riklam

مامه‌ڕیشه‌ ئه‌و ره‌مزه‌ی هه‌میشه‌ له‌ دڵدایه‌

ی.ن.ک‌‌ 12:23 PM - 2018-01-24
.

.

مامه‌ڕیشه‌ ره‌مزێك هه‌میشه‌ له‌ دڵدایه‌ بۆ به‌ره‌نگاریی ته‌عریب له‌ دوێنێ و له‌ ئه‌مڕۆشدا
مامه‌ڕیشه‌ كوڕی راسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان. رۆڵه‌ی قاڵبووی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان‌و قاره‌مانی تێكۆشانی شۆڕشگێڕیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، یادیشی ده‌رفه‌ته‌ بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی عه‌زمی به‌تینی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌نگاری سیاسه‌تی ته‌عریب له‌كه‌ركوك‌و ته‌واوی خاكی گه‌رمیان‌و گه‌رمه‌سێردا.

مامه‌ڕیشه‌و نه‌به‌ردیی خۆی‌و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی له‌ حه‌مك‌و له‌ ده‌یان روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئازایانه‌دا، هه‌ر رووداوی وێستگه‌كانی مێژوو نین، به‌ڵكو ئیلهامبه‌خشی رابوونه‌وه‌و جۆشدانه‌وه‌ی كوردایه‌تین، به‌و جۆره‌ی باقی ئه‌ركه‌كانی خۆی له‌ خاوه‌ندارێتیی كوردستان‌و ته‌واوی كوردستان به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ راپه‌ڕێنێت.

نه‌خشه‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تر بۆ سه‌ر كوردستانی دایك، پڕۆژه‌یه‌كی ره‌سه‌نه‌و هی ئه‌مڕۆ نییه‌و بۆ رۆژو دوو رۆژیش نییه‌، كه‌ به‌سه‌رهاتێكی راگوزه‌ری باڵاده‌ستی به‌ ناهه‌قی لایه‌نێك په‌كیبخات، ئه‌مه‌ ستراتیژی مافی چاره‌نووسه‌، كه‌ یه‌كێتی دایڕشتووه‌و مامه‌ڕیشه‌و سه‌دان قاره‌مانی تر له‌و پێناوه‌دا خوێن‌و خه‌باتیان بۆ كردۆته‌ خه‌ڵات. سه‌روه‌ربوونی كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی‌و له‌ڕاڕه‌وه‌كانی سیاسه‌تی عیراقیدا، كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌ شۆڕشی نوێدا سه‌ریخست‌و له‌ فیدرالی دوای كه‌وتنی رژێمی به‌عس‌و له‌ نه‌خشه‌ڕێگای ده‌ستووریی مادده‌ی سه‌دوچلدا به‌رجه‌سته‌ بوو، به‌رهه‌می خه‌باتی هه‌قخوازانه‌ی مامه‌ڕیشه‌كانی شۆڕشی نوێیه‌و كه‌س خێری به‌ كوردستانیان نه‌كردووه‌ له‌و سه‌روه‌ربوونه‌ دادپه‌روه‌ره‌دا.

راسته‌ گه‌له‌كۆمه‌كێی هه‌مه‌چه‌شنه‌ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی، دۆخێكی ناجۆری دروستكردووه‌، رێی ره‌وای گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكی بۆ سه‌ر كوردستان قوڕاوی كردووه‌، به‌ڵام زستانی ساردی ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ململانێی ژیرانه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی له‌ كوردستان‌و سوڕی متبوونی مه‌سه‌له‌ی كوردو دۆسێی كه‌ركوك له‌ناو ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، هه‌ر ته‌واو ده‌بێ‌و به‌هاری وره‌به‌رزی به‌ گیان‌و روحیه‌تی مامه‌ڕیشه‌یی، هه‌ر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌و حه‌ملی كازبی ته‌عریبـی تایفه‌گه‌رییش، وه‌ك شه‌وگاری ته‌عریبـی به‌عس، فش ده‌بێته‌وه‌.

جا تا ئه‌و به‌هاره‌، یادو یادگاریی مامه‌ڕیشه‌ به‌زیندوویی رابگرن بۆ یادی رزگاریی یه‌كجاره‌كی پڕۆژه‌ی خاوه‌ندارێتی له‌ كوردستان.

ئه‌سڵ له‌و هه‌موو قوربانی‌و تێكۆشانه‌، رزگاری‌و مافی چاره‌نووسه‌و هه‌ر ئه‌سڵ سه‌رده‌كه‌وێت.

سه‌رفرازبێت خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیی مامه‌ڕیشه‌ و هاوڕێكانی‌و هه‌موو گیانفیدایانی شۆڕشی نوێ.

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket