riklam

مه‌لا به‌ختیار هیچ هێزێك ناتوانێت ببێته‌ به‌دیلی یه‌كێتی له‌ خانه‌قین

ی.ن.ک‌‌ 09:01 AM - 2018-04-30
.

.

مه‌لا به‌ختیار بۆ پیاو ماقوڵانی خانه‌قین: ئێستا ئاینده‌ی ئه‌م شاره‌ به‌ده‌ست ئێوه‌یه‌و ته‌نها كوردایه‌تی شه‌ره‌فه‌

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كه‌ی بۆ شاری خانه‌قین، مه‌لا به‌ختیار، له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵانی شاره‌كه‌ كۆبووه‌وه‌و، رایگه‌یاند: "ده‌بێت به‌رده‌وام بین له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ باشتركردنی دۆخه‌كه‌".
ئێواره‌ی رۆژی 29ی نیسانی 2018، مه‌لا به‌ختیار، به‌ ئاماده‌بوونی شێركۆمیروه‌یس به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین، له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵانی شاری خانه‌قین كۆبووه‌وه‌و، له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌سه‌ر دۆخی ئێستای شاره‌كه‌و چۆنیه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان.

مه‌لا به‌ختیار، رایگه‌یاند: كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عیراق، نه‌بوونی دیموكراسییه‌. چونكه‌ له‌ (2005) تائێستا كه‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق نوسراوه‌ (55) ماده‌ی ده‌ستوری له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ پێشێلكراوه‌، یه‌كێكیش له‌و مادانه‌ ماده‌ی (140)ـه‌.

وتیشی: ئێستا عیراق بووه‌ته‌ جێگه‌یه‌ك كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ دیموكراسی.

مه‌لا به‌ختیار، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق و نه‌دانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ باشوری كوردستان، وتی: (96) ساڵه‌ عیراق ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام (96) ساڵه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌لی كورد بدات، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بودجه‌كه‌مان ببڕن، له‌ماوه‌ی مانگێكدا حه‌شدی شه‌عبی دروست ده‌كه‌ن، یاسای بۆ ده‌رده‌كه‌ن، كه‌ تائێستا ئه‌وه‌یان بۆ پێشمه‌رگه‌ نه‌كردووه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: حه‌شدی شه‌عبی ناتوانێت لافی ئه‌وه‌ لێ بدات كه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی بوو كه‌ ئه‌وانی سه‌رختو به‌ سێ ده‌وڵه‌ت شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌یان كرد.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی خانه‌قینو به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری 2018، مه‌لا به‌ختیار، وتی: ئێستا چاره‌نووسی خانه‌قین كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست ئێوه‌، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت ناسنامه‌ی كورد بوون له‌م شاره‌ بسڕنه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رمان كه‌ له‌ رووی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ بوه‌ستینه‌وه‌و ده‌نگی كورد له‌ خانه‌قین به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش ده‌نگ به‌ كورد نه‌دات، ئه‌وا خیانه‌ت ده‌كات. چونكه‌ ئێستا ئاینده‌ی خانه‌قین به‌ده‌ست ئێوه‌یه‌و ته‌نها كوردایه‌تی شه‌ره‌فه‌.

راشیگه‌یاند: به‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان ده‌توانن  به‌ ئارامی له‌م ناوچانه‌ بژین.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی یه‌كێتی له‌ خانه‌قین، مه‌لا به‌ختیار، رایگه‌یاند: نه‌ له‌ عیراق، نه‌ له‌ كوردستان، هیچ هێزێك ناتوانێت ببێته‌ به‌دیلی یه‌كێتی له‌ خانه‌قین. چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی و سه‌ركرده‌كانییه‌تی ده‌توانن خزمه‌تی خانه‌قینو خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket