riklam

قەیرانە نێودەوڵەتییەكان:پارتی شەنگالی بەدڕندەی داعش سپارد

کوردستان 03:13 PM - 2018-02-26
.

.

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند پارتی ئێزدییەكانی شەنگالی بەدڕندەی داعش سپاردو دوای پاشەكشەی هێزەكانیشی لەقەزاكە ئەو جەماوەرییەی كە لەگەڵی بوون لەدەستیداوە. 

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان (INTERNATIONAL crisis Group) نوێتیرین راپۆرتی كە تایبەتە بەكۆتایهاتنی داعش لەعیراق و كۆمەڵكوژی دژ بەئێزدییەكانی شەنگال بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە شەنگال پێویستەی بەبونیادنانەوەی سیاسی و ئابوریی و گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنی خۆیان و لەسەر حكومەتی عیراقیش پێویستە شارەكە ئاوەدان بكاتەوەو خزمەتگوزاریی و پرۆسەی خوێندنیان بگەڕێنێتەوەو خوێندنگاكان بكاتەوە.

لەڕاپۆرتەكەیدا دەشڵێت: شەنگال كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی ئێزدییە، لەمانگی ئابی 2014دا لەلایەن داعشەوە داگیركراوەو خەڵكەكەی روبەڕووی كۆمەڵكوژی و كوشتن و دەستدرێژی و رفاندن و بەكۆیلەكردن بونەتەوە، هەروەها ئەوانەشی ئاوارە بوون رویان لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردوە.

لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، باسی لەوەكردوە: رەگی كێشەكانی شەنگال بۆ پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی 2003 دەگەڕێتەوە كە بەهۆی نەبونی یەكەیەكی كارگێڕی كاراو ناكۆكی تائیفی و نەبوونی رۆڵی حكومەتی عیراق و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لەقەزاكەدا وایكردوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان سود لەو بۆشاییە كارگێڕی و ئەمنییە وەربگرێت و دەسەڵاتی ئیدارەی شارەكە لەلایەن كەسانی سەر بەو حزبەوە بەڕێوەببرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی جەماوەری شەنگالی لەگەڵ نەبووە، چونكە پارتی وەك كورد مامەڵەی لەگەڵ ئێزدییەكان دەكرد نەك وەك پێكهاتەیەكی ئاینی، ئەوەش رەشبینی شەنگالییەكانی زیادكرد كە وەك كوردی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، هەروەها هەوڵەكانی پارتی بۆ ئەوەش بووە كە شەنگال بخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان دژی ئەو كارە بوون.  

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت: دوای پاشەكشەی هێزەكانی پارتی لەكاتی داگیركردنی شەنگالدا لەلایەن داعشەوە، پارتی ئەو جەماوەرییەی كە لەگەڵی بوون لەدەستیداوەو، پارتی لەشەنگال هەڵات و خەڵَكەكەشی بەدڕندەی داعش سپارد.

رونیشیكردۆتەوە: كاتێك داعش شەنگالی داگیركرد، شەڕڤانان بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەشێكی زۆری دانیشتوانی شارەكەیان رزگاركردو دواتریش روبەڕووی داعش بوونەوەو بەشێكی شارەكەیان كۆنترۆڵكردەوە،بە‌ڵام لەڕووی كارگێڕییەوە هیچ رۆڵیكیان نیە،  هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشێكی دیكەی قەزاكەی بەدەستەوەیەو ناوچەكەش بەناوچەیەكی ناكۆكی و نائارام دادەنرێت.

PUKmedia ئاژانسەكان 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket