riklam

لە یادی 36 ساڵەی خۆپیشاندانەكانی شاری هەولێر

بیروڕا 01:33 PM - 2018-05-05
.

.

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەمە كورتە یاداوەرییەكە لە بەشەكەی لای خۆمەوە، سەدانی دیكەش چ تاك و چ گروپ هەوڵی دیكەیان داوەو یادگاری و یاداشتی لەم چەشنەیان لایە، هەمووشیان ئامادەبوون لەو رۆژگارە گیانی خۆیان بەختبكەن، لێ جیاوازییەكە ئەوە ناگۆڕێت خۆپیشاندانەكان نەخشە داڕێژراوی پێشتر نەبوو، بەڵكە سەرەتا هەوڵێكی بەكۆمەڵی قوتابیانی هەردوو كۆلێجی ئەندازیاری و كۆلێجی زانستی چەند كۆلێژێكی دی بوو كە رۆژی دواتر هەموو كۆلێجەكان و بەشێك لە قوتابیانی شاری هەولێریشی گرتەوە، دیارە لەهەموو بزووتنەوەو هەوڵێك كۆمەڵێك خەڵك پەیدادەبن هەلپەرستانە دەیانەوێت كارەكان بەناوی خۆیانەوە تۆماربكەن، ئێمە خۆمان لەوە بەدوردەگرین، لە ناوجەرگەی روداوەكان و مەترسیەكانین لێ خاوەندی نین، بەڵكە بەشێكی بچووكین لەكۆی هەوڵەكان، قەبوڵیشمان نییە ئاراستەكان و راستیەكان بشێوێنرێت، كەسانێك بڵێن هەرخۆمان هاتین، كەچی درەنگ fە دەستبەتاڵی هاتبێتن و زووش رۆیشتبێتن.

رۆژ 2ی ئایاری 1985 كاتژمێر 9ی بەیانی، سیروان مەحمود قوتابی پۆلی دووی كیمیا لە شاری سلێمانی گەڕابوەوە، چونكە 1ی ئایار پشو بوو نەهاتبونەوە بۆ دەوامی زانكۆ، لەسەر دەرگای كافتریاكە راوەستا بوو، منیش لە دەرەوەو لە بەرامبەری، بە فسكەفسكی سیاسیانەی ئەوكاتەوە، وەلێ كەمێك بەرزترو بە لەخۆباییبوونی نەترسانەوە، چونكە خۆپیشاندانەكان كەمێك ورەی زیاتری خستبووە سەر ورەبەرزیەكەی رابردووی وتی "خۆپیشاندان گەرمە لە سلێمانی و بەشداریمان كرد، بۆ لێرە دەستپێنەكەین" لەگەڵ برادەران كەوتینە گفتوگۆ "یاسین حوسێن، لوقمان سدیق، عوسمان غەریب، حیكمەت حەكیم، سەباحە سور، نيشتمان، سەردارو .... "بە گروپ و تاك تاك، هەندێكمان پەیوەندی رێكخراوەییمان لەگەڵ یەكتردا هەبوو، پەیوەندی رێكخراوەیی ئەوكات پەیوەندییە كەسایەتیەكانی تا ئاستی خۆشەویستی دوو عاشق بەرزەكردەوە، زۆریشمان پلەی باڵامان هەبوو لەچاو پلەبەندی ئەوكاتە" هەرچەندە من لە ناوەوە بەرەو روخان دەچوم لەروی رێكخراوەییەوە لەو رۆژگارە، چەپی رادیكاڵ هێواش هێواش گەرای لەناو بیرو هزرم دادەنا "ساڵی پێشتر كاتێك بەعسیەكان هاتن تەتەوعمان پێبكەن بۆ هەڵگرتنی چەك، بینیم چۆن قوتابیانی كوردی پۆلەكە هەموو زۆر ئازایانە بەكۆمەڵ بەرەورووبونەوە، بەراستی بە ئازایەتیان غیرەتیان دەدا بە مرۆڤ، سانا نەبوو لە ساڵی 1981 دا، راستەوخۆ لەبەرامبەر بەعسیەكان بە خەتی خۆت بۆیان بنووسیت "لا ارغب ان اتگوع ڵادافع عن أرچ العراق و شعبه" ئەو رستەیە ئەوكات مل پەڕانی لەسەر بوو، بۆیە متمانەم بە قوتابیانی پۆلەكەمان هەبوو، دواتریش هەمان هەڵوێستی پێشەنگانەیان لەبەرامبەر مانگرتنی قوتابیان لە رەتكردنەوەی جەیشی شەعبی هەبوو ساڵی 1983 و 1984 دا، هەردوو بزوتنەوەكە لەناو قوتابیان بەشێوەی خورسكیانە سەریهەڵدا هەرچەندە رێكخستنەكانی حیزبەكان لەناو ریزی قوتابیاندا بەهێزبوون بەتایبەت ینك، من و لوقمان و سیروان، دوانیوەڕۆی 2ی ئایار، وا لە پۆل دانیشتوینەو مامۆستا كینتی هیندی وانەی كیمیای شیكاری دەڵێتەوە، لەپڕ دەنگی گولەی نزیك هات، گروپەكەی ئێمە سەیرێك یەكترمان كردو هەڵساین، بەدوایدا نزیك بەهەموو قوتابیە كوردەكان پۆلمان بەجێهێشت، مامۆستاو قوتابیە توركمان و عەرەبەكان چاویان زەقببوەوە، چوینە گۆڕەپانی كۆلێژ، لەبان تەلاری كولێژەكەوە، بۆ بۆشایی نێوان كۆلێژی زانستی و هەندەسە كە ئەوكات ماڵ نەبوو بەشی زۆری، قوتابییە بەعسیەكان كە پێشتر چەكدار كرابوون، بە ئار بی كەی و كڵاشینكۆف راستەوخۆ روو لە خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری تەقەیان دەكرد، كاك حیكمەت حەكیم هەڵچوو، هاوارێكی لێوە هەڵسا، حەرەكەتێكی ناڕەزایەتی كرد، كە یەكەم كاردانەوەش بوو بەرامبەر تەقەكان، كۆمەڵێك بەعسی یەكسەر پەلاماریان دا، من و نیشتمان خۆمان دایە بانیا بۆ ئەوەی لێدەنەكەی بەرنەكەوێت، چونكە زۆر بەتوندی بەكۆمەڵ بەرببونە گیانی، نەمانتوانی لە دەستیان دەریبكەین، لە هاتنی خۆپیشاندانی قوتابیانی كۆلێژی ئەندازیاری رو لە كۆلێژی زانست قوتابی حەمەی شێخ تاڵیب "حەمە راغب" كە ئەوكات رێكخستنی حشع بوو برینداربوو، حەمە راغب بووە یەكەم برینداری خۆپیشاندانەكەی هەولێرو حیكمەتی شەهید مامۆستا حەكیمی شۆریجەش كە قوتابی بەشی كیمیای كۆلێژی زانستی بوو ، سەر بە رێكخستنەكانی ینك بوو بووە یەكەم زیندانی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1982 ی هەولێر.

دوای گرژییەكە ناو كۆلێژی زانستی گەڕاینەوە بەشی ناوخۆیی قادر بلە، من و حیكمەت لە یەك ژور بووین لەگەڵ كۆمەڵێك برادەری دی، شەو بەشی ناوخۆیی قادر بلە بووە شوێنی كۆبونەوەی سیاسی و خۆ ئامادەكردن بۆ خۆپیشاندانی رۆژی دواتر، هەر گروپە بوو لەلایەكەوە كۆبونەوەیان دەكرد، سبەی بەیانی لە بڕیاردرا شێخەڵا لای میوانخانەی هێمن خۆپشاندان بكرێت، كێ ئەوكات نازانم و شوێنەی دیاریكرد لە یادم نییە.

رۆژی دواتر لە سبەی زووەوە قوتابیانی كۆلێژی كشتوكاڵ لە كەڵەك یاسین ئاغاوە گەیشتنە هەولێر، بە حەماسی بەرزەوە، لەیادم نییە چۆن من لەگەڵ ئەوان بەیەك گەیشتم و بوینە یەك گروپ "ئاراز، رزگار سەلام، حەمە خێروڵا، سەردار سۆفی، حوسێن، خالە عارەب و عەلی كاكەی و عەلی بروسك و..... "كاتێك چووینە شوێنی مەبەست بەرەوروی پەلاماری دڕندانەی بەعسیەكان بووینەوە، لە كۆڵانی پاسكیل فرۆشەكانەوە خۆمان كرد بەو گەڕەكەیا، دەرگای حەوشەیەك كرابوەوە چوینە ژورەوە بۆ سەربان، بە بان خانەییەكانا چوینە بان خانییەك دیكە لە دورتر، لەوێ ماینەوە تا ماوەیەك زۆرو دەنگی تەقەو زیقەو زاقی نەجدەو هات و هاوار نەما، جەلادەكانیش بەو كۆڵانانەیا كەوتبوونە راوە قوتابی و ماڵانیان دەپشكنی، نزیك كاتژمێر 11 بۆ 12 قوتابیەكی كچ بە عەباوە ماڵ بەماڵ بۆ رزگاركردنی قوتابییەكان دەگەڕا، لەو كۆڵانە دەرمانی كرد تا ناو بازاڕ، ئیتر بە سەلامەتی گەڕاینەوە بۆ بەشی ناوخۆیی قادر بلەی.

عەسری رۆژی سێیەم گروپێك لە قوتابیان خۆپیشاندانێكی خێرامان ئەنجامدا لەسەر شەقامی باتا، دیسان بەرەو روی ئەمنەكان بوینەوە، بە دەمانچەی روت بە تەقە كەوتنە دوامان، بە راكردن بەو كۆڵانانەیا خۆمان دەربازكرد، جارجارەش هەواڵ دەهات لە قوتابخانەكانی هەولێر ناڕەزایەتی ئەنجامدەدرا لەلایەن قوتابخانە ئامادەییەكانەوە، ورەیەكی بەرزبوو بۆ ئێمە.

هەروا بەشە ناوخۆییەكان وەك سەركرایەتی مەیدانی لێهاتووە، سەرجەم كۆلێژو بەشەكان وەك ئێمە لە جموجۆڵدان، هەموو ورە بەرز كار بۆ درێژەدانی خۆپیشاندانەكان دەكەن، كۆی جموجۆڵ و ناڕەزایەتیەكان سەدان گەنجی ناو كۆلێژەكان و قوتابیانی شاری هەولێر بە كوڕو كچەوە كاری بۆ دەكەن، ناڕەزایەتیەكان سەدان سەركردەی مەیدانی هەبوو، شەوی چوارشەمە لەسەر پێنج شەمە لەپڕ ئەمینداری لقی بەعس و سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین خۆیان كرد بە بەشی ناوخۆیدا بە هەڕەشەوە داوایانكرد زانكۆو بەشی ناوخۆیی بەجێیبهێڵین، رۆژی دواتر قوتابیان گەڕانەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی خۆیان، بەمشێوەیە كڵپی راپەڕینیان لە شاری هەولێر كوژاندەوە.

كە ئێمە گەڕاینەوە بۆ كەركوك پێشئەوەی بچمە ماڵەوە لە باخچەی قەڵا لامدا، ئەیوب كوێخا رەزای هەمیشە نەمر "گەنجێكی ژیرو ئازاو لە خۆبردوی چەپی حەساری بوو لەدوای راپەڕین بە نەخۆشی دڵ سەری نایەوە" و قەهار عەلی و هاوڕێ كرێكار بەرەو پیریم هاتن، وتیان نیازمان هەیە خۆپیشاندان بكەین، بەشی دی دێتە لێرەوە پێشەوە كە لەسەریم نووسیوەو زۆریش باسكراوە، پێویست بە دوبارەكردنەوە ناكات، كە خۆپیشاندانە خوێناوییەكەی 6ی ئایاری شاری كەركوكە.

لە كۆتادا داوای لێبوردن دەكەم هەر هەڵەیەك كرابێت، 36 ساڵ زۆرە بۆ زاكیرە لاوازەكانی ئێمە، هەموو وردەكارییەكان وەك خۆی وێنابكاتەوە.

عەلی مەحمود محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket