riklam

یادەوەریە تاڵەکانی ڕۆژانی کارەساتی نەگریسی ئەنفال

جینۆساید‌‌ 02:51 PM - 2018-04-28
.

.

مه‌حمود سه‌نگاوی‌

کارەساتی ئەنفال، کە تێیدا ڕژێمە دڕندەکەی بەعس هەستا بە ڕاپێچ کردنی سەد و هەشتا و دوو هەزار مرۆڤی خاک ویستی کورد پەروەر بەرەو بیابانەکانی عەرعەر، قێزەونترین و نا مرۆڤایەتیترین کارەساتە لە مێژووی خەجاڵەت باری حکومەتی ڕوخاوی بەعسدا. لەم ئۆپراسیۆنە مەرگ ئاسایەدا بە ناوی ئایەتێکی پیرۆزی قورئانەوە و بە پێی پیلانێکی داڕێژراوی حوکومەتی ڕوخاوی بەعس و جاشەکان و بە ٨ قۆناغ لە ساڵی ١٩٨٨ دا ئەنجامدرا، تێیدا بەعس تۆڵەی لەو خەڵکە نیشتیمان ویست و خاک خۆشەویست و شۆڕش پەروەرە کردەوە کە هەمیشە پشتوپەنای شۆڕش و خانە خوێی پێشمەرگە و ماڵی ئاوەدانی کوردایەتی بوون. بەهاری ١٩٨٨ مەرگە ساتێک بوو بۆ خۆی و ڕۆژگارەکانی دواشی دانەبڕاو لە ئەم پڕ بوون لە ئازار و مەینەت و ژیانی مەرگ ئاسای ناو گرتووخانەکانی تۆپزاوا و نوگرەسەلمان و گولەباران کردنی بە کۆمەڵ و زینەدە بەچاڵ کردنی لە خۆ دەگرت، ئەم کارەساتە مێژوویەکە پڕ لە یادەوەری مەرگ و تاوانکاری و ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی نەبینیبێت و ئەوەی ئێش و ئازارەکانی نەچەشتبێت و ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینی خۆشەویستەکانی و ئەوەی بە پێی خۆی لەم تاوانە ڕزگاری نەبوو بێت ناتوانێت وێنای ئەم تاوانە بکات.
. پاش ئەنفالکردنی ناوچەکانی شارەزوور و قەرەداخ، دوژمن پلانی ئەنفالکردنی گەرمیانی دانا بوو بە شێوەیەکی دڕندانە، ڕۆژی ٣/٤/١٩٨٨ هەموو هێزەکانی سەرەوە گەیشتنەوە، کە لەشەڕی سەرکردایەتی و شەڕەکانی هەڵبەجە بوون، سەرتا تیپی ٥٣ و ئینجا تیپی ٥١ و دواتریش برادەرانی مەڵبەند و تیپەکانی تر.
لەگەڵ کاک ئازادی سەگرمەدا چووینە لای کاک عومەر و پێمان ووت ئەچینە سەردانی هەڤاڵان قادری حاجی عەلی و شێخ جەعفەر و ئاوات قارەمانی، ڕازی بوو. لە دەرەوارەوە بەرەو کۆیک ڕۆیشتین، شەو لەوێ ماینەوە. ڕۆژی دواتر چووینە زستانە، وەزعەکە زۆر شڕ بوو، خەڵکەکە لە دڵەڕاوکەدا بوون، ماڵیان ئەشاردەوە، دێیان بەجێدەهێشت، لەوێوە چووینە دێی تەپەعارەب. لە ڕێگا تووشی ژنێکی ناسیاوی خۆم بووم کە خاوەری حاجی عەزیزی دووبڕاو بوو وە ووتی: مەحمود یەژی ڕائەکەن … بۆ کوێ جێماندێڵن..؟
قسەکانی کسپەی لە جەرگەوە ئەهێنا بە دڵێکی پڕ لە زوخاوەوە پێم ووت: مەگەر بە مردوویی جێتان بهێڵین، بەچاوێکی خەمناکەوە بە جێی هێشتین و هەنسایەکی قوڵی خەفەتاوی هەڵکێشا.
چەندە ناخۆشە ئەو هەموو ساڵە لە ناو دڵی خەڵکیدا بژیت و لە ناخیاندا هێلانەی حەوانەوەت بۆ ساز بکەن و ئێستا بێ ویستی خۆت لێت جیاببنەوە و نەزانیت چارەنووس بەرەو کوێیان ئەبات. هەر چۆنێک بێ پێشمەرگە قەیناکە کەکۆڵی مەرگی بە کۆڵەوەیە، ئەی ئەوان چیان لێ دێ …؟
خەڵکی تەپەعارەب هێشتا بە تەواوی نەکەوتبوونە خۆیان کە ئێمەیان بینی پێشوازیان لێکردین و ڕێزیان گرتین. شەوەکەی لەوێ ماینەوە. لەولاشەوە کاک قادر و برادەرانی تر توڕە ببون و گەیشتبوونە دەرەوار. ئێمەش گەڕاینەوە و لە دەرەوار کاک قادر و برادەرانم بینی و لایان مامەوە. بە هاتنەوەی برادەران و ئەو هێزانەمان هەندێ وەزعەکە باشتر بوو. بڕیاری بەرگری درا و ڕێگە لە خەڵکیش گیرا دابەزنە خوارەوە بەرەو دەسەڵاتی دوژمن… هەرچەندە نەئەتوانترا مسۆگەری تەواوی پاراستنیان بدرێتێ دوای چۆڵکردنی دێهاتەکانی شارەزوور و قەرەداخ و بازیان و شاخی زەردە و هاتنە پێشەوەی دوژمن لە چەندین دەروازەی ترەوە کە ئەمەیان بۆ بەش بەشکردنی پێشمەرگە و پەرتەوازەکردنی هێزەکانمان بوو.
خەڵکی نەیان ئەزانی چیبکەن، بەشێک بەرەو خوار ئەڕۆیشتن و پێشمەرگە ئەیگەڕاندنەوە، بەشێکیش لەو شیو و دۆڵانەدا خۆیان حەشاردابوو پێان خۆش نەبوو بە ئاسانی دەست لە خاک و زێدیان هەڵبگرن.
لە ڕۆژی ٨/٤/١٩٨٨ دوژمن بە هێزێکی زۆر و زەوەندەوە لە چەندین دەروازەوە پەلاماری گەرمیانیدا بەم شێوەیە :-
١.چوارملان
٢.بەرکەل
٣.سەرقەڵا- هۆمەرمل
٤.سەرقەڵا- ناوچەی ڕۆغزای
٥.کەلار- تیلەکۆ
٦.باوەنوور – ناوچەی شاتری
٧.دووز- داودە
٨.دووز- بناری گل
٩.نەوجول – داودە
١٠.قادرکەرەم – قەیتول
١١.سەنگاو – هەنارە
١٢.سەنگاو – کچان
١٣.سەنگاو – قەیتول
١٤.قادرکەرەم – ناوچەی زەنگەنە
١٥.چەمچەماڵ – قەرەحەسەن
١٦.چەمچەماڵ – جەباری
١٧.کەرکوک – جەباری
١٨.زەمبوور – جەباری
ئەمەش سەرەتای دەستپێکردنی ئەنفالی گەرمیان بوو. لەم شەڕانەدا دوژمن کۆپتەر و تانک و تۆپی دورهاوێژی بەکارئەهێنا. هێزی پیادەی سوپا و جاشە خۆفرۆشەکانیش هەنگاو بە هەنگاو ئەهاتنە پێشەوە. لە بەرامبەردا پێشمەرگە وپشتگیری ڕووبەڕوویان ئەبوونەوە، کوشتاری زۆریان لێکردن، ژمارەیەک پێشمەرگە و پشتگیری بە خوێنی سووری گەشیان ئەوڕۆژگارە ڕەش و دوکەڵاویەی کوردستانیان ڕەنگین کرد. ڕۆژگارێکی خەماوی بوو، خەڵکی دێهاتەکان نەیان ئەزانی چی بکەن لە بەرامبەر پەلاماری سوپای داگیرکەردا. ئەگەر ئەڕۆن و دەستبەرداری شۆڕش و پێشمەرگە و سامان و خاکیان ئەبن دڵیان بەرایی نادا، ئەگەر ئەمێننەوە ئەکەونە بەر کڵپەی دڕندانەی بەعس و هەموویان چارەنووسیان مەرگ و تەفروتوناکردن ئەبێت.
بڕیاردان لەسەر هەر حاڵەتێک کارێکی قورسبوو. هیچ شتێک لە شووێنی خۆیدا نەمابوو. خاک ئەسوتا، ئاگر لە گژوگیا بەربووبوو. دنیا سەراپا دووکەڵ و بارووت و گەردەلول بوو، گرمەی هەوری بەهار و زرمەی تۆپخانەی ئاگراوی بەعس تێکەڵ بەیەک بووبوون. تەنانەت پەلەوەریش لە لانە و مانەی خۆیان تەڕ بوو بوون و لەگەڵیاندا گیانی هەموو مرۆڤێکی ویژداندار ئەگریا و لە حەیبەتا ئەتوانەوە. بەهاری ئەمساڵ جیا لە هەموو بەهارەکانی تر تراژیدیای زەمەنێکی ئازاراوی ئەگێڕایەوە. ئەوە بەعسە ئەیەوێ کورد قڕ بکات، مرۆڤ ناتوانێ تەعبیر لەو کارەساتە بکات و هەرچی لە دەروونیدایە قوڵپی بداتەوە و دنیاش لە ئاستی ئەم تاوانە کپ و کڕ، خوا نەکات سۆزەی هەڵوێستێک دڵی بهەژێنێ.
دوژمن لە هەندێ قۆڵەوە تەنیا شەڕی مشاغەلەی ئەکرد، لەهەندێ لای تر هێزەکانمان شەڕی مان و نەمانیان ئەکرد وەکو ناوچەی داودە و بناری گل و چوارملان و قۆڵی باوەنوور. پارسەنگی سەرکەوتن بەلای ئێمەوە لاواز بوو. هەتا ئەهات ڕووبەری بەرگری و شەڕکردن تەسکتر ئەبووەوە. پێگەی مانەوە لە ناو سەنگەردا بێهێز ئەبوو، لە لایەکی ترەوە تەقەمەنی وەکو پێویست لە بەردەستا نەبوو، نان و خۆراک بە زەحمەت پەیدا ئەبوو و شەڕەکان بە دڵگەرمیەکی بێ هاوتاوە تا ١٣/٤/١٩٨٨ درێژەی کێشا. لەو ماوەیەدا چەندین جار لەگەڵ لایەنەکاندا کۆبوونەوە کرا، جگە لە (ی.ن.ک) و حشع کەسی تر باوەڕی بە بەرگری نەبوو، پێشمەرگەکانمان جگە لەوەی کە لە هەموو شەڕەکانی سەرکردایەتی و دۆڵی جافایەتیدا بەشداربوون و ماندووبوون، ماوەی ١٣ ڕۆژیش بە ڕێگاوە بوون تا گەیشتنەوە گەرمیان و دیسانەوە کەوتنە شەڕی بێئامان و ئەوەندەی تر شەکەت و شەلوپەت بوون. بۆیە جەوی شەڕەکە بێهودە بوو، ئەبوایە ڕێگایەکی تر هەڵبژێردرایە و هەموو هێزەکانمان لە شووێنێکدا کۆبکردایەتەوە و کارێکی ترمان ئەنجام بدایە. ئەگەرچی نەشئەتوانرا بە ئاسانی گەرمیان چۆڵ بکرێ و ئەو ناتۆرەیە بخرێتە سەر ئەستۆی یەکێتی کە بێ شەڕ ناوچەکەی بە جێهیشت کە هەموو ژیانی هەر شەڕ و پێکدادانی شۆڕشگێرانەبوو بەرامبەر دوژمنەکانی لە پێناوی مافە ڕەواکانی کورددا، ئەم شەڕە تووشی خوێنبەربوونی کردین، لەوە زیاتر توانای بەرپەرچدانەوە نەما.
بۆیە ڕۆژی ١٤/٤/١٩٨٨ بڕیاری کشانەوەی هەموو هێزەکانمان درا لە بەرەکانی شەڕدا و بەرەو بناری شاخ بووینەوە. لە دێهاتەکانی تەپەگەڕوس و دەرەواری سەروو و بانی مۆرد کۆبووینەوە. من ڕام وابوو هێزەکانمان بکرێتە چەند بەشێکەوە، بەشێکی لە گەرمیاندا بمێنێتەوە، ئەوی تری ڕەوانەی مەڵبەندی سێ بکرێ. کاک قادر پێیوابوو کەس نەمێنێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک برادەر لەوانە کاک مەلا ئەحمەدی کەلاری و حەمە ڕەش و عوسمانی حاجی مەحمود بریاری مانەوەیان دا. ئەمە هەنگاوێکی مەزن بوو، لەم دەرفەتە تاریکەدا بتوانرێ دڕ بە هەوری بێبڕوایی و ڕاڕایی بدرێ، جگە لەمە هەلومەرجێکی نوێ ئەڕەخسێنی بۆ خەبات وەکو سەرەتایەکی تازە کە جیا لە شێوەی پارتیزانی سەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان کە ئێستا خەڵکی و دێهات نییە و ئەبێ پێگەی تر بۆ بەردەوامی ئەنجامدانی کارەکان بدۆزرێنەوە. لە برادەرانی حشعیش بەشێک مانەوە و ڕۆژانە لەگەڵ برادەرانی خۆیان و ئێمەشدا پەیوەندی هەبوو.
ڕۆژی ١٤/٤/١٩٨٨ ڕۆژێکی نائاسای بوو کە تەماشای دەموچاوی هەر کەسێکت دەکرد تووڕەی و ناسۆری ئازای لێ ئەباری. هەموو بە خەمباری پێکەوە دانیشتبوین، برادەران ووتیان: لە کوێوە ئەڕۆیت…؟ ئەم پرسیارەم پێناخۆش بوو، هەستم کرد جیا ئەکرێمەوە، بە قەڵسییەوە ووتم: لە بناری هەمەوەندەوە. لەگەڵ ١٣ پێشمەرگەی ئاواتی شێخ جەنابدا لەوە دا بوو بکەوینە ڕێ، کاک قادر داوای لێکردین ١٠٠پێشمەرگە لەگەڵ خۆماندا ببەین. ئەمەم پێ چاک بوو. لە ناو ئەو هێزەدا ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی تێدا بوو، بەزەیم پیایانا ئەهاتەوە، ڕێگا دوورە و لەوانەیە بڕ نەکەن بەتایبەتی ژنی سکپڕ و منداڵی وورد. ڕۆژێکی سەخت و ڕەش بوو، باران ئەباری، پێشمەرگە هەمووبێزار بوون، بریندارەکان هاواریان ئەکرد و دەیان ووت بەجێمان مەهێڵن. لە هەمووی ناخۆشتر ئەو دیمەنە تەماوییەی گەرمیانم لە بناری شاخەوە بینی کە هەتا چاو بڕی دەکرد پانتایی بوو، شووێنێک نەئەبینرا ساف و بێگەردی بەهاری خۆشی پێوە دیار بێ، هەمووی چڕە دووکەڵ و گڕودودی هەناسەی پڕ لە ئاهی ساردی دێهاتەکان بوو کە باوەشیان بە کەشکەشانی ئاسماندا ئەکرد و بەرۆکی خوایان ئەگرت. تەنانەت بارانی بەلێزمەش کەف و کوڵی هەناوی هەڵقرچاوی ئەو دێهاتانەی دانەئەمرکاندەوە. ئەوە سەربازە بیابانییە پێ پەتییەکانی دوورگەی نەفامی و سەردەمی شۆڤینێتییە دەست ئەنێنە بینی کورد و زەردەخەنەی بەهاری دەم کەلی دێهاتەکان ئەژاکێنن، کسپەی ماڵوێرانی بەرئەدەنە ناخی هەڵکڕوزاوی کوردستان، چ مرۆڤێک لەبەردەم ئەم دیمەنە مەرگەساتبارەدا ئەتوانێ خۆی ڕابگرێ و کۆستی دڵی نەکەوێ و کەژاوەی خەفەت نەپێچێتەوە بەرەو ئاسۆی نادیاری.
ئەوە پێشمەرگەی ئەم زێد و نیشتیمانەیە بێ ویستی خۆی ماڵئاوایی بێدەنگی ئەکات و نازانێ چارەنووس بەرەو کوێی دەبات…؟
تۆ بڵێی مەرگی کورد نوسرابێتەوە…؟
تۆ بڵێی خەڵکی لە خاکی باوباپیرانی خۆی بێزاربێ و لێی هەڵبێن..؟
تۆ بڵێی پێشمەرگە بەرگەی خەبات نەگرێ و مەیدان چۆڵ بکات..؟
یان بەرنامەی کاری سیاسی هەڵە و کەم کوڕی تێدابێ ..؟
لە گەرمیاندا کەس نەما، ئەو خەڵکەی دیوی قەرەداخیش لە گەڵیاندا بەرەو خواربوونەوە. بەشێکی کەمیان نەبێ کە بە دزیەوە و لە ڕێگا قاچاخەکانەوە خۆیان ئەکردە ناو ئۆردووگاکانی سمود و کەلار و باوەنوور و کفری و چەمچەماڵ و قادرکەرەمدا..
بەشە زۆرەکەشیان کە کەوتبوە دەست هێزەکانی ڕژێم بە تایبەتی جاشە کوردە سوک و چاوشۆڕەکان بەرەو توونی نەمان بران. بە لامەوە زۆر ئاسییە ڕژێمی شۆڤێنی بەعسی عەرەبی دۆزەخی ئەنفال بۆ کورد دابخات، بەڵام کە بەشێکی هێزە پەلاماردەرەکەی کوردە.. ! ئەوە تاوانێکی گەورەیە کە کورد خۆی ببێتە داردەست و ئامرازی دوژمن و گەلەکەی خۆی لە ناو ببات…!
بە دەم ئازارەوە گەیشتمە بانیمۆرد،زیاتر لە ٥٠٠ کەس ڕاوەستابوو، زۆربەی ژن و منداڵ بوون و چاوەڕوانی شارەزابوون بۆ دەرباز بوون، بیرم کردەوە لە قەرەی ئەم کارە نایەم، بە جیهاز لەگەڵ کاک قادردا قسەم کرد و پێم ووت لەگەرمیاندا ئەمێنمەوە و توانای ئەم کارەم نیە ئەو هەموو خەڵکە ببەم، بەڵام ئەو داوای کرد ئەبێ لەگەڵیاندا بڕۆم. ئینجا لەگەڵ کاک عادل شکور و سەید محەمەد و برادەراندا یەکمانگرت، هێز و خەڵکەکەمان کردە سێ ڕەتڵەوە:
ڕەتڵی یەکەم/ ئێمە بووین، تەنها پێشمەرگە بووین بۆ تاقیکردنەوەی ڕێگا.
ڕەتڵی دووەم/ کاک عادل و بەشێکی تری پێشمەرگە و هەندێ خێزان.
ڕەتڵی سێیەم/ سەید محەمەد و زۆربەی خێزانەکان.
لەو کاتەدا ئەبو فەلاح (حەسەن قادر ساڵەح ) م بینی کە لە شەڕەکەی هەزار کانیدا کەوتبووە سەر میندا و قاچێکی پەڕیبوو، ئەبوو فەلاح پێی ووتم: کاک مەحمود بەجێم نەهێڵی..!
ئەم قسەیە وەک گوللە ناخی بڕیم، ئەو ئەبوفەلاحەی بەو هەموو قارەمانێتییەوە ئێستا بپاڕێتەوە بەجێی نەهێڵین..؟
دوای ماوەیەک تێڕامان ڕووم تێکرد و پێم ووت: مەگەر بمرم ئەگینا بەجێت ناهێڵم. ئێوارە کەوتینە ڕێ و چووینە کڕبچنە، دنیا تاریک و شەستە باران بوو، بە حاڵێکی خراپ گەیشتینە سەر جادەی قەرداخ- سەنگاو، لەوێ پەڕینەوە چوومە پێش هێزەکە و گەڕامەوە دواوە ئەبو فەلاحم نەبینی، زۆر گەڕام سوودی نەبوو، دیسانەوە گەڕامەوە لای هێزەکە هەندێ ژن پەکیان کەوتبوو، یەکێکیان ژنەکەی شەهید نازم بچکۆل بوو کە لە شەڕەکەی تازەشاردا لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی تردا شەهید بوو بوون. خێزانەکەی بەمەی نەئەزانی، ئەم ژنانە پێڵاویان لە پێدا نەمابوو بە پێی پەتی ڕێیان ئەکرد، ناچار هەندێ جار سواری ووڵاخمان ئەکردن، تاگیەشتینە دەربەندی مەڕاخانی لای دلکە کە چەند کیلۆمەترێک لە سەنگاوەوە دوورە.
سەنگاو بووبووە بارەگای جوڵانەوەی هێزەکانی دوژمن بۆ سەر خۆرئاوای گەرمیان، لەوێوە ئەکشان بەرەو قەرەداخ و دێهاتەکانی تری بناری سەنگاو-ئاژداخ.
لەو هەموو خەڵکەی لەگەڵماندا بوون کەسێک نەبوو بچێتە سەر شاخ و ئاگاداری جموجۆڵی دوژمن بێت و ڕێگای خۆمان بزانین و بە سەلامەتی بڕۆین و ئەو هەموو ژن و منداڵە تووش نەبن. ناچار لەگەڵ مامۆستا جەلالی لێپرسراوی ڕێکخستنی تیپی ٥١ دا سەرکەوتینە سەر شاخ و تا کاتژمێر ٥ ی ئێوارە ماینەوە، چاودێری هەموو لایەکمان ئەکرد، پاشان هاتینە خوارەوە، ژنەکان بەتانیەکانیان دڕاندبوو کردبوویانە پێڵاو، قرچەی دەروونم ئەهات، ڕەزای مام نامیقم ناردە کەلاوەکانی دێیە ڕووخێنراوەکە بۆ یەک دوو جووت پێڵاوی کۆنە، هاتەوە هەندێ پاتەی داڕزاوی هێنا دامانە ژنەکان، ئینجا بەرەو قوولە ڕۆشتین و لەوێ کەوتینە هەوڵی پەیداکردنی وڵاخ بۆ ژن و منداڵەکان، لەو ناوەدا وڵاخێکم بینی زۆر بەدوایا ڕام کرد تا بەهەزار حاڵ گرتم، توومەز هەرچی لە باخەڵمدا بوو لێم کەوتبوو، کەوتمە هەوڵی دۆزینەوەی شتەکانم و لە هێزەکە دابڕام و درەنگانێک پێیان گەشتمەوە. چووینە دێی کانی کەوە و یەکپارچە ئاگر بوو، هەمووی ئەسووتا، زۆری نەمابوو ڕۆژ بێتەوە. لەوێوە گەڕاینەوە دێی ئەحمەد لەوەند، هەر مزگەوتەکەی مابوو و چەند کەسێکی تێدا خەوتبوو، لە دەرەوە مەڕ و ماڵاتێکی زۆر خڕکرابوو، وامزانی ئەوانە جاشن، پێشمەرگەکانم ئاگادار کردەوە ئامادەبن بچینە سەریان و نزیک بووینەوە، یەکەم کەسم ووریا کردەوە، تەماشا ئەکەم پیاوێکی پیری خەڵکی دێی کچانە هێنامە دەرەوە و و وتم: حاجی ئەمناسی…؟
ووتی : نەخێر
ووتم: مەحمود سەنگاویم.
حاجی دەستی کردە ملم و بانگی کوڕەکانی کرد و ووتی: مەترسن ئەوە مەحمود سەنگاوییە، ئەوانیش هەڵسان و نان و چایی بەیانیان داینێ و ووتیان: حاجی محەمەدی خزمیشت لەگەڵماندایە، یەکسەر چووم بۆ لای و هەر لە دوورەوە ناسیمەوە، هات و باوەشی پیاکردم و بانگی لێبەرز بووە وە.
ووتم: بۆچی ئەگریت .. ؟
ووتی: بۆ ئێوە
وەڵامم دایەوە: ئێمەش خەمی ئێوەمانە، ئێمە پێشمەرگەین خۆمان ئەم ڕێگەیەمان هەڵبژاردووە.
حاجی ووتی : خواردنی باشمان لا نییە، وەرن مەڕێک ببەن ئێوە بیخۆن لە دژومن باشترە لەوانەیە هەمووی ببەن، پاش هەندێ دەمەتەقێ یەکترمان بەجێهێشت و چووینە ئەشکەوتێکی ساردەوە لە سەرماندا هەڵئەلەرزیم. چەند کاتژمێرێک لەوێ ماینەوە، بە برادەرەکانم ووت: ئەچمە دەرەوە، تۆزێ دوور ئەکەومەوە بزانم سۆراخێکی برادەرانی دابڕاو ناکەم. هەر لە ئەشکەوتەکە دوور کەوتمەوە، لە قەڵبەزێکدا دۆزیمنەوە.
مامۆستا جەلال ووتی: کاک عادل و کاک حەمەڕەش هاتنە سەر خەت، قسەمانکرد، سەری سەعاتیش من پەیوەندیم لەگەڵیاندا کرد، ئەو ڕێگایەی پیا هاتبووین پێمان ووتن، لە دلکەش دوو پێشمەرگەمان بۆ دانابوون، هەروەها ئەو شووێنانەی ئازووقەی لێ بوو بۆمان دیاریکردن، پاشان گەڕاینەوە، هەندێ قازمان گرت و برژاندمان. هێشتا خۆری مابوو چووینە خاڵدان. شەوی ١٧/٤/١٩٨٨ لەبەر تاریکی و بارانی زۆر نەمانتوانی ڕێگا دەرکەین. تا ڕۆژی دوای لە خاڵدان ماینەوە، کە کەوتینە ڕێ لە نزیک دێی کانی سارد کۆمەڵێ خەڵکی سەر لێشێواومان بینی نەیان ئەزانی چی بکەن. هەندێ خەڵکی دێی هەسەن کەنۆشمان بینی لە ترسی ڕژێمی بەعس لە چەمچەماڵەوە هاتبوون، پرسیاری وەزعەکانمان لێکردن و ووتیان هەتا بڵێی خراپە، زۆربەی خەڵکی گیراون، لە ناو شاردا خۆپشاندان کراوە بۆ بەردانی خەڵکە گیراوەکە و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکەی گیرابوون بە هۆی ئەو خۆپشاندانەوە ڕزگاریان بوووە و دوژمن بە کۆپتەر لێیداون. بەرەو جادەی سلێمانی – چەمچەماڵ ڕۆشتین، لەو کاتەدا هێزێکی گەورەی دوژمن بەرەو کەرکوک ئەچوو، زۆر چاوەڕێمان کرد هەر کۆتای نەهات، ناچار لە نێوانی هەر ئۆتۆمبێلێک و یەکێکی تردا کە دوور بوونایە ١٠ پێشمەرگەمان ئەپەڕاندەوە، بەو شێوەیە هەموومان چووینە ئەوبەرەوە و ڕوومان کردە دێی کانی عارەبان، ڕۆژی دواتر گەیشتینە گۆپتەپە و لەوێشەوە بۆ موخەڕەس و مەرزان وتوتمێ.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket