێزی ده‌دات و مرۆڤه‌كان ده‌كات به‌گژ یه‌كترداو ئه‌و بڕوایه‌یان تێدا ده‌چه‌سپێنیت كه شه‌ڕو شه‌ڕانگێزی خه‌سڵه‌تێكی ستروشتی مرۆڤه‌كانه. له لایه‌كی تریشه‌وه له‌ڕێگه‌ی یاریه‌كانی ڤیدیۆییه‌كانه‌وه نه‌وه‌یه‌كی شه‌ڕانگێز له منداڵ و گه‌نجه‌كان په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌نده شه‌ڕی ناو یاری ڤیدیۆكه‌ی كردووه، واده‌زانێت له‌ڕاستیشدا هه‌ر گه‌مه‌یه‌كه‌و ئه‌م ده‌توانێت بڕوات و وه‌ك پاڵه‌وانێك بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام كه ده‌ڕوات، ئیتر هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه. ڕه‌نگه وه‌ك جه‌سته بگه‌ڕێنه‌وه‌و "بۆ هه‌ندێكیان" سه‌ركه‌وتووش بن له داپۆشینی شكست و داڕمان و هه‌ره‌سه‌كانی ناو ناخی خۆیان، به‌ڵام چه‌نده زیاتر دایپۆشن، ئه‌وه‌نده برینه نه‌بینراوه‌كانی ده‌روونیان قوڵتر ده‌بێت.
له‌م شانۆگه‌ریه‌دا له‌ڕێگه‌ی پیشاندانی زۆرترین كاریگه‌ریه فیزیكی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كانی جه‌نگه‌وه ده‌مانه‌وێت ژماره‌ی به‌شداره‌كانی جه‌نگه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه. تاكه ڕێگای به‌رگرتن به جه‌نگ بریتییه له به‌شداری نه‌كردن تیایاندا‌و ڕێگرتن له‌وانه‌ی به‌هه‌ر هۆكارو بیانوویه‌كه‌وه‌یه ده‌یانه‌وێت به‌شداری بكه‌ن تیایاندا. ده‌مانه‌وێت بڵێین مرۆڤه‌كان له سروشتی خۆیاندا شه‌ڕانگێز نین، به‌ڵكو ئه‌وه سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئایدیۆلۆژیای باڵاده‌ست و میدیاكانیانه كه ده‌یانه‌وێت به‌وشێوه‌یه پێناسه‌ی مرۆڤه‌كان بكه‌ن و ئه‌وه بكه‌ن به ڕاستییه‌كی سه‌لمێنراو. ئێمه له‌م شانۆگه‌ریه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین دژی ئه‌و ئاراسته‌یه، مه‌ترسییه‌كان بهێنینه پێشه‌وه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س له‌دژی شه‌ڕ.
كورد‌و جه‌نگ و كاریگه‌رییه‌كانی؟
ڕزگار حه‌مه ڕه‌شید: بێگومان. سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه له نوسینی ئه‌م ده‌قه له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌موو ئه‌و جه‌نگانه‌دا بوو، به‌ڵام دواتر بیرۆكه‌كه فراوانتر بوو وه بووه ده‌قێك بۆ باسكردن له تراژیدیاكانی مرۆڤ له جیهانێكدا كه هۆڵیودو سێبه‌ره‌كانی ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن.
ئه‌م شانۆیه له‌لایه‌ن شانۆكاران و ره‌خنه‌گران و ئه‌كادیمیستانی بواری شانۆ بایه‌خێكی زۆری پێدرا، پوخته‌ی به‌شێك له راو سه‌رنجه‌كان له‌مشێوه‌یه:
د.مارڤین وێستوود پرۆفیسۆری ڕێنمایی ده‌روونی، زانكۆی بریتیش كۆڵۆمبیا: شانۆگه‌ریی سۆڵجه‌رلاند، ده‌مه‌وێت ئه‌مه بڵێم، كاتێك له پرۆڤه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه بووم، ئه‌وه‌ی زۆر كاریگه‌ر بوو بۆ من ئه‌كته‌ره‌كان بوون كه توانیبوویان زۆر به‌باشی ژیانی واقیعی سه‌ربازه‌كان به‌رجه‌سته بكه‌ن. به‌ڵام سه‌رسام بووم به‌وه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی فیلمه هۆڵیودیه‌كانه‌وه، ئه‌مان كاره‌كه‌یان زۆر نزیكه له‌ڕاستییه‌وه، زۆر نزیك له‌وه‌ی كه من بینیومه له‌نێو ئه‌و سه‌ربازانه‌دا كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و له‌میانی كاری ده‌روونیدا ئیشیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وان چه‌ندینجار تاقیكراونه‌ته‌وه، بینینی كێشمه‌كیشم و ئازار چه‌شتنه‌كانیان. ئه‌كته‌ره‌كان له شانۆكه‌دا به‌جێهێڵراون، شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه به‌یه‌كجاری تێپه‌ڕیوه‌و ڕۆشتووه. هه‌روه‌ها په‌رچه‌كرداره‌كانیان به‌رجه‌سته‌ی دڵه‌ڕاوكێ، دڕدۆنگی و سنوربه‌ندییه‌كیان ده‌كه‌ن، وه من وا بیرمكردوه، وه‌ك دوا قسه، ئه‌وه‌ی كه زۆر سه‌رسامی كردم، جووڵه‌كانیان بوو له‌سه‌ر شانۆ. له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رباز زۆرجار دیسیپلین كراون له جووڵه‌كانیاندا وه ئه‌كته‌رێك كه سه‌رباز نه‌بێت، ناتوانێت ئه‌و جوڵه مه‌شقپێكراوانه به‌رجه‌سته بكات. پێموایه ئه‌و ئه‌كته‌رانه توانیویانه به‌رجه‌سته‌یان بكه‌ن، جا هه‌ركه‌سێك بێت ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی كردوون، جووڵه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی بینم، زۆر بێهاوتان.
د.جۆرج بێلیڤۆ پرۆفیسۆری خوێندنی شانۆ، زانكۆی بریتیش كۆلۆمبیا: من ده‌مه‌وێت له بیرۆكه‌ی جوڵه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م، ئه‌و دڕدۆنگیه ناوه‌كییه‌ی چیرۆكه‌كان كه ده‌رهێنه‌ره‌كه/ نوسه‌ره‌كه خستوێتیه ناو ده‌قه‌كه‌یه‌وه. باسكردنه‌كه ته‌نها له‌ڕێی ده‌قه‌كه‌وه نا، به‌ڵكو له‌ڕێی جه‌سته‌یانه‌وه. هه‌ستێكی ڕاسه‌قینه‌ی فیزیكی هه‌بوو بۆ ئه‌و ململانێیانه‌ی كه له ناوه‌وه ڕوده‌ده‌ن و له‌ڕاستیدا له‌ڕێگای جه‌سته‌یانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. وه‌ك ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی Contact Unload كه من و مارف كارمان تێدا ده‌كرد، ئه‌وه یه‌كێكبوو له‌و شتانه‌ی كه ئێمه‌ش ده‌مانویست به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه هه‌ندێ له‌و ته‌نگژانه‌ی دوچاری كه‌سێك ده‌بێت، ده‌كرێت له‌ڕێی شانۆوه‌و له‌ڕێی جه‌سته‌وه كه‌شفبكرێن. هه‌روه‌ها تێكستی ئه‌م شانۆیه‌و ده‌وڵه‌ندی تێكسته‌كه به‌ڕای من له وریایی داڕشتنه‌كه‌یدایه. یه‌كێك ده‌بێت له‌سه‌رو نوسینه‌وه بێت، توانای نوسینی به‌هێزو گه‌وره بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدات هه‌موو شتێكمان بۆ بگێڕێته‌وه‌و باسبكات. وه من پێموایه كه سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ده‌قه "ڕزگار"ه وه‌ك نوسه‌ری ده‌قه‌كه، كه توانیویه‌تی زۆر به وریاییه‌وه ئه‌وساته وه‌ختانه هه‌ڵبژێرێت و ده‌ستنیشانیان بكات وه ڕێگا بۆ ئه‌كته‌ره‌كان خۆشبكات تا باسی ته‌نگژه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و سه‌ربازانه بكه‌ن كه له‌دوای خزمه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
*سوپاس بۆ وه‌رگێڕانی گفتوگۆكان ده‌رباره‌ی شانۆگه‌ری سۆڵجه‌رلاند بۆ كوردی له‌لایه‌ن تریفه عه‌لییه‌وه، سوپاس بۆ سۆران مه‌ردۆخی و نسیار عیول كه وێنه‌كان ئه‌وان چركاندویانه.
PUKmedia ئا/ ته‌ها سلێمان
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28