riklam

ئەوانەی لەهەولێر لەپزیشكێكی ژنیاندا داوای 200 ملیۆنیشی لێدەكەن

ژنان‌ 06:55 PM - 2018-05-21
.

.

ئەو كەسانەی بە جلی مەدەنی و چەكەوە لەكاتی خۆپیشاندانەكەی مووچەخۆرانی هەولێردا هێرش و سوكایەتییان كردە سەر پزیشك و مامۆستاو فەرمانبەران، دوو پەلاماردەری ناسراو كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوكراوەتەوە، سكاڵایان لەسەر ژنە پزیشكێكی چارەسەری شێرپەنجە تۆماركردووەو داوای 200 ملیۆن دیناری لێدەكەن. 

د.شایان عەسكەری، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، لەبارەی ئەو سكاڵایانەی لەسەری تۆماركراوە، ئاماژە بەوە دەكات، رۆژی 17ی ئەم مانگە لەلایەن دادگاوە ئاگاداركراوەتەوە كە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، ئەوەشی بە PUKmedia وت: خۆم بە تۆمەتبار نازانم، بۆ داواكاری مووچەی خۆم ‌و هاوڕێ‌ ‌و هاوپیشەكانم چومە سەر شەقام بەشداری خۆپیشاندانم كرد، لەكاتێكدا هێرشكرایە سەرم سكاڵام تۆماركرد، بەڵام دواتر كشاندمەوە، كەچی ئێستا ئەوانەی هێرشیان كردۆتە سەرم تۆمەتبارم دەكەن و سكاڵام لەسەر تۆمار دەكەن و داوای بڕی 200 ملیۆن دینار قەرەبوو دەكەن.

وتیشی: ئەمڕۆ 21ی ئایار چومە دادگاو ئامادەبوونم لە بەردەم دادوەر بۆ 25ی حوزەیرانی داهاتوو دواخست، چونكە ماوەی بانگهێشتەكەو دادگاییەكە زۆر كەمبوو، ئاگاداركردنەوەم لە سكاڵاكەو ئامادەبوونیش لە بەردەم دادوەر شتێكی كتوپڕ بوو، بەپێی ئەوەی پێشتر ئاگاداربكرێمەوە كە سكاڵام لەسەر تۆماركراوە.

باسی لەوەش كرد، دوو سكاڵاكارەكە خۆیان لە بەردەم دادگا ئامادەنەبوون، بەڵكو هه‌ریه‌كه‌یان دوو پارێزه‌ریان گرتووه‌و سەردانی دادگایان كردووە.

د.شایان عەسكەری لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكەی 25ی ئاداری ئەمساڵی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی شاری هەولێر كە لە پاركی شانەدەر ناوەندی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی عیراق بەڕێوەچوو، كەسانی مەدەنی كە بە چەكەوە هەڕەشەیان لێكرد، بە مۆبایلەكەی ڤیدیۆی دەگرتن و داوای لێدەكردن وازیان لێبێنن و بێنە ریزی خۆپیشاندەران، بەڵام لەوكاتەدا هێرشیان كردەسەری.

ڤیدیۆی هێرشكردنە سەر ئەو ژنە پزیشكەی شاری هەولێر، بە خێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوویەوەو دەنگدانەوەی لێكەوتەوەو ئیدانەی هێرشكردنە سەر ئەو ژنە پزیشكە كرا.

د.شایان كە كارمەندێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەرێمە، دەشڵێت: سەندیكای پزیشكان لەسەر سكاڵاكەی سەری هاتونەتە دەنگ و پارێزەریان بۆ داناوە تا بەرگری لێبكات و لەگەڵیشی چۆتە دادگاو پێشیان راگەیاندووە تا دوا رۆژی دادگاییەكەی لەگەڵی دەبن و پشتیوانی لێدەكەن.

ئەو ژنە پزیشكە، باس لەوەش دەكات كە لەسەر تۆماركردنی سكاڵا لەسەری، رێكخراوەكان و لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانی خۆیان بۆ دەبڕیوە كە هەر شتێكی پێویست بێت لەگەڵی دەبن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش پشتیوانی خۆی بۆ د.شایان رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەكات لەڕووی یاساییەوە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی دەبن، لەوبارەیەوە د.خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە PUKmediaی رایگەیاند: لەسەر تۆماركردنی سكاڵا لەسەر د.شایان كە پزیشكێكی سەر بە وەزارەتەكەمانە، لەگەڵ بەشی یاسای وەزارەت قسەمان كردووە.

ئەوەشی وت: لەڕووی یاساییەوە ئەو پزیشكەمان هەرشتێكی پێویست بێت وەك وەزارەت پشتیوانی لێدەكەین و ئەگەر پێویستیشی بە پارێزەر بێت ئەوا بۆی دابین دەكەین.

PUKmedia تایبەت 

 

لینكی یارمەتیدەر بۆ بینینی ڤیدیۆیەكە 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket